ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هانی دەنگێكە لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە سەری هەڵدا، لەبەرئەوەی تاكە خانمە كوردە لەڕێگەی كۆنسێرتەكان و تێكەڵ بوونی بە تێكست و میلۆدییە كوردییەكان دەركەوت، بە "دەنگی كۆنسێرت" ناسراوە هەرچەندە بەرهەمی كەمە، بەڵام بە یەكێك لە ئەستێرە دیارەكانی كورد دەناسرێتەوە، هەر زوو بووە خاوەن جەماوەرێكی تایبەت بە خۆی،

 * بۆچوونی جەماوەر لە سەر ئەلبوومی دووەمت چۆن بوو؟

_ ئەو كەسانەی كە هاوڕێ و نزیكی منن لە كوردستان كە باسی سێدی دووەمیان بۆ دەكەم ئەسڵەن نازانن سێدی دووەمم هاتۆتە بازاڕ، بەڵام من قەت باوەڕم نەدەكرد ئەلبوومەكەم ئەوەندە سەركەوتوو بێت، من تەنیا وەك تەجروبەیەك ئەلبوومی دووەمم خستە بازاڕ، بە بڕوای ئەو هونەرمەندانەی كە شارەزایان لە موزیكی كلاسیك و تێكست هەیە كارێكی زۆر تازە بوو، گەنجەكانیش بە دڵیان بوو، دەستخۆشییەكی زۆرم بۆ هاتووە، لەبەرئەوە ئەلبوومەكەم زۆر بە سەركەوتوویی دەبینم.

* ئایا دەتەوێت سێدی سێیەمت چۆن بێت و چۆن كاری بۆبكەیت ؟

_ وەك دەزانن ئەلبوومی دووەمم "دایك" هەموو ئاوازەكانی هی خۆم بوون، بەڵام ئەلبوومی دووەمم پرۆژەی پێنج ساڵ لەمەوبەرم بوو، بەداخەوە ئەوكات نەمتوانی بەرهەمی بێنم، وەك دەبینن ئەمساڵ بڵاوكرایەوە بە ناوی "دایك"، بەڵام ئەوەش بزانن پێنج ساڵ لەمەوبەر ئەوكاتەبوو كە تازە 

هاتبوومە ئەوروپا و هیچ زانیارییەكم لە بارەی موزیكی غەریبی یاخود موزیكی مۆدێرن نەبوو، بەڵام ئێستا هەموو رۆژێك لە ئەڵمانیا دەچم بۆ كۆنسێرت، موزیكی وا گوێبیست دەبم مرۆڤ موەكانی راست دەبێتەوە، لە ماوەی ئەو پێنج ساڵە موزیك گەلێكم بیستووە، لەبەرئەوە پرۆژەكانی داهاتووم گۆڕانكاری زۆری تێدا دەبێت، بەڵام حەزدەكەم ئەلبوومی داهاتووم كارێكی "پەپ موزیك" بێت، هەروەها ئەگەر لەگەڵ كاك هەڵكەوت زاهیر كار بكەمەوە بێگومان دەبێت كارەكانمان لەگەڵ ئەلبوومی پێشووتر جیاواز بێت، چونكە ئێستا ئێمە باشتر لە یەكتر تێگەیشتووین، كاك هەڵكەوت ئێستا دەزانێت چ شتێك بۆ دەنگی من باشە و تەبەقەی دەنگی من چۆنە، چ شتێك لەناو خەڵك فراوانتر و خێراتر دەڕوات.

* لەرێگەی بڵاوبوونەوەی هەر دوو ئەلبوومت، هیچ شتێكت قازانجكردووە لەرووی مادییەوە؟

_ تائێستا یەك دۆلارم لە هیچ كام لە ئەلبوومەكانم قازانج نەكردووە، هەندێجار بیردەكەمەوە بۆچی؟ هونەرمەند یەك ساڵ كار دەكات پێویستە لە ماوەی ساڵێكی كاركردنی قازانج بكات، بەڵام لە وڵاتێك كە نە مافی كۆپی رایت هەیە، نە مافی هونەرمەند هەیە، لەوڵاتێك كە هیچ یاسایەك نییە بۆ بەرهەمی هونەرمەندان و ئەمڕۆ ئەلبوومت دەكەوێتە بازاڕ بۆ دوو سەعاتی دی دەتوانی لە ئەنتەرنێت وەریبگری، ئێ باشە من پرسیار دەكەم كە وایە هونەرمەند چۆن دەتوانێ قازانح بكات، لە وڵاتێك كە بە رۆژانە كلیپت لە كەناڵەكان پەخش دەكەن و گۆرانییەكان لە رادیۆكان پەخش دەكەن، بەڵام لە بەرامبەردا هونەرمەند هیچ حەقێكی مادی نییە، قازانج لە كوێوە دروست دەبێت؟ بەڵام من وەك ئەركێك لەسەر شانم، وەك كچێكی كورد تەنیا وەك هەستێكی نەتەوایەتی خەریكی كاری هونەریم، هیوادارم لە داهاتوودا ئەوانە رێكبخرێن و بازاڕی هونەری لە كوردستان دروست بێت.

* تۆ خاوەن دەنگێكی سەر شانۆی، بەڵام بۆچی ماوەی پێنج ساڵە لە كوردستان كۆنسێرتێكی تایبەتت بە "هانی" ئەنجام نەداوە؟

_ هەرجارێك كە دێمەوە كوردستان پێمخۆشە كۆنسێرت بكەم، بەڵام راستی كۆنسێرتەكانی كوردستان بە كوالێتی نابینم، گرنكترین شت بۆ گۆرانیبێژ ئەوەیە كارەكەت فول كوالێتی بێت، بەڵام من ئەو كوالێتییە لە كۆنسێرتەكان و هۆڵەكانی كوردستان نابینم، بیستوومە دەڵێن هۆڵی گەورە بە ستانداردێكی باش دروستكراوە، پێش پێنج ساڵ لەمەوپێش كۆنسێرتێكم لە كوردستان كرد 10 كەس لەسەر شانۆ بوون، تەنیا دەنگی چوار موزیكژەن دەهاتە دەرەوە بۆ جەماوەر، ئەوە حەیا چوون بوو، ئەگەر 10 كەس بزانێت ئەوە هەڵەی تەكنیكییە، بەڵام 10 كەسەكەی تر وادەزانن گۆرانیبێژەكە دەنگی نییە، ئەو شتانە زۆر دەور دەبینێت، لەبەرئەوە من ترساوم لە كوردستان كۆنسێرت بكەم، بەڵام یەك شت لای من پرسیارە وەختێك گۆرانیبێژێكی عەرەب و فارسەكان دێن لە كوردستان كۆنسێرت دەكەن بە ئیمكانیاتێكی زۆرەوە باشترین ستافی ئەوروپی دێننە ناو هۆڵەكان و كاری تەكنیك دەكەن، بەڵام ئەگەر هانی یان هەر هونەرمەندێكی كورد بیەوێت كۆنسێرتێك بكات دەڵێن: وڵاتمان زوڵمی لێكراوە ئیمكانیاتمان نییە، هەر بیر لە قازانج دەكەنەوە، بەراستی ئەگەر وا بڕوا كارەساتە لە كوردستان، ئێمە دوو شاری گەورەمان هەیە وەك هەولێر و سلێمانی كە دوو ملیۆن خەڵك تێیاندا دەژی كەچی بە پێنج مانگ جارێك كۆنسێرتێك ساز ناكرێت، بەڵام لە شارێكی ئەوروپا كە دوو سەد خێزانی تێدا دەژی لە یەك شەو و رۆژدا بە لانیكەم 10 كۆنسێرتی تێدا دەكرێت، بەڵام زۆر بەداخەوە ئەوانەی ئەو كارانە دەكەن لە كوردستان هەمووان خەریكی قازانجن و بەس.

* ئەزموونی ئیشكردنی خۆت لە كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

_ راستی تائێستا نەمن لە كوردستان گەیشتووم نە كوردستان لە من گەیشتووە، هەموو هاوڕێكانم پێم دەڵێن ئەو هاتن و ڕۆیشتنەت دروست نییە، پێویستە من كە دێمەوە كوردستان شەش تا هەشت مانگ بمێنمەوە تابزانم دەتوانم چی بكەم لە كوردستان و خەڵك چی دەوێت، چ شێك خالییە لە ناو دڵ و هەستی گەنجان، بەڵام كێشەی من ئەوەیە كە دێمەوە ناتوانم لە چوار هەفتە زیاتر بمێنمەوە.

* هەستت بە خۆشەویستی خەڵكی كوردستان كردووە؟

_ تەنیا شتێك كە دەموروژێنێ ئیش بكەم و نەوەستم خۆشەویستی خەڵكی كوردستانی باشوورە، هەرجارێك كە دێمەوە كوردستان شەحن دەبمەوە، ئەوەندە سادەیی و جوانی دەبینم لە ناو خەڵكەكە هەر ئەوەندەیە دڵم خۆش دەكات، ئەگەرنا هیچ شتێك نییە دڵم خۆش بكات لە كوردستان.