ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دیمانە/ ئاودێر

لەم دیمانەیەدا، ئەحمەد شێروانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی كۆمیتەی محەلی هەولێری حزبی شیوعی كوردستان ڕای دەگەیەنێت كە ناشەفافییەكی زۆر لە داهاتی هەرێمی كوردستان هەیە و وەك ئەوەی كە هێزەكان وێنەیان كردووە، ژێرخانی ئابووری ئەم وڵاتە تەنیا نەوت نییە، باس لەوەش دەكات بەبێ بوونی سیستمێكی دیاریكراو ئەنجامدانی پرۆسەی چاكسازی دەبێتـە كردەیەكی مەحاڵ، جەختیش دەكاتەوە كە پێكهێنەرانی حكومەتی نوێی كە هەمان هێزاكانی پێشترن ناتوانن پرۆسەی چاكسازی وەك ئەوەی باسی دەكەن ئەنجامی بدەن، بەپێویستیشی دەزانێت حزبی شیوعی و هێزە چەپ و دیموكرات خوازەكان لەئاست نادادییەكان بێدەنگ نەبن و پرۆژەی خۆیان هەبێت.

حكومەی نوێ كە لەچەند لایەنێكی جیاواز پێكهاتووە، تاچەند دەتوانن ئەو كارنامەیەی تێدا جێبەجێ بكەن كە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن وەكو بەڵێن بەخەڵكیان داوە؟ 

گرنگە بزانین فەلسەفەی حكومڕانی ئەو هێز و لایەنە سیاسیانە چییە كە حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستانیان پێكهێناوە، ئەم هێزو لایەنە سیاسیانەی كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان پێكهێناوە، پڕۆژەی خۆیان بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەم پڕۆژەیە هەڵگری كۆمەڵێك كێشەی گەورەیە، ئێمە لە پڕۆژەكەی خۆماندا لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، باسی نان و كار و خاكمان كردبوو، كە لەگەڵ پڕۆژەی پێكهێنەرانی حكومەت جیاوازی زۆر بوو، بیرمان نەچێت پێكهاتەی حكومەتی نوێ، هەمان ئەو هێزانەن كە حكومەتەكانی پێشتریان پێكهێناوە و بەڕێوەیان بردووە، خەڵكی كوردستانیش شایەتی كاری ڕابردووی ئەم هێزانەن كە شتێكی ئەوتۆیان پێشكەش نەكردووە، ئەم هێزانە تەنانەت نەیانتوانیووە مافە سەرەتاییەكانی هاووڵاتیان جێبەجێ بكەن.

لایەنەكانی پێكهێنەری حكومەت بەم پڕۆژەیەی ئێستاوە دەتوانن حكومەتێكی سیستماتیك لە هەرێمی كوردستان دروست بكەن و بەڕێوە ببەن؟

بەو پێكهاتەیەی ئێستاوە كە هەمان عەقڵیەت و هەمان بیركردنەوەیە، دروستكردنی حكومەتێكی سیستماتیك ئاسان نابێت، ئێمە وەكو حزبی شیوعی كوردستان هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین، چونكە پڕۆژەكە چەند سەركەوتووتر بێت، لەبەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەریم دەبێت، ئێمەش هیوای ئەوە دەخوازین، هەروەك چۆن هەمیشە پشتگیرمان لە شتە باشەكان كردووە، بەهەمان ئەندازەش دژی كارە خراپەكان هەڵوێستمان هەبووە و لێی بێدەنگ نابین.

بەڵێنی چارەسەركردنی سەرجەم گرفتە بنەڕەتییەكان و جیانەكردنەوەی كێشەی سێكتەرە جیاوازەكان تاچەند وادەكات كارنامەی حكومەت لە بەڵێن تێنەپەڕێت؟

زۆر گرنگە دەستنیشانی سێكتەرەكان بكرێت، بەشێوەیەك پێویستە بڕیار بدرێت لەكام سێكتەرەوە دەست پێ دەكرێت، چونكە زۆر گرنگە دەستنیشانی كێشەكان بكرێت و لەو سێكتەرانەوە دەست بە چاكسازی بكرێت كە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمی كرودستان و خەڵكی هەژاردا بێت، چونكە ناكرێت رۆڵ و كاریگەری وڵاتانی هەرێمایەتی لەبیر بكەین، ناكرێت ئێران و توركیا و عێراق لەبیر بكەین كە هەر وڵاتە و بەشێوازی تایبەتی خۆی بەرژەوەندی لە هەرێمی كوردستان هەیە، ئەمانە وڵاتی موخابەراتین و هەرچی لە توانایادا بێت بۆ بەرژەوەنییەكانی خۆیان دەیكەن، هیچ كاتێكیش هەوڵی ئەوە نادەن میلەتی ئێمە بەرەوپێشەوە بچێت، بۆیە گرنگە كۆمەڵێك سێكتەر دەستنیشان بكرێن و چاكسازیان تێدا بكرێت كە قابیلی جێبەجێكردن بن، كۆمەڵێك سێكتەر هەیە كە پەیوەندییەكی رۆژانەی راستەوخۆیان بە ژیانی خەڵكەوەیە، بۆ نموونە سێكتەری داد، ئەگەر داد سەقامگیر نەبوو، ناتوانرێت عەدالەتی كۆمەڵایەتی سەقامگیر بكرێت، لە هەرێمی كوردستان دەسەڵای موتڵەق بەدەست حزبەوەیە، هەتا ئێستا دادامەزراوە دادییەكان نەیاتوانیووە بەپێی پێویست لە خزمەتی كۆمەڵگەدا بن، رۆژانە چەندین حاڵەت دەبینین كە سەرجەمیان لە غیابی دەسەڵاتی دادوەری روودەدەن، سیستمی داد زۆر دواكەوتووە، یەكێكی دیكە لەو سێكتەرانەی گرنگە كاری لەسەر بكرێت، سێكتەری پەروەردەیە، چونكە هێچ میلەتێك بەبێ پەروەردەكردنی نەوەكانی ناتونێت بەسەر بەربەست و كێشەكان زاڵ بێت، بەبێ پەروەردەیەكی تەندروست كۆمەڵگەیەكی تەندروست بنیات نانرێت، بەڵام بەداخەوە سیستمی پەروەردەی ئێمە زۆر تەقلیدییە، ئەمە جگە لەوەی بەهەزارەها گەنجی ئەم وڵاتە لەماوەی چەند ساڵی رابدروودا دەرچوون و لە هیچ سێكتەرێك دانەمەزراون، ژمارەیەكی زۆر دەرچوی زانكۆ بێكارن، هەر ئەمەش وایكردووە رۆژانە چەندین هاووڵاتی هەرێمی كوردستان بەجێ بهێڵن، یەكێكی دیكە لەو سێكتەرانەی گرنگە كاری لەسەر بكرێت، سێكتەری تەندروستییە، ئەم سیستمەی ئێستا زۆر دواكەوتووە، جێگەی داخە كە عێراق پێشكەوتووترین سیستمی هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ لە پاشەكشێیەكی گەورەدایە، بەشێوەیەك كوردستان بووەتە یەكێك لە دوكەتووترین سیستمەكانی تەندروستی لەناوچەكە.

حزبی شیوعی كوردستان و وەكو هێزێكی چەپ دەتوانێت چی بكات بۆ رێگری لە بەتایەبتیكردنی كەرتە گشتییەكان؟

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا حزبی شیوعی كوردستان هەوڵێكی زۆری داوە بۆ رێگریكردن لە بەتایبەتیكردنی كەرتە گشتییەكان، ئەوكات خەڵكی زۆر بێ ئاگا بوو لەم پرسانە، ئێستا زۆر كەرتی گەشتی بەرەو بەتایبەتی بوون هەنگاو دەنێن، وەكو كارەبا، تەندروستی و خزمەتگوزارییەكان، ئەمانەش هیچی لەبەرژەوەندی هاووڵاتیان نییە، رەنگە ئێستا كاریگەرییەكی زۆری پێوە دیار نەبێت، بەڵام لەماوەی چەند ساڵی داهاتوودا میلەت زیانێكی زۆر لەم بەتایبەتیكردنەی كەرتە گشتییەكان دەخوات، پێویستە حزبی شیوعی و هێزە چەپ و دیموكرات خوازەكان لەسەر ئەم پرسە بێدەنگ نەبن، ئەمەش تەنیا بە قسەكردن نابێت، دەبێت پرۆژەی خۆیان هەبێت، جا لەپەرلەمانی كوردستان بێت یاخود لە شەقام، ئەگەر ئەمە نەكەین، راستگۆ نین لەگەڵ ئەو قسانەی كە دەیكەین، بۆیە گرنگە حزبی شیوعی و هێزە پێشكەوتووخوازەكان قیادی ئەم پرسە بكەن.

 

دیدارو چاوپێكەوتنەكان