ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سازدانی/ ئاودێر

لەم دیمانەیەدا، ئەیوب ئەنوەر سماقەیی ئابووری ناس و مامۆستای زانكۆ ڕای دەگەێنێت كارنامەی حكومەت و نوێ و بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبە بەشدارەكان دوو شتی تەواو جیاوازن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات هیچ پلانێك بەبێ بودجە ئەنجام نادرێت و سەركەوتوو نابێت، باس لەوەش دەكات هەرێمی كوردستان هیچ سیستمێكی نییە و دۆخێكی وەحشی گەریانە دروستكراوە كە هەموو شتێك دراوەتە كەرتی تایبەت، جەختیش دەكاتەوە كە تەسلیمكردنی ئابووری كوردستان بە كەرتی تایبەت، كوردستان بەرەو ئایندەیەكی زۆر نادیار دەبات، "پێویستە هەڕاجكردنەی كەرتی گشتی بۆ كەرتی تایبەت ڕابگیرێت".

كارنامەی حكومەتی هەرێم تاچەند ڕەنگدانەوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی بەشداربوانی كابینەی نۆیەمە؟

بانگەشەی هەڵبژاردن و كارنامەی حكومەت دوو شتی لێكجاوازن، بانگەشەكانی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەكان زۆر تێكەڵ و دژ بەیەكن، لە بەرامبەریشدا، كارنامەی حكومەت، كارنامەیەكی ئینشائی و مەتاتییە كە زۆر لێكدانەوە هەڵدەگرێت، بە بۆچوونی من لایەنی باڵادەست حكومەت بەو ئاڕاستەیە دەبات كە خۆی دەیەوێت، نەك جێبەجێكردنی كارنامەی سەرجەم هێزە سیاسییەكانی بەشداربووی ناو حكومەت، راستە بەرنامەی حكومەت بەرنامەیەكی باش و فرە لایەنەیە، بەڵام ئەمە بەتەنیا بەس نییە، ئەوەی گرنگە ڕێژەی جێبەجێكردنی بەرنامەكەیە لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا، ئەوەی تا ئێستا دەبینرێت پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنێت.

پێتوایە ئەم كابینەیەش هاوشێوەی حكومەتەكانی دیكە، كردارەكانی پێچەوانەی كارنامە و بەڵێنەكانی دەبن؟

پێموایە ئەم كابینەیە لە كابینەكانی دیكە خراپتر دەبێت، باشتر نابێت.

بەچ بەڵگەیەك، ئەم دڵنیاییە لەكوێووە دێت؟

بەبەڵگەی ئەوەی كابینەی ئەمجارە زاڵبوونی هێزێكی زۆر پێوە دیارە، ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ یەكێتی كراوە بەرەو كاڵبوونە دەڕوات، دوو ئیدارەیی زیاتر لە جاران دەردەكەوێت و تۆختر دەبێتەوە، هێزەكانی دیكەی بەشداری ناو حكومەتیش كارەكانیان لە چوارچێوەی بانگەشە تێناپەڕێت.

بەڵێنی چارەسەركردنی سەرجەم گرفتەكان و جیانەكردنەوەی كێشەی سێكتەرە جیاوازەكان تاچەند وادەكات كارنامەی حكومەت لەچوارچێوەی بەڵێن تێنەپەڕێت؟

پێویست بوو ڕیزبەندی بۆ كارەكانی حكومەت بكرێت، چەند كەرتێكی سەرەكی هەڵبژێرن و چاكسازی تێدا بكەن، تاكو ئەو كەرتە رەنگدانەوەی لەسەر كەرتەكانی دیكەش هەبێت، بۆ نموونە ئەنجامدانی چاكسازی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی دارایی، ڕەنگدانەوەی لەسەرداهات و خەرجی هەموو وەزارەتەكانی دیكەی دەبێت، چاكسازی لە پەروەردە و تەندروستی ڕەنگدەداتەوە لە خزمەتگوزاری و پێشكەشكردنی پێداویستییەكانی هاووڵاتیان دەبێت.

ئەم كابینەیە ئەمەی نەكردووە؟

نەخێر نەیركردووە، بە بۆچوونی من پێویست بوو وەزارەتەكانی، سامانە سروشتییەكان، دارایی، پەروەرد دەستنیشان بكەن، ئەم ریزبەندییە وا دەكات كارنامەی حكومەت بەباشتر بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەرچاوڕوونییەكی زیاتریش هەبێت، چونكە ئەگەر چاكسازی لەسەرچاوەی سەرەكی داهات كراو خەرجییەكانیش پۆلێن كران و خەرجیە زیادەكان نەهێڵران، دواجار ئەو پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنە و لەسەر داهات و هاووڵاتیان رەنگدانەوەی دەبێت، بە هەمان شێوە پەروەردەیەكی دروست ڕەنگدانەوەی لەسەر نەوەی ئێستا و داهاتوو دەبێت.

جگە لەو كارنامەیەی راگەیەندراوە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران داوای لە وەزارەتەكانیش كردووە كارنامەی خۆیان بۆ چوار ساڵی داهاتووو ئامادە بكەن، ئەمە تاچەند هەنگاوێكی دروستە؟

زۆر نائاسایی و سەیرە لەماوەی مانگێكدا كارنامەی چوار ساڵ دابنرێت، بە بۆچوونی من سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران تێستێكی وەزارەتەكان دەكات، دەیەوێت لەو رێگەیەوە بزانێت چیان لە هەگبەدایە، بەبۆچوونی من ئەم كارنامەیەی كە گوایە وەزارەتەكان ئامادەی دەكەن تەنیا تێستێكە بۆ وەزیر و ئیدارەی وەزارەتەكان لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە، نابێتە بەرنامە و پلانی چوار ساڵی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە پێچەوانەوە ئەو كارنامەیە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە كە سەرۆكی حكومەت خوێندییەوە. 

گرنگی پڕۆژەیاسای بودجە چییە؟ بەبێ بوونی هیچ بودجیەیەك حكومەت سەكەوتوو دەبێت لە جێبەجێكردنی پلانەكانی؟

ئەگەر هەر هەرێمێك، یاخود هەر وڵاتێك، بودجەی نەبوو، فەلسەفەی ئابووری و سیاسی نییە، فەلسەفەی ئیداریشی نییە. ئەگەر ئەمانەشت نەبوو، بەرچاوت ڕون نابێت، ئێستا ئێمە لەمانگی 9 داین، دەبوایە پڕۆژە بودجە لانی كەم ئەگەر لەكاتی تەواوبوون نەبوایە، لە قۆناغەكانی كۆتایدا بوایە، تاكو لانی كەم لەماوەی دوو مانگدا، پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەبارەوە بكات و لەكۆتایی مانگی 12 بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ناكرێت ئێمە چاوەڕێی بەغدا بین، دەكرێت پارەكە بە تەخمینی دابنرێت، واتە بڕی پارەی هاتوو، لەگەڵ بودجەی ناوخۆ لێكدەدرێت و دواتر پڕۆژە یاسای بودجەی پێ ئامادە دەكرێت، چاوەڕوانی كردنی بەغدا هەڵەیە، چونكە هەموو ساڵێك لە مانگی دوو یاخود سێ دەنگی لەسەر دەدرێت، پاشان لە هەرێمی كوردستانیش دوو بۆ سێ مانگی پێدەچێت، ئەمەش وا دەكات نزیكەی 6 مانگ لەو ساڵە بڕوات، واتە تۆ تەنیا شەش مانگت بەدەستەوە دەبێت بۆ جێبەجێكردنی پلانی ساڵەكەت، بۆیە هیچ پلانێك بەبێ بودجە ئەنجام نادرێت، پلان ئابووری تەرجومە دەكرێت بۆ ژمارە و ژمارەكانیش بە پارە دەنوسرێن، بۆ جێبەجێكردنی پلانەكە، مادام ئەنجوومەنی وەزیران دەیەوێت پلانی هەبێت، پێوستە بە هەمان شێوە ئامرازی جێبەجێكردنی هەبێت كە بریتییە لە بودجەی گشتی.

بەتایبەتیكردنی كەرتە گشتییەكان، هەرێم بەرەو كوی دەبات، زیانەكانی ئەم بەتایبەتیكردنە تاچەند رەنگی داوەتەوە.

دۆخە ئێستای هەرێم نە سیستمێكی سەرمایەدارییە، نە سیستمێكی ئیسلامی و نە ئێشترراكییە، سیستمێكی وەحشی گەریانەیە كە هەموو شتێكی داوەتە كەرتی تایبەت، ئەوەی ئێستا لە دونیادا پەیڕەو دەكرێت تێكەڵكردنی سەرجەم سیستمەكانە بەشێوەیەك كە هەموو سێكتەرە زیندووە سەرەكییەكان كە پەیوەستن بە كۆمەڵگەوە لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوە دەبرێت، بەڵام بەشێكی زۆر كەمیان دراوەتە كەرتی تایبەت، بۆ نموونە هیڵی گواستنەوە هی دەوڵەتە، بەڵام چاككردنەوە و لێخوڕێنەكەی دراوەتە كەرتی تایبەت، تەسلیمكردنی ئابووری كوردستان بە كەرتی تایبەت، كە ئەویش كەرتی تایبەت نییە بەشێووە زانستییەكەی بەڵكو كەرتی تاكە كەسییە، لەناو ئەویشدا كەرتی سیاسیە و دواتریش كەرتی خێزانە و لەناو ئەویشدا بۆ چەند كەسێكە، ئابووری كوردستان بەرەو ئایندەیەكی زۆر نادیار دەبات، ئێمە و نەوەی دواتریش زیانێكی زۆری لێ دەكەین، بە بەڵگەی ئەوەی ئێستا نەخۆشخانە و خوێندنگە و زانكۆكان پشتگوێ دەخرێن و لە بەرامبەریشدا ئەهلییەكان لەبرەودان، من مامۆستای زانكۆم (70) خوێندكار لەناو یەك ژووری زانكۆ دانراون، ئەمە مانای وێرانكردنیییەتی، خەڵك قەرز دەكات بۆ ئەوەی نەخۆشەكەی بباتە نەخۆشخانەی ئەهلی، باوكان و دایكان دەست بە مووچەكانیانەوە دەگرن بۆ ئەوەی مانداڵەكانیان ببەنە خوێندنگە ئەهلییەكان، پێویستە هەڕاجكردنەی كەرتی گشتی بۆ كەرتی تایبەت ڕابگیرێت، ئەگەر ئەم كابینەیە ئەمە بكات، سەركەوتوو دەبێت.

دیدارو چاوپێكەوتنەكان