ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاودێر-ڕێگای کوردستان

 

پڕۆژەیاسای چاکسازى کە ئێستا لە پەرلەمانى کوردستانە، ڕووبەڕووى ڕەخنەیەکى زۆرى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان بووەتەوە و حکوومەت و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانیش بە چارەسەرێکى گونجاوى چاکساى لە هەرێمى کوردستان ناوی دەبەن، بەپێى بەدواداچوونێکى ڕێگاى کوردستان، پڕۆژەکە کۆمەڵێک لایەنى ئەرێنى تێدایە و دەکرێت وەکو سەرەتایەک بۆ ڕێکخستنەوەى مووچە تەماشا بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک خاڵى نەرێنى هەیە بەشێوەیەک لە ئەگەرى جێبەجێکردنى لە پەرلەمانى کوردستان گەندەڵى و بەهەدەردانى سامانى وڵات بۆ چینێکى دیاریکراوى کۆمەڵگە بەیاسایی دەکرێت.

پرۆژەیاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان- عێراق) لە (19) مادە پێکهاتووە و ئێستا لە پەرلەمانى کوردستانە. هەرچەندە ئەم پڕۆژەیە گۆڕانکارى زۆرى تێدا کراوە و چەند جارێک چووەتە پەرلەمان و دواتریش گەڕێنراوەتەوە بۆ ئەنجوومەنى وەزیران، بەڵام هێشتا پڕۆژەکە سەرەڕاى کۆمەڵێک لایەنى باش، بەهۆى ناعەدالەتییەکى گەورە لە دابەشکردنى مووچە ڕووبەڕووى ڕەخنەیەکى زۆر بووەتەوە. 

شارەزایانى ئابوورى و بەشێک لە پەرلەمانتاران باس لەوە دەکەن کە کۆمەڵێک خاڵى ئیجابی لەناو پڕۆژەکەدا هەن کە ئەگەر بێت و جێبەجێبکرێن دەبنە هەنگاوێکى گرنگ بۆ ڕێکخستنەوەى مووچە و کەمکردنەوەى گەندەڵى و بە هەدەردانى سامانى وڵات، وەکو هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی نایاسایی لە وەزیرەوە بۆ بریکار و خواتر، کۆکردنەوەى فەرمانگە خانەنشینییەکان لەیەک فەرمانگەدا، ڕێگریکردن لە دوو جار سوودمەندبوون لە مووچە، ڕێکخستنەوەی لیستی شەهیدان و کەمئەندامی سەنگەر و زیندانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین، نەهێشتنى یەکەى ژمێریاى هێزە سەربازى و حزبییەکان و هاوکات وەرگرتنەوەی پلە سەربازی و ئیداری لەو کەسانە لە دەرەوەی شایستەی خۆیان پلەیان بەرزکراوەتەوە، ئەمە جگە لە چەند خاڵێکى گرنگى دیکە کە لە ناو پڕۆژەکەدا هەیە و جێبەجێکردنیان بە پێوست دەزانرێت، بەڵام خانەنشینی پلە باڵاکان کە پێشتریش ناڕەزایەتییەکی زۆرى دروست کردبوو، بەبێ گۆڕانکارییەکى ئەوتۆ لە پڕۆژەکەدا دانراوەتەوە بەشێوەیەک زۆربەى خانەنشینانى پلەباڵاکان زیاتر لە پێنج ملیۆن دینار وەردەگرن، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە پرۆژەکە نەتواندراوە لایەنی کەمی مووچەی خانەنیشینی فەرمانبەرێکی ئاسایی بکرێتە ٤٠٠ هەزار دینار.

لەتیف مستەفا پەرلەمانتارى خولى پێشووى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق باس لەوە دەکات ئەوەى بۆ هەژمارکردنی مووچەی پلە باڵاکان دانراوە، گۆڕانکارییەکى ئەوتۆی تێدا نەکراوە، بەشێوەیەک بە نزیکەیی هەمان مووچەى ئێستا خانەنشین دەکرێن، ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو مووچەیەى بۆ خانەنشینانى پلە باڵاکان دەچێت لەچاو ئەوەى بەغدا زۆر زیاترە، بۆیە بەپێویستى دەزانێت لانى کەم هاوشێوەى ئەوەى بەغداى لێ بکرێت.

بەگوێرەى پڕۆژەیاسای چاکسازى حیساب کردنی مووچەی خانەنشین بەم شێوەیەیە 25%ی کۆی مووچە و دەرماڵە + ٪‏٢.٥ بۆ هەر ساڵێکی خزمەت، واتە ئەگەر کەسێک کەمترین خزمەتی هەبێت بۆ خانەنشینی کە ١٥ ساڵە بەم شێوەیەى لێدێت ١٥ کەڕەت ٪‏٢.٥ دەکاتە ٪‏٣٧.٥ + ٪‏٢٥ دەکاتە ٪‏٦٢.٥ بەمەش پەرلەمانتارێک کە کۆی مووچەکەی ٨ ملێۆن و ٢٠٠ هەزارە، ئەگەر تەنیا ١٥ ساڵ خزمەتی هەبێت مووچەکەی دەکاتە پێنج ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دینار. هاوشێوەى پەرلەمانتاران وەزیر و پلە باڵاکانى دیکە بەنزیکەیی هەمان مووچە خانەنشین دەکرێن کە بەراورد بە فەرمانبەرى ئاسایی رێژەکەى لەسەدا پازدە زیاترە، بەوپێیەى لە پرۆژەکە لایەنی کەمی مووچەی خانەنیشینی فەرمانبەرێکی ئاسایی دیاری نەکردووە. 

بەشێک لە چالاکانى کۆمەڵگەى مەدەنى باس لەوە دەکەن کە پڕۆژەیاسای چاکسازى نەک جیاوازی زۆری مووچەی پلە باڵاکانی لەگەڵ فەرمانبەری ئاسایی چارەسەر نەکردووە، بگرە دەرچەی یاسایی بۆ خانەنیشینی هەندێک لە پلە باڵاکان دۆزیوەتەوە تا بە مووچەی یەکجار زۆر خانەنشین بکرێن.

ئێستا پەرلەمانتاران بەسەر دوو بەرەى جیاوازدا دابەش بوون، بەشێکیان بە هەموو شێوەیەک پشتگیرى پڕۆژە یاساکە دەکەن و بە هەنگاوێکى باش بۆ کۆتایی هێنان بە گەندەڵى و چارەسەرکردنى بەشێکى زۆر لە کێشەکان ناوى دەبەن، بەشێکى دیکەشیان ئەگەرچی ژمارەیان کەمە، لەگەڵ ئەوەدان کە پڕۆژەکە ناعەدالەتییەکى زۆرى تێدایە و پێویستى بە گۆڕانکاری ڕیشەیی هەیە، بەتایبەت لە پەیوەست بە مووچەى خانەنشینى پلە باڵاکان. 

دکتۆر محیەدین حەسەن سەرۆکى فراکسیۆنى ئازادى لە پەرلەمانى کوردستان، ڕاى دەگەیەنێت پڕۆژەیاسای چاکسازى، هەنگاوێکى سەرەتاییە بە ئاراستەى ئەنجامدانى چاکسازى لە هەرێمى کوردستان، "بەڵام دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە ناتوانین بەم پڕۆژەیە بڵێین چاکسازى سەرتاسەرى، ئەم پڕۆژەیەى بەناوی چاکساى تەنیا پەیوەندى بە ڕێکخستنەوەى مووچە و دەرماڵەکان هەیە، نەک ئەنجامدانى چاکسازى سەرتاسەرى". باس لەوەش دەکات کە فراکسیۆنى ئازادى لە پەرلەمانى کوردستان تێبینى خۆى لەسەر پڕۆژەکە هەیە و لەگەڵ ئەوەدایە کە خانەنشینى پلەباڵاکان کەمبکرێتەوە و لەبەرانبەریشدا کەمترین مووچەى خانەنشینى لە 400 هەزار دینار کەمتر نەبێت؛ "لە خولەکانى ڕابردوودا، بڕیاربوو کەمترین بڕی مووچەى خانەنشینى لە 400 هەزار دینار کەمتر نەبێت، بەڵام ئەم پڕۆژەیە ڕێژەکەى دیاری نەکردووە، چونکە بە هەزاران کەس هەن، مووچەکەیان نزیکەى 200 هەزار دینارە، ئێمە پێمان وایە کەمترین مووچەى خانەنشینى نابێت لە 400 هەزار دینار کەمتر بێت". گوتیشی؛ "ئەوەى پەیوەندى بە خانەنشینى پلە باڵاکانەوە هەیە ئێمە وەکو فراکسیۆنی ئازادی لەگەڵ ئەوەین ئەو ڕێژەیە کەم بکرێتەوە، بەشێوەیەک کە نابێت جیاوازى مووچەى خانەنشینى پلەباڵاکان و فەرمانبەرانى ئاسایی ئەو ناعەدالەتییە گەورەیەى تێدابێت وەک ئەوەى ئێستا کراوە".

سەرۆکى فراکسیۆنى ئازادى لە پەرلەمانى کوردستان جەخت دەکاتەوە کە کاردەکەن بۆ باشترکردنى پڕۆژەکە و بەپێویستیشی دەزانێت کە یاسای خانەنشینى عێراقی جێبەجێ بکرێت، کە هەم مووچەى خانەنشینى پلەباڵاکان بەڕێژەیەکى باش کەمکراوەتەوە، هەمیش 500 هەزار وەک کەمترین مووچەى خانەنشینى دیاریکراوە.

بەگوێرەى ئەم پڕۆژەیە خانەنشینى فەرمانبەرانى ئاسایی و پلەباڵاکان لە هەرێمى کوردستان جیاوازییەکى زۆریان لەگەڵ خانەنشینى فەرمانبەرانى بەغدا هەیە، هەربۆیە سەرۆکى فراکسیۆنى ئازادى لەگەڵ ئەوەدایە یاساکەى بەغدا جێبەجێبکرێت، بەگوێرەى یاسا هەموارکراوەکەى بەغدا بۆ خانەنشینى پلە باڵاکان ژمارەی ساڵی خزمەت کەڕەت ٪‏٢.٥ کەڕەت مووچەی بنەڕەتی کە هی پەرلەمانتار و وەزیر چوار ملیۆنە، دابەش سەد، زائید دەرماڵەی بڕوانامە (٪‏٥ هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم ٪‏١٠ بەکالۆرێۆس ،٪‏١٥ ماستەر ،٪‏٢٠ دکتورا) زائید غەلای مەعیشە کە بەگوێرەی ساڵی خزمەتە بۆ نموونە ئەگەر یەکێک ١٥ ساڵ خزمەتی هەبێ ٪‏١٥ی مووچەی بنەڕەتی پێدەدرێت نەک کۆی موچە، بەم پێیە لەبەغدا ئەگەر پەرلەمانتارێک تەنها ١٥ ساڵ خزمەتی هەبێت مووچەکەى دەگاتە ٢ ملیۆن دینار، بۆ هەر ساڵێکیش کە زیاتر بێت لە ١٥ ساڵەکە ١٠٠ هەزاری تری دەچێتە سەر، ئەمە جگە لەوەى کەمترین مووچەى خانەنشینى لە بەغدا بە 500 هەزار دینار دیاریکراوە.

دیدارو چاوپێكەوتنەكان