ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دیدار: هێرش مەغدید

ماوەی سێ ساڵە خەڵكی هەرێمی كوردستانء چینء توێژەكان بە گشتیء مامۆستایان لەو نێوەندەشدا بەتایبەت، لە بارودۆخێكی ئێجگار نالەبارء ناهەمواردا گوزەردەكەن، خراپی باری ئابووریء كاریگەری لەسەر ئەدای مامۆستا لە زانكۆدا وەك دەوترێت نیشانەكانی بەدیاركەوتوون، بۆ ئەوەی ئێمە لە نزیكەوە بە وردی لەم رەوشە بڕوانین چەند مامۆستایاكی زانكۆمان هێناوەتە ئاخاوتن، لەنێویشیاندا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی بەڕێز مامۆستا (ئەردەلان لەتیف) مامۆستا زانكۆی كردووە ئەویش بە سوپاسەوە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە:

رێگای كوردستان: خراپی باری ئابووری تا چەند كاریگەری لەسەر ئەدای مامۆستا كردووە لە زانكۆدا؟ 

ئەردەلان لەتیف: كاریگەری قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان لەسەر تەواوی كایەكانی ژیان و زۆرینەی هاونیشتمانیان بەشێوەیەكی نەگەتیڤ هەیە و تا دێت كاریگەریەكە زیاتر دەبێ. بەتایبەت لەسەر موچەخۆران و مامۆستایان . مامۆستایانی زانكۆش بەهەمان شێوە كەوتونەتە ژێركاریگەری ئەو دۆخە ئابووریە سەختەوە. بەجۆرێك كە ڕەنگیداوەتەوە لەسەر بژێوی ژیانی خێزانی و كەسی م.زانكۆ ئەمەش ڕاستەوخۆ كاری لە ئەركی پیشەییان كردووە. مامۆستا كە گرفت لە بژێوی ژیان و بەردەستبوونی پێداویستییە بنەڕەتییەكانی ژیانی هەبێ، چۆن بتوانێ بەدوای سەرچاوەی زانستی بگەڕێ بەمەبەستی ئامادەكردنی وانە و لێتوێژینەوەی زانستی! مامۆستا ئەگەر ئەرخەیان نەبێ لە بژێوی ژیان و بەردەستبوونی پێداویستییەكانی، بەدڵنیاییەوە ناتوانێ ئاسان ڕاببێ و كارە پیشەیەكەی وە پێویستە بەجێ بێنێ. مووچەخۆران بەگشتی و مامۆستایانی زانكۆش لەناویاندا لە بەرامبەر كار و فەرمانبەریەتییەكەیان بەپێی عەقدێك موچەێكی دیاریكراو وەردەگرن، بەڵام ئێستا حكومەت خۆی پیشێلی ئەو عقدەی كردوە بەشێوەێكی نایاسایی و بێ ڕەچاوكردنی هیچ پڕەنسیپێكی مافی مرۆڤ و بەهای كۆمەڵایەتی، ڕێژەی ٧٠٪ی موچەی موچەخۆرانی بەناوی پاشەكەوتەوە بڕیوە لەكاتێكدا ئێمە لە وڵاتێكی دەوڵەمەندی خاوەن داهاتی زۆر دەژین. جگە لە كاریگەری دارایی و بژێوی، ئەو دۆخە خراپە ئابووریەی دروستكراوە كاریگەری دەروونیشی لەسەر مامۆستایان دروستكردووە. بەجۆرێك كە متمانەیان بە دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری حكومەتی هەرێم زۆر لاواز بوە، چونكە بێباكی حكومەت هێندە دووبارە بۆتەوە ئیتر خەڵكی گەشتۆتە ئەو باوەڕەی لەم هەرێمە ئاسۆێك بۆ باشتربوونی ئەم دۆخە ئاستەم بێت تا ئیدارەدانی وڵات لەژێر دەستی حزب بێ لەجیاتی بوونی دامەزراوەیی یاسایی و هەڵبژێردراو كە تەعبیرە لە خەڵك.

رێگای كوردستان: چی بكرێت بۆ ئەوەی بتوانین قوتابیان لەو نێوەندەدا زەرەرمەند نەبن؟ 

ئەردەلان لەتیف: چی بكرێت؟ چی بكەین؟ چمان پێ دەكرێ؟ ئەو پرسیارە و چەندین پرسیاری تر لە كەڵكەڵەی زۆرینەمان دایە، لێ ئایا وەڵام لە ئاستی پێویستدایە؟ من پێموایە ئەگەر چارەسەری بەپەلە بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوانەی هەرێمی كوردستان نەكرێت لەڕووی ئابووری و دارایی و سیاسییەوە، زەحمەتە بتوانین هیچ شتێكی وا بكرێ كە كاریگەری ئەو قەیرانانە لەسەر داهاتوی نەوەكانمان و قوتابیان بەگشتی ڕەنگنەداتەوە. ئێستا لە چەندی شار و ناوچەی هەرێمی كوردستان دەرگای قوتابخانەكان داخراوە، لە نیوەكەی تریش ڕاستە دەرگای زانكۆ و قوتابخانەكان كراوەتەوە. بەڵام تەنها كراوەتەوە! بێ گوێدانە كوالیتی زانستی و ڕەچاوكردنی بنەماكانی بەڕێوەبردن. پێموایە زەرەرمەند نەبونی قوتابیان بەوە كەم نابێتەوە كە دەرگای قوتابخانەكان بكرێتەوە و ڕۆژانە منداڵ لە ماڵ بۆ چەند سعاتێك بێتە قوتابخانە و بگەڕێتەوە! ئەمە ئەگەر كاریگەریەكە زیاتر نەكا كەمتری ناكا. چونكە لە داهاتوو دەبینین ئەو قوتابیەی قۆناغێكی خوێندنی لەوەها دۆخێكی ناجێگیری دارایی و ئابووری بڕیوە، بەهەمان شێوە دەرچوونی ئەویش لەژێر كاریگەری هەمان ئەو قەیرانانە دایە كە زیاتریشە. چون لە قوتابخانە قەیرانی زانستیش زیادبووە لەبەر ناهەمواری دۆخی مامۆستا. نمونە بۆ ئەمە، ساڵانی ڕاپەڕینی ١٩٩١ و شەڕی ناوەخۆیە. كە پڕۆسەی خوێندن بەجۆرێك بێ ئەرزش ببوو كاریگەرییەكەی لە ئیستادا دەبینین كە قوتابیانی ئەوكات ئێستا بەڕێوەبەرانی وڵات و قوتابخانە و زانكۆكانن! بێ كوالێتی و لاوازی پێگەیاندنیان چۆن ڕەنگیداوەتەوە بەسەر ئەو شوێنانەی بەڕێوەیدەبن یا كاری تێدا دەكەن. بەبۆچوونی من ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم ساڵدا دەستبۆ چارەسەركردنی ئەو هەموو قەیرانە بەدوایەكدا هاتوانە نەبات، ئێمە تووشی كێشەیەكی زۆر گەورە دەبینەوە لە ڕووی كلتوری و كۆمەڵاییەتەوە. لەبەر ئەوەی كاریگەری ئەو قەیرانانە لەسەر قوتابیان و نەوەی داهاتوو بەجۆرێك دەبێ كە كاریگەری دەبێ لەسەر ئاستی ڕەفتاری كۆمەڵایەتیان.