ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شێوەكار (بەشدار نوری) لە دیمانەیەكدا تایبەت بە رێگای كوردستان: تیشكی خستەسەر ئەو كارە هونەرییانەی كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو لەماوەی هونەری شێوەكاریدا ئەنجامیداوە.

رێگای كوردستان: كورتەیەك لە ژیانی تایبەتی خۆت؟

بەشدار نوری: من لە دایكبووی شارۆچكەی ( رەواندوز ) و دانیشتوی شاری هەولێرم، هەروەها لەساڵی 2001 دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر، دوای ئەوە كۆلێژی هونەرە جوانەكانی شاری سلێمانی لە ساڵی 2005 تەواوكرد، ئێستا مامۆستای هونەری لە كۆلێژی هونەرە جوانەكانی شاری هەولێرم، بێجگە لەوەش بەڕێوەبەری سەنتەری هونەری "ئێستا" كە وەكو رێكخراویكی هونەری سەربەخۆ كار دەكەین. بەژداری گەلێك پێشانگای دەرەوە و ناوەوی هەرێم بە دەست هێنانی چەندین خەڵاتی هونەری و رێزلێنان كە هەوڵمداوە بە هەموو توانایەكمەوە خزمەتی ڕۆڵەی كورد بكەم، كاری هونەریم وەك ئەركێك گرتووە كە هەرچی ئازارەكانی ملەتەكەم بگەیەنمە تەواوی دونیا چونكە ئێمەی كورد هیچمان كەمتر نیە لە نەتەواكانی تر بەڵكو زۆر زیاترین.

رێگای كوردستان:  لە ئێستادا بە چییەوە سەرقاڵی؟

بەشدار نوری: لە ئێستا دا سەرقاڵی كۆمەڵێك پڕۆژەی هونەریم كە كاریان لەسەر دەكەم رەنگە لە داهاتوویەكی نزیك ئەنجامیان بدەم هەوڵ دەدەم شێوازێكی نوێ بخەمە بەر چاوی بینەری شێوەكاری كە بە پێكهاتەی میدیا، تەكنەلۆژیا چۆن كاری تازەگەری ئەنجام دەدرێت.

رێگای كوردستان: بەرنامەی داهاتووت چییە؟

بەشدار نوری: بەرنامەی داهاتووم بریتیە لە پێشانگایەكی هاوبەش لەگەڵ كۆمەڵێك هونەرمەند كە لە سەر چەمكی ( سڕینەوە ) كار دەكەین كە بەشێوازی مۆدێرن ئەنجام دەدرێت.

رێگای كوردستان:  لە 10 ساڵی رابردوو هونەری شێوەكاری چۆن دەبینیت لە كوردستان؟

بەشدار نوری: ئەگەر بگەڕێیەنەوە بۆ دواوە، لە دەساڵی رابردوو كۆمەڵێك ئەزموونی باش هاتە كایەوە هەروەها جموجۆڵی هونەری هەبووە، بەڵام ئەوەی گرنگە بوترێت تێگەیشتن لە مانای هونەر و لە ئەستۆگرتنی ناوەندە هونەریەكان لە ئاستی پێویست نەبووە، چونكە كەمتر خزمەتی ئەو بوارە كراوە جیا لە بوارە هونەریەكانی تر، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هونەری شێوەكاری زیاتر هونەری تاكیە، ئەو دوایەی كە ئەو كارەساتە بەسەر گەلەكەمان داهات و دروست بوونی قەیران لە دوای قەیران بەجاری هونەر لەم وڵاتە پەكی كەوتووە، ئەوانەی كاری هونەری دەكەن لە ئێستادا بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن ، دەبوا لە رۆژگارێكی وەك ئێستادا هونەرمەندان ڕۆڵی بەرچاویان گێڕابا لە گۆڕپانی هونەری چونكە مێژوو هەمیشە دوبارەبوونەوەیە بەڵام بە بەرگێكی تازە .