ئاودێر

پڕۆژەی ئەنجوومەنى باڵاى کاروبارى خانمان یەکێک بوو لەو پڕۆژانەى کە بە درێژایی ژیانم ویستوومە ببێت، بەڵام قەد لە خەیاڵمدا نەبووە کە من بیکەم

هەرچەندە بەرپرسیارییەتەکە لە ئەنجوومەن بە پلەى وەزیر بوو، بەڵام لە یەکەم ڕۆژى دەستبەکاربوونمەوە تاکو ئەو ڕۆژەى لەو پۆستە نەماوم یەک دینارم نە بەشێوەى مووچە، نە بەشێوەى نەسرییە وەرنەگرتووە.

بە دکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆکى پێشتری حکوومەتم گوت: پۆست و ئیمتیازاتەکان بەلاى منەوە گرنگ نین و هەرچییەک بێت من بەشێوەى خۆبەخش ئەم کارە دەکەم

هەموو ئەوەى کە لە ماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا کراوە بە پێداگرى خۆمان و بە هاوکارى یوئێن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بووە

تا ئەم ساتەش نە مەرسومى دامەزراندنەکەمم بینیوە، نە وەرەقەى دەستلەکارهەڵگرتنیش کە ماوەى هەفتەیەکە کراوە، ئەم پۆستە بەلاى منەوە وەزیفە نەبووە

ئەوانەى تۆمەتیان بۆ من دروست کرد، چاوەڕێ بوون پۆستەکە وەربگرن، کەسانێکى نەخۆش و نقوم بوو لە گەندەڵین، تەنانەت بەعسی بوون.

ئەوانەى کە خۆیان گەندەڵن و لە چاکسازى دەترسن، تۆمەتى گەندەڵى دەدەنە پاڵ کەسە پاکەکان، تاکو بڵێن هەموومان وەک یەک واین.

لەم دیمانەیەدا، پەخشان زەنگەنە سەرۆکى پێشووى ئەنجوومەنى باڵاى کاروبارى خانمان باس لە سەرەتاکانى دامەزراندنى ئەو دامەزراوەیە و چۆنییەتى دەستبەکاربوون تێیدا دەکات، هاوکات تیشک دەخاتە سەر ڕێگرییەکانى بەردەم کارکردن لە پرسەکانى ژنان لە هەرێمى کوردستان و ڕۆڵى حکوومەتى هەرێمیش لەو ڕوانگەیەوە ڕوون دەکاتەوە، لەبەشێکى دیکەی قسەکانیدا باس لە تۆمەتبارکردنى بە گەندەڵى و بەهەدەردانى پارە دەکات و سەرەڕاى بێمنەتى هاوکات باس لەو هەوڵانەش دەکات کە لەپێناو لێکۆڵینەوە لەو کەیسانەى دژی کراونەتەوە، داویەتى. پەخشان زەنگەنە ڕوونى دەکاتەوە کە نەسرەیەى دامەزراوەکە نزیکەى پێنج ملیۆن دینار بووە و لاى ئەو نەبووە، جەختیش دەکاتەوە کە هەموو ئەو کار و پڕۆژانەى لەو ماوەیەدا کردوویانە بە پێداگیرى خۆیان و بە هاوکارى یوئێن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بووە، نەک حکوومەتى هەرێم.

ئەنجوومەنى باڵاى کاروبارى خانمان چۆن دامەزرا؟ چۆن بوو ئەو بەرپرسیارییەتەت گرتە ئەستۆ؟

-بوونى دامەزراوەیەکى فەرمى بەشێوەیەک کە دەوڵەت ڕاستەوخۆ دەستێوەردان بکات لە پرسەکانی ئافرەتدا یەکێکە لە ڕاسپاردە گرنگەکانى کۆنگرەى پەکینی ساڵى 1995، لە دواى دەرچوونى ئەم ڕاسپاردەیەوە، چەند وڵاتێک هەوڵیانداوە کارى پێبکەن، تەنانەت لە سەردەمى بەعسدا وەزارەتێک لەو چوارچێوەیەدا دروستکرا، لە هەرێمى کوردستانیش بەردەوام هەوڵ هەبووە، بۆ نموونە لەکابینەى چوارەمدا، دەزگاى یەکسانى لەناو ئەنجوومەنى وەزیران دروستکرا و لە کابینەى پێنجەمیشدا، وەزیرى دەوڵەت بۆ کاروبارى ژنان دامەزرا کە ئەوکات دکتۆرە جنان قاسم بەڕێوەی دەبرد، ئەو کاتە من لە پەرلەمان بووم و پەیوەندی بەردەوامم لەگەڵ ئەم دامەزراوەیە هەبوو، ئاگادارى وردەکارییەکان بووم، ئەو بایەخەى کە پێوست بوو هەبێت بۆ ئەو وەزارەتە نەبوو، ئەمەش ڕەنگە لەبەرئەوە بووبێت کە وەزارەتەکە تازە بووە، لە سەروبەندى کابینەى پێنجەمدا جوڵەیەک لەناو ڕێکخراوەکاندا بەمەبەستى دامەزراندنى دامەزراوەیەکى لەم شێوەیە هەبوو، بەڵام بەرچاوڕوونى نەبوو، من لەوسەروبەندەدا بەسەردانێک لە وڵاتى ئەڵمانیا لاى کچەکەم بووم، لەناو پاسدا بووم، دکتۆر بەرهەم ساڵح کە ئەوکات سەرۆکى حکوومەت بوو تەلەفۆنى بۆ کردم و پێشنیازى ئەم کارەى بۆ کردم، من پێم گوت: ئێستا لەدەرەوەم، گوتى: دەزانم، هەرکاتێک گەڕایتەوە بۆ کوردستان، بیرى لێ بکەرەوە، دواتر لەلایەن یەکێک لە ڕاوێژکارەکانى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانەوە بە ئیمەیڵ ئاگادارکرامەوە و پەیڕەوەکەم لە ڕێگەى ئیمەیڵەوە بەدەست گەیشت، لەو سەروبەندەدا کە نزیک بووبووینەوە لە وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بۆ ساڵى 2010، لەلایەن حزبی شیوعى کوردستانەوە کاندید کرابووم، من سەفەرەکەى خۆم تەواو کرد و گەڕامەوە، پاش ماوەیەک لە گەڕانەوەم چاوم کەوت بە دکتۆر بەرهەم، پێم گوت: من کاندیدی حزبی شیوعى کوردستانم بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، گوتى: زۆرم پێخۆشە و لوتفى نواند و گوتى دواتر قسە دەکەینەوە، بابەتەتى دامەزراندنى ئەنجوومەنى باڵاى کاروبارى خانمان باس نەکرایەوە تاکوو ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئاشکرا کرا و من کە کاندید بووم دەرنەچووم، دواى ماوەیەک ئەم بابەتە هێنرایەوە بەرباس، دکتۆر بەرهەم و کاک ئازاد بەروارى کە جێگرى بوو لە ژوورى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران دانیشتین بەمەبەستى وتوێژ لەسەر دامەزراندنى ئەنجوومەنەکە، لەکاتى وتوێژدا بە من گوترا کە کارەکە بە پلەى وەزیر بکەم، من پێم گوتن کە پۆست و ئیمتیازاتەکان بەلاى منەوە گرنگ نین و هەرچییەک بێت من بەشێوەى خۆبەخش ئەم کارە دەکەم، پێشم گوتن من خانەنشینى پەرلەمانیم هەیە و دەمەوێت پرسی ئافرەت بەرەو پێشەوە ببەین، لە ڕاستیدا ئەم پڕۆژەیە یەکێک بوو لەو پڕۆژانەى کە بە درێژایی ژیانم ویستوومە ببێت، بەڵام قەد لە خەیاڵمدا نەبووە کە من بیکەم، هەربۆیە ڕازی بووم و ڕێککەوتین کە من بەرپرسیارییەتەکە وەربگرم، ئەوەبوو سەرۆکى حکوومەت لە 25-11-2010 لە مەراسیمێکدا دامەزراندنى ئەنجوومەنەکەى ڕاگەیاند و من تەکلیف کرام بۆ ئەو کارە، بەڵام دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە لە یەکەم ڕۆژى دەستبەکاربوونمەوە تاکو ئەو ڕۆژەى لەو پۆستە نەماوم یەک دینارم نە بەشێوەى مووچەى مانگانە، نە بەشێوەى نەسرییە وەرنەگرتووە.

بەتەنیا دەستت بەکارکردن بۆ ئەنجوومەکە کرد، یاخود فەرمانبەرى پێویست بۆ بەڕێوەبردنى کارەکان ئامادەکرابوون؟

-سەرەتا بەتەنیا من و کەسێکى دیکە کە شارەزایی لە بوارەکەدا هەبوو لە ژوورێک لە ئەنجوومەنى وەزیران دەستبەکار بووین، بە کۆمپیوتەرێک و مێز و کورسییەکەوە و لە ژوورێکى بچووکدا دەستمان کرد بە کارکردن بۆ سەرخسستنى دامەزراوەى ئەنجوومەنى باڵاى کاروبارى خانمان، بەشێوەیەک کە لەسەرەتادا پەیوەندیم بە زۆربەى ڕێکخراوەکانەوە کرد و دەستمان بە کارکردن کرد، هەرچەندە لە سەرەتادا ڕێکخراوەکانیش زۆر هاوکار نەبوون، بەڵام دواتر ئەنجوومەنەکە شوێنێکى باشی لەناو ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان پەیدا کرد، ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان زۆر ڕوویان تێ دەکردین، دواتریش ئۆفیسی تایبەتى بۆ تەرخان کرا و دواتریش ئەنجوومەکە گەیشتە ئەو ئاستەى کە ئێستا هەیە.

ئەنجوومەنەکە چی شتێکى زۆر گرنگى لەکاتى دامەزراندنییەوە کردووە؟ بەو پێیەى چاوەڕوانییەکى زۆرى لەسەر هەڵچنرابوو؟

-ئەم ئەنجوومەنە سیفەتیکى ڕاوێژکارى هەیە زیاتر لەوەى جێبەجێکردن بێت، چونکە پرسی ژنان پرسێک نییە تەنیا یەک دامەزراوە لێی بەرپرسیار بێت، پرسی ژن لە پەروەردە و تەندروستى، لە پلاندانان و سەرجەم بوارەکاندا هەیە، کارى گرنگى ئەم ئەنجوومەنە ئەوە بوو کە پرسی ژنانى خستە ناو وەزارەتەکان، لەدواى دەرچوونى یاسای بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى خێزانى لە کابینەى شەش، ستراتیژى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژى ئافرەتان ڕاگەیەندرا و لە کابینەى حەوت تەواو بوو، ئەمە بەشێک بوو لە ستراتیژێکى نیشتمانى فراوانتر بۆ بەرەوپێشبردنى بارودۆخى ژنان لە هەرێمى کوردستاندا، دواتریش بۆ چوار ساڵ درێژ کرایەوە، وەزارەتەکان لەسەر ئەم ستراتیژییەتە پلانى کارکردنى خۆیان داڕشت، بڕیارى ١٣٢٥ی ئەنجوومەنى ئاسایشی نێودەوڵەتى کە تایبەتە بە دۆخى ژنان لەکاتى ناکۆکییەکاندا، پڕۆژەى هاوسەرگریى پێشوەختە و پرسی خەتەنکردنى مێینە، ئەمە سەرەڕاى خولى بەردەوام بۆ فەرمانبەرانى حکوومەت لەسەر پرسەکانى جێندەر لە سەرجەم شارەکانى هەرێم، خولى ڕاهێنان بۆ 50 دادوەر لەسەر پرسەکانى جێندەر، لە سەردەمى قەیرانى دارایی و جەنگى دژ بە داعشدا، ئەنجوومەن ستراتیژیەتێکى گرنگى بۆ پرسی ئاوارەکان و کچانی ڕفێنراو دانا، هەرچەندە ئێمە دامەزراوەیەکى حکومى بووین، بەڵام هەڵمەتێکى هاوکارى گەورەمان ڕاگەیاند بۆ پێداویستییە تایبەتییەکانى ژنان و منداڵان، بەشێوەیەک سەدان تۆن هاوکارى گەیەندرایە ئاوارەکان، لە سەرەتای هێرشی داعش دامەزراوەکەمان کردە پەناگەیەک بۆ ژنان و کچانى ئێزیدى، تەنانەت دوو ڕۆژ دواى ڕزگارکردنى چیاى شەنگال هاوکاریمان گەیاندە سەر چیاکە، لەگەڵ یوئێن پێداگریمان کرد کە پرسی ژنان و کچانى ئێزیدى بە بڕیارێکى تایبەتى بە تاوانێکى دژى مرۆڤایەتى بناسێنرێت، لەو چوارچێوەیەدا نامەمان بۆ مەلیکە ئیزابێس، هیلارى کلنتۆن، مێشێل ئۆباما، ئەنجێلا مێرکل و چەندین کەسایەتى دیاری جیهان ناردووە، لەکۆبوونەوەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە وتارى سەرەکیدا باسکرا، بەلەبەرچاوگرتنى هەوڵەکانى نادیە موراد لەم ڕووەوە، ئەمە جگە لە چەندین کارى دیکە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە ژن کوشتن پرسێکى کۆمەڵگەیە و دامەزراوەیەک بەتەنیا ناتوانێت ڕێگرى لێ بکات، چونکە ئەو ڕەخنەیە زۆر ڕووبەڕووى ئێمە دەکرێتەوە کە نەمانتوانیوە کۆتایی بەو دیاردەیە بهێنین.

بێگومان بەشێکى زۆرى ئەم کارانە پێویستى بە بودجە هەیە، ئەمە لەلایەن کێ و چۆن تەرخان دەکرا؟

هەموو ئەوەى کە کراوە بە پێداگیرى خۆمان و بە هاوکارى یوئێن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بووە، چونکە پێش قەیرانى دارایی ئەنجوومەنى باڵاى کاروبارى خانمان پێنج ملیۆن نەسرییەى هەبوو، بۆ ماوەى چەند مانگێکی کەم نەسرییەکە کرایەوە 25 ملیۆن، بەڵام لەماوەى قەیرانى داراییدا تەنیا نزیکەى شەش ملیۆن نەسرییە هەبووە، ئەم بڕە پارەیە بەشی تەنیا پێداویستییەکانی دامەزراوەکان ناکات نەک کار و پڕۆژە، بۆیە هەر کارێکى باش لە پرسی ژناندا کرابێت بە هاوکارى گەورەى ڕێکخراوەکان کراوە.

لەماوەى ساڵانى کارکردن لە ئەنجوومەنەکە کۆمەڵێک بەربەست هاتوونەتە بەردەمتان، ئەو بەربەستانە چی بوون؟

-ئیشکردن لە بوارى جێندەر و پرسەکانى ژناندا وەک ئەوە وایە (بیر بە دەرزى هەڵبکەنیت)، بارودۆخی ژنان شتێکى تایبەت نییە لە دەرەوەى کۆمەڵگە، کوردستان لە جەزیرەیەکدا نییە بە تەنیا و بێکاریگەرى وڵاتانى دەوروبەر، پرسی ژنان بابەتێکى هەستیارە، کارکردن لەم بوارەدا ڕووبەڕووى چەندین کێشەى جۆراوجۆرت دەکاتەوە و ڕۆژانە تووشی بەربەستى کۆمەڵایەتى و سیاسی دەبیت، بنەڕەتى کێشەکە ئەو کەلتوورە هەزاران ساڵەیەیە کە زۆر پێش ئیسلام لەناوچەکە سەریهەڵداوە و ژنى خستۆتە پێگەیەکى نزمتر، ئەمەش ڕەگى داکوتاوە و تاکوو ئێستا بەردەوامە، جگە لەسەر ئاستى کۆمەڵایەتى، چەندین ڕێگرى دیکە هەبوون، لە خولى سێیەمى پەرلەمان پڕۆژە یاسایەک بۆ ئەو ئەنجوومەنەکە دانرا بۆ ئەوەى ئەم دامەزراوەیە خۆى یاسای هەبێت وەکو هەر وەزارەتێکی دیکە و بودجەى تایبەت بەخۆى هەبێت، بەڵام ئەمە هەتاکوو ئێستا نەکراوە، لەکاتێکدا لە کابینەى حەوتەم و هەشتەم نێردرا بۆ پەرلەمان، لەچەندین کەناڵى جۆراوجۆرەوە هەوڵماندا، چووینە لاى بێگەرد تاڵەبانى کە ئەوکات سکرتێرى پەرلەمان بوو، ئەو زۆر هاوکار بوو، گوتى: من دەچم ڕەشنووسەکە دەردێنم و پێیدا دەچینەوە، بەڵام لەم کابینەیەش نەکرا، لە کابینەى دواتریش یەکەم شت کە داوامان کرد دەرکردنى ئەم پڕۆژەیاسایە بوو، بەڵام دیسانەوە ئەمە نەکرا، تەنانەت لەم کابینەیەشدا پێشکەشکراوەتەوە، بەداخەوە ئەمە دەرخەرى ئەو ڕاستیەیە کە پرسی ژنان لاى دامەزراوەى حکوومەت ئەولەوییەت نییە، لە هەموو وڵاتێک هەر بوارێک تەرخانکرا بۆ کەرتێک ئاماژەیەکى زۆر ڕوونە بۆ بایەخدان بەو بوارە، بۆ نموونە زۆرترین بودجە بۆ پەروەردە بەڵگەیە بۆ گرنگیدانى حکوومەت بە پەروەردە، بەڵام ئەمە بۆ ئەنجوومەنى باڵاى کاروبارى خانمان بەدریژایی ئەم کابینە یەک لەدوای یەکانە نەبینرا.

ئامانج لە دامەزراندنى ئەم ئەنجوومەنە، یاخود هێشتنەوەى بەبێ بوونى هیچ بودجەیەکى تەرخانکراو لەپێناو چیدا بووە؟

ئەمە تا ئێستا پرسیارە، من ناڵێم پشتگیرى نەبوو، بەڵام پشتگیرى کردارى بەشێوەیەک کە حکوومەت دامەزراوەیەکى تایبەتى هەیە و ئەو دامەزراوەیەش یاسای تایبەتى هەیە ئەمە تا ئێستا نەکراوە، پرسی ژنان تا ئێستا نەبووەتە ئەولەوییەت، ئەندامى ئەنجوومەن هەبوو ماڵى لە سلێمانى یاخود زاخۆ بوو، لەکاتێکدا بە پلە و ئیمتیازاتى بەڕێوەبەری گشتی بوو، بەڵام بە تەکسی نەفەرات دەهاتنە دەوام، هەتا ئێستا بە هەموویان لە دوو شووقەدان، کە یەکێکیان بەناوى منەوە بوو، بەڵام لەبەرئەوەى من ماڵم لێرە بوو بۆیە داوام کرد بخرێتە سەر ناوى ئەندامانى ئەنجوومەن، لانى کەمى پێداویستییەکان دابین نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە ئەندامانى ئەنجوومەن شەونخونیان کردووە، چونکە بڕوایان بە کارەکەیان هەبووە و نەیانهێشتووە ئەمانە ببنە ڕێگر لەبەردەم کارەکانیان.

لەماوەى ڕابردوودا لەلایەن بەشێک لە ئەندامانى حزبی شیوعى و هاووڵاتییانەوە ڕووبەڕووى رەخنە کرانەوە بەوەى لە پەرلەمان ئۆپۆزسیۆنن و تۆش لەناو حکوومەتدایت، هاوکات تۆمەتبارکران بە گەندەڵى و بە هەدەردانى پارە، ئامانج لەمە چی بوو؟ ئەمە تاچەند ڕاست بوو؟

ئەم هەڵمەتە لە کۆتایی مانگى شەشی ساڵى ڕابردووە دەسەتى پێکرد، کاتێک کە سەرۆکى حکوومەت ڕاسپێردرا و ئاڵوگۆڕی وەزیر و دەستەکان هاتە ئاراوە، ڕۆژانە تەلەفۆن بۆ من و سکرتێرى کۆمیتەى ناوەندى حزبی شیوعى کوردستان دەکرا بەوەى چۆن حزبی شیوعى کوردستان ئۆپۆزسیۆنە و پەخشان زەنگەنە لە پۆستى حکومى دەمێنێتەوە، برادەرانمان ئەمەیان ڕوونکردبوویەوە کە پەخشان زەنگەنە پشکی حزبی نییە، وەکو خۆى لەو پێگەیە دانراوە، منیش ئەمانەم بەلاوە گرنگ نەبوو، لە کاتى دانانى وەزیرەکاندا، دووبارە باس لە گۆڕانکارى لە دەستەکان کرا، دیسانەوە ئەم پرسە سەریهەڵدایەوە، مانگى 11ی ساڵى ڕابردوو لەسەروبەندى ئامادەکارى بۆ بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى ڕاپۆرتێکى دوور لە ڕاستى درایە ئەندامانى پەرلەمانی کوردستان بۆ تێکدانى هەڵمەتەکە، دواتر ئێمە زانیمان ئەمانە کێن کە ئەو ڕاپۆرتە لەسەداسەد ناڕاستەیان دابووە ئەو پەرلەمانتارانە، ئەوان کەسانێک بوون کە چاوەڕێ بوون ئەنجوومەن وەربگرن، کەسانێکى نەخۆش و نقوم بوو لە گەندەڵین، تەنانەت بەعسی بوون، ئەوان کەسانێکن کە لە چاکسازی ترساون و دڵنیام بەردەکەون، بەڵام دێن و باسی خەڵکە پاکەکە دەکەن، هەرچۆنێک بێت دواى ئەم تۆمەتبارکردنە خۆم ڕاستەوخۆ پەیوەندیم لەگەڵ دەستەى ڕەقابە و سەرۆکى دەستەى دەستپاکى کردووە، داوامان کردووە کە وەرن لێکۆڵینەوە بکەن، نەوەک هەر بەڕاستى شتێک بووبێت، هەرچەندە من دڵنیام لەو کارمەندانەى کە کارم لەگەڵ کردوون، ئەمە جگە لەوەى نووسراوی فەرمیمان کردووە بۆ داواکارى گشتى و داوامان کردووە کە ڕێکارى یاسایی بگرێتەبەر، داواشمان لە ئەنجوومەنى وەزیران کرد، بەڵام ئەوان گوتیان کە ئێمە ناتوانین مامەڵە لەگەڵ فەیسبووک بکەین، ئەنجوومەنیش بەو پێیەى یەکەى حیسابی و قانوونى نییە گوتیان ناتوانین وەکو ئەنجوومەن سكاڵا بکەین، هەر بۆیە داوامان کردووە کە ڕێکارى یاسایی بەرانبەر بەو ئەندام پەرلەمانانە بگیرێتە بەر کە من دڵنیام ڕاپۆرتیان بە هەڵە بۆ نێردراوە، لەکاتێکدا پێویست بوو ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە بەپێى یاسا و تا دواى تەواوبوونى لێکۆڵینەوەکە باسی هیچ نەکەن، ئەوان خۆیان کەوتنە ئەو هەڵەیەوە، خۆزگە ئەندامانى پەرلەمان و موئەسەساتمان ئەوەندە بوێر بوونایە بیانتوانیایە لێکۆڵینەوە لەو مەلایین گەندەڵییە بکەن، بەڵام ئەمە باس ناکەن و دێن و ناوبانگى کەسە پاکەکان لەکەدار دەکەن بۆ ئەوەى بڵێن هەموویان وەک یەکن، من زیاتر لە پەنجاو پێنج ساڵە پەیوەندیم بە حزبی شیوعییەوە هەیە لە سەردەمێکدا کە دیسپلین یەکێک بوو لە بنەما بنەڕەتییەکانى حزب، کار بۆ ئەو ئامانجە سادە و لە هەمانکاتدا قورسەى شیوعیەت دەکەم کە بریتییە لە بەدیهێنانى دادپەروەرى کۆمەڵایەتی، ڕاستگۆیی، دەستپاکى و زمانپاکى، لە سەردەمى بەعسدا پڕ بەم ژوورەى حزب بەڵگەنامە هەڵدرابوویەوە، بەڵگەنامەیەک نەبووە ناوى حزبی شیوعى تێدا بووبێت و ناوى منى تێدا نەبووبێت، من شانازى بەوە دەکەم، لەکارى خۆشم لە ئەنجوومەن دڵنیام، ئەوانەشى ئەو تۆمەتانەیان بۆ ئێمە دروستکرد بەشێکیان ڕابردوویان لەگەڵ بەعسدا هەیە، دەیانەوێت کەسە پاکەکان تۆمەتبار بکەن و هەمووان وەک خۆیان نیشان بدەن.

پێش دەستلەکارهەڵگرتن، چەندجارێک داواى دەست لەکارکێشانەوەت کردووە؟ پڕۆسەى دەستلەکار هەڵگرتنەکەت بەڕێڕەوێکى ئاسایی و یاسایدا تێپەڕیوە؟

-من لەکۆتایی کابینەى حەوتەم بە زارەکى داواى دەستلەکارکێشانەوەم کردووە، لەکابینەى هەشتەمیش بەهەمان شێوە بە زارەکى و بە نووسراو داواى دەستلەکارکێشانەوەم کردووە، لەم کابینەیەش هەر لەسەرەتاوە داوام لێکردوون و کە یاسای ئەنجوومەنەکە دەربکەن تاکو منیش بە شێوەیەکى ئاسایی لە ئەنجوومەنەکە بێمە دەرەوە، کە قبوڵیان نەکردووە، من ئەمەم نەکردووە بە بیانوویەک بۆ ئەوەى دەوام نەکەم، چونکە من وەکوو پێشتر گوتم بە خۆبەخش و بەبێ بەرانبەر کارم کردووە، بەگوێرەى پەیڕەوی ئەنجوومەنەکە دامەزراوەکە ئەمیندارێکى گشتى دەبێت بە پلەى تایبەت بە مەرسومى سەرۆکایەتى، من هەتا ئەم کاتە نە مەرسومى دامەزراندنەکەم بینیوە، نە وەرەقەى دەستلەکارهەڵگرتنیش کە ماوەى هەفتەیەکە کراوە، ئەم پۆستە بەلاى منەوە وەزیفە نەبووە، ئەگەر مووچە و نەسریەم هەبووایە، دەمگوت دەست لەمانە هەڵدەگرم و دەستبەردارى پۆستەکەم دەبم، لە داواکارییەکانى پێشتردا بۆ دەستلەکارهەڵگرتن یەکسەر پێم دەگوترا نەخێر، بەڵام لەم کابینەیەدا و لە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە پەیوەنیم پێوە کرا، لەگەڵ سەرۆکى دیوان و گوتەبێژى ئەنجوومەنى وەزیران کۆبووینەوە، دواى نواندنى لوتفێکى زۆر و سوپاسکردن، گوتیان لەسەر داواکارى خۆت، دواتر من خۆم دکتۆرە خانزادم لەگەڵ خۆم برد بۆ ئەنجوومەنى خانمان و کۆبوونەوەى یەکترناسینم پێکردن لەگەڵ ئەندامانى ئەنجوومەن و سەرجەم فەرمانبەرانى دامەزراوەکە و هیواى سەرکەوتنى بۆ دەخوازم، شانازى دەکەم لە ژوورێکەوە دەستم پێکرد و ئێستا دامەزراوەیەک بەجێ دەهێڵم، هاوکات تەمەناى سەرکەوتن بۆ ئەم دامەزراوە گرنگە دەخوازم.

ئاودێر

حزبی شیوعی كوردستان لە یادی 14ی شوباتدا كە بە ڕۆژی شەهیدی شیوعی ناسراوە، كۆمەڵێك چالاكی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدات و رۆژی 13ی ئەم مانگەش لەبەردەم وەزارەتی شەهیدان دژی ئەو نادادپەروەرییەی بەرامبەر بە كەسوكاری شەهیدان كراوە، گردبوونەوەیەك ئەنجام دەدات، ئەحمەد شێروانی، بەرپرسی كۆمیتەی پارێزگای هەولێری حزبی شیوعی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێویستە چاكسازی و پاكسازی لە لیستی شەهیداندا بكرێت، ئەوانەی دەستیان بە خوێنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان سورە لە لیستی شەهیدان دەربهێنرێن و لە بەرامبەریشدا بەیەكچاو سەیری سەرجەم ئەو شەهیدانە بكرێت كە لەپێناو كوردستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە. 

ئەحمەد شێروانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی كۆمیتەی پارێزگای هەولێری حزبی شیوعی كوردستان ڕای دەگەیەنێت وەكو نەریتێكی ساڵانە، لە یادی شەهیدی شیوعی، كۆمەڵێك چالاكی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری هەرێمی كرودستان ئەنجام دەدرێت، گوتیشی (14)ی شوبات، بۆ ئێمە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، لەو رۆژەدا خەڵكانێك گیانی خۆیان لەپێناو نیشتیمانەكەیاندا بەخشیووە و سەریان بۆ دوژمنەكانیان دانەنەواندووە، شیوعیەت مێژوویەكی گەورە و قوربانیدانێكی گەورە بووە لەپێنا و گەل و نیشتیمان، هەمیشە شیوعیەت لە مردن بەهێزتر و لە داری سێدارەش بەرزتر بووە، هەربۆیە لە یادی چواردەی شوباتدا، ئێمە وەكو كۆمیتەی پارێزگای هەولێری حزبی شیوعی كوردستان كە ژمارەیەكی زۆر شەهیدمان لە سنوورەكە هەیە چ لە سەركردایەتی، لە پێشمەمەرگەی دێرین و زیندانیانی سیاسی بە چەندین شێوازی جیاواز یادی ئەو رۆژە دەكەینەوە، بە گوتەی بەرپرس كۆمیتەی پارێزگای هەولێری حزبی شیوعی كوردستان بەشی یەكەمی چالاكیەكەیان گردبوونەوەیەك دەبێت لەبەردەم وەزارەتی شەهیدان، لەم ڕوەوە گوتی: رۆژی پێنج شەمە، كاتژمێر دەی سەرلەبەیانی لەبەردەم وەزارەتی شەهیدان گردبوونەوەیەك ئەنجام دەدەین، لەو گردبوونەوەیەدا دژی ئەو یاساییەی كە بەناوی چاكسازییەوە پەسەند كراوە، یاداشتێك پێشكەشی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین، ئێمە بۆچوونمان وایە ئەوەی كراوە ئیهانە بووە بە كەسوكاری شەهیدان، هەر لە یاداشتەكەدا باس لەو نادادپەروەرییە دەكەین بەرامبەر بە شەهیدانی ئێمە كراوە، ئەمە جگە لە دانانی كەسانی نا شایستە لەناو لیستی شەهیدان، هەربۆیە داوای پاككردنەوەی لیستەكە لەو كەسانە دەكەین كە بەناوی شەهیدەوە تۆمار كراون، ئەحمەد شێروانی ڕوونی دەكاتەوە كە جیاوازییەكی زۆر لەنێوان شەهیدانی لایەنەكان كراوە، هەر لایەنێك كە دەسەڵاتی بەدەست بووە كۆمەڵگەیەكی تایبەتی نیشتەجێبوونی بۆ شەهیدانی خۆی دروست كردووە و لایەنەكانی دیكەش فەرامۆش كراون، بە بۆچوونی ئێمە شەهید هەر شەهیدە و لەپێناو ئەم نیشتیمانەدا شەهید بووە و ناكرێت ئەم جیاوازییە هەبێت، ئەمە جگە لەوەی كەسوكاری شەهیدی لایەنەكان ئیمتیازاتێكی زۆریان پێ دراوە بە بەراورد بە لایەنەكان دیكە جا چ لەرووی خوێندن و دامەزراندنەوە بێت، یاخود دەرفەتی كار و پێدانی یەكەی نیشتەجێبوون، بۆیە گرنگە حكومەت بەیەكچاو سەیری كەسوكاری شەهیدان بكات و ئەمەی كە پێشتر كراوە لە خزمەتی ئەزموونی هەرێمدا نییە و ئێمە داوای نەهێشتنی ئەو جیاكارییە دەكەین.

بەشی دووەمی چالاكییەكەی حزبی شیوعی كوردستان لە یادی 14ی شوباتدا لە شاری هەولێر بریتی دەبێت لە سەردانیكردنی كەسوكاری شەهیدان و گۆڕستانی شەهیدان لە شارەكە، "رۆژی هەیەنی سەعات دووی پاش نیوەڕۆ دەچینە گۆڕستانی شەهیدان، بۆ ئەو مەبەستەش سكرێری حزب، وتاری حزب پێشكەش دەكات، داوا لە ئەندام و لایەنگران دەكەین لەپێناو رێزگرتن لەو رۆژە و شەهیدانمان ئامادەبن". بەشی سێیەمی چالاكییەكان، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، بریتی دەبێت لە هەڵمەتی خوێن بەخشین، ئەحمەد شێروانی، بەرپرسی كۆمیتەی پارێزگای هەولێر باس لەوە دەكات كە رۆژی شەممە، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، هەڵمەتی خوێن بەخشین ئەنجام دەدەین، "ئێمە لە رابردوودا خوێنمان لەپێناو نیشتیمانەكەمان بەخشیوە و ئەمڕۆكەش خوێن دەبەخشینە ئەو كەسانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن، لەم رێگەیەوە جارێكی دیكە وەكو ئەندامانی حزبی شیوعی كوردستان بەڵێن دەیدەینە خانەوادەی شەهیدان كە لەسەر ڕێبازی رۆڵەكانیان بەردەوامین و پابەندین بە رێبازی شەهیدان".

ئەحمەد شێروانی، بەرپرسی كۆمیتەی پارێزگای هەولێری حزبی شیوعی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە كە ڕاستە جیاوازییەكی زۆر لەنێوان شەهیدانی حزبی شیوعی كوردستان كراوە، بەتایبەتی لە هەولێر بەڵام گردبوونەوەكەی ئەوان لەپێناو شەهیدانی هەرێمی كوردستاندایە بەبێ جیاوازی، "ئێمە كە دێنە سەرجادە تەنیا لەپێناو شەهیدانی حزبی شیوعی ئەو كارە ناكەین، بەڵكو لەپێناو كەسوكاری سەرجەم ئەو كەسانەیە كە رۆَلەكانیان لەپێناو ئەم وڵاتەدا گیانیان لەدەست دەوە، بۆیە داواكارین لەو روانگەیەوە كەسوكاری شەهیدان هاوكارمان بن".

نزیكەی (75) شەهیدی حزبی شیوعی كوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە تایبەتی شەهیدانی ساڵانی حەفتاكان، بە شەهید نەنوسراون و هیچ ئیمتیازاتێك نەدراوەتە كەسوكارەكەیان، ئەمە لەكاتێكدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی كاری پێویستیان بۆ كراوە، ئەحمەد شێروانی ئەم هەنگاوە بە بانێكی دوو هەوا ناو دەبات و دەڵێت ئەگەر بڕیارە وەزارەتێك بەناوی وەزارەتی شەهیدانەوە بوونی هەیە كە گوایە نوێنەرایەتی سەرجەم شەهیدان دەكات، پێویستەئەم كێشەیە چارەسەر بكات، "ناكرێت جیاوازی بكرێت لەنێوان شەهیدان، لەكاتێكدا كە خەڵكانێك هەبوون دەستیان بە خوێنی هاووڵاتیانی كوردستان سور بووە و ئێستاش لەناو لیستی شەهیداندان، بۆیە پێویستە چاكسازی و پاكسازی بكرێت و مافی بگەڕێتەوە بۆ خاوەن ماف".

لە بارەی هۆكارەكانی دروستكردنی ئەم جیاوازییە لە سنووری پارێزگای هەولێر و لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستاندا لەكاتێكدا حزبی شیوعی كوردستان لە دوای ساڵی 1991ەوە و لە چەند وێستگەیەك لەگەڵ پارتی بەشداری حكومەتی كردووە، بەرپرسی كۆمیتەی پارێزگای هەولێر سەرەڕای ئەوەی بۆچوونی وایە كە ئەمە پرسێكی سیاسییە، هاوكات باس لەوەش دەكات كە ئەوانیش وەكو حزب رەنگە كەمتەرخەم بووبن لەو ڕوەوە، "ئێمە بەشداریمان لە حكومەت كردووە و چوینەتە پەرلەمان، دەمانتاوانی لە حكومەت بكشێینەوە و هەڵوێست وەربگرێن، بەڵام ئێمە هەمیشە بەرژەوەندی باڵای میەلتەكامان خستووەتە پێش بەرژەوەندییەكانی حزب، نامانەوێت دۆخی كوردستان بەهۆی ئێمەوە تێك بچێت، ئەگەرنا ئێمە بە درێژایی حكومڕانی هەرێم دەیان سەرنج و تێبینیمان لەسەر دەسەڵات هەبووە".

ئەحمەد شێروانی هێما بۆ ئەوە دەكات كە لە گردبوونەوەكەی رۆژی پێنجشەممە، جارێكی دیكە دەسەڵات لەم نادادپەروەرییە ئاگادار دەكەنەوە كە بەرامبەر بە شەهیدان ئەنجامی داوە و گوتی ئێمە دەستبەرداری ئەو داواكارییانە نابین، تێكۆشەرانی حزبی شیوعی كوردستان لە رابردودا و لەپێناو ئەو وڵاتەدا خەباتیان كردووە، ئێستاش كۆڵ نادەین و بۆ بەدەست هێنانی مافە ڕەواكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بە بێ جیاوازی. 

 

 

ئاودێر

لەم دیدارەدا ئاسۆ کەریم پەرلەمانتارى خولى پێشووى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق باس لە ڕۆڵ و بایەخى دەستوور لە سەقامگیرى سیاسی دەکات وەکو وەسیقەیەکی قانوونی زۆر گرنگ ناوى دەبات، هاوکات هۆکارى نەبوونى دەستوورى هەرێم تا ئێستا بۆ ناکۆکى هێزە سیاسییەکان دەگەڕێنێتەوە و جەختیش دەکاتەوە کە دیاریکردنى دەسەڵاتەکان، لە جۆرى جۆرى سیستەمە سیاسییەکە گرنگترە.

 گرنگی دەستوور بۆ‌ وڵاتان چییە؟ ئایا گرنگە هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستووری خۆ‌ی بێت؟

زۆ‌ربەی هەرەزۆ‌رمان لەسەر ئەوە هاوڕاین کە بوونی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە. ئاخر‌ دەستوور، یان یاسای بنەڕەتی بە دایکی یاساکان دادەنرێ و، ئەگەر دەستی پێوە بگیرێ و جێبەجێ بکرێ جۆ‌رێک لە سەقامگیریی یاسایی و سیاسی لە وڵاتدا دێنێتە کایەوە. بۆ؟ چونکە دەستوور، ئەگەر نیمچە سڕ (جامد) بێ، بەپێچەوانەی یاسا ئاساییەکان بە ئاسانی ناگۆ‌ڕێت، یاخود دەستکاری ناکرێت، ڕێکارەکانی پەسەندکردنی دەستوور جیاوازن لەڕێوشوێنەکانی پەسەندکردنی هەر یاسایە‌کی دیکە لەناو پەرلەماندا. دەستووری عێراق، لە مادە (120)ی خۆیدا، ڕێگەی بە هەرێمی کوردستان داوە کە دەستووری تایبەت بە خۆ‌ی هەبێت، بەشێوەیەک کە لەگەڵ دەستووری عێراقدا ناکۆ‌ک نەبێت. ئێمە وەکوو هەرێمێکی فیدراڵی لەناو عێراقدا، ڕاستە بەیاسا زۆ‌ربەی بوارەکان ڕێکخراون‌ و، تەواو لەسەر نەبوونی دەستوور پەکمان نەکەوتووە و دەسەڵاتە گشتییەکان وەکوو پارلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران، یان دەسەڵاتی دادوەری، بە گوێرەی یاسا بوار و ئەرک و فەرمانەکانیان دیاریکراوە. بەڵام هۆکارێکی دروستبوونی ئیستیقراری قانوونی و سیاسی بوونی دەستوورێکە. دەستوور جۆ‌ریک لەسەقامگیریی سیاسی دروست دەکات. جگەلەوەش بوونی دەستوور لانی کەم کۆ‌تایی بە جەدەلێک دەهێنێ، کە تەبیعەتی سیستەمی سیاسیی وڵاتەکە چۆنە،مافە سیاسی و مەدەنی و ئابووری و کۆ‌مەڵایەتی و کولتوورییە‌کان تا کوێ بڕ دەکەن و نەتوانرێ لێیان کەم بکرێتەوە. چونکە لە نەبوونی دەستووردا، بمانەوێ و نەمانەوێ  مەترسی ئەوە دەمێنێ کە بە قانوونێکی ئاسایی لە قۆ‌ناغێکی دیاریکراودا پاشەکشە بە مافەکانی هاووڵاتیان بکرێ یان کۆتوبەندیان بۆ دابندرێ. لە لایەکی دیکەوە بوونی دەستوور، رێگە لە لێکدانەوەی جیاجیا بۆ ماف و ئازادییەکان، پێوەندیی نێوان دەسەڵاتە گشتییەکان و ئەرک و فەرمانی هەر یەکەیان دەگرێ. ئەویش بە بوونی دادگەیەکی باڵای دەستووری لە وڵاتدا کە یەکێ لە وەزیفەکانی لێکدانەوەی بڕگە و مادەکانی دەستوور بێ.

 بۆ‌چوونێک هەیە پێی وایە ئەگەر ئێمە پێش ساڵی 2003  دەستوورمان هەبوایە، بەغدا ناچار دەبوو لەو چوارچێوەیەدا وتوێژمان لەگەڵدا بکات، ئێستاش کە هەوڵێک بۆ‌ هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق هەیە، تاچەند گرنگە پێش ئەم هەموارکردنەوەیە دەستووری هەرێم بنووسرێتەوە؟

هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق کارێکی ئاسان نییە، هەلومەرجی سیاسیی ئێستای عێراق لە ڕەوش و بارێکدا نییە ‌کە دەستووری تێدا هەموار بکرێتەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە نابێ‌ دەستوورمان نەبێت. هەقوایە پەرلەمانی کوردستان جارێکی دیکە ئەو لیژنەیە کارا بکاتەوە کە بۆ‌ نووسینەوەی پرۆژەی دەستوور پێکهێنرابوو، یاخود لیژنەیەکی نوێ دیاری بکات، ئێستا دەرفەتێکی باش بە لایەنە سیاسییەکانیش دراوە کە بە باشی و واقیعییانە بیر لەو خاڵانە بکەنەوە کە ناکۆ‌کییان لەسەر هەبووە و بتوانن بگەنە چارەسەرێکی مامناوەندی.

 یەکێک لەو خاڵانەی کە پێشتر لایەنە سیاسییەکان لەسەری ناکۆ‌ک بوون، جۆ‌ری سیستەمە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان بووە، سیستەمی پەرلەمانی، سەرۆ‌کایەتی یاخود تێکەڵ، بۆ‌چوونی تۆ‌ لەم بارەیەوە چییە و کامیان بۆ‌ هەرێمی کوردستان گونجاوە؟

 عێراق دەوڵەتێکی دەستکردی شێواوە، هەمیشە لەقەیراندایە، نە حکوومەتێکی یەکگرتووی هەیە، نە یەک میللەت. بە بۆ‌چوونی من ئاساییە لەبەر هەندێ ئیعتبارات، بۆ کوردستان خراپ نەبێ، جارێ لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا بمێنینەوە، بەڵام دوو سیستەمی سیاسیی جیاوازمان هەبێت. ئاخر شیعەکان زۆ‌رینەی عێراقن، لە پەرلەمانی عێراقدا نیوە زیاتری پەرلەمانتاران شیعە مەزەبن و سەر بە ئەحزابی دینیی شیعەگەرن، ئەوان هەر یاسایەکیان بوێ دەتوانن بە زۆرینە و کەمینە تێی بپەڕێنن، هەندێک حاڵەتی تایبەت نەبێت کە لە دەستووردا هاتووە، واتە ئەوان نەپێویستیان بە کوردە، نە بە سوننە، ئێمەیان تەنیا بۆ ڕەواییدان بە حوکمڕانیی خۆیان دەوێ. لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستاندا هێزە سیاسییە باڵادەستە‌کان  ئەحزابی دینی نیین و تا ڕادەیەک هەرێمی کوردستان ڕێچکەیەکی دیکەی سیاسیی- ئابووری- کۆ‌مەڵایە‌تی خۆ‌ی هەیە لەناو عێراقدا، واتە دەکرێت مەسەلەی یەک دەوڵەت و دوو سیستەم بخەینە ڕوو. مەرج نییە دەقاودەق دەستوورەکەمان کۆ‌پی ئەوەی عێراق بێت، مەرج نییە ئەوەی بۆ‌ تەواوی عێراق دەگونجێت بۆ‌ هەرێمی کوردستان گونجاو بێت. ڕاستە و زۆ‌ر گرنگە‌ هەموو دەسەڵاتەکان لە عێراقدا لە دەستی یەک کەس، یان یەک دەستەیەک یان دەسەڵاتێکی گشتی (پارلەمان، حکوومەت) کۆ‌نەبنەوە، چونکە عێراق لە ڕابردووی خۆ‌یدا غەدرێکی زۆ‌ر لە پێکهاتەکانی کردووە. سوننە کە دەسەڵاتدار بوون، ستەمیان‌ لە شیعە و کورد دەکرد، لەدوای 2003ەوە، نوخبەی حوکمڕانی شیعە هەوڵ دەدات ئەزموونی سوننە لەگەڵ کورد و سوننە دوبارە بکاتەوە، بۆ‌یە ئەگەر دەسەڵاتەکان لە دەستی یەک لایەن کۆببنەوە مەترسیدارە، بەڵام‌ هەرێمی کوردستان ڕەوش و دۆخێکی دیکەی هەیە.

 جیاوازییەکە لەچیدایە، بۆ‌چی سیستەمی پەرلەمانی بۆ‌ عێراق باشە، بەڵام بۆ‌ هەرێم گونجاو نییە؟

جیاوازیی هەرێمی کوردستان لەوەدایە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن. لە هەرێمی کوردستاندا شیعایەتی و سوننایەتی نییە وەکوو باقی ناوچەکانی دیکەی عێراق. ڕاستە پێکهاتەی تورکمان و کلدان-سریان-ئاشوور لێرەش هەن، پێڕەوان‌ و شوێنکەوتەی ئایینی دیکەی وەکوو کریستیان و ئێزدی و کاکەیی هەن، بەڵام دابەشبەندییەکی قووڵ نییە و خەندەک و سەنگەر لێکدی نەگیراوە. بە پێچەوانەوە ژیان و تەناهیی هەمووان پارێزراوە و تا ڕادەیەکیش مافەکانیان، بۆیە دەبێ لە عێراقدا سیستەمی سیاسی، سیستەمێکی تەوافوقی بێ، بەڵام لە کوردستان مەرج نییە و دەکرێ سیستەمی زۆرینە و کەمینە پێڕەو بکرێ.

 بەڵام ڕەنگە بەشێکی ئەو جیاوازییەی باسی دەکەیت پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە سیستەمە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک سیستەمێکی تێکەڵاو بووە، یان دەسەڵات لەدەست یەک هێز و لایە‌ندا نەبووە بەتەنیا؟

 گرفت‌ لە سیستەمەکەدا نییە، گرنگ ئەوەیە سیستەمەکە دیموکراتی بێ جا پەرلەمانی دەبێ یان سەرۆکایەتی یان نیمچە تێکەڵاوی ئەو دووانە. هەندێ لایەن پێیان وایە، مادام سەرۆکی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێ، ئیدی سروشتی سیستەمەکە دەگۆڕێ. من پێم وایە ئەوەی سروشتی سیستەم دەگۆڕێ، تەنیا لە شێوازی هەڵبژاردندا چڕ ناکرێتەوە، بەڵکە ئەو سەرۆکە تا چەند دەسەڵاتی هەیە، ئایا بەرپرسیارەتی مومارەسەی ئەو دەسەڵاتانەی هەڵدەگرێ یان نا، کێ هەقی لێپرسینەوەی لێ هەیە و چۆن و بە چ میکانیزمێک؟ بۆیە دەکرێت قسە لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆ‌کی هەرێم بکرێت، قسە لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەنێوان پەرلەمان، سەرۆ‌کی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیراندا بکرێت. ئەمەیان گرنگە و سروشتەکە دەگۆ‌ڕێت، نەک ئەوەی سەرۆ‌کی هەرێم لەکوێ و چۆن هەڵدەبژێردرێت.

 بەڵام ڕەخنەی ئەوە دەگیرێت کە بەشێکی زۆ‌ری دەسەڵاتەکان لای سەرۆ‌کی هەرێم کۆ‌ کراونەتەوە؟

سەرۆ‌کی هەرێمی کوردستان لە هیچ بوارێکدا دەسەڵاتی موتڵەقی نییە، ناتوانێت بەتەنیا حاڵەتی لەناکاو ڕابگەیەنێت، دەبێت پاش ڕاوێژ و بە موافەقەی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکوومەت بێ، ناتوانێت سوپا بنێرێتە دەرەوەی سنوور، ناتوانێ مەرسومێک دەربکات کە هێزی قانوونی هەبێ ئەگەر ڕاوێژی بە سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکوومەت نەکردبێ و موافەقەتی ئەوانی وەرنەگرتبێ لە حاڵەتێکی دیاریکراوی ئەمنی و سیاسییدا. بەڵام بەو مانایەش نییە کە سەرۆ‌کێکی بێ دەسەڵاتە، مافی ڤیتۆ‌ی لەسەر یاساکان پێ دراوە، بەڵام ئەگەر پەرلەمان لەسەر ڕای خۆی سوور بێ، ئەوا ڕای پەرلەمان دەخوا. بە بۆ‌چوونی من ڕەنگە تاکە شتێک کە پێویست بێت قسەی زۆرتری لەسەر بکرێت ئەوەیە کە سەرۆک لە بەرانبەر کێدا بەرپرسیارە؟ مادا‌مەکێ سەرۆ‌ک مومارەسەی دەسەڵات دەکات، کەواتە دەبێت بەرپرسیاریش بێ بەرانبەر پەرلەمان، با ڕاستەوخۆش لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرابێ بۆ ئەوەی هیچ سەرۆکێک لە ئایندەدا دەسەڵاتەکانی خراپ بەکارنەهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ڕێزێکیش بۆ‌ ئەم سەرۆ‌کە کە ڕەمزی وڵاتە، دابنرێت، ناکرێت بە ئاسانی دابنرێت و لاببرێت.

 دیاریکردنی سیستەمی سەرۆ‌کایەتی لە هەرێمی کوردستاندا، پێچەوانەی دەستووری عێراق نییە؟

بەگوێرەی مادە (120)ی دەستووری عێراق، نابێ دەستووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی عێراقدا پێکناکۆک بێ. تۆ سەیر کە، هۆ‌نگ کۆ‌نگ، بەشێکە لە وڵاتی چین، ماکاو کە نیمچە دورگەیەکە بەشێکە لە وڵاتی چین، بەڵام سیستەمی سیاسیی هەردووکیان لەوەی چین جیاوازە. واتە یەک وڵات و دوو سیستەم. واتە لە ماکاو و هۆنگ کۆنگ سیستەم سیستەمی سەرمایەدارییە لەکاتێکدا لە چین سیستەم سیستەمێکی کۆمۆنیستییە. هەم ماکاو و هەم هۆنک کۆنگ، یاسای بنەڕەتی (واتە دەستوور)ی تایبەت بە خۆیان هەیە و تا ڕادەیەکی زۆر خۆیان خۆیان بەڕێوە دەبەن: ئاڵای تایبەت، پۆلیسی تایبەت، دراوی تایبەت و حکوومەت و پەرلەمانی خۆیان هەیە، بێ لەوە سیستەمی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا، حاڵی حازر، سیستەمێکی پەرلەمانییە و شتێکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەوەی عێراقدا فەرق نییە.

 یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی کە گرفتیان لەسەرە، پرسی تێکەڵکردنی دین و شەریعەت، یاخود بنەماکانی ئایینێکی دیاریکراو، ئەمە تاچەند گرفت دروست دەکات لەگەڵ پرەنسییپەکانی مافی مرۆ‌ڤ؟ لەکاتێکدا هەرێم پێکهاتەی جیاوازی تێدا دەژین؟

ڕاستە ئەمە خاڵیکی دیکەیە کە گرفتی لەسەرە. دەستووری عێراق دەڵێت نابێ هیچ یاسەیەک دەربکرێ کە پێچەوانەی پرەنسیپەکانی دیموکراسی بێ لەلایەک و لەگەڵ (سەوابت)ەکانی بنەما و بنەواشەکانی ئیسلام پێکناکۆک بێ. ئەمە کۆمەڵێ ئیشکالیاتی تێدایە. پرەنسیپەکانی دیموکراسی چین؟ ئەی (سەوابت)ەکانی ئیسلام چین؟ ئەو سەوابیتانە ڕەنگە لای خەڵکی سوننەمەزەب شتێک بن و لای خەڵکی شیعەمەزەب شتێکی دیکە. ئەمە بێ لەوە وەکوو دەزانرێ بزووتنەوە ئایینییە سیاسییەکان کە ئیسلام و سیاسەت تێکەڵ دەکەن، لێکدانەوەی جیاوازیان هەیە. چ لایەنێک مەرجەعە بۆ ساغکردنەوەی سەوابیتەکانی ئایینی ئیسلام کە بڵێ ئەوەیان سەوابیتە و ئەوەیان سەوابیت نییە، بۆیە و هەقە، ئەم مەسەلەیە لە پرۆژەی دەستووردا یەکلا بکرێتەوە.

 ئەی چی بکرێت بۆ‌ دەرباز بوون لەم دۆ‌خە؟

ڕاستە ئیسلام ئایینی زۆربەی خەڵکی کوردستانە، بەڵام خەڵکی دیکەی ناموسڵمان هەن وەکوو ئێزدی و کریستیان و کاکەیی. هەقە ئیسلام تێکەڵ بە سیاسەت و قانوون نەکرێ و ئەو پرسە بۆ نوێنەرانی خەڵک لە پەرلەماندا جێ بهێڵدرێ.

 دیاریکردنی سنووری هەرێمی کوردستان کێشەیەکی دیکەی بەردەم نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستانە، چۆ‌ن دەتوانرێت مامەڵ لەگەڵ کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمدا بکرێت؟

ئەمە پرسێکی گرنگە. کە هەر دەستوور و قانوونێ لە باری جیوگرافییەوە تا کوێ بڕ دەکا و بەسەر کێدا جێبەجێ دەبێ. دیاریکردنی سنوور، پرسێکی زۆر گرنگە. گرفتەکە لێرەوە دەست پێ دەکات کە هێشتا سنووری هەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە، چونکە بەپێی مادە 140ی دەستووری عێراق، هەندێ ناوچە هەن پێیان دەگوترێ ناوچەی کێشەلەسەر و تا ئێستا بەپێی میکانیزمەکانی ئەو مادەیە ساغ نەبوونەتەوە کە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە بەغدان یان هەرێمی کوردستان. لەناو مادە 140دا، تەنیا ناوی کەرکووک بەناو هاتووه، دەنا ناوچەکانی دیکە ناویان نەهاتووە. ئەمە خۆی لە خۆیدا گرفتێکە. پاشان بەداخەوە، ئەو ناوچە کوردستانییانە لە دەستووردا کە خۆمان دەنگمان بۆ داوە، کردماننە ناوچەی کێشە لەسەر. لەکاتێکدا ئەو ناوچانە لە باری مێژوویی و جیوگرافییەوە بەشێکن لە کوردستان. دەکرێت ئەمە بەکراوەیی بەجێ بهێڵت، چونکە تۆ‌ لە دەستووری عێراقدا ئەمەت قبوڵکردووە، تەنیا دەکرێت ئاماژە بەمادەی 140 بکرێت و جێبەجێکردنی بکرێ.

 

 

 

هەوراز ئەحمەد- ڕێگاى کوردستان

 "ڕێگاى کوردستان" لە وڵاتى ئەڵمانیاوە چاوپێکەوتنى لەگەڵ پرۆفیسۆر دکتۆر سالار باسیرە ئەنجامدا، سەبارەت بە ئایندەى عێراق و چارەنووسى کورد لەو وڵاتەدا، کە بەبۆچوونى ئەو لە ئایندەدا نەخشەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەکوو خۆى نامێنێت و ئەگەرى دابەش بوونى عێراق هەیە و کوردیش دەبێت سیاسەتى نوێ بگرێتە بەر بۆ سوود وەرگرتن لەو دۆخە.

 - خوێندنەوەى تۆ بۆ ئێستاى عێراق چییە؟

عێراق دەوڵەتێکى دەستکردە نەک نەتەوەیى، ئەم دەوڵەتە بە پینەوپەڕۆ هەتاوەکوو ئێستا بەڕێوە دەبرێت، عێراق بە تێگەیشتنى مۆدێرن دەوڵەتى بەڕێکەرە نەک ماف، بەبۆچونى ئێمە ئەم دەوڵەتە چارەنووسى نابێت. عێراق وڵاتێکى فرەنەتەوە و ئایین و فرە ئیتیکە، دەتوانین بڵێن کەس لەگەڵ کەس ناتوانێت بە ئاسودەیى پێکەوە بژین، عێراق دەوڵەتێکە هەمیشە لە جەنگدا ژیاوە بە ئیستاشەوە کە ڕووبەڕووى جەنگى نوێ دەبێتەوە لە ئایندەدا، ئەوە جگە لەو شەڕە ناوخۆییەى کە لە نێوان گرووپە جیاوازەکان دەکرێت، بۆیە جەخت دەکەمەوە کە عێراق دەوڵەتێکى بێ دواڕۆژە.

جا لە بەر ئەوە عێراق بەم شێوازەى ئێستاى ڕەنگە ڕۆژگارێک بە هۆى بارودۆخەکانى نێو عێراق و هەرێمایەتى و نێودەوڵەتییەوە ببێتە چەند بەشێکەوە، بۆ ئەمەش بە ئەزموونى خۆم چەند نموونەیەکم لایە لەوانەیە:

یەکەم: پێدەچێت عێراق ببێت بە سێ بەشەوە کە پێک بێت لە هەرێمێکى سوننە و هەرێمێک بۆ شیعە و هەرێمێک بۆ کورد، دیارە ئەمەش بێکێشە نییە بەهۆى ئەو دیمۆگرافیایەى عێراق وا تێکەڵ بووە بە یەکدا لە ڕووى مێژوییەوە جیاکردنەوەى ئەستەمە.

دووەم: پێشبینییەکى دیکە ڕەنگە لە ئایندەى عێراق ببینرێت ئەوەش دروستبوونى دوو دەوڵەتە، دەوڵەتێک بۆ عەرەب و دەوڵەتێکیش بۆ کورد.

سێیەم: دابەشبوونى عێراق بەسەر هەرێمى جیاجیادا کە سیستەمێکى فیدراڵیان هەبێت هاوشێوەى وڵاتى سویسرا، کە چارەسەرى هەموو کێشەکانى تێدا کراوە، کە گەل و ئایینە جیاوازەکان پێکەوە بە ئاشتى دەژین.

 -چى عێراقى بەم دۆخە گەیاندووە؟

عێراق دەوڵەتێکى دەستکردە کاتى خۆى کە ئینگلیزەکان کە عێراقیان پێکەوەنا، بیریان لەوە نەکردووەتەوە کە کێشەى کورد و شیعە و سوننە و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان چارەسەر بکەن، لە ڕابردوودا و لە پاش ڕووخانى عوسمانییەکان دەسەڵات درایە دەستى سوننەکان، لەو دەسەڵاتەدا شیعەکانیان بێبەرى کرد، ئەو دۆخە مایەوە تاوەکوو ڕووخانى ڕژێمى بەعس، دواتر شیعە دەسەڵاتى گرتە دەست، دیارە ئەوانیش مامەڵەیەکى زۆر نادروست لەگەڵ عەرەبە سوننەکان دەکەن، ئەم سیاسەتەى کۆلۆنیالیزم واى کردووە کە کێشەکانى عێراق هەمیشە بە چارەسەرنەکراوى بمێنێتەوە کە تاوەکوو ئێستاش بەردەوامى هەیە، ئەگەر لە سەردەمى خۆیدا ئینگلیزەکان کێشەى کورد و عەرەب و ئایین و نەتەوە جیاوازەکانیان چارەسەر بکردایە، ئەو هەموو کێشەیە ڕووى لە عێراق نەدەکرد، بۆیە ئێمە واى دەبینین کە عێراق بەبێ چارەسەر نەکردنى کێشەى کورد دۆخەکە هێشتا بەم جۆرە دەمێنیتەوە، دیارە هۆکارەکان چەند لایەنەن کە عێراقیان بەم دۆخە گەیاندووە، هۆکارى دەرەکى و ناوخۆیین، بۆیە ئەوەیش بە حوکمى دیین و مەزهەب و چەوسانەوە و لێک تێنەگەیشتن و نەبوونى دیموکراسیەت و نەبوونى سیستەمێکى سیاسى دروست کە بتوانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن.

 -ڕۆڵى کورد چى دەبێت لە عێراق؟

پاش جەنگى کۆیت کورد ناوچەیەکى هەرێمى بۆ دروستکرا لە سەرووى هێڵى 36 کە لەو سەردەمەوە کورد حوکمڕانى خۆى دەکات بەناو هەرێمێکى سەربەخۆ، بەڵام لە عێراقدا فیدراڵیەت نەچەسپیوە، کورد تاوەکوو ئێستا نەیتوانیوە سوود لەو بارودۆخەى وەربگرێت لەبەرئەوەى:

یەکەم: یەکێتى ناوخۆیى نییە و ململانێکانى ناوخۆى قورسە، ئەو کێشە و یەک نەبوونە واى کردوە کە نەتوانن نە مامەڵە لەگەڵ مادەى 140دا بکەن، نەتوانراوە ناوچە دابڕێنراوەکان بخرێتە سەر هەرێم، نەتوانراوە لە پەرلەمان و حکوومەتى بەغدا کە پشکێکى بەرچاوى بەر کورد دەکەوێت بتوانێت لێى سوودمەندبێت بۆ کێشەى کوردى و عەرەبى، ئەگەر بارودۆخى عێراق وا بڕوات دەبێت کورد بیر بکاتەوە کە چارەنووسى خۆى چۆن دیارى دەکات لە عێراقدا، ئەو ڕیفراندۆمەش کە کرا زۆر زەرەرمەندبوو، چونکە نە کاتەکەى گونجاو بوو، نەزەمەنەکەشى لەباربوو، لە ڕووى سیاسى و نێودەوڵەتیشەوە گونجاو نەبوو ئەمەش یەکێک بوو لەو مامەڵە چەوتانەى بەشێک لە سەرکردایەتى سیاسى کورد لەگەڵ حکوومەتى عێراق کردى کە بەزیان گەڕایەوە بۆ کوردستان.

 -داهاتووى کورد لە عێراق چۆن دەبینى؟

چارەنووسى کورد لە عێراق بەندە بە چەند فاکتەرێکەوە: یەکەم: فاکتەرى ناوخۆیى کورد خۆى، دووەم: فاکتەرى عێراقى وەک دەوڵەت لە بەغدا کە چى سیستەمێک لە داهاتوودا حوکم دەکات و چۆن مامەڵە لەگەڵ کوردا دەکات وەک مەلەفێکى تایبەت، کە چۆن لەگەڵ هێزى پێشمەرگە و ناوچە دابڕێنراوەکان و کێشەى نەوت و سنور و جوگرافیا مامەڵە دەکرێت. سێیەم: فاکتەرى هەرێمایەتییە کە بارودۆخى ناوچەکە بەرەو کوێ دەڕوات. چوارەم: فاکتەرە نێودەوڵەتییەکان کە ئایا نەخشەى زلهێزەکان چى دەبێ و چۆن دەبێ، من واى دەبینم نەخشەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەکوو خۆى نەمێنێتەوە، گۆڕانێکى سیاسى و جوگرافى بەسەر ناوچەکەدا دێت، پێشبینى دەکەم کوردیش بەر ئەو گۆڕانکارییە بکەوێت، بابەتەکە لەبەرئەوەى زۆر ئاڵۆزە و ململانێکان، ململانێى زلهێزەکانە و هەرێمایەتییەکانە کارێکى وا ئاسان نییە لە ئێستاوە پێشبینى بکەى بەوەى چى ڕوودەدات، تەنیا دەتوانین بڵێین ئەو ناوچەیە تاوەکوو سەر ئاوا نامێنیت، جا لەو کاتەدا کورد چۆن دەتوانێت سوود لەو بارودۆخە وەربگرێت ئەوا کەوتۆتە سەر خۆى بەتایبەت کە کوردستانى عێراق هەرێمێکى سەربەخۆیە.

ئەگەر بە ڕووکەشیش بێت، حکوومەت و پەرلەمان و دامودەزگا و ئەحزاب و بودجەى خۆى هەیە، کەواتا دەتوانین بڵێین دەوڵەتێکى ڕانەگەیەندراوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەیتوانیوە سوود لەو بارودۆخە وەربگرێت.

 -وڵاتە زلهێزەکان شەڕى خۆیان هێناوەتە عێراقەوە، ئایا ئایندەى عێراق بۆ وڵاتانە یان بۆ خەڵکەکەى؟

لەلایەکەوە هێزێکى ئیقلیمى هەیە کە ئێرانە، کە بەشیوەى ڕاستەخۆ دەستێوەردان لە بارودۆخى عێراق دەکات، لە ڕووى سیاسى و سەربازى و ئابوورییەوە، دەتوانین بڵێین عێراق دوو هێز فەرمانڕوایەتى دەکات کە ئێران و ئەمریکایە، ئێستا ئەمریکا جارێکى دیکە دەیەوێت بەهێزێکى نوێوە بگەڕێتەوە بۆ عێراق و ڕێککەوتنى ئەمنى هەیە لە عێراقدا کە دەیەوێت سوود لەوە وەربگرێت و نایەوێت عێراق بۆ ئێران بەجێبهێڵێت، بە تایبەتى کە ئێستا ئاڵۆزییەک و ئابڵوقەى لە سەر ئێران داناوە و دەیانەوێت ئێران چ لە عێراق چ لە سوریا و وڵاتانى دیکە بێهێز بکات و دەریانپەڕێنن یان واى لێبکەن بە هۆى ئەو ئابڵوقە ئابوورییەوە، ئێران خۆى تواناى ئەوەى پێى نەمێنێت و لە سیاسەتى دەرەوە بێهێزی بکەن، عێراقیش یەکەم ئەڵقەى ئەو زنجیرەیە کە ئێرانى پێ بێهێز بکرێت، جا لەبەرئەوەى باسمان کرد عێراق ئەو لایەنەی کە  حوکمى دەکات ئێران و ئەمریکایە، بەڵام دواڕۆژ بۆ ئەمریکایە، بەڵام دەبێت ڕووسیاشمان بیر نەچێت وەک زلهێزێک دەیەوێت جێ پێى خۆى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بکاتەوە.

 -خۆپیشاندانەکانى باشوور و ناوەڕاستى عێراق چى لە دۆخەکە دەگۆڕێت؟

یەکەم جارە لە عێراقدا خۆپیشاندانى ئاوا گشتگیر و بەهێز بکرێت لەلایەن سەرجەم چین و توێژەکان، دیارە خۆپیشاندانەکانیش هۆکارى نەبوونى خزمەتگوزارى و هەبوونى سیستەمێکى گەندەڵە لە عێراقدا حوکم دەکات، بوونى دزى و مافیایە، واتا ئەو سیستەمە کە هەیە لە ئاست داخوازییەکانى خەڵکدا نییە، جا لەبەر ئەوە هاووڵاتییان هۆشیارییەکى لادروست بووە کە بە جۆرێکە هەست بە بەهارێکى عێراقى دەکەى کە ڕووبەڕووى ئەو سیستەمە بۆتەوە، خۆپیشاندانەکان بەردەوامە، ئەگەرچى ئاڵۆزییەکى زۆر هەیە، بەڵام هیوادارم بەشێوەى ئەرێنى بۆ گەلى عێراق بگەڕێتەوە، لایەنى کەم بە گۆڕینى ئەو نیزامە یان فشارێکى ئەوەندە گەورە و بەهێز بکرێت کە دەست بە چاکسازى بکرێت، چونکە ئەو سیستەمە ناتوانرێت فەرمانڕەوایی بکات، دەبێ پشتگیرى لە خۆپیشاندەران بکرێت، چونکە بۆ نان و ئازادییە و چینى زەحمەتکێش و کرێکار و بێدەرامەتە کە هاتوونەتە سەر شەقام، ئێستا چینى ناوەڕاست و بەشێک لە توێژەکانى دیکەش هاتوونەتە  سەر خەت بۆ پشتگیریکردنیان.

 - بۆچى عێراق نائارامى لێ نابڕێت؟

لەوەتەى هەیە عێراق ئارامى بە خۆیەوە نەبینیوە، هۆکارى هۆکارى ئەمانەش زۆرن لەوانەش، ئەو سیستەمە دیکتاتۆرییەى کە هەمیشە حوکمى عێراقیان کردووە و بەردەوام لە جەنگدا ژیاون و هەڕەشە بوون بۆ سەر دراوسێکانیان، پاشان بە میکانیزمى ئیرهاب و زەبروزەنگ سەقامگیرى عێراقیان ڕاگرتووە، حزبى بەعس بە سەرۆکایەتى سەدام حوسێن کە هەموو ئەو 35 ساڵەى فەرمانڕەوایەتى کرد بە سیستەمى ئیرهاب فەرمانڕەوایەتى کردووە و سەقامگیرى ڕاگرتبوو، بەڵام ئەمەش هەتا سەر نابێت، چونکە ئەو شتانە پەنگیان خوادۆتەوە، جگە لە بیرى دینى و مەزهەبى وەک چۆن لە سەدەکانى ناوەڕاستدا، مەسیحییەکانى ئەوروپا دەیان ساڵ شەڕى خوێناوییان دژ بە یەک کرد لە نێوان کاسۆلیکەکان خۆیان کاسۆلیک و پرۆستانتەکاندا شەڕى خوێناویان کرد، بەڵام ڕۆژێک بیریان گۆڕا و پرۆسەى ڕینساس بە ناو ئەو دەوڵەتانەدا ڕۆیى، بەڵام ئێمە هێشتا بەو قۆناغەى سەدەى ناوەڕاستى ئەوروپادا دەڕۆین، کە تاوەکوو ئێستا شەڕى مەزهەب هەیە و سوننە و شیعە خوێنى یەک دەڕێژن، هاوکات ئەو شەڕانە دەستکردیشە، ئەوانەى سوود لەم بارودۆخە دەبینن پێیان باشە بەم جۆرە بمێنێتەوە، چ جا ئە  سیاسەتە ئەمریکا بێت یان وڵاتانى ئەوروپى یان سیاسەتى ناوخۆى عێراق بێت، ئێستاش هەر ئەم شەڕە واى کردووە کە داعش و گرووپە توندئاژۆکان دروست ببێت لە ئەنجامى زوڵم و زۆرى شیعەکان بەرانبەر سوننەکان، بەڵگەش بۆ ئەوە (هیلارى کلنتۆن) گوتى؛ "ئێمە پشتگیرى داعشمان کردبوو بۆ ئەوەى ئاژاوە لە عێراق و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دروستت ببێت، بەڵام نەمانزانى لەوەى کە دەبێتە هەڕەشەش بۆ خۆمان". ماناى وایە تاوەکوو شەڕ هەبێت، لە ناوچەکە چ ئێران یان سعودیە و ئەمریکا و عیراق ئەوا چەک دەفرۆشرێت و جەنگ بەرپا دەبێت، بەتایبەتى ئەو جەنگانەى بە وەکالەت دەکرێت، جەنگى دابەزینى نرخى نەوت و هەرزانى بازاڕە بۆ کەرەستەى خاو و دەستى کارى هەرزان و لەو ڕێگایەشەوە شوێن پێى خۆیان دەکەنەوە جا وتەیەکیش هەیە دەڵێت؛ "ئەگەر دەتەوێت سیاسەت بکەى دەبێت قاچێکت لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بێت".

 

 

 

 

دیمانە: هێرش مەغدید

هونەری كوردی بەتایبەت موزیك لەنێو بێنەو بەردەیەكی ئاڵۆزدایە هەن سنوورە كلتورییەكانی بڕیوەو بەئارەزووی خۆیان گۆرانی دەڵێن و گوێ‌ بە رێساو یاساكان نادەن، هەشن ئاوازو كلتوری كوردیان لەبەرچاوەو تاموچێژ دەدەنە هونەری كوردی، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانەو لایەنی دی هونەری كوردی هونەمەند رزگار حوسێن وڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

-بواری هونەر بەتایبەت موزیك فراوانە، خۆت لەكوێی ئەم هونەرەدا دەبینییەوە؟ 

+ من لەسەرەتا دانیم‌و وەنەش گەیشتوومەتە كۆتایی، خۆم لەناوەندیدا ئەبینم و خاوەن تایبەتمەندیەكی خۆم لەوبوارەدا.

- كامیان سەركەوتوون تێكست بۆ دەنگ دابنرێ‌ یان بە پێچەوانەوە دەنگ بۆ تێكست؟

+ دەگەڕێتەوە سەر ئاواز دانەر، بەڵام بەڕای من ئاواز بۆ تێكست دابنرێ كارەكە پڕۆفیشناڵتر دەبێ.

- سەرسامیت بە هونەرمەندێك ناچاری لاسایی كردنەوەی نەكردووی؟

+ بەدڵنیایەوە ئەوە ئینكاری لێناكرێ من بەوتنەوەی گۆرانییەكانی هونەرمەندی گەورەی ڕۆژهەڵات مامۆستا مەزهەری خالقی و هونەرمەند كاك زیاد ئەسعەد دەستم پێكرد كاریگەری ئەوانم لەسەربوو.

- هونەری ئەمڕۆ كە تێكەڵێكە لە ئاوازی بیانی و خۆماڵی، بەتایبەت كلیپەكان چۆن دەبینی؟

+ گۆڕینەوەی هونەری نەتەوەكانی تر شتێكی جوانە بكرێت، بەڵام نەك بەشێوەێك ڕێك مۆركی ئەو نەتەوەی پێوە دیاربێ، بەڵام بەداخەوە ئەوەندە كلیپی تەقلیدوو میلۆدیو میوزیكی بیانی تێكەڵ بە هونەری كوردی بووە نەك شێواندن بەڵكو ئەبێ بڵێین یادی بەخێر.

-خۆت لەكام قوتابخانەی هونەری یان ستایلدا دەبینی؟

+ سونەتی‌و عرفانی‌و جار جارە ئەرەبێسك.

-مەرجە گۆرانیبێژ یەكێك لە ئامێرە مۆسیقییەكان بزانێ‌؟

+ ئەگەر نەزانی قسەم نییە لەسەری، بەڵام كە بزانێت بەدڵنیاییەوە هاندەری سەرەكی ئەبێت بۆ بەرەو پێشچوونی زیاتر.

-ئەو هۆكارانە چین كەوا لە هونەرمەند دەكات هەمیشە بە زیندووی بمێنێتەوە؟

+ قودسیەتی هونەرمەند لەچەند خاڵێك دایە 1- ئەخلاق‌و هەڵسوكەوتی بەرزبێت لەئاست تاكی بەرامبەر. 2- سادەیی‌و خاكی بوون‌و ناخ پاكی 3-لووت بەرز ڕوح گەورەو غرور نەبێ 4-بێ وەعد نەبێ لەگەڵ كاتدا هەمیشە وەك ئەڵماس ئەدرەوشێتەوە......

- هەست ئەكەی گۆرانیبێژ هەبێت هونەری كوردیان بەرەو هەڵدێر بردبێ؟

+ بەدڵنیایەوە من ناویان دەنێم پەتا یاخود ڤایرۆسێك بۆ ناو هونەر پێویستە دژە ڤایرۆسێكیان لێبدری بەس لەدووری 100مەتر بەچەناگا ئێشاڕەت بكەن بڵێن ئەوەرمایكە نەوێرن ناویشی بێنن نەك ناو بنرێن هونەرمەند ، ئاخرهونەرمەند دەبێت داهێنان بكات نەك داهێنان ببات..... لەكۆتایدا زۆر سوپاست دەكەم بۆ ئەم بەسەركردنەوەیە گەورەیتان نواند بەپێویستی دەزانم هونەرمەندە پەراوێز كراوەكانیش بەسەر بكەنەوە گەورەیی دەنوێنن هەمیشە ساغبن.

 

 

پرۆفایلی هونەرمەند:

من ڕزگار حسێن موزیسیان و گۆرانیبێژ، ژەنیارم لەئامێری نەی ئیرانی، وەك نازناو ناسراوم بە (ڕزگاری نەی) یاخود ڕزگاری فلوت، لەدایك بووی 15/10/1983 لەناحیەی سەنگەسەر، یاخود بڵێین ناودەشت لەدایك بووم، تەمەنی گەنجیم لەم شارۆچكەیە بەسەربرد هەتا ساڵی2008 ، ئێستاش لە شاری دەروازەی ڕاپەڕین ڕانیەی خۆشەویست ئەژیم ئەم شارە بۆمن لەئێستادا گوزەری ساتەكانمە.

 

 

دیدارو چاوپێكەوتنەكان