سازدانی: ئاودێر

لەم دیمانەیەدا د. محێدین حەسەن سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی کوردستان باس لە ڕۆڵی پەرلەمان و بۆچوونی حزبی شیوعی کوردستان لەسەر سیستەمی سیاسی و هەرێم دەکات، هاوکات تیشک دەخاتە سەر شێوازی حکومڕانی لە هەرێم و بەئامرازکردنی پەرلەمان لەلایەن هیزە سیاسییەکانەوە، هاوکات باس لە خراپی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو دەکات کە چۆن بەهەمان سیمای حزبەکانی حوکمڕان چوونە ناو دانوستاندنەوە، جەختیش دەکاتەوە کە حزبی شیوعی تاکە حزبی خاوەن بەرنامەیەکی سیاسی و ئابووری ڕوونە لە کوردستان، ئەگەرنا ئەوانی دیکە بە ئیسلامییەکانیشەوە بەیەکدی دەچن.

جگە لە دەرکردنی یاسای نوێ و بەدواداچوون لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی حکوومەت، یەکێکی دیکە لە ئەرکەکانی پەرلەمان گفتوگۆکردنە لەسەر کێشە و مەسەلە گرنگەکانی ڕۆژ، پێت وایە خولەکانی ڕابردووی پەرلەمان بەم کارە هەستابن، لە پەیوەست بەم پرسەوە چاوەڕێی چی لەم خولەی پەرلەمان دەکرێت؟

هەڵسەنگاندنی کاری خولەکانی پێشتری پەرلەمان، بە بەڵێ و نەخێر وەڵام نادرێتەوە، بەڵکو ئەمە کاری چاودێرانی سیاسییە، کە لەسەر بنەمایەکی زانستی و بەلەبەرچاوگرتنی داتاکانی گۆڕانکاری سیاسی و شێوازی بونیادی سیاسی لەکوردستان هەیە، هەروەها پەیوەستە بە قۆناغەکانی کە ژیانی پەرلەمانی پێدا تێپەڕ بووە. لەلایەکی دیکەدا، پەرلەمان لەخولەکانی ڕابردوودا، یاساگەلێکی زۆریان دەرکردووە کە ژیانی سیاسی و حوکمڕانی و دامەزراوەیی ڕێکدەخات و پێداویستی نیزامی سیاسی حاکم کاریگەری لەسەر هەبووە و بەمشێوەیەش بەڕێوەچووە، بۆیە ئەگەر هاوپەیمانی حوکمڕان لەکوردستان، یان باشترە بڵێین کە هەردوو حزب (پارتی و یەکێتی) هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدارێتیان بەدەستەوە بووە، ئەوان بەگوێرەی حاکمیەت و زۆرینە، ئەوە یاسا و ڕێسایان وا داڕشتووە یان وا هەموارکردۆتەوە، کە بەرژەوەندی خۆیان وەک حزبی حاکم لەژێر ناوی بەرژەوەندی گشتی تێدا پارێزراوە، بۆیە دەبێت لەم ڕوانگەیەوە، وەها سەیری کاری خولەکانی دیکەی پەرلەمان بکەین کە کێ دەسەڵاتی بەدەستەوە بووە، کە لە هەمانکاتدا بەهاوپەیمانی و نیوەبەنیوەی ئەم دوو حزبە حکوومەت و هەموو دەسەڵاتەکانیشیان بەدەستەوە بووە، ئینجا کاری پەرلەمان لەم چوارچێوەیەدا دەکرێت سەیر بکرێت، کە هەوڵیان داوە، بەردەوام دەسەڵاتی حکوومەت و حزب بەهێزتر بێت لەدەسەڵاتی پەرلەمان، لەهەر جێگایەکشیدا، حکوومەت بەهێزتربوو لە دەسەڵاتی یاسادانان کە مەفروزە نوێنەری گەل بن، ئەوا دیموکراسیەت لە قالب دەدرێت بەم شێوەیەی حوکمڕان دەیەوێت.

هەر پەیوەست بەم بابەتەوە، عیبرەت لەبوونی پەرلەمان ئەرکی یاسادانان و چاودێری کردنی حکوومەت و یاسای بودجەیە، ئایا ئەم سێ ئەرکە سەرەکییەی پەرلەمان بەشێوەی ئاسایی بەڕێوەچووە؟ ئایا چەند جار لێپرسینەوە لەحکوومەت کراوە؟ ئایا یاسای بودجەی ساڵانە دەرچوێندراوە؟ ئەگەر وەڵامەکەمان بە نەخێر بێت، کەواتە هێشتا پەرلەمان و ئەو دامەزراوەیە زۆری ماوە بگاتە ئاستی بەرپرسیارێتی خۆی کە پێویستە وەها بێت، لەگەڵ ئەوەشدا، چەمکێکی گرنگ دێتە پێشەوە، ئەویش چەمکی دەوڵەت-حکوومەتی دامەزراوەییە، ئایا لە کوردستاندا لەسەر بنەمای دامەزراوەیی هەموو کایە و جومگەکانی حکومڕانی داڕێژراوە؟ بێگومان نەخێر.

دیسان لەگەڵ پارتی و یەکێتی، ژمارەیەک حزبی دیکە لەهەندێک قۆناغدا، هاوپەیمانییان کرد، کە ئەوانیش دیسان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و حزبەکانیان بەهەمان سیمای حزبەکانی حوکمڕان چوونە ناو دانوستاندنەوە کە چەندیان بەردەکەوێت، و ئەوانیش نەیانتوانی ژیانی سیاسی تەندروست بسەپێنن لە ئۆپۆزسیۆن بوونیشیاندا، پەیڕەوێکی ناتەندروستی ئۆپۆزسیۆنیان پێشکەش کرد تاڕادەی بێ ئومێدکردنی هاووڵاتییان کە دواجار ئەمە بە خزمەتی حزبەکانی زۆرینەی حوکمڕان شکایەوە، تاکە حزب کە لەسەر بنەمای بەرنامەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی دیموکراسی گفتوگۆی چوونە حکوومەت و ئۆپۆزسیۆنبوونی کردووە حزبی شیوعییە، واتە حزبی شیوعی تاکە حزبی خاوەن بەرنامەیەکی سیاسی و ئابووری ڕوونە لە کوردستان، ئەگەرنا ئەوانی دیکە بە ئیسلامییەکانیشەوە بەیەکدی دەچن.

بۆ ئەگەر و پێشبینی کردنی ئەم خولەی پەرلەمان، کاری جدی دەکەین کە لە خولەکانی دیکە باشتر بێت، بەڵام ئێستا هاوپەیمانییەکی کوتلە و فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و هەندێک حزبی دیکە، زۆرینەی پەرلەمانیان هەیە و ئەم حکوومەتی کابینەی نۆیەمەش پاڵپشتە بە تەوافوقی ئەم حزبانە، بۆیە چاوەڕێ ناکەم زۆر شت بگۆڕدرێت، تەنیا لەڕووی میکانیکی بەڕێوەبردن ڕەنگە واپیشان بدرێت کە گۆڕانکاری لە عەقڵی سیاسی و شێوازی حوکمڕانی ئەم حزبانە ڕوویداوە، ئەگەرنا ئەم خولەش درێژکراوەی خولەکانی ڕابردووە، بەڵام بەهەندێک گۆڕانکاری بچووک کە کاریگەری گەورە و بنەڕەتی دروست ناکات.

زۆرێک لە پەرلەمانی وڵاتانی گەورەی دنیا، لەسەر هێرشی سەر ڕۆژئاوا هاتنە دەنگ، هەڵوێستی پەرلەمانی کوردستان لەم ڕووەوە چۆن دەبینن؟

پێم وایە، کە هەموو هێزەکانی سیاسی کوردستان و هاووڵاتییان بەگیانێکی نیشتمانپەرەوەرانە و بە سۆزێکی نەتەوەیی هاوپشتی ڕۆژئاوا بووین، پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سازکرد و تێیدا بەیاننامەیەکی دەرکرد، کە تاڕادەیەک دەربڕی ئەم واقیعەیە، کە ئایا دەتوانرێ چی بکرێت. 

من نامەوێ دیفاع لەوە بکەم، کە دەتوانرا زیاتر بکرێ و نەکراوە، بەڵکو هێشتا ڕەوشەکە لەسەر لێواری تەقینەوەی زیاتر و ملهوڕی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و هێرشی بۆ سەر ڕۆژئاوا و گەفکردنی لەسەر هەموو ئەزموونی کوردستان و ئەگەری بەدەستهێنانی مافەکانی کۆتایی نەهاتووە. 

بۆیە چاوەڕێ دەکەم کاری زیاترمان بێتە پێشەوە، ئەگەر بتوانین ئەم کارانەمان بەباشی ئیدارە بدەین بێ ئەوەی بیانوو بدەینە دەست، ئەوا بەسەرکەوتوویی لەم ڕەوشە دەردەچین.

هەورەها من پێم وایە دەکرێ هۆڵی پەرلەمان بکرێتە مینبەری مەرجەعی سیاسەت لە کوردستان، چونکە زۆرینەی حزبەکان نوێنەریان هەیە و هەروەها بەحوکمی ئەوەی پەرلەمان نوێنەری گەلە ئەو مافەی هەیە داکۆکی لەهەر ئەگەرێک بکات کە ببێتە مەترسی بۆ سەر نشتمان و لە هەر پارچەیەکی کوردستان.

یەکێک لە بنەما دامەزرێنەرەکانی پەرلەمان بریتییە لە لێپرسینەوە، بەم دۆخەی ئێستاوە کە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لە حکوومەت بەشدارن، ئەم بنەمایە تاچەند دەتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت؟

وەکو لەوەڵامی پرسیاری یەکەمدا گوتم، ئێستا هاوپەیمانییەکی چەند کوتلەیەک لە پەرلەمان زۆرینەیان بەدەستەوەیە و حکوومەتی تەوافوقیشیان هەیە، بۆیە ئەگەر شتێک لەگەڵ بەرژەوەندییان نەگونجێت باوەڕ ناکەم، ڕێگا بدەن یاسا دەربچێت یان هەموار بکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەش بێ هیوانیم، لەوەی کە دەبێت لەگەڵ ئەوانەی کە لەحکوومەتدا نین بۆ هەندێک پرسی پەیوەندیدار بە ژیانی خەڵک و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی میللەت کاری هاوبەش بکرێت.

دوای نزیکەی 28 ساڵ لە دامەزراندنی پەرلەمان، ئێستا بۆچوونێک هەیە پێی وایە ئەم دامەزراوەیە نەیتوانی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و تەنانەت هەندێک جار بە ئەرک بە سەر حکوومەتەوە ناو دەبرێت، بۆچوونی تۆ چییە؟

من پێم وایە پەرلەمان دامەزراوەیەکی گرنگە و پێویستە پەرە بەکارەکانی بدرێت، پێویستە دامەزراوەی پەرلەمان ببێتە سەکۆیەکی گرنگ لەژیانی سیاسی کوردستان، وای لێبێت نیزامی حوکم لەکوردستان سەرچاوە لەپەرلەمانەوە وەربگرن و نوێنەرانی حزبە سیاسییەکانیش هەر لەو دەزگایەوە داکۆکی لەماف و گوزەرانی هاووڵاتییان بکەن، هۆکاری بەهێز بێت بۆ ئەوەی دیموکراسیەتی ڕاستەقینە کە عەدالەتی کۆمەڵایەتی مسۆگەر بکات، بچەسپێت.

نا نابێت وا ئەژمار بکرێت، کە دەزگاکە ڕۆڵی نەماوە، چونکە ئەزموونی پەرلەمانی لەهەموو جیهاندا، ماوەی مێژوویی زۆری ویستووە، تاوەکو سیستەمی سیاسی خۆی ساغ کردۆتەوە، ئینجا لەسەر بنەمای نیزامی پەرلەمانی بێت یاخود سەرۆکایەتی، بەڵام ئەوەی لەدنیادا دەسەڵاتی هەیە بەناوی گەلەوە پەرلەمانەکانن، لەکوردستانیشدا، پەرلەمان پێویستی بە بەهێزکردن و ئەکتیڤکردنی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی ڕێڕەوی هەرەمی دەسەڵات بەشێوەیەکی گونجاو لەقۆناغی ڕزگاری نیشتمانی و بارودۆخی سیاسی ناوچەکە ڕاست بکاتەوە.

دوای ئەم خولە یەک لەدوای یەکانەی پەرلەمان، تاڕادەیەک جۆرێک لەقەناعەت دروست بووە کە حزبەکان ڕکابەری بکەن لەسەر دەنگی جەماوەر، هەرچەندە من خۆم هەڵناخەڵەتێنم کە وای دابنێم کە دەنگدەر لەسەر بنەمای بەرنامەی لایەنەکانی سیاسی دەنگ دەدات، بەڵام سەرەتای ئەوەش دروست بووە کە خەڵک لەبەرنامەکان بپێچێتەوە، ئەوەشم لەبەرچاوە کە هەرێمی کوردستان چونکە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی نییە، چەندە دەستێوەردانی دەرەکی لەناوخۆی کوردستاندا هەیە. بەڵام من پێم وایە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و بەدامەزراوەییکردنی جومگەکانی دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان، وادەکات ڕێگاخۆش بێت بۆ ئەوەی لەداهاتوودا، پەرلەمان خۆی لەم ڕەخنە و نادروستییانە ڕزگار بکات کە بەهۆی حزبایەتی بەرتەسک و بەشبەشێنە، بەسەرییدا فەرز بووە.

لەلایەکی دیکەوە، پێداچوونەوە بەیاساکانی هەڵبژاردن کە هەلی یەکسان دروست بکات و ئەندام پەرلەمان لەگەڵ کۆتایی هاتنی ماوەکەی بگەڕێتەوە سەرکاری پێشوویی و ڕێگا خۆش بکرێت تاوەکو کە مووچە و دەرماڵەی پلە باڵاکان وەها ڕێک بخرێت کە نەبێتە بارگرانی، دیسان ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە پەرلەمان نابێت وەزن و پێگەی لاواز بکرێت لەژێر هیچ بیانوویەک، چونکە دەبێت ئەوە بزانین لاوازکردنی پەرلەمان لەخزمەتی حکوومەتی بەهێز دەبێت کە دەسەڵاتی لەسەرووی دامەزراوەی یاسادانان بێت، بۆیە هاوسەنگی دروست کردن و بەیاسا ڕێکخستن هاوکاری داهاتوو دەبێت ئەم دامەزراوەیە(پەرلەمان) ببێتە جێگای باوەڕ و متمانەی جەماوەر.

بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسا کارپێکراوەکان، ئەم سیستەمە سیاسییەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە پەرلەمانییە یاخود سەرۆکایەتی؟ ئەگەر پەرلەمانییە بۆچی نەتوانراوە لێپرسینەوە لە لێپرسراوان بکرێت؟

کاتێک پەرلەمانێک بەو تەوافوقەی نێوان حزبەکانی دەسەڵات کراوە، بەڕێوە بچێت، کە لەهەندێک حالەتدا، بازدانە بەسەر یاساکان یان یاساکانی بۆ هەموار دەکرێت بەشێوەیەک لەگەڵ بەرژەوەندی حزبەکانی بەرەی دەسەڵات بگونجێت، بۆیە نیزامەکە لەڕووی یاساییەوە پەرلەمانییە، هەرچەندە لەکوردستاندا دەستورێک نییە تاوەکو وادەی هەڵبژاردن و تەمەنی دامەزراوەکان بەشێوەی کۆنکرێتی یەکلایی بکاتەوە، بەڵام ئەم پەرلەمانی بوونە، لەجەوهەردا، خۆی لەپێکهاتنی حزبەکان دەبینێتەوە نەک لەیاسا بەرکارەکان، بۆیە بازدان بەسەر یاسا و ڕێساکاندا هەیە، ئەمە وادەکات، پەرلەمان لاواز دەرکەوێت لە حکوومەتێک لەبەردەم سوێندی خواردووە و ئەم پەرلەمانەش نایەوێت بەحوکمی تەوافوقەکە لێپرسینەوە بکات، هێشتا ڕۆڵی حزبەکان بەهێزترە لە هیی ئەم حکوومەتەی دروستیان کردووە، لێرەدا پرسیارێک دەکەین، ئایا دوو ئیدارەیی و دوو دەزگای ئاسایش و دوو بۆچوونی جیاواز لەناوچەکانی مادەی 140 و کەرکووک بەتایبەتی هیی دیکەش ئەو ڕاستییە دەرناخات کە حزب بڕیار دەدات لەدەرەوەی دامەزراوەی پەرلەمان و حکوومەت، ئینجا چۆن لێپرسینەوە بکرێت، کاتێک لێپرسینەوە والێک بدرێتەوە کە ئەمە لەهەیبەت کەمکردنەوەی کەسەکانی ناو حکوومەت و دامەزراوەکانە، دژی کادیری حزبەکانی دەسەڵاتە نابێت ئەو کارە بکرێت، چونکە بەدژایەتی لە قەڵەم دەدرێت.

لە 111 کورسی پەرلەمانی کوردستان، نەتەوە جیاوازەکانی دیکە 11 کورسی پەرلەمانیان بۆ دیاری کراوە، ئایا کاتی ئەوە هاتووە کە گۆڕانکاری لە شێوازی دابەشکردنی کورسییەکان بکرێت، یاخود شێوازی هەڵبژاردنەکە بگۆڕێت، بەوپێیەی ڕەخنەیەکی زۆر هەیە کە کەمایەتییەکان لەلایەن یەک هێزەوە ئاڕاستە دەکرێن؟

من پێم وایە بەشداری پێکردنی پێکهاتەکان و دیاریکردنی کورسی بۆ نەتەوەکانی دیکەی کە لە کوردستان دەژین، هیچ هەڵەیەکی تێدا نییە، بەڵام ئایا کە کورسیان بۆ دیاریکراوە و لەحکوومەتیشدا پشکیان دەدەنێ، چەندە بەشدارن لەبڕیاری سیاسی لە کوردستان؟ من ئەوە بە مەترسی دەزانم کە نموونەی کۆنی ڕژێمەکانی عێراق دووبارە کرابێتەوە، بەناو نوێنەری ئەم نەتەوانەن، بەڵام لەواقیعدا ڕۆڵی ڕاستەقینەی سیاسی و ئیدارییان نییە. ئەم بارە پێویستی بەچاککردنەوە هەیە، بۆیە ئەگەر دەستکاری یاسای هەڵبژاردن بکرێت پێویستە مافەکانیان کەم نەکرێتەوە، بەڵکو بەشێوەیەک بێت کە دەنگدەری کلدان/ئاشور/سریان و تورکمان و ئەرمەن و هەتا عەرەبیش ئەگەر بۆیان کرا لەسەر ئەو بنەمایە بێت کە ڕۆڵی ڕاستەقینە بگێڕن لە مافی پێکهاتەکانیان و بەشێوەک متمانەیان بەهەرێمی کوردستان بێت وەک ئیرادە و قەدەری هاوبەش، نەک هەر دوودڵ بن و چاوەڕێی ڕۆژێک بکەن کە هەموو شت تێک بچێت و ئەوان خۆشیان نازانن چارەنووسیان چی دەبێت. بە هەرحاڵ، ئەوەی کراوە کارێکی باشە، بەڵام ئەگەر هەموار دەکرێتەوە بۆ ئەوەی دەنگدەری ئەو نەتەوانە دەنگ بدەنە نوێنەری خۆیان ئەوە دەبێت لەدەستور و یاسا بەرکارەکان جێگای بکرێتەوە و ئەم بنەما یاساییە ئەوەندە ڕۆشن و مسۆگەر بێت کە نەبێتە هۆکاری دووبەرەکی و تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەهەرێمی کوردستان.

هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لە بەردەم دۆخێکی نوێدایە، پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت چ ڕۆڵێک لە ئاڕاستەکردنی ڕووداوەکان بگێڕێت؟

ئەگەر پەرلەمانی کوردستان بکرێتە مەرجەعی سیاسی و هەموو لایەنەکانی سیاسی بەقەناعەتەوە لەگەڵ ئەوەبن، ئەو کاتە ڕۆڵی پەرلەمان زۆر بەهێز دەبێت و ڕەنگە ئەو پردە بێت کە هەرێمی کوردستان لەو ڕەوشە نالەباری سیاسییە دەرباز بکات، واتە ئەگەر حزبەکان چارەنووسی خۆیان لەپەرلەماندا ببیننەوە و لەوێدا بەهەموو لایەک گفتوگۆی دیموکراسی و دوور لەبەرژەوەندی بەرتەسکی حزبایەتی ئەنجامدرا، ئەوکاتە دەکرێت بڵێین، ڕێگای ڕاستمان گرتۆتەبەر و بەرژەوەندی باڵا تەحەکوم بەهەمووان دەکات و ئەگەری خۆپارێزی لەکێشە و ململانێی وڵاتانی هەرێمایەتی و دەولی دەبێتە سیاسەتێکی دروست.

ڕۆڵی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆڵێکی جیاکراوە نییە لە ڕۆڵی هەموو جومگەکانی سیاسی و ژیانی سیاسی و بەرژەوەندی نیشتمانی، چونکە هەموویان بەیەکەوە لەسیاسەتی دارایی و ئابووری و ململانێ سیاسییەکانی ناوەخۆ و هیی دیکەش، ڕۆڵی گرنگ دەداتە پەرلەمان بەناوی گەلی کوردستان بەهەموو پێکهاتەکانیەوە کە هەرێمی کوردستان ڕووی قسەی لە جیهان بێت و لەپەرلەمانەکانی دنیا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بێت، بۆ داکۆکی لەپاراستنی کوردستان و خەڵکەکەی.

ڕۆڵی حزبی شیوعی کوردستان لەناو پەرلەمانی کوردستاندا چییە؟ تاچەند گرنگە ئەو متمانەیەی وەکو حزب هەیەتی بگوازرێتەوە بۆ پەرلەمان؟

حزبی شیوعی کوردستان لەپەرلەمانی کوردستان فراکسیۆنی ئازادی هەیە و جگە لەخولی یەکەم نەبێت لەهەموو خولەکاندا، نوێنەری هەبووە، بەردەوام لەبەشداریکردنی لەحکوومەت یان لە ئۆپۆزسیۆنبوونی ئیستای، لەسەر بنەمای کارنامەی حکوومەت بووە، پێم وایە جەماوەریش ئەم ڕاستییە باش دەزانێت.

بەڵام یەک کورسییەکە بایی ئەوەندە نییە کە خەبات و قوربانیدانی شیوعییەکان لەپێناویدا درێخی نەکراوە، و ئەمە زۆر کەمترە لەوەی کە پێویستە حزبی شیوعی هەیبێت، لەگەڵ ئەوەشدا، حزبی شیوعی چ لەپەرلەمان یان لەهەر جێگەیەکی دیکە بۆی بلوێ دەنگی خۆی و خەڵکی کوردستان بگەیەنێتە شوێنی مەبەست هەوڵی داوە و لەسەر ئەم بنەمایەش لەهەوڵەکانی بەردەوام دەبێت. متمانەی هاووڵاتییان و هەتا ڕێزگرتنی حزبەکان لە حزبی شیوعی بەیەک کورسی پێوانە ناکرێت، بەڵام ڕاستییەکی تاڵ هەیە، کە حزبەکانی حوکمڕان هەموو شتێکی ژیانی ئاسایی خەڵکیان بەبەرژەوەندی کەسی بەستۆتەوە، ئەگەر تۆ لەگەڵ حزبی شیوعی بیت ئەم دەستکەوت و ئیمتیازانەت نابێت لە هەموو شتێک بێبەش دەکرێت، ئەمە چەند ساڵە ئەم سیاسەتە لە کوردستاندا پەیڕەو دەکرێت. سەرەڕای ئەوەش فراکسیۆنی ئازادی دەنگی بە هەر سێ سەرۆکایەتییەکە نەدا و هەوڵیدا کە تەوافوقی حزبەکان لەسەر بنەمای کارنامەیەکی باش و بێ ئینشائیات بێت، لەداهاتووشدا، بۆ ئەوە کار دەکات خاوەن پرۆژەی چاکسازی لەبواری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەروەری یاسا و مافی خەڵکی کوردستان کار بکات. لەپرۆژەی یاساکاندا، کار لەسەر ئەوە دەکات هەموو خەڵکی کوردستان هەلی یەکسانیان هەبێت لەژیان و عەدالەتی کۆمەڵایەتی مسۆگەر بێت. 

ئایا هیچ هەوڵێک هەیە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەتییەک لەنێوان هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا؟ هەنگاوێکی لەم شێوەیە تاچەند گرنگە؟

کوتلەی ئۆپۆزسیۆن بوون لەناو هۆڵی پەرلەماندا، لەگۆڕانکارییدایە، چونکە هەندێک پرۆژە یاسا دید و بۆچوونی جیاوازی لەسەرە یان ڕێککەوتنی گشتی لەسەرە، بۆنموونە لەپرسی بابەتی ڕۆژئاوا زۆرینەی زۆری پەرلەمانتاران لەگەڵ ئەو بەیاننامەیە بوون دەرکرا، هەروەها لەپرسی مادەی 140 و کەرکووک بەتایبەتی، هەموو پەرلەمان لەسەر پرسی نیشتمانی تا ئێستا کۆکە ئەگەر دید و بەرژەوەندی جیاواز لەبابەتەکەدا هەیە. بەڵام لەبابەتێکی کارنامەی حکوومەت و ئۆپۆزسیۆن بوون، فراکسیۆنەکانی ئازادی و کۆمەڵ و یەکگرتوو و هەندێکی دیکە دژ بوون و بەشێوەی ئاشکرا بوونە ئۆپۆزسیۆن، ڕەنگە لەداهاتوو لەسەر پرسی دەستوور فراکسیۆنی ئازادی لەگەڵ یەکگرتوو و کۆمەڵ لەسەر پێناسی نیزامی سیاسی و شێوەی ئەو دەوڵەتەی دەمانەوێ یەک دەنگ نەبین، چونکە ئێمە داوای دەستورێکی مەدەنی عەلمانی دەکەین و ئەوانیش دەیانەوێ دەستورێکی ئیسلامی بسەپێنن، کە ئەمەی ئەوان دژی پێشکەوتن و پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستانە لەڕووی نەتەوەیی و دینی و تایفەگەرییەوە . ڕەنگە لەهەندێک بابەتی پەیوەندیدار بەژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان یان لەهەمواری یاسایەک یان لەدەرکردنی یاسایەک بۆچوونی هاوبەش و هەتا ڕێککەوتنی کاتی لەسەر ئەو بابەتانە بکرێت بۆ کۆکردنەوەی کۆدەنگی، بەڵام پێم وایە هەر فراکسیۆنێک نابێت ئازادی و بەرنامەی خۆی لەدەست بدات، چونکە بەم کارنامە و بەرنامەیە چۆتە هەڵبژاردن، نموونەیەکی زیندوو هەیە باشە لێرە ئیشارەتی پێبدەین، ئەویش بریتییە لەپرسی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، کە ڕەنگە ئیسلامییەکان هەمان دروشمیان هەبێت، بەڵام لەژێر سایەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و ئەو سیاسەتە ئابوورییەی کە حوکمڕانی کوردستان لەماوەی زیاتر لە 28 ساڵ پەیڕەویان کردووە، ئێمە لێرەدا بەتەواوەتی دژی ئەم سیاسەتە دەبین و داوای دەرچووونی کوردستان دەکەین لەژێر سێبەری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و ڕێنماییەکانیان کە خۆی لەبەهێزکردنی کەرتی تایبەت لەسەر حیسابی کەرتی گشتی دەبینێتەوە و ئەوان دەیانەوێ حکوومەت تەنیا حکوومەتی پارێزی سنوور بێت، ئێمە دەمانەوێ حکوومەت لەژیانی هاووڵاتییان بەرپرس بێت و بوار بە قۆرخکاری و کەرتی تایبەت نەدات.

بۆیە باشترە لەم قۆناغەدا بەپێی پێداویستی بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتییان کۆدەنگ بین یاخود دەنگی جیاوازمان هەبێت.

سازدانی: ئاودێر

لەم دیمانەیەدا کاسترۆ مەعروف ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی باس لە گرفتەکانی بەتایبەتیکردنی کەرتە گشتییەکان لەسەر هاووڵاتییانی هەژار دەکات و مەترسییەکانی سیاسەتی حکومڕانی لە هەرێم ڕووندەکاتەوە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە هێزە سیاسییەکانی بەشداری ناو حکوومەت نەیانتوانیوە ڕووبەڕووی ئەم جۆرە لەسیاسەتە ببنەوە و کۆمەڵگەش ملی بۆ ئەم جۆرە لە حکومڕانییە نەوی کردووە.

هۆکاری بەتایبەتی کردنی کەرتە گشتییەکان لە کابینەکانی ڕابردووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆچی دەگەڕێتەوە؟

سیاسەتی بەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتکردنی کۆی کەرتە گشتییەکانە، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان لەم سیاسەتە سوودمەند نییە، بە پێچەوانەوە کۆمپانیاکان و هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان سوودمەندی یەکەمن، ئەوەی کە لە بارەیەوە کراوە لەکەدارکردنی کەرتی گشتیی بووە و زەرەرمەندی یەکەمیش خەڵکی هەژار و بەشمەینەتی وڵاتەکەمانە، ئەو سیاسەتەی کە پەیڕەوکراوە دوو چینی لە کۆمەڵگەدا دروست کردووە، چینێکی زیاد لە پێویست دەوڵەمەند و چینێکی هەژار، ئەمەش وای کردووە کە چینی ناوەند نەمێنێت، گرفتەکە لەوەدایە کە حکوومەت لەبری ئەوەی بیر لە باشکردنی کەرتی گشتی بکاتەوە، زۆر بە ئاسانی کەرتەکان دەداتە کەرتی تایبەت و لەو ڕێگەیەشەوە کەسانی ناو هێزە سیاسییەکان خۆیان سوودمەندی یەکەمن، بەر دەوامی ئەم سیستەمە وا دەکات کە هاووڵاتییانی هەژار و کەم دەرامەت نەتوانن تەنانەت چارەسەری نەخۆشییەکانیان بکەن، هاوکات هاووڵاتی ناشتوانێت منداڵەکانی بنێرێتە بەر خوێندن، لەم دۆخەدا ئەوەی توانای خوێندنی هەیە منداڵە دەوڵەمەندەکان دەبن.

سیاسەتی پشت ئەم بەتایبەتکردننەی کەرتە گشتییەکان لەماوەی ڕابردوودا چی بووە؟

هێزە سیاسیەکانی ناو حکوومەت کۆمەڵێک کۆمپانیای تایبەت بە خۆیان هەیە، لە ڕێگەی ئەو کۆمپانیایانەوە دەستیان بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە، لە کۆی سێکتەرەکان پارە لە هاووڵاتییان وەردەگرن و دەیخەنە گیرفانی خۆیانەوە، لەسەر پشتی هاووڵاتییانی هەژار خۆیان گەورە کردووە، واتە ئەوەندەی بیر لە دەوڵەمەندبوونی زیاتری هێزە سیاسییەکان کراوەتەوە، بیر لە خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان نەکراوەتەوە، ئەوەندەی گیرفانی هاووڵاتییان کراوەتە ئامانج، ئەوەندە بیر لە خزمەتکردنیان نەکراوەتەوە، ئەم سیاسەتە لە کۆی سێکتەرەکان کە پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانەوە هەیە پەیڕەو کراوە و بەردەوامیش دەبێت.

واتە پێتان وایە ئەم کابینەیەش هاوشێوەی کابینەکانی ڕابردوو لەسەر هەمان پەیڕەو کار دەکات؟

کاتێک کە مرۆڤ ئومێد لەسەر بابەتێک هەڵدەچنێت دەبێت پێشینەیەکی هەبێت، هەرچەندە ژیان بە گەشبینیەوە جوانە و من ئومێد دەکەم ئەم کابینەیە هاوشێوەی کابینەکانی دیکە لە بەتایبەتیکردنی کەرتە گشتییەکان بەردەوام نەبێت، ئومێد دەکەم کە حکوومەت کاری یەکەمی ڕێگیریکردن بێت لە بەتایبەتیکردنی کەرتە گشتییەکان و گرنگی زیاتر بە کەرتی گشتی بدات، ئەو داهاتەی بۆ کۆمپانیا حزبییەکان و کەسە دیارەکانی ناو حزب دەڕوات بگەڕێتەوە بۆ حکوومەت و هاووڵاتییان، داهاتی هەرێمی کوردستان یەک سەرچاوە بێت و بە تەنیا لەلایەن یەک وەزارەتەوە بەڕێوەببرێت، بە عەقڵیەتی دوو ئیدارەیی مامەڵە نەکرێت، ئەگەر ئەمانە کرا کابینەی نوێ حکوومەتێکی سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام تا کۆی ئەو داهاتەی لە سنووری پارێزگاکانی هەرێم هەیە کۆنەکرێتەوە و نەخرێتە سەر وەزارەتی دارایی بە هەمان شێوەی کابینەکانی ڕابردوو، داواکارییەکانی هاووڵاتییان زیاتر دەبن و خزمەتگوزارییەکانیش کەمتر دەبنەوە، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە ڕێکخستنەوەی داهاتەکان لەچوارچێوەی وەزارەتی داراییدا هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا، دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە ئەم کابینەیە، کابینەی دابەشکاری نێوان هێزە سیاسییەکانە و گومان دەکرێت ئەمە ڕووبدات.

هێزە سیاسییە بەشدارەکانی ناو حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاچەند ڕۆڵی هاوبەشیان لەم بوارەدا هەیە؟

کاتێک کە هێزێکی سیاسی لە پێکهێنانی کابینەیەکی تازە بەشداری دەکات دەبێت بەرپرسیارییەتی ئەوەش لە ئەستۆ بگرێت کە کەموکوڕییەکانی ئەو سێکتەرەی کاری تێدا دەکات بگرێتە ئەستۆی خۆی، واتە هێزە سیاسییە بەشدارەکانی حکوومەت چۆن مافیان هەیە، بەهەمان شێوە ئەرکیان لەسەر شانە و بەبێ جیاوازی بەشدارن لە شکست و سەرکەوتنەکانی حکوومەت، تۆ کە بەشداری کابینەیەکت کردووە و دەزانی کابینەکە خزمەت ناکات، وەزیرێکت ناردووەتە ناو حکوومەت و ناتوانێت کارەکانی بکات، بەردەوام بوون تێیدا ڕازی بوونە بەو سیاسەتەی کە کراوە، ناکرێت تۆ تا کۆتایی لە کابینەکەدا بەشدار بیت و دواتریش گلەیی بکەیت.

ئەرکی کێیە ئەم بەتایبەتیکردنەی کەرتە گشتییەکان ڕابگیرێت، لەکاتێکدا زۆربەی خاوەن کۆمپانیاکان کەسانی حزبی و بەرپرسن؟

پەرلەمانی کوردستان کە لەسەرجەم فراکسیۆنە جیاوازەکان پێکهاتووە کاریی یەکەمیان ئەوە بێت کە کۆمەڵێک یاسا لەبەرژەوەندی گشتی دەربکەن و متمانە بۆ کەرتی گشتی بگەڕێننەوە، کۆمەڵێک یاسا دەربکەن کە کۆمپانیاکان ناچار بە پێدانی باج بکەن، ڕێگری لەو هەموو کارئاسانییە بکرێت تەنیا لەپێناو دەوڵەمەندبوونی چەند کەسێک، ئەمە جگەلەوەی کاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە ئەو سیاسەتەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو پەیڕەوی دەکات ئامانجی یەکەمی خزمەتکردنی هاووڵاتییان بێت نەک کۆمپانیا تایبەتییەکان کە هەموومان دەزانن خاوەندارییەتییەکەیان بۆ کێ دەگەڕێتەوە، هاوکات کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکانە لە چاودێریکردنی دەسەڵاتی خۆجێی سنووری پارێزگاکانی خۆیان.

تا چەند گرنگە هێزی چەپ رۆڵی زیاتری هەبێت بۆ ڕاگرتنی ئەم بەتایبەتی کردنە کەرتە گشتییەکان؟

گومانی تێدا نییە کە هێزە چەپ و پێشکەوتووخوازەکان خەڵکی ڕۆشنبیر و ئەوانەی بڕوایان بە عەدالەتی کۆمەڵایەتی هەیە، دەتوانن رۆڵی گرنگ بگێڕن، دەکرێت ئەم هێزە سیاسییانە چیدی هێزی تەماشاکەر نەبن، هۆشیاری زیاتر لەناو هاووڵاتییاندا بڵاو بکرێتەوە، لەگەڵ کێشە و کەموکوڕییەکانی هاووڵاتییان بژیت، هیچ گۆڕڕنکارییەک بە تەماشاکردنی دۆخەکە دروست ناکرێت، پێویستە هەنگاوی کرداری بۆ بنرێت، بۆیە گرنگە هێزە چەپ و پێشکەوتووخوازەکان هێزی تەماشاکەر نەبن و هێزی مەیدانی بن، لە بنەڕەتدا ئەم هێزانە خاوەن ڕابردوویەکی جوانن بۆیە کارێکی شەرەفمەندانەیە لەگەڵ کێشەکانی هاووڵاتییان بژیت. ئێستاش باشترین کاتە کە هێزە چەپ و پێشکەوتووخوازەکان دەست بەم کارە بکەن و ململانێکی دروست بکەن، حزبە سیاسییەکانی ناو حکوومەت کار بۆ بەتایبەتیکردنی کەرتە گشتییەکان دەکەن، لەبەرانبەردا گرنگە هێزی چەپ دروشمی نا بۆ بەتایبەتیکردنی کەرتە گشتییەکان بەرزبکاتەوە و بەکردەوە دژی بوەستێتەوە، ئەمەش خەباتی دەوێت و لەماوەی شەووڕۆژێکدا بەدی نایەت.

 

بەشی دووەم

قسەكردن لەسەر ئایین و عەلمانیەت و ئیسلامی سیاسی وەكو كۆمەڵێك چەمكی گرنگی ناو مێژووی مرۆڤ، گفتوگۆیەكی بەردەوامی نێوان من و هاوڕێم زیرەك كەمال بووە، دواتر لەسەر داواكاری من و رەزامەندی بەڕێزیان دەقی گفتوگۆی نێوانمان كە چەندین ساڵە درێژەی هەیە كردە زنجیرەیەك دیمانە، بەهیوام لە ئایندەدا درێژەی هەبێت و ببێتە پڕۆژەیەكی تێرو تەسەلترو هەمەلایەنتر.

دیمانە: هێرش مەغدید

-ئایینی ئیسلام لە دوو مەزهەبی سەرەكی پێك دێت كە ئەویش شیعە‌و سوننەیە‌و جگە لە چەندین رێباز‌و رێچكەی تریش، بەڵام بۆچی كە بەناوی ئایینەوە كارێكی توند‌وتیژی ئەنجام دەدرێت یەكسەر گروپێكی سوننە بەرپرسیارێتی دەگرێتە ئەستۆی خۆی، یان سوننەكان بە ئەنجامدەرانی توند‌وتیژی تۆمەتبار دەكرێن، ئایا شیعە بڕوای بە توند‌وتیژی نییە؟ ئایا ئەوان لە مێژوودا هیچ كارێكی تیرۆریستیان ئەنجام نەداوە؟

+نا، مەسەلەكە بەم شێوەیە نییە لە نێو دنیای سوننەگەرایشیدا دەیان رەمزی جوانی مرۆڤایەتی دەبینین‌و ناكرێت، تیرۆر‌و توند‌وتیژی بە تەنها بە سوننە ببەستینەوە، ئەبوعەلای مەعەڕی‌و ئیبن ئەلعەرەبی‌و ئەبو نەواس‌و حافیزی شیرازی... هەموویان سوننە بوون‌و لە قوتابخانەی سوننەگەرایشەوە جوانترین قەسیدەی شیعری‌و بەرهەمی نووسینی فەلسەفی‌و سۆفیگەریان داهێنا، ئەگەر مەبەستیشت كارە تیرۆریستییەكانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمە، ئەوە یەكەم كاری توند‌وتیژی لە فۆڕمی خۆتەقاندنەوە گەنجێكی شیعە ئەنجامیدا ئەوەبوو لە 6-6-1984 گەنجێكی (18) ساڵا بەناوی (بیلال فاحص) بە سواری ئۆتۆمبێلێكی مارسیدیس پڕ بارووتەوە خۆی بە كاروانێكی ئۆتۆمبێلی سوپای ئیسرائیلدا تەقاندنەوە‌و ئەوە بووە سەرەتای كاری خۆتەقاندنەوە لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دواتریش كاری خۆتەقاندنەوە‌و ئەنجامدانی توند‌وتیژی لەلایەن بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی‌و بزووتنەوەی حەماس چووە ئاستێكی باڵاتر‌و بووە بەشێكی گەورەی چالاكی سەربازی ئەو حزب‌و گروپانە دژی ئیسرائیل.

-بەڵام بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی‌و حەماس‌و قاعیدە‌و داعش‌و نەسرە وەكو كۆمەڵێك هێز‌و گروپی تیرۆریست هەموویان سوننەن ئەی بۆ ئەمە چی دەڵێیت؟

+ئەمە راستە وەكو گوتم لەسەردەمی هاوچەرخدا تیرۆر لە فۆرمی خۆتەقاندنەوە لە شیعەوە گوازراوە بۆ ناو سوننە‌و مەبەستم رەهەندە مێژووییەكەیە، تەنانەت مێژووی ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی لە مێژوودا شیعەكان‌و سەركردەكانی شیعە رۆڵێكی گەورەیان هەبووە لە كاری سەربڕین‌و تۆقاندن، ئایا بە بڕیاری (مختارسەقەفی) كە سەركردەیەكی گەورەی شیعەكان بوو سەری خەولی‌و ئیبن جەوشەن‌و حەڕمە كە لە كۆمەڵێك جەنگاوەری سوننە بوون نەبڕا؟! ئایا بە بڕیاری ئیبن یەزید‌و، جعفر‌و ئەبو موهەلەب بە مەنجەنیق ئاگر بارانی كەعبەی موسڵمانان نەكرا؟! ئایا ئیبن كامل كەسەركردەیەكی شیعەكان بوو بە دەستی خۆی (عومەری كوڕی سەعدی) نەكوشت؟ ئەی هەر سوپای شیعەكان نەبوو دوای سەركەوتنیان لە شەڕی بەسڕاو كوفەو حەڕەوڕا سەدان كەسیان سەربڕی؟ دواتر راستییەك هەیە كە دەبێت هەمیشە لە بەرچاومان بێت، ئەویش ئەوەیە یەكەم چیرۆك‌و حاڵەتی كوشتنی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە لە سەرەتای دروستبوونی یەكەم مرۆڤ‌و یەكەم ئایین دەستی پێكردووە، چونكە هەر سێ‌ ئایینی ئاسمانی راشكاوانە‌و بە روونی‌و بێ‌ پێچ‌و پەنا دەڵێن قابیل هابیلی كوشت، جا لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە كە قابیل‌و هابیل هەردووكیان برا بوون، هەڵبەت ئێمە نابێت بە تەنها راگوزارانە‌و سەرپێیانە بەسەر ئەمەدا تێپەڕین‌و ئیدی كوشتنی هابیل لەلایەن قابیلی برای وەكو هەواڵێك‌و بەسەرهاتێكی ئایینی سەیر بكەین، چونكە لێرەدا ئەوەی بە ئێمە دەڵێت دەشێت‌و ئەگەرێكی چاوەڕواننكراوە كە مرۆڤ لەسەر جیاوازی بیركردنەوە‌و قسەكردنی یەكتری بكوژرێت، ئاخر كاتێك دوو برای باوكی‌و دایكی ئامادەبن لەسەر جۆری بیركردنەوە لەسەر مەسەلەیەكی دیاریكراوی بچووكدا دەستیان بچێتە خوێنی یەكتری، ئەوەش چاوەڕواننكراوە كە نەوەكانی دوای ئەوان خراپتر‌و دڵڕەقترن لەوان بەرببنە گیانی یەكتری بەتایبەتیش بەپێی قەناعەتی ئایینی بێت ئامادەمی باوكی قابیل‌و هابیل نەك هەر یەكەم پێغەمبەر بووە، بەڵكو یەكەم مرۆڤیش بووە كە خوا لەسەر زەوی دروستی كردووە، جگە لەوەش هەموومان بەسەرهاتی یوسفی پێغەمبەر دەزانین كە چۆن براكانی خۆی كە ئەوانیش كوڕی پێغەمبەربوون، چۆن یوسفی برایان خستە چاڵا‌و دواتر فرۆشتیان، كە ئەمەش ئیرەیی براكانی بوو بەرامبەر یوسف، كەواتە دەبێت چاوەڕوانی ئەمەش بین هەموو شوێنكەوتوانی ئایینەكان لەسەر ئیرەیی بە یەكتری بەرببنە گیانی یەكتری‌و لە چاڵێ‌ بهاون.

-باسی ئایینت كرد لە فۆرمی دەق‌و رەهەند‌و ماناو مێژووییەكەی، ئێستا پێم باشە لەسەر ئیسلامی سیاسی قسە بكەین، ئایا ئایین لە كوێدا پێویستی بە خۆ بە سیاسی كردن هەیە، لە كوێش لێی جیادەبێتەوە، دیارە لێرە من مەبەستم ئایینی ئیسلامە، یان بۆچی عەلمانی‌و چەپەكان وەكو فۆبیاو مەترسی سەیری ئیسلامی سیاسی دەكەن؟

+ئایین هەر لەسەرەتای دروستبوونی وەكو بیرۆكە‌و دواتر گەشەكردن‌و گەیشتنی بە دەسەڵات لە كۆمەڵێك قۆناغی مێژووییدا، خۆی بە سیاسی كردووە‌و لە بەرگ‌و ناوەڕكدا لە قسەوكرداردا لە ستراتیژی بیركردنەوە‌و تاكتیكدا سیاسی بووە وە بە پێوەر‌و عەقڵیەت‌و ئامرازەكانی سیاسەت كاری كردووە، ئایا كاركردنی پێغەمبەری ئیسلام‌و یاوەرەكانی بە شێوەیەكی شاراوە‌و نهێنی لە سەرەتای دروستبوونی ئیسلام‌و كۆبوونەوە‌و كێشانی نەخشەو پلانی كاركردن دوور لە چاوی خەڵك‌و دەسەڵاتدارەكان‌و ئەنجامدانیان لە ژوورە تاریكەكان سیاسەت نەبوو؟ ئایا پەنابردنی عوسمانی كوڕی عەففان‌و هەزاران موسڵمان بۆ لای پاشای حەبەشە بۆ ئەوەی خۆیان لە دوژمنانی ئیسلام بپارێزن سیاسەت نەبوو؟ ئایا نووسینی سەدان نامە لەلایەن پێغەمبەر‌و سەركردەكانی ئیسلام بۆ پاشاكانی رۆم‌و فارس‌و حەبەشە سیاسەت نەبوو؟ بڕیاری هێرشكردن‌و بەرگری كردن‌و تەدارەكانی سوپا لە كاتی جەنگدا هەموویان تەكتیكی سیاسی نەبوون؟ هەڵبەت ئیسلام لە بەشی هەرەزۆر قۆناغەكانی مێژووی سەرهەڵدانیەوە، هەركاتێك لە كایەی كاركردن‌و جەنگدا كەمینە بووبێت پەنای بۆ وتوێژ‌و دانوستان‌و كۆبوونەوە‌و بەیەكەوە ژیان بردووە، هەركاتێكیش زۆرینە بووبێت لە رێگای هێزەوە هەموو ئەو نەخشە‌و بڕیار‌و بیرۆكانەی جێبەجێ‌ كردووە كە كێشاویەتی‌و بڕوای پێی هەبوو، ئەمەش خەسڵەت‌و مۆركی سیاسەتە‌و كەواتە ئایینیش وەكو هەر چەمك‌و ئایدیا‌و نەخشەیەكی فیكری لە رێگای خۆبە سیاسی كردنەوە بووە‌و بەو ئاینە بەهێز‌و گەورەیە.

-پێم باشە لە نێو رەهەندە مێژووییەكەی ئیسلام بێینە دەرەوە‌و باسی ئیسلامی سیاسی بكەین لە سەدەی بیستەم‌و دواتر بەولاوە تاكو بە ئێستا دەگات، ئایا ئەمە درێژكراوەی دەقەكانی ئایینە یاخود لە نێو دنیای سیاسەت سەرچاوەی گرتووە؟

+دیارە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو رێكەوت‌و بونیادە مێژووییە دەڵێم جیهانی ئیسلامی‌و ئیسلامی سیاسی دەكرێت بەسەر سێ‌ قوتابخانەدا دابەش بكرێت، واتا ئیسلام‌و هێنانەوەی ئیسلام بۆ ناو كایەی ململانێی سیاسی لەم مێژووەدا خۆی لە سێ‌ قوتابخانەدا مانیفێست دەكات. 

*سوننە، بە رابەرایەتی حەسەن بەننا.

*وڵاتانی پاكستان‌و هیندستان‌و بەشێك لە وڵاتانی قەوقاز‌و ئەبو عەلای مەودوودی.

*ئێرانی شیعی، لە ساڵی1979 كە بە رابەرایەتی ئیمام خومەینی لە چوارچێوەی كۆماری ئیسلامیدا خۆی رێكخست‌و بوو بە دەوڵەتێكی بەهێزی مەزهەبگەرایی شیعی لە ئێران، بەڵام لە بیرمان نەچێت دروشمی هەر سێ‌ قوتابخانەكە واتا حەسەن بەننا لە وڵاتانی عەرەبی‌و ئەبو عەلای مەودوودی لە وڵاتانی هیندستان‌و پاكستان‌و خومەینی لە ئێران بریتی بوو لە (ئیسلام چارەسەرە)‌و گەڕانەوە بۆ ئیسلام رزگارمن دەكات لە زوڵم‌و ستەم‌و بێدادی، واتا ئەگەرچی هەرسێ‌ قوتابخانەكە لە سێ‌ قۆناغی جیاجیای مێژوودا سەریان هەڵداو دروستبوون، بەڵام ئامانجی گەورە‌و دروشمی هەرسێكیان گەیشتنی ئیسلام بوو بە دەسەڵات‌و رێكخستنی ژیانی سیاسی‌و ئیداری‌و ئابووری‌و كلتوری بوو لەسەر بنەماكانی دەقەكانی ئایین‌و كاركردن بە شەریعەتی ئیسلام بوو.

-ئەگەر هەرسێ‌ قوتابخانەكە دروشم‌و ئامانجیان یەك بوو ئیسلامیان بە چارەسەرزانی، ئەی ئەو هەموو شەڕە خوێناوی‌و پێكدادانە گەورانە چی بوو لە نێوان گروپ‌و هێزە سیاسییە ئیسلامییەكان كە تاكو ئێستالش بەردەوامە.

+راستە دروشمی هەرسێكیان بە رووی دەرەوەدا یەك بوو، بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت ئیسلامیش وەكو هەر ئاینێكی تر لەنێو دەق‌و گوتار‌و روئیاو جیهانبینی خۆیدا هەڵگری دەیان ئیشكالیەت‌و جیاوازی‌و تەتویل‌و لێكدانەوەی جیاجیایە، دیارە بەشێكی فاكتەرەكانی ئەو جیاوازییانە دەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتن‌و لێكدانەوەی دەقە ئایینەكان، بەشێكی زۆری جیاوازییەكان سیاسی‌و بەرژەوەندی سیاسیین، بە شێكیشیان ریشەیی‌و بونیادین لە كایەی سیاسی‌و مامەڵەكردن لەگەڵا دەقدا، هەڵبەت دابەش بوونی ئایینی ئیسلام بۆ سەر كۆمەڵێك جەمسەر‌و هێز‌و گروپی جیاجیا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی ئیسلام‌و دوای كۆچی دوایی پێغەمبەریش ئەم جیاوازییانە زیاتر تەشەنەیان كرد‌و لێكترازان‌و قووڵبوونەوەی بە خۆیەوە بینی، شەڕی (جەمەل) شەڕی گەورە‌و خوێناوی لە نێوان ئیمام عەلی وەكو چوارەم خەلیفە‌و عایشەی هاوسەری پێغەمبەر، سەربڕینی ئیمام حوسێنی كوڕی عەلی‌و كوژرانی ئیمامی عوسمان، عومەر، عەلی وەكو سێ‌ خەلیفەی جێنشینی پێغەمبەر بە دەستی برا موسلێمانەكانی خۆیان، شەڕو پێكدانەكانی كوفەو بەسڕاو حەڕەوڕاو ئاگرباران كردنی كەعەبەی قیبلەی موسڵمانان‌و سەربڕینی ئیبن جەوشەن‌و خەولی‌و كوژران‌و سەربڕینی حەوت هەزار كەس لەلایەن جەعفەری كوڕی یەزید دوای ئەوەی ئەوەی دەستی بەسەر كوفەدا گرت‌و هەمووشیان موسڵمان بوون. هەمووی دەرەنجامی ململانێ‌‌و كێشەی سیاسی نێوان خودی موسڵمانەكان خۆیانن، تۆ وەرە سەیر بكە لە چوار خەلیفەی موسلێمانان سێیان لە دەرەنجامی شەڕ‌و ململانێی نێوان موسڵمانان خۆیان كوژراون، دواتر ئیسلامی شیعە جیاوازە لە ئیسلامی سوننە، لەناو شیعە مەرجەعیەتی خومەینی جیاوازە لەگەڵا مەرجەعیەتی نەجەف، دنیایەك جیاوازی لە نێوان قوتابخانەی خوئی لەگەڵا باقرییەكان هەیە، لەناو سوننەكان سەلەفیەت جیاوازە لەگەڵا زانكۆی ئەزهەر، ئایینی ئیخوان جیاوازە لە ئایینی قاعیدە، قاعیدە جیاوازە لەگەڵا سۆفیگەری، داعش جیاوازە لەگەڵا ئایینی دایك‌و باوكی من تۆ، جیاوازییەكی گەورە لە نێوان حەسەن بەنناو جەمال بەننا هەیە، جیاوازییەكی گەورە لە نێوان فارابی‌و ئەبوعەلای مەودوودی هەیە، دنیایەك جیاوازی لە نێوان ئیمامی غەزالی‌و سەهر وەردی هەیە، لەنێوان تەها حوسێن‌و ئیبن ئەلعەرەبی لەلایەك‌و یوسف قەرەزاوی‌و سەید قوتب لەلایەكی تر هەیە، ئیسلامی یەكێتی زانایانی ئایینی كوردستان جیاوازە لەهی سەلەفیەكان، كۆمەڵی ئیسلامی‌و بزووتنەوەی ئیسلامی جیاوازە لە یەكگرتووی ئیسلامی.

ئەمەش ئەوەمان پێ‌ دەڵێت كە ئایینی ئیسلامیش وەكو هەر دیاردەیەكی تری مێژوویی‌و كۆمەڵایەتی پڕۆسەیەكی مێژوو كردەوە‌و دەرهاوێشتەی ئەو بە یاساو رێسا بابەتییانەیەكە لەسەر بنەمایەكی دیالەكتیكی بەدوای فاكتەرێكی لەبارو گونجاودا دەگەڕێت بۆ هەنگاو هاوێشتن‌و دروستكردنی قەڵەمبازێكی مێژوویی، واتا ئایینیش بەرهەمی ئەو وزە‌و ئامانج‌و خەونانەیە كە مێژوو هەرگیز ناتوانێت لە شوێنی خۆی قەتیسی بكات. ئایینیش لە ژێر گوشار‌و زەبری گۆڕانكارییەكان زۆرجار ناچارە ئەگەر وەكو كاژیش بێت خۆی لەگەڵا رەوتی رووداوەكان‌و یاساكانی گەشەسەندنی هۆشیاری كۆمەڵگا بگونجێنێت، چونكە ئاینیش وەكو هەر چەمكێكی تر وەكو هەر كائین‌و جولانەوەیەكی سیاسی‌و فیكری چۆن كارتێكەرە ئاواش كارتێكراوە، واتا لێرەدا دەگەینە ئەو باوەڕەی كە ئایینیش هەرچییەك بێت دواجار شێوەیەك لە شێوەكانی هۆشیاریی‌و خەونی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە كۆمەڵێك ئامانج‌و هیوا بووە. 

هەڵبەت مەبەستی من ئەوەیە كەوا هیچ ئاینێك لە مێژوودا نابینین كە لەسەر بنەمای یەك فیكر‌و یەك مەزهەب‌و رێگاو گوتاری سیاسی‌و فیكری یەكگرتوو كاری كردبێت‌و كاربكات، دروستبوونی ئەو هەموو مەزهەب‌و رێگاو رێچكە‌و قوتابخانەی جیاجیا لە مێژووی ئایینی ئیسلامدا سەلمێنەری ئەو راستییەن كە ئاماژەم پێكرد، چەندین نموونەی تری وەكو شیعە‌و سوننە‌و شافیعی، حەنبەلی، حەنەفی، مالیكی، ئە....، خەواریج، موعتەزیلە، موعتەسیم بیلا.

هەڵبەت لەناو گەلی كوردیش ئێمە چەند رێباز‌و تەریقەی جیاجیا دەبینین، قادری، نەقشبەندی، هەقە، تەریقەی شێخەكانی بارزانی هەموو ئەوانەش گوزارشت لەوە دەكەن كەوا ئایین لە كوردستانیش كەوتۆتە ژێر تەوژم‌و هەژموونی گۆڕانكارییەكان‌و شێخ‌و مەلاو نوخبەی ئایینی كوردیش لە هەوڵی ئەوەدابوونە كە ئایین لەگەڵا رەوتی گۆڕانكاری‌و رووداوەكاندا بگونجێنن‌و وەكو كۆمەڵێك دەقی جێگرەو چەق بەستوو شایانی دەست لێنەدان سەیری نەكەن، واتا چەند ئایین لە هەوڵی ئەوەدا بووە كە ژیان‌و تان‌و پۆی ژیان‌و تەواوی كایەكانی مرۆڤ لەسەر بنەمای ئەو فۆرم‌و بچمە رەنگڕێژ بكات، ئەوەندەش خۆی بە ئاگایی بێت یاخود نائاگایی كەوتۆتە ژێر تەوژمنی گۆڕانكارییەكان.

 

ئەمە دوا بەشی ئەو زنجیرە دیمانەیەیە كە من لەگەڵا هاوڕێم زیرەك كەمال ئەنجاممدا، بەڵام بڕیارمانداوە لە ئایندەیەكی نزیكدا درێژەی پێ‌ بدەین‌و چەندین چەمك‌و كایەی تری فیكری‌و سیاسی‌و كلتوری شەن‌و كەو بكەین.

بەشی سێیەم‌ و كۆتایی

-باشترە بێیتەوە ناو قسەكردن لەسەر ئیسلامی سیاسی‌و زیاتر لەسەر ئەو جیهانە قسە بكەی كە ئیسلام خۆی بە سیاسی كردووە، هۆكارەكان چین‌و ئەمە لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە، ئایا بەڕاست ئایین‌و سیاسەت لە كوێ‌ پێویستیان بە یەك هەیەولە كوێشی رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، یان بۆ دەبێت عەلمانی‌و دیموكراسی‌و چەپ‌و لیبڕاڵەكان لە سیاسەتكردن بۆ خۆیان بەڕەوا بزانن بەڵام لە شوێنكەوتووانی ئایینەكان قەدەغەی دەكەن، یان بەڕەوای نازانن ئایا ئەمە پێچەوانەی دیموكراسییەت نییە كە ئازادی بیركردنەوە‌و هەڵبژاردنی جۆری روانینی بۆ مرۆڤەكان بەرجەستە كردوەوە؟

 

 

+زۆر راستە منیش بڕوام بە ئازادی مەرجدارنییە، ئازادی ئازادییە، وەكو چۆن لیبڕاڵییەك، ماركسییەك، دیموكراسیخوازێك بۆی هەیە سیاسەت بكات موسڵمانێك‌و یاخود هەڵگری هەر جۆرە ئاینێكی تریش بۆی هەیە سیاسەت بكات، بەڵام دەبێت كۆی ئازادییەكانیش لە ژێر چەترێكی یاسایی دەستوریدا كۆبكرێنەوە، دەبێت لە ژێر سایە‌و سێبەر‌و رۆشنایی دەستووردا پیادەی مافە ئازادییەكانی خۆیان بكەن، ئەگینا دەبێتە فەوزای سیاسی‌و سەرەنجام هەموو بەهاو فۆرم‌و ئازادییەك لە دەست دەچێت، واتا هەرگیز مەترسی ئیسلامییەك لەوەدانییە كەوا سیاسەت دەكات‌و خۆی لە چوارچێوەی حزبێكی ئیسلامی سیاسیدا رێك دەخات، بەڵكو مەترسییەكە لەوەدایە كە لە دەرەوەی فیكری دیموكراسی‌و بنەماكانی ئازادی گەمەی سیاسی بكات، ئەمە بۆ ماركسییەك‌و ناسیۆنالیستێكیش هەر راستە، بۆ نموونە لە هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك حزبی ئیسلامی سیاسی هەیە‌و ئەوانیش وەكو عەلمانی‌و شیوعی‌و نەتەوەییەكان مۆڵەتی كاركردنیان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وەرگرتووە.

وەتاڕادەیەكی باشیش پەیوەندی سیاسی نێوان ئیسلامی‌و ماركسی‌و نەتەوەیی‌و دیموكراسی‌و سۆسیال دیموكراسەكانی هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی باشدایە‌و من ئەمەش بە خاڵێكی درەوشاوە دەزانی لە وڵاتەكەمان، لە قۆناغی ئێستادا واتا چ ئیسلامییەك چ چەپ‌و نەتەوەیەك هەر كامێكیان لە دەرەوەی رێسا یاسایی‌و دیموكراسییەكان سیاسەت بكەن وەكو یەك مەترسیدارن.

 

-من هەست دەكەم جۆرێك لە روانینێكی رووكەشانە‌و گەشبینانە بە قسەكانتەوە لەم بارەیەوە دیارە، چونكە من دۆخەكە وانابینم‌و بەیەكەوە ژیان لە نێوان ئیسلامی‌و عەلمانییەكانی كوردستان بریتییە لە كۆمەڵێك موجامەلەی سیاسی‌و رایەڵەی پەیوەندییەكانیان سیاسەتێكی بێزەنتی رووكەش دایڕشتووە، من تاكو ئێستا نەمبینیوە یاخود نەمبیستووە ئیسلامی‌و عەلمانییەكان بێ‌ پێچ‌و پەناو راشكاوانە گفتوگۆیەكی فیكری بكەن، ئەوەی هەیە شەڕی سیاسی‌و گفتوگۆی سیاسی هەیە، ئەوەندە فۆڕمێكی دیموكراسی نییە، ئاخر من‌و تۆش دەبینن زۆرجار عەلمانییەكان ئیسلامییەكان بە توندڕەو دەزانن‌و ئیسلامییەكانیش عەلمانییەكان بە كافر دەزانن، ئایا ئەمە هەقیقەی دیموكراسیەتە؟

-زۆر راستە بەیەكەوە ژیانی جیاوازییەكان‌و گفتوگۆی هێمانە‌و دیموكراسیانە، ئەوەندەی رەهەندێكی سیاسی هەیە، ئەوەندە رەهەندێكی فیكری فەلسەفی نییە، كەگروپ هێزە جیاجیاكان كە لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنیشن بە زمانی سیاسی یەكتری دەدوێنن‌و هەرگیز هەست ناكرێت ئەوانە لە فیكر جیاوازن، یان زۆرجار دەبینن دوو حزب پەیوەندییان لەوپەڕی بەهێزیدایە‌و لە پڕ لە رێگای تیفی‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەردەبنە گیانی یەكتری‌و وەكو دوژمنی باوەكوشتە دەكەونە پەلاماردان‌و شكاندنی وێنەی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی یەكتری، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەوەی كە حزب‌و هێزە سیاسییەكانی كوردستانی لە یەك چوارچێوەدا كۆكردۆتەوە جەبرێكی سیاسی ناچارییە نەك بڕوا بوون بە دیموكراسییەت. خاڵێكی تر ئەوەیە كە ئەمڕۆ هیچ هێزێكی سیاسی ناتوانێ‌ تەواوی كوردستان كۆنتڕۆڵا بكات بۆیەش پەراوێزێكی بۆ گفتوگۆ هێشتۆتەوە.

 

-من زۆرجار هەست دەكەم كە ئێمەی كورد خەڵكانێكین زۆر حەزمان لە (المبالغە) زیادەگۆیی‌و زیادەرۆیی هەیە، لە هەموو شتێك‌و لە قسەكردن لەسەر هەر پرس‌و بابەت‌و رووداوێك، دیاردە‌و مەسەلەكان لە قەبارەی خۆی گەورەتر دەكەین، یان شتی بچووك گەورە دەكەین‌و وە بە پێچەوانەشەوە هەست ناكەی، ترس لە ئیسلامی سیاسی لە قەبارەی خۆی گەورەتر كراوە‌و لكاندنی دەستەواژەی تیرۆر‌و تۆقێنەر بە ئیسلامییەكان، جۆرێكە لە ناهەقی بەرامبەریان؟ ئایا هەقیقەی دیموكراسیەت ئەوەنییە هەموو كەس ئازادە لەوەی چۆن دەڕوانێتە سیاسەت، دنیا، ژیان، مردن، ئایین؟

+دەزانی پرسیارەكەی تۆش جۆرێكە لەناهەقی بەرامبەر ئەوانەی قسە لەسەر ئیسلامی سیاسی دەكەن، چونكە من نەخۆم‌و نە بەشێكی زۆری هاوڕێ‌‌و برادەرەكانم ئاوا سەیری ئیسلامی سیاسیمان نەكردووە، هەر بە خودی پرسیارەكەی تۆش ئەوە دیارە كە تۆش بیركردنەوەت وەكو ئێمەیە‌و بەڵام بەڕێزم بیرت نەچێت چۆن دەرمانی ئێكسپابەر جەستەی مرۆڤ ژەهراوی دەكات، ئاواش ئایدیۆلۆژیا‌و فیكری توندڕەوی‌و دژە دیموكراسی‌و مرۆیی جەستەی سیاسی‌و حوكمڕانی‌و بیركردنەوەی مرۆڤەكان ژەهراوی دەكات، من هەرگیز ئیسلامی سیاسی لە فۆڕمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە مەترسی نابینم كە هێزێكە بڕوای بە دیموكراسییەت هەیە‌و رێز لە بیروڕای جیاواز دەگرێت، بەڵكو ئیسلامی سیاسی لەوێدا بە مەترسی دەبینم كە خۆی لە فۆڕمی قاعیدە‌و داعشیدا بەرجەستە‌و نمایش دەكات، من ئیسلامی سیاسی‌و هەموو ئەوانەش ئیدیعای ناسیۆنالیستی‌و لیبراڵی‌و دیموكراسی لێ‌ دەكەن، بەڵام دیموكراسییەت لای ئەوان پەیژەیەكە‌و پێیدا سەردەكەون‌و بەڵام هەر كاتێك گەیشتنە سەرەوە پەیژەكەش لەگەڵا خۆیاندا دەبەن‌و بە كەسی تر رەوانابینن سەركەوێت، واتا لای من بە تەنها ئیسلامی سیاسی مەترسی نییە بەسەر ژیانەوە، بەڵكو ئەوانەش مەترسیدارن كەوا پۆست‌و دەسەڵات بە ماف تێدەگەن نەك بە ئەرك‌و بەرپرسیارێتی. بیرت نەچێت (لینین) زۆر بە وردی باسی شێواندنی فیكر‌و ئایدیای مرۆڤی كردووە‌و لە كتێبی (نەخۆشی چەپڕەوی منداڵانە لە كۆمۆنیزم) مەترسی توندڕەوی لەناو ماركسییەكانیش خستۆتەڕوو.

 

-من باسی كوردستان دەكەم ئایا رووبەڕوو بوونەوەی ئیسلامی سیاسی بەوە دەكرێت تۆ رێگانەدەی كادیرێكی ئیسلامی ببێتە بەڕێوەبەری فەرمانگەیەك؟ بەوە دەكرێت تۆ بیخەیە دەرەوەی ژیانی ئیداری‌و پۆستی بەرپرسیارێتی‌و فەرمانڕەوایی؟ یان هەر كاتێك گروپێكی ئایینی كارێكی توند‌وتیژی ئەنجام بدات، بكەوینە گرتن‌و راوەدوونانی ئیسلامییەكان كە بەداخەوە ئەمە لە كوردستان هەیە؟

+نەخێر من هەرگیز لەگەڵا ئەوەنیم‌و بگرە دژیشی دەوەستم، لەبیرت نەچێت، هەر كاتێك ناهەقی بەرامبەر بە ئیسلامییەكان كرابێت‌و هێرشكرابێتە سەر بارەگاو كادیرەكانیان من وەكو شیوعییەك‌و سەدان كەسی تر لە هاوڕێ‌‌و هەڵگرانی ئاڵای چەپ‌و تازەگەری دژی وەستاوین، بەداخەوە ئەوەی لە كوردستان كار لەسەر ئیسلامی سیاسی دەكات، دەزگاكانی هەواڵگری‌و پۆلیسی نهێنین، نەك دەزگاكانی ئەكادیمی‌و توێژینەوەی زانستی، ئەوەی قسە لەسەر ئیسلامی سیاسی دەكات، زمانێكی سادەگۆیی‌و رووكەشانەی سیاسییە، نەك زمانی عەقڵا‌و فەلسەفە.

-تۆ پێگەو قەبارەی ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی كوردستان چۆن دەبینی؟ یاخود دەمەوێت بڵێم بۆچی ئیسلامی سیاسی، سەرەڕای ئەوەی لە كایەی كاركردندا دەیان دەقی قورئانی‌و وتراوە پیرۆزییە ئانییەكان دەكاتە میكانیزم‌و باكگراوندی ئیشكردنی خۆی، بەڵام لە كوردستان كە زۆرینەی خەڵكەكەی موسڵمانە ناتوانن متمانەیەكی گەورەی جەماوەری لە هەڵبژاردنەكان بەدەست بهێنن‌و بە هەموویان لە بیست كورسی پەرلەمانی تێناپەڕن، هەست ناكەی زیادەڕۆیی هەیە لە قسەكردن لەسەریان‌و لە قەبارەی خۆیان زیاتر ناویان دەهێنرێت؟

+تەماشا گیانی من، دەڵێن دوو كەس كۆمەڵگا وێران دەكەن ئەوانەی قسە دەكەن‌و نازانن قسە بكەن، ئەوانەی دەزانن بەڵام قسە ناكەن، من لە تەوەرێكی تری قسەكانیشم ئەوەم گوت كە ئەوەی لەسەر ئیسلامی سیاسی قسە دەكات عەقڵانییەت‌و فیكرو مەعریفەتە، بەڵكو ململانێ لەگەڵیان، درێژكراوەی ململانێی نێوان حزبە ناسیونالیستەكانە لەگەڵا یەكتری، كە لە شەستەكانەوە دوور لە عەقڵانییەت‌و پرەنسیپەكانی دیموكراسییەت جیاوازی‌و مملانێی خۆیان خستۆتە ناو بەرداشی پێكدادان‌و شەڕێكی خوێناوی.

 

-مەبەستم ئەوەیە ئیسلامییەكان ئەو هێزە سیاسییە كۆمەڵایەتیە كاریگەرەن، كەهەمووانی بەخۆیەوە سەرقاڵا كردووە‌و بەمن‌و تۆشەوە؟

+دەزانی هەڵەیەكی كوشندەیە ئەگەر تۆ پێت وابێت قەبارەی سیاسی‌و ئامادەیی رێكخراوەیی ئیسلامییەكانی كوردستان ببەستینەوە بە ژمارەی كورسییەكانی ئەوان لە پەرلەمان، یان پێمان وابێت ئیسلامییەكان چەند كورسی لە پەرلەمان بەدەست دەهێنن، هەر ئەوەندەش كاریگەرییان هەیە لەسەر كۆمەڵگای ئێمە، بەداخەوە من ئەم تێڕوانین‌و تێگەیشتنە كەم خوێن‌و سادەیە لای چەپ‌و دیموكراسیخوازان‌و ناسیۆنالیستەكانی كوردستان دەبینم، بەڵام من ئەوە بە پێچەوانەوە دەبینم، چونكە ئیسلامییەكانی كوردستان بە تەنها لەناو كایەی سیاسی‌و ململانێ‌و پێشبڕكێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كاریان نەكردووە، بەڵكو بەوپەڕی زیرەك‌و لێزانی شۆڕبوونەتەوە بۆ ناخی كۆمەڵگاو یەكەیەكەی خانە وردەكانی ژیان‌و ژیاری كۆمەڵگای ئێمەیان تاڕادەیەكی زۆر كۆنتڕۆڵكردووە.

 

 

-چۆن؟ یان مەبەستت لەمە چییە‌و ئەگەر وردتر‌و روونتر لەم بارەوە قسە بكەن؟

+هەڵبەت ئایین لای من پشت بە غایبانییەت‌و دەسەڵاتی سەرووی كات‌و مێژوو دەبەستێت‌و بانگەشەی مرۆڤ دەكات بۆ خۆبەدەستەوەدان‌و گوێڕایەڵی رەها بۆ دەقەكان‌و وەرگرتنی زانیاری لە رێگای گوێ‌‌و ئامۆژگاری نەك بەڵگە‌و سەلماندن، بەڵام لەگەڵا ئەوەش بەر لەوەی ئیسلامی سیاسی لە كوردستان خۆی لە چوارچێوەی حزب رێكبخات ئایین پڕ بە باڵای گەلی كورد بوو، ئایین وزەیەكی رۆحی‌و دەروونی‌و لەزۆر بواریشدا بوونێكی ئیجابی بوو بۆ هاندانی مرۆڤەكان بۆ كاری باشە‌و ئاكاری مرۆیی، بیرمان نەچێت دایك‌و باوكانی ئێمە بە پەروەردە‌و پاڵنەرێكی ئایینی ئێمەیان فێری راستگۆیی‌و بە تەنگەوچوونی هەژار‌و بێكەسان كرد، تەنانەت بەشی هەرەزۆری ئەوانەی لە پێناوی گەل‌و نیشتمان شەهید بوون خەڵكانێكی نوێژكەر‌و باوەڕداربوون، بەڵام لەگەڵا دروستبوونی ئیسلامی سیاسی، كۆمەڵگای ئێمەش لە زۆر رووەوە دەگۆڕێت، ئایین لە وزەیەكی رۆحی دەبێتە وزەی رق هەڵگرتن لەوەی تر.

 

 

-دەكرێت بە بەڵگەوە جیاوازییەكانی نێوان هەردوو قۆناغی بەر لە دروستبوونی ئیسلامی سیاسی‌و دوای دروستبوونی ئیسلامی سیاسی بخەیەڕوو؟

+بەڵێ‌ 1-جاران دایكان‌و باوكان‌و سەرجەم خەڵكی وڵاتەكەمان پێیان وابوو لە كاتی تەنگانە‌و كارەساتداو لە هەمووحاڵەتێكدا خوا بەرگری لە مرۆڤ دەكات، بەڵام دوای دروستبوونی ئیسلامی سیاسی روئیاو قەناعەتی خەڵك وەرچەرخاو لە ئێستا خەڵكی پێی وایە دەبێت مرۆڤ خۆی بەرگری لەخوا بكات. 2-جاران خەڵكی ئێمە بەردەوام دەست‌و نزا لەسەر بەرماڵی نوێژ داوایان دەكرد خەڵك بچێتە بەهەشت، لە ئێستادا بەشێك لە ئیسلامییەكان دەستەو دوعا داوا لە خوا دەكەن كەوانە بچنە بەهەشت كە وەكو ئەوان بیردەكەنەوە‌و ئەندامن لای ئەوان‌و بە بڕیاری ئەوان هەڵس‌و كەوت دەكەن. 3-جاران خەڵكی لەپێناوی خوا مرۆڤییان خوش دەویست، تەنانەت ئەوانەی لەسەر ئاینێكی تربوون، یاخود بێ‌ باوەڕیش بوون، بەڵام لە ئێستادا پەروەردەیەكی ئایینی هەیە كە دەبێت لەپێناوی خوا رقت لە خەڵك بێتەوە. 4-جاران موسڵمان سەرقاڵا بوو بە قەناعەت‌و بیروباوەڕی خۆیەوە، بەڵام ئێستا سەرقاڵە بە بیروباوەڕی قەناعەت‌و شێوازی بیركردنەوەی خەڵكی تر. 5-جاران مرۆڤی موسڵمان خەریكی پەروەردەكردنی خۆی بوو، بەڵام ئێستا موسڵمانی سیاسی خەریكی پەروەردەكردنی خەڵكە‌و بەڵام خۆی پەروەردە ناكات. 6-جاران خەڵكی لە گوند‌و شار بە زۆری ناوی كوردیان لە منداڵەكانیان دەنا، بەوانەشی كە لە سەنگەری رژێمی عێراق بوون‌و دژی گەلەكەیان بوون، بەڵام لە ئێستا بەشی هەرەزۆری منداڵەكانی كورد ناویان عەرەبییە. 7-جاران خەڵكی شان بە شانی ئەركە ئاینییەكان، شانازی بە جل‌و بەرگی كوردی‌و كوردبوونی خۆیان دەكرد، بەڵام لە ئێستا بەشێكی زۆر شانازی بە نیقاب‌و باڵاپۆشی سعودی دەكەن. 8-جاران مزگەوت‌و حوجرەو تەكیەو خانەقا‌و دیوەخان‌و بەشی زۆری ناوەندە ئایینی‌و كۆمەلایەتیەكان، شوێنی ئەزبەركردنی شیعری مەحوی‌و نالی‌و جزیری‌و مەولەوی‌وناوەندی بەرگری كردن بوون لە بوژانەوە‌و پێشخستنی زمانی كوردی، ئێستا مزگەوتەكانی ئێمە دابەش بوونە بەسەر كۆمەڵێك حزبی ئایینی‌و نائایینداو بەشێكی بەرچاویان بوونەتە ناوەندی هێرشكردن بۆ سەر جەژنی نەورۆز‌و مۆركی نەتەوایەتی‌و باسكردن لە ئیسلامبولی‌و مەودودی‌و قەرەزاوی‌و تەكفیركردنی ئەوانەی كە وەكو ئەوان بیرناكەنەوە.

 

 

-دەپرسم ئەم دۆخە بۆ وای لێهات؟ هۆكارەكانی چی بوون؟ ئایا لەمەدا بە تەنها نوخبەی ئایینی‌و گروپە ئایینییەكان بەرپرسیارن؟

+دەزانی هۆكارەكان گەلێك زۆرن‌و هەندێكیان نێودەوڵەتی‌و هەندێكیان هەرێمایەتی‌و بەشێكیشی پەیوەندی بە خودی ئایین خۆی هەیە وەكو دەق، هەڵبەت ئەو رێنیسانسەی ئەوروپای گرتۆتەوە رۆڵێكی گەورەی بینی لە راهێنانی ئایینی مەسیحی لەگەڵا واقیعی نوێ‌‌و ئەو دەستكەوت‌و بەرەنجامە زانستییانەی مۆدێرنە بەدەستی هێنا، ئایین بۆ تاك‌و نیشتمان بۆ هەمووان بووە وێردی سەرزاری بەشێكی زۆری خەڵك‌و قەشەو پیاوانی ئاینی‌و نوخبەی خوێندەوار‌و هونەرمەندان‌و بیرمەندان بەشداربوون لەسەرخستنی رێنیسانس، هەڵبەت بەر لەوەی رێنیسانسیش لە ئەوروپا سەرهەڵبدات، لە جیهانی ئیسلامی هەر لەسەرەتای سەدەی نۆیەمی زایینی لەسەر دەستی فاڕابی‌و دواتر ئیبن ئەلعەرەبی‌و دەیان زانا هەوڵێكی لەم شێوەیە درا، بەڵام بە حوكمی ئەوەی هاتنەكایەی شۆڕشی پیشەسازی هاوشانی رێنیسانسیش هاتەكایەوە، بەڵام ئەوە لە وڵاتانی ئیسلامی رووی نەداو هەوڵی تازەگەری تەنها لە چوارچێوەی كۆمەڵێك زانای ئایینی مایەوە‌و هەر بۆیەش ئەو گۆڕانكارییە گەورەیەی رێنسانیش لە ئەوروپاكردی، لە جیهانی ئیسلامی ئەمە نەكرا، بۆیەش هەرزوو ئەو نوخبەی رۆشنبیرییە ئایینیەی ویستی رێنیسانس بكات یەكەم بەریەكەوتنی لەگەڵا نوخبەی سەلەفی ئایینی بوو، ئەوەبوو ئیبن سینا لە بەرامبەر ئیمامی غەزالی‌و فاڕابی بەرامبەر تەیمیەو محەمەد عەبدە بەرامبەر محەمەد عەبدولوەهاب‌و حەسەن حەنەفی بەرامەر سەید قوتب‌و تەها حوسێن بەرامبەر حەسەن بەنناو عەبدولحەمید بەرامبەر غەنوشی تێكشكان.

 

 

-باشە ئەدی ئەو فاكتەرە كوردستانیانە چی بوون كە بوونە هاتنە پێشەوە‌و بەهێزبوونە ئیسلامی سیاسی‌و پاشەكشەی بەرهەمە فیكری‌و فەلسەفییەكان مۆدێرنە؟

+هەڵبەت یەكەم فاكتەر كە بووە هۆی ئەمە خودی ئەو حزبانەن كە لەسەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم بەناوی مۆدێرنە لە دایك بوون، هەڵبەت حزب خۆی سەر بە دنیای مۆدێرنەیە، بەڵام حزبەكان لە وڵاتی ئێمە ئەگەرچی لە رووی بەرنامە‌و پەیڕەوی ناوخۆ مۆدێرنەن، بەڵام لە رووی كرداری تێكەڵەیەكن لە فیكری خێل‌و ئایین‌و ترادیسیۆنە سوننەتییەكان، واتا حزبەكانی ئێمە ئەوەندەی لە رووی كرداری هێزی لۆكاڵی‌و عەشایەری‌و سوننەتی بوون، ئەوەندە سەروكاریان لەگەڵا مۆدێرنێتە نەبووە، ئەمەش دەرگای بۆ نوخبەی ئایینی كردەوە كە شەڕ لەگەڵا حزب بكات‌و ناچاری بكات خەسڵەتی ئایینی وەربگرێت.

 

ناجی ئافراسیاو نوسەروو وەرگێر لەم چاوپێكەوتنەی لەگەڵ (رێگای كوردستان ) تیشك دەخاتەسەر تایبەتمەندییەكانی نیولیبرالیزم لەمرۆو ئاماژە و لێكەوتەكانی ئەو پرۆژەیە لە كوردستان و عێراق و هاوكات باسی لێكەوتەكانی سیاساتی بەرەی ڕاستڕەوی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دەكات و باسی پرۆژەی ئەلتەرناتیفی چەپیش دەكات لەمرۆدا، كە دەبێت چی بێت و چۆن لە یەككاتدا لەسەر هێڵی رووبەروو بونەوەو خستنەرووی ئەلتەرناتیڤیش كاربكات . ئەو لەو گفتوگۆیەدا بەدرێژی باسی لێكەوتەكانی سیاساتی نیولیبرالیزم لەسەر رۆڵی دەوڵەت و لێكەوتەكانی لەسەر كەرتە خزمەتگوزارییەكاندا دەكات . دەقی گفتوگۆمان لەگەڵ ناجی ئافراسیاو نوسەروو وەرگێر.

نیولیبرالیزم لەئەمڕۆدا چ پرۆژەیەكە، تایبەتمەندییەكانی چین؟

(تاچەر) كە لەگەڵ هاوشانە ئەمریكییەكەی (ڕیگان) بە دامەزرێنەری نیولیبرالیزم ناسراون، لە ڕستەیەكی بەناوبانگدا سیستەمی سەرمایەداریی دوایین و ئایدۆلۆژیاكەی كورتكردەوە: "شتێك نییە بەناوی كۆمەڵگاوە، ئەوەی هەیە تاكەكانە". ڕوونە كە مەبەستی (تاچەر) لە تاكەكان؛ گروپێكی بچوكی سەرمایەدار،بازرگان،دەسەڵاتدارە. كاتێك ئێمە باس لە پرۆژەی نیولیبرالیزم دەكەین، پێویستە خەسڵەتەكانی ئەم سیستەمە بخەینەڕوو، كە ئەویش بریتییە لە چڕبوونەوەی سەرمایە، واتا ژمارەیەك لە سەرمایەداران دەیان ئەوەندەی جاران پارەكانیان كەڵەكە دەكەن، هەربۆیە سەمیر ئەمین پێیوایە؛ ئەم گۆڕینە‌ چۆنێتییە چڕبوونەوەیەكی زیاتری بەدەستخستووە، ئەوەش بەمەبەستی دەستبەسەراگرتنی زیادەبەها لەلایەن چەند تاقمێكی "ئۆلیگارشی" یەوە. 

ئاماژە و لێكەوتەكانی ئەو پرۆژەیە لە كوردستان و عێراق چۆنە؟

دیارە كۆمەڵێك بەڵگە لەسەر هەژموون و ڕاسپاردەكانی ئەو پرۆژانە لەبەردەستدان، چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان-عێراق، لە مانگی شوباتی 2016دا كۆمەڵێك بەرنامەی لەژێر ناوی (چاكسازیی دارایی و كارگێڕی)دا ڕاگەیاند. لەكاتی پێشكەشكردنی سیمینارەكەدا (حكومەت) بە ئاشكرا دانینابەوەدا كە بە هاوكاریی (بانكی جیهانی) پرۆژەی چاكسازی جێبەجێدەكات. پرۆژەی (ڕیفۆرمی ئابووری) خۆی لە بچوكردنەوەی حكومەتدا دەبینێتەوە (كەمكردنەوەی فەرمانبەرانی كەرتی گشتی)، واتا پێویستە دەوڵەت دەستبەرداری خزمەتگوزارییە گشتییەكان ببێت و ڕادەستی كەرتی تایبەتیان بكات لەوانەش؛ كەرتی كارەبا و ئاو، تەندروستی، پەروەردە و خوێندن، هەروەها فرۆشتنی ئەو كارگە و مانیفاكتۆرانەی كە پێشتر داهاتیان بۆ كەرتی گشتی و بەرهەمی نیشتیمانی دەگەڕاندەوە، لە ئێستاشدا پاشئەوەی لە كۆتایی ساڵی 2016دا هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم قەرزە نێودەوڵەتاكانیان پێگەیشت، نیشانەكانی جێبەجێكردنی پرۆژەی نیولیبرالیزم، و ڕاسپاردە و مەرجەكانی (بانكی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) دەركەوتوون، لەوانەش بەرزكردنەوەی باج و ڕسومات لەسەر هاونیشتیمانی، وەك سیما و تایبەتمەندییەكانی ئەم پرۆژەیەش، دەكرێت دەیان نموونەی بەرچاو و ڕۆژانە بهێنینەوە: 

1- لە سێكتەری پەروەردە و خوێندنی باڵادا دەبینین چیتر قوتابخانە و زانكۆ گشتییەكان فەرامۆش دەكرێن (كوالێتییان دادەبەزێنرێت و پاڵپشتیی جارانیان نامێنێت) تاكو خوازیاران ڕووبكەنە خوێندنگا و زانكۆ ناحكومی/تایبەتەكان، یاخود هێنانە ئارای سیستەمی پارالێڵ، كە بریتییە لە فرۆشتنی كورسیی خوێندن بە خوێندكار لە بەرامبەر بڕێك پارەدا، واتا ئەو خوێندكارەی نمرەی كەمە دەتوانێت لە بەرامبەر پارەدا هاوتەریبی كەسێكی تر ببێت كە نمرەكەی لەو بەرزترە، لەڕاستیدا ئەمەش فێڵێكە و لە خوێندكاران دەكرێت چونكە جاران بەهەمان نمرەش دەیتوانی بخوێنێت، بەڵام لە ئێستادا حكومەتی هەرێم ڕێژەی وەرگرتنی خوێندكاری بەسیستەمی خۆڕایی كەمكردۆتەوە، بەمەبەستی ناچاركردنیان لەڕووكردنە سیستەمی پارالێڵ و زانكۆ و پەیمانگای ئەهلی.

2- لە سێكتەری تەندروستییشدا، پرسی داخستنی نەخۆشخانی فریاكەوتنی كۆنی سلێمانی یەكێك بوو لەو مژارانەی ناڕەزایەتییەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، چونكە ئیتر خەڵكی لەو ڕاستییە تێگەیشتووە كە وەزارەتی تەندروستی لەپێناو بەرژەوەندیی نەخۆشخانە و نۆرینگە ئەهلییەكاندا پاشەكەشێ بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە گشتییەكان دەكات. بەدەربڕینێكی تر؛ سەرمایەدار و خاوەن نەخۆشخانە تایبەتەكان فشار لەسەر حكومەت دروستدەكەن تاكو چەندین دەرگا لەسەر خەڵك دابخەن، بۆئەوەی بەناچاری ڕوو لە نەخۆشخانە تایبەتەكان بكەن، چونكە ئەگەر كەرتی تەندروستی سەرجەم خزمەتگوزارییەكان بەخۆڕایی پێشكەش بكات ئیتر بازاڕی ئەوان سست و بێ نەخۆش دەبێت. هەربۆیە نرخی بلیتی نەخۆشخانە حكومییەكان و دەرمانەكان و پارەی نەشتەرگەرییەكان گرانتر بوون (لەكاتێكدا پێشتر ئەم خزمەتگوزارییانە‌ بە نرخێكی ڕەمزی بوو ). 

3- هەروەها پێدانی كەرتی ئاو و كارەبا بە چەند كۆمپانییەك بۆئەوەی چیتر خەڵكی بەپێی پێوەری گیرفانی ئەم خزمەتگوزارییەی پێبگات. دواتریش شارەوانی دەیەوێت بڕێك پارە بەسەر هاونیشتیمانییاندا بسەپێنێت بۆئەوەی لەبەرامبەر ئەو زبڵ و خاشاكەی كۆمپانیاكان كۆیدەكەنەوە مانگانە خەڵك پارە بدەن بەو كۆمپانیایەی تەندەرەكەی بۆ دەرچووە. ئەگەر ڕێگری و بەربەست لە بەردەم ئەم پرۆژەیەدا نەكرێت، چیتر ژیان بۆ كەمینەی سەرمایەدار/بازرگان/دەسەڵاتدار دەبێت، نەك زۆرینەی هەژار.

ناوەرۆك و میكانزمەكانی نیولیبراڵیزم لە خۆرئاوا و خۆرهەڵات چ جیاوازییەكی هەیە؟

بەوردی نازانم یاخود ناتوانم بەراوردكاریی لەنێوان كارایی پرۆژەی نیولیبراڵیزم لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا بكەم، بەگشتی ئەوەی لە وڵاتانی ئەوروپا بەدی دەكرێت جیاوازە لەوەی لە ئەمریكادا هەیە، چونكە كەرتی گشتی یان ئەوەی پێی دەوترێت سیستەمی سۆسیال لە وڵاتانی ناوچەی یۆرۆ هێشتا كاردەكات و لانی كەمی خزمەتگوزاریی گشتی و خۆڕایی هێشتا بوونی ماوە، بەڵام لە ئەمریكا كە من ناوی دەنێم "لوتكەی هەڕەمی ئیمپریالیزم/ نیولیبراڵیزم"، لەوێ ئەم پرۆژەیە بەزەقی جێبەجێدەكرێت و كەڵەگایی كۆمپانیا و بانكەكان فۆرمێكی دڕندە لە سەرمایەداری پێشكەشدەكات. هاوكات لە ڕۆژهەڵاتدا ئەم پرۆژەیە شانبەشانی جەنگی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی كاردەكات، و گوزەرانی گەلانی ئەم ناوچەیەی بەرەو لێواری دۆزەخ بردووە.

ئەوەی ڕووبەڕوو دەبێتەوە لە بەرامبەر ئەو پرۆژەیە چەپەكانن نەك لە كوردستان لەسەر ئاستی دوونیاش، لە كوردستان ئەو بەرەنگارییە چۆن دەبینی، دەبیێت چۆن بە چ پرۆژەیەك ڕووبەڕووبێتەوە، ئایە رەتكردنەوە بە غیابی پرۆژەیەكی بەدیل چارەسەرە؟ 

هاوكات لەگەڵ جەنگی هەمیشەیی ئیمپریالیزم، جێبەجێكردنی مەرجەكانی بانكی جیهانی بۆتە مۆتەكەیەك لەسەر گەلانی ناوچەكە، بەپێی ڕاسپاردەكانی ئەم دامەزراوە ئایدۆلۆژییە، دەبێت وڵاتانی قەرزوەرگر و پاشكۆ، سەرجەم كەرتە گشتی و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانی ژیان (تەندروستی، پەروەردە، هتد) بكەن بە پارە و چیتر خزمەتگوزاریی گشتی و خۆڕایی بوونی نامێنێت، بەرژەوەندیی ئۆلیگاریشیی حوكمڕانیش لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا (گۆڕەپانی جەنگ‌)، لەوەدایە دەرامەت و سامان بەشێوەیەكی نایەكسان لە بەرژەوەندیی خۆیان دابەشبكەن. بۆیە وەك سەمیر ئەمین دەڵێت "باڵادەستیی بەرژەوەندیی ئۆلیگارشییەكان لەسەر ئاستی جیهان، پێویستی بە دامەزراندن و پاڵپشتیی دیكتاتۆریەتی ئۆلیگارشییە‌ لەسەر ئاستی ناوخۆ، بۆ ئەوەی پاشكۆیەتی بكات و لە دامێنی ئاغاكانی سیستەمی جیهانییدا بەشداریی لە بەتاڵانبردنی سامانە نیشتیمانییەكاندا بكەن". ئەم پرۆسەیە بۆتە هۆی بەرهەمهێنانی دوو چینی جیاوازتر لە جاران، كەمینەیەكی بچوك لەسەر ئاستی هەسارەكە زۆرینەی ڕەهای دانیشتوان دەچەوسێننەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی خەریكە نیولیبراڵیزم ژیانیان لێبسەنێتەوە، بزووتنەوە جەماوەرییەكان دەستیان داوەتە خەباتی بەرەنگاری، بێگومان ئەمەش بەبێ بوونی ئایدیایەكی سۆسیالیستیی شۆڕشگێڕانە دەچێتەوە خزمەتی ناسیۆنالیزمی لۆكاڵی، دواتر هێزە كۆنەپارێزەكانی دەڵاڵی زلهێزە ئیمپریالیستەكان لەڕێگەی حكومەتی سەربازییەوە دەچنەوە سەر دەسەڵات، وەكئەوەی لە زۆربەی وڵاتە عەرەبییەكاندا بەدیدەكرێت. 

بەهۆی سیاساتی بەرەی راستڕەوەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن كۆمەڵگا دەبینن لە چ دۆخ و قەیرانگەلێكدایە، چەپ لە كوردستان بۆچی نەبۆتە ئەلتەرناتیف، پرۆژەی ئەلتەرناتیفی چەپ دەبێت چی بێت، ئەوە ئیمكانە؟

وەك لەسەرەوە ئاماژەم پێكردووە، چەپ لە هەر پنتێكی جیهان و كوردستاندا بیەوێت گۆڕانكاریی ڕیشەیی بكات و سیستەمێكی كۆمەڵایەتیی نوێ سەرپێبخات، هیچ ڕێگاچارەیەكی تری نییە جگەلە تەبەنیكردنی ئایدیایەكی سیاسیی ڕادیكاڵ. ئەگینا بەدەردی ئۆپۆزسیۆنی كۆن و نوێ دەڕوات، چونكە هەموو شتەكان لەلایەن خودی دەسەڵاتەوە چوارچێوەیان پێ بەخشراوە و ڕەنگڕێژ كراون. دەریشكەوت داهێنانی ئۆپۆزسیون لە سیستەمی پەرلەمانی،دیموكراسیدا لە هەناوی دەسەڵات خۆیەوە هەڵدەتۆقێ، وەك توێژۆڵكە و بەرگی مار، دووبارە پارێزبەندی بۆ سیستەم بەرهەمدەهێنێت و كەلێنەكانی پڕدەكاتەوە، نەك ڕیشەكێشی بكات. دیارە نوخبەی ڕۆشنبیری ئێمەش سێ دەیە زیاترە كار لەسەر قیزەوەنكردن و بێئەرزشكردنی ئایدیا و سیاسەت دەكات، و ئۆپۆزسیۆنی كوردییش بەرهەمی ئەو تێزانە بوو كە دەبێت خەڵك بەبێ هیچ ئایدیا و ئاراستەیەكی سیاسی گۆڕانكاریی بكات و هەڵگری هیچ شوناسێك نەبێت. دیارە لەم دۆخە قەیراناوییەی ئێستادا بەڕەچاوكردنی هەلومەرجی ئاڵۆزی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، تەنها میكانیزمێك لەبەردەم تەوژمی نوێی بزووتنەوەی چەپدا ئەوەیە، كە ئاگایی خەباتی چینایەتی لەلای چینی چەوساوە بەرزبكاتەوە و ناڕەزایەتییەكانی خەڵك پاراو بێت بە هۆشیارییەكی سۆسیالیستی، تاكو لە هاتنەئارای دەرفەتی سەركەوتنی گەل بەسەر دەسەڵاتدا، بنەما و پرەنسیپەكانی سۆشیالیزم لە نێو كۆمەڵگادا جێكەوت ببن.

 

دیدارو چاوپێكەوتنەكان