ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  
 ئەمریکا پلەی یەکەمی لەڕووی زۆرترین ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا وەرگرت
 
بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لە ئەمریکا نزیکەی 14 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەڕووی زۆری ژمارەی تووشبووانیش پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی جیهان وەرگرتووە.
 
ئێستا لە ئەمریکا 82 هەزار و 179 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش هەزار و 177 کەس گیانیان لەدەستداوە و تەنیا هەزار و 864 کەس چاکبوونەتەوە، دۆخی تەندروستیی دوو هەزار و 112 لە تووشبووەکانیش هەستیارن.
 
چین کە لە پلەی دووەمدا دێت، 81 هەزار و 285 تووشبووی کۆرۆنای تێدایە، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 287 کەس گیانیان لەدەستداوە و 74 هەزار و 51 کەسیش چاکبوونەتەوە، دۆخی تەندروستیی هەزار و 235 تووشبوو هەستیارە.
 
سێ وڵاتی ئەوروپی لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە پلەکانی سێیەم و چوارەم و پێنجەم دێن کە ئەوانیش ئیتاڵیا، ئیسپانیا و ئەڵمانیان، ئێرانیش لە پلەی شەشەم. فەرەنسا، سویسرا، بەریتانیا و کۆریای باشوور لە پلەکانی حەوتەم تاوەکو دەیەم دێن.