ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی دووەم

 ته‌حسین عوسمان

هاوڕێان و دۆستانی ئازیز .. بەشی یەکەمی وتارەکەم تەواو بوو کە چووم بۆ بەغدا بۆ کارکردن لە بارەگای گشتی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق .. بەشی دووەمی نووسینەکەم لەسەر پەیوەندی نێوان حزب و حزبی بەعس و گوللـەبارانکردنی ٢٨ هاوڕێکەمان دەبێ تا تێکچوونی بەرەی نیشتیمانی لەگەڵ بەعسدا !

ئێمە زۆر بێحاڵین چونکە واز لە یادەوەرییەکانی خۆمان ناهێینین هەرچەندە زۆریش تاڵن !

دەمەوێ کورتەباسێکی ناو بارەگای گشتی کۆمیتەی ناوەندی حزب بکەم لە بەغدا لە گۆڕەپانی عوقبە بن نافعدا کە نزیکەی سێ ساڵ تیایدا کارم کردووە . 

رۆژێکیان ، هەڵبەت ئەو رۆژەم لەبیر نەماوە ، بەڵام بیرم دێ ئەوکاتە ببووم بە ئەندامی تیپی هونەری نوێ بۆ نواندن . ئەم تیپە سەر بە حزبی شیوعی عێڕاق بوو . ئەوکاتە سعدون یونس سەرپەرشتی دەکرد وەک دەرهێنەرێک . ئەو رۆژە خۆم و برادەرێکی زۆر نزیک و خۆشەویەتم بەیەکەوە لە بارەگای تیپەکە بووین بەنیازی کۆبوونەوەو پڕۆڤەکردن .تازە ببووم بە ئەندامی ئەو تیپە . لەکاتی دانیشتنەکەدا هاوڕێیەکی محەلی حزب ( بیرم نایێ کێبوو ) بەڵام وابزانم یان مامۆستا تاهیر ( رەوەند ) بوو یان مامۆستا عباس رواندزی هات بۆ ئەو شوێنەو داوای لە من و برادەرەکەم عبداللـە گۆران کرد بچینە دەرەوە تاوەکو هەندێ قسەمان لەگەڵ بکات . چووینە دەرەوە و ئەم هەواڵەی پێڕاگەیاندین گوایە حزب پێویستی بە کادیری رۆشنبیرو شارەزا لە نووسین هەیە بۆ ئەوەی بچن لە بەغدا لە رۆژنامەی بیری نوێ دا کار بکەن . درێژەی بە قسەکانیداو گوتی : حزب پێشنیاری هەردووکتانی کردووە بۆ ئەم کارە ئەگەر ئێوە رەزامەندیتان لەسەربێ ؟! ئێمەش هەردووکمان رەزامەندی خۆمان دەربڕێ بۆ کارکردن لەو شوێنەدا . گوتی کەوابوو لەم چەند رۆژەدا خۆتان ئامادە بکەن تاوەکو بتاننێرین . گەورەترین موشکیلەی ئێمە ئەوەبوو پارەمان نەبوو ! باشە چۆن بچین مانگێک لە بەغدا بژین بەبێ پارە ؟ 

عبداللـە گۆرانی برادەرم کتێبێکی زۆری هەبوو .. کتێبی باش باش .. هەستا لەناو برادەران بڵاوی کردەوە گوایە کتێبەکانی خۆی هەموو دەفرۆشێ .. مەرجیشی لەسەر ئەو کڕین و فرۆشتنە دانابوو .. نەدەبایە لە پێنج کتێب کەمتر بکڕی ئەوجە مافی ئەوەت هەبوو کتێبەکان هەڵبژێری . چەند برادەرێک لەسەر ئەم مەسەلەیە لێی عاجزبوون . بەڵام ئەو گوێی نەدایە ئەو زویربوونە و لەسەر هەڵوێستی خۆی مکوڕ بوو . ئەوکاتە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی یاسادانان شاکر فەتاحی نووسەرو شاعیر بوو . برادەرەکەم گوتی بۆ ناچی بۆ لای شاکر فەتاح بەڵکو ئەو کتێبەکانمان هەموو لێبکڕێ بۆ مەکتەبەی ئەنجوومەنی یاسادانان . منیش گوتم بۆ نا ! رۆژی دوایی سەرلە بەیانی هەیپامکرد بەرەو ئەنجوومەنی یاسادانان کە لە شوێنی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێستادا بوو . لیستی ناوی کتێبەکانم هەموو پێبوو . چوومە بەردەم ژوورەکەی شاکر فەتاح و پرسیارمکرد ئاخۆ شاکر فەتاح لەوێیە یان نا ؟ گوتیان نەوەڵا لێرە نیە بەڵام هەربزانە بەدەرکەوت و هاتەوە . لیستی ناوی کتێبەکانم لائ ئەو کابرایە بەجێهێشت کە لەبەردەرگەی شاکر فەتاحدا دادەنیشت .گوتم کە هاتەوە بیدەرێ چونکە من ناتوانم چاوەڕوانی ئەو بکەم . ئەوەشم پێگوت کەوا من زۆربەی کات لە چایەخانەی مەجکۆ دادەنیشم . گەڕامەوە بۆ ناو شارو چووم بۆ چایەخانەکەی مەجکۆ لەوێ عبداللـە گۆرانی برادەرم چاوەڕوانم بوو . پرسی ئاخۆ چیمکرد ؟ منیش پێمگوت کەوا شاکر فەتاح لەوێ نەبوو بۆیە لیستی ناوی کتێبەکانم لەوێ بەجێهێشت تا دەگەڕێتەوە . ئێمە خەریکی ئەو گفتوگۆیانە بووین لەپڕ یەکێک هاتە چایەخانەی مەجکۆ دیاربوو بەدوای مندا دەگەڕا . منیش خۆمم پێیناساند . گوتی مامۆستا شاکر فەتاح دەڵێ با هەر ئێستا بێت بۆ لام . وەڵا هەر بەسەیارەکەی ئەو دووبارە چوومەوە ئەنجوومەنی یاسادانان بۆ لای شاکر فەتاح . دانیشتم لەلای بەخێرهاتنێکی گەرمی کردم . داوای چای کرد بۆم هات . گوتی لیستی ناوی کتێبەکانم سەیرکرد .. من کتێبەکانم زۆر پێباشن ئامادەم هەمووی بکڕم بۆ مەکتەبەی ئەنجوومەنی یاسادانان . منیش بەو قسەیە زۆر خۆشحاڵ بووم لەدڵی خۆمدا دەمگوت تازە لەبەغدا نامرین لە برسان ! بەڵام شاکر فەتاح مەرجی خۆی هەبوو بۆ کڕینی کتێبەکان ئەویش ئەوە بوو داوای ئەوەیکرد کە کتێبەکانی پێبفرۆشم بە پازدە لەسەدا هەرزانتر لە نرخی کتێبەکان ! گوتم مامۆستا لە بری ئەوە بە گرانتر لە نرخی خۆیان لێمبکڕی دەتەوێ بەهەرزانتر لێمی بکڕی ؟ گوتی ئاخر ئێمەش بودژێتەکەمان هەندە نیە ئەو هەموو کتێبەی پێبکڕین بۆیە ئەگەر بە هەرزانتر بمدەیێ ئەوا لەسەر مەسوولیەتی خۆم دەیانکڕم بۆ مەکتەبەی ئەنجوومەن . منیش لەسەر قسەی خۆم سووربووم کە لە نرخی خۆیان هەرزانتر نایانفرۆشم . خەریک بوو گفتوگۆکەمان بەرەو گرژی دەڕۆیشت لەپڕ پێشنیاری ئەوەی بۆ کردم ئەگەر ژنم یان خوشکم هەبێ ئەو دەینێرێ بۆ ئێزگەی کوردی بەغدا بۆ دەنگوباس خوێندنەوە .. منیش ئەوکاتە تازە ژنم هێنابوو بەڵام هێندە چەلەک نەبوو بە کەلکی دەنگوباس خوێندنەوەبێ لە رادیۆ بۆیە وتم نەخێر نیمە . هاتینەوە سەر کڕین و فرۆشتنی کتێبەکان .. هەریەکەمان لەسەر هەڵوێستی خۆی وەستا. گوتی بەخۆت دەزانی حکومەت حەزی لەو جۆرە کتێبانە نیە من لەسەر مەسوولیەتی خۆم دەیانکڕم . گوتم باشە ئێمە هەژارین و پێویستمان بە پارەیە خۆ ئێوە هەژار نین ؟ گوتی وەڵا ئێمە لە ئێوە هەژارترین .. گوتم کەوابوو هەرکەسمان لەماڵی خۆی . گوتی نەوەڵا حەزدەکەم کتێبەکانم پێبفرۆشی ! گوتم منیش حەزدەکەم بیانفرۆشم بەڵام بە کەمتر لە نرخی خۆیان نا ! نەختێ گەرمداهات و دەستیکرد بە قسەی هەلەق و مەلەق ! لەوانە گوتی : ئاخر کتێبەکان هەمووی لێنین و مێنینە ! منیش لەباری هێمنی خۆم دەرچووم و پێمگوت : من وامزانی تۆ کەسانێکی رۆشنبیری کەچی دەڵێی لێنین و مێنین ؟!! منیش ئەوکاتە لێنین بەلای منەوە لەهەموو کەسێ بەرزتربوو زۆرم پێناخۆشبوو کە وایگوت . نەمکردە نامەردی و دابەزیمە سەری گوتم : من وامزانی تۆ کەسانێکی رۆشنبیری کەچی بەداخەوە من خرا لەتۆ گەیشتبووم .. تۆ چۆن دەڵێی لێنین و مێنین ؟ وتی چۆن واناڵێم ، حزبی شیوعی ماڵی کوردو عەرەبی خراکرد ! گوتم هەرچەند زیاتر قسە دەکەی دووهێندە زیاتر بەلامەوە بچووک دەبیتەوە .. من چیتر توانای ئەوەم نیە گوێ لەو قسانەی تۆ بگرم .. وا دەڕۆم و چاکەش ناخۆمەوە . ئەم هەموو قسانە بە هاتوهاواربوو نەک بە هێمنی و لەسەرخۆ .. کە دەرگاکەم کردەوەو هاتمەدەر کابرای بەر دەرگا گوتی ئەو هاتوهاوارە چیبوو؟ وتم ئەو برادەرە تەواو نیە لووشکە داوێ ! کابرای بەردەرگا دەستی نایە سەردەمی و بزەیەکی کرد وەک بڵێی لەگەڵ وشەکەی من کۆک بێ واخۆی نیشاندا !

بەهەرحاڵ و بەهەرچۆنێبێ بەشێکی باشمان لە کتێبەکان فرۆشت و بەرەو بەغدا ملمان نایەڕێ . هاوڕێیان لە هەولێر نامەیەکیانداپێم بۆ ئەوەی لە بارەگای حزب لە بەغدا بیدەم بە هاوڕێیان . نامەکەیاندا بەمن چونکە من حزبی بووم و عبداللـە گۆرانیش دۆست ! کە گەیشتینە بەغدا لەپێشدا چووین بۆ میوانخانەی هەولێر لە شەقامی رەشید . کە سەرکەوتین بۆ پرسگەو شوێنی پێشوازیکردنی میوانان چیم بینی بەچاوی خۆم ؟!! یەکسەر لەشوێنی خۆم وەستام و عبداللـەش وەک من لەتەک من وەستا و پرسی : بۆ وەستای ؟ گوتم ئەو کەسە دەبینی وا لەنزیک پرسگەکەوە دانیشتووە؟ گوتی کامەیان ؟ خەڵکەکە زۆربوون .. گوتم ئەوەی دووەم کەس لەولۆاوە ؟ گوتی ئەوەی دەموچاو سوورەکە ؟ گوتم ئەوە دەموچاوی سوور نیە ئێستا لەترسی من ئاوا سوورهەڵگەڕا ! گوتی بۆ چیکردووە؟ گوتم ئەمە زۆریکردووە .. ئەمە کاتێ لە ئەنجوومەنی راپەڕاندن وەک چاپکەر لەسەر تایپ کارم دەکرد ئەویش لەوێ وەک بەعسییەک لە هۆبەی نهێنی کاریدەکرد دەیویست منیش بکات بە بەعسی ! زۆرجار پێمگوت واز لەمن بێنێ کەچی ئەو هەر بەردەوام یاخەی بەرنەدەدام تا رۆژێکیان لەناو ئەنجوومەنی راپەڕاندن لێمدا ! دوای ئەوەی کە لێمدا ناچاربووم واز لە کارەکە بێنم و بێکار بمێنمەوە .. ئێستاش ئەو ترسەی هەر ماوە لەوە دەترسێ لێرە لێیبدەم . کە وەڵامی عبداللـەم دایەوە یەکسەر قسەکەی فەهمی عەزیز کاکەسوورم بیرهاتەوە کاتێ پێیگوتم : نەکەی چیتر لێیبدەی چونکە هەرکاتێ ناوی تۆ دێتە گۆڕێ هەموو گیانی دەلەرزێ و لێیدەترسێ ! جا بۆ ئەوەی ئەو ترسەی هەر لە لەشدا بمێنێ نابێ لێیبدەی ، چونکە کە لێتدا ترسەکەی دەشکێ ! ( من دەربارەی ئەم مەسەلەیە وتارێکی دوورودرێژم هەیەو لە گۆڤارەکاندا بڵاوم کردۆتەوە .. یەکێ لەو رۆژنامانە رۆژنامەی رێگای کوردستانە . دوای ئەم نووسینەم ئەو وتارە لە فێیس بووک بڵاو دەکەمەوە بۆ ئەوەی برادەران بیخوێننەوە ). 

رۆژی دوایی چووین بۆ بارەگای گشتی کۆمیتەی ناوەندی لە گۆڕەپانی عوقبە بن نافع . دوای هەندێ پرسیار کە یەکێ لە پرسیارەکان ئەوەبوو پێشتر چ کارمان کردووە ؟ من وتم من لە ئەنجوومەنی راپەڕاندن کاتب گبعە بووم . هاوڕێیان گوتیان کەوابوو تۆ لێرە دەمێنیتەوە چونکە خۆمان پێویستمان بە کاتب گبعە هەیە . هەر لەوکاتەوە من و عبداللـە لێکجیابووینەوە . ئەویان بە سەیارەیەک برد بۆ رۆژنامەی بیری نوێ و منیش بۆ ژووری چاپکردن ! 

دەمەوێ شتێکی سەرەکی بڵێم ئەویش ئەوەیە کە من تەنانەت بۆ چرکەساتێکیش لەگەڵ بەرەی نیشتیمانی نێوان حزب و حزبی بەعسدا نەبووم . هەمیشە هەڵوێستی تایبەتی خۆم هەبوە لە ناو شانەکانی حزبدا . هەر لەبەر ئەو هەڵوێستەشم ناکۆمۆنیستەکانی ناو حزب بایەخیان بە کەسانی وەک من نەدەدا و پێشیان نەدەخستن . شتێکی لەخەڵک شاردراوەش هەیە ئەویش ئەوەیە کەوا من لەژیانمدا چاوم لەوە نەبوە ببم بە لێپرسراو . ئەم مەسەلەیە بۆ دواتر دوادەخەم و دێمەوە سەر باسەکەی خۆم .

ئەم وێنەیە لە بارەگای گشتی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق لە بەغدا گیراوە .. وابزانم ساڵی ١٩٧٨ ە! لەوێنەکەدا لە دەستی راستەوە هاوڕێی ئێزیدی حازم ، خۆم ، خێزانی یەکەمم ، هاوڕێی شەهید سابیر جەمیل .