ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی سێیەم

لافاوەکەی دۆڵی سەرشیو !

من ئەمڕۆ بڕیارمدا چۆنێتی رووداوەکەی دۆڵی سەرشیو وەکو خۆی بنووسمەوە بۆ ئەوەی کەسێکیتر نەتوانێ بە هەوەسی خۆی دەستکاری رووداوەکە بکا. من لە سەرەتای رووداوەکە تا دەرهێنانی تەرمی دایکی سەرباز هەموو شتێکم بەچاوی خۆم بینی . 

لافاوەکە چۆن روویداو لە کوێوە دەستیپێکرد ؟ من ئەوکاتە لەکوێ بووم ؟

ئێمە ئەوکاتە بارەگاکانمان لەو دۆڵە بوو کە کارەساتەکەی تیا روویدا . لە هاوڕێیانی سەرکردایەتی وابزانم ئەوکاتە تەنیا باوکی سەربازی لێبوو . چەند چادرێکمان لەو دۆڵە هەڵدابوو بۆ حەوانەوە . لەسەری سەرەوەی ئەم دۆڵە شوێنێکی زۆر خۆش هەبوو کە کانیاوێکی تابڵێی سازگاری تیابوو . هاوڕێیان بڕیاریاندا لەو شوێنە چەند ژوورێک درووست بکەین . هەر ئەو شوێنەش سەرچاوەی لافاوەکە بوو!

ئەوەبوو ئەو رۆژە من هاوڕێ حەمە شەریفی قەڵادزەیی لەو شوێنە کارمان دەکرد تا بەرەبەری نانخواردنی نیوەڕۆ . بڕیارماندا دەست لە کار هەڵبگرین بەرەو بارەگا بگەڕێینەوە . بەرلەوەی دەست بە رۆیشتن بکەین بە حەمە شەریفم گوت : حەمە شەریف بۆ نایەی هەندە چیلکەداری وشک کۆبکەینەوە بۆ سوتان بۆ خەفەری ببەینەوە ؟ حەمە شەریف لە وەڵامی پرسیارەکەمدا گوتی: کورە دە بڕۆ لە تڕی خەفەرێت بەم ، من لە بەیانییەوە کاردەکەم ئێستاش بچم بۆ خەفەر چیلکەدار کۆ بکەمەوە ؟! منیش پێکەنیم و گوتم : دەباشە کەوابوو ها کڵاشنیکۆڤەکەی من لەگەڵ خۆت بەرە من بە تەنیا چیلکەدار کۆ دەکەمەوەو لەگەڵ خۆم دەیهێنم بۆ خەفەر. حەمە شەریف رۆیشت و من بە تەنیا مامەوە .. بەدوای چیلکەداری وشکدا دەگەڕام بۆ ئەوەی ئاگرەکە زوو خۆشبێ . من خەریکی چیلکەدار کۆ کردنەوە بووم کاتێ باران نمە نمە دەستیپێکرد .. دیاربوو هی ئەوە نەبوو چیتر درێژە بە چیلکەدار کۆکردنەوە بدەم بۆیە منیش بڕیارمدا شوێنەکە بەجێبێلم و بەرەو ژێر چادرەکانی خوارەوە بگەڕێمەوە . 

کە گەیشتمەوە بارەگا هێشتا بارودۆخەکە هەر ئاسایی بوو . چوومە ژێر چادرەکەی ابو احلام و علی ئیدارە لەلایان دانیشتم .. دۆشەگێک کە کەسی لەسەر دانەنیشتبوو وەک بەلەم لەناو چادرەکە بەسەرئاو کەوت . یەکسەر هاتینە دەرەوە بۆ ئەوەی مشوورێک لەخۆمان بخۆین . چادرەکەی باوکی سەرباز لە بەرامبەر چادرەکەی ابو احلام و علی ئیدارە بوو . دیاربوو چادرەکەی باوکی سەربازیش بە هەمان دەردی ئەو چادرەی ابو احلام و علی چووبوو بۆیە باوکی سەرباز دەستی دابوە خاکەناسێک جۆگەی لەبەردەم چادرەکە هەڵدەبەست بۆ ئەوەی ئاوەکە نەچێتە ژێر چادرەکەوە . سامانی کوڕیشی لەگەڵ ئەودا وەستابوو . منیش چووم بۆ لای ئەوان .. سەیری ژێر چادرەکەم کرد بینیم وا دایکی سەرباز بە جلی ژنانەی کوردی لەژێر چادرەکە دانیشتووە .. رۆژی پێشتر دایکی سەرباز بەجلی پێشمەرگانەی پیاوان نانی دەکرد و منیش نانەکانم دەردەهێنا . بە هەموو هێزیەوە تەندورمانەکەی بە دیوی ناوەوەی فڕنەکە دادەدا بۆ ئەوەی نانەکە بە تەندوورەکەوە بنووسێ کەچی نانەکە بەردەبۆوە خوار ! لە هەر سێ نان دووی بەردەبۆوە ! منیش لێمپرسی ئەوە بۆ پێوەنانووسێ ؟ بەر لەوەی وەڵامم بداتەوە نەختێ بە شەرمەوە پێکەنی . گوتی دەزانی بۆ بەردەبنەوە ؟ گوتم بۆ ؟ گوتی لەبەرئەوەی بیرم چوو خوێ لە هەویرەکە بکەم !! دایکی سەرباز پرسی : دەبی هاوڕێیان هەستی پێبکەن ؟ منیش گوتم ئەگەر هەر هیچ خوێت تێنەکردبێ ئەرێوەڵا هەستی پێدەکەن .. بەس موشکیلە نیە دەڵێین لەبەرئەوە خوێمان تێنەکردووە تا فشاری خوێنتان بەرز نەبێتەوە .. هەردووکمان تێر پێکەنین .. 

هەر ئەوەندەم زانی لە لای سەرەوە ئاوو بەردو دار بەخێرایی سەدکیلۆمەتر لە سەعاتێکدا بە هاڕە هاڕو نەڕە نەڕ هێرشی هێنا .. ئێمە ئەوانەی بە پێوە وەستابووین هەر ئەوەندە خێرای خۆمان کەوتین بە هەورازەکەدا هەڵگەڕێین . باوەڕتان هەبێ داری زۆر ئەستوورو بەردی بەقەدەر گالیسکەیەوە بەپێشەخۆ دابوو .. هەر قرچوهۆڕی داربوو دەشکا.. چادرەکەی باوکی سەرباز لەژێر دیواری شاخێکی بەرز بە بەرزایی پێنج مەتر بوو . شەپۆڵەکە راستەوخۆ دای لە چادرەکەی باوکی سەرباز .. کەس بەوە رانەگەیشت بە دایکی سەرباز بڵێ هەستە وەرە دەرەوە .. کە بەسەر هەورازە کەوتین سەیرمانکرد چادرەکە بزربوو . لەناوەڕاستی ئاوەکەش سەیرمانکرد برادەرێکی کوردی تورکیا بە دارێک هەڵگەڕاوە تا ناوقەدی دارەکە چووە . بە هەردوو دەست توند خۆی بە دارەکەوە گرتبوو .. ئاوەکە دارەکەی دەهێناو دەبرد دەمانگوت ئێستا نا ئێستا ئەو دارەش دەشکێنێ و لەگەڵ خۆی دەیبا .. ئەو دیمەنە زۆر سەیر بوو هی ئەوەبوو هەر پێی پێبکەنی بەڵام لەو دەمەدا چۆن پێکەنین دێ . وا مرۆڤێک کەوتۆتە ژێر گڵ . هەموو ئەو بارانە بە لافاوەکەشەوە بیست دەقیقەی خایاند . سامان هەندێ جار دەیویست پڕبداتە ئاوەکە کەچی باوکی سەرباز کە لە تەکیەوە وەستابوو دەستیگرتبوو نەبادا شتێک بکا ئەویشی تیابچێ . 

لەخوار ئەم چەند چادرەدا چادرێکیتر هەبوو حیکمەتی کوڕی ابو حیکمەتی تیابوو . لافاوەکە چادرەکەی ئەویشی بە حیکمەتەوە لوولدا . مام خدرێکمان هەبوو خەڵکی لای رانیەو ئەو ناوە بوو دایمە قەڵمبڕی لەگیرفاندا بوو . قەڵمبڕەكەی دەرهێناو بازێکیدایە ناو ئاوەکە و دەستیکرد بە هەڵپچڕانی چادرەکە . ئاوەکە لەو خوارە تۆزێ ئەهوەنترو تەنکتربوو. هەر بەڕێکەوت مام خدر شوێنی راستی دەمی حیکمەتی هەڵپچڕیبوو . حیکمەت دەیگوت خەریک بوو چاوم سپی دەبوو لەبێ هەناسەیی کاتێ ئەو کونەم بۆ کرایەوە دەستم کرد بە هەناسەدان !

ئیتر هەربابابوو هاوڕێیان لە بارەگاکانی نۆکانەوە سەرکەوتن بۆ فریاکەوتن . بەڵام تازە فریا چی دەکەون ؟! نزیکەی چل برادەرێک دەبووین بە ماوەی بیست دەقیقە ئەنجا توانیمان بگەینە دایکی سەرباز . کە دەرمانهێنا لاشەیەکی هێشتا گەرمی بێگیان !

سەرنج:

1- حیکمەت دەستێکی شکابوو .. بیرم نایێ کام دەست بوو

2- رۆژی دوایی مام جەلال دوو پێشمەرگەی ناردبوو بۆ ئەوەی بزانن تازیە دادەنێین یان نا ؟ هاوڕێ باوکی سەرباز پێیگوتن : نا بابە تازیەی چی ، ئێمە هەموو رۆژ هاوڕێمان شەهید دەبێ . پێماندەکرێ هەموو رۆژ تازیە دانێین ؟؟!

3- لای حەمە شەریف وابوو ئاوەکە هەر لەسەرەوە منی لەگەڵ خۆی راماڵیوە و منیش ئاوو ئاو چوو وم !

عمر خدر كاكیل

بەشی سێیەم لە یاداشتەکانی تەحسین عوسمان (دارا)