ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

جەماوەری تێكۆشەری كورستان

وا جاریكی دیكە گەلی كوردستان لە هەرێم وناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، سەلماندی بۆ گەلانی سەر رووی زەمین كە میللەتێكن هەتا ماون هەر بەسەربەستی دەژین. وا جارێكی دیكە ئیرادەی گەل لە 25ی ئەیلول جەژنی نیشتمانی كوردستانی ڕاگەیاند و مەزنترین وەرچەرخانی مێژووی لە سەدەی بیستویەكەمدا تۆماركرد، ولە شەڕی فەرزكردنی ئیرادەی جۆراجۆردا شكستی نەهێنا.

لەگەڵ راگەیاندنی دەرئەنجامی ریفراندۆمی گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی كوردستان، قۆناغێكی نوێی تێكۆشان دەستی پێكردوە كە دەبێ لە سەرەتاوە بە گەلەكەمان بڵێن كە ئێوە داستانێكتان تۆمار كردوە لە مێژوودا كەم وێنەیە. داستانێك كە رەنجی قوربانی دانی شەهیدانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان و بە گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەكان و زیندانی سیاسی، تۆماركراوە. بە هەمان شێوە دەس خۆشی لە سەجەم رێكخراوەو دۆست ولاینەگرانی حزبدەكەین كە شێلگیرانە پێشەنگی داكۆكیكردن لە مافی رەوای گەلەكەمان بوون.

لە هەمان كاتدا دەبێ سوپاسی هەڵوێستی گەلەكەمان لە سەرجەم پارچەكانی كوردستان بكەین كە بەوپەڕی خەمخۆرییەوە و بە چالاكی جۆراجۆرەوە گەورەترین پاڵپشتی گەلی كوردستانی باشور بوون. هاوكات لە گەڵ ئەمانەشدا گرنگە سوپاسی بێپایانی گەلەكەمان بۆ رای گشتی جیهان رابگەیەنین كە بە شێوازی جۆراجۆر هاوكاری خۆیان لە گەڵ داوا رەواكانی گەلەمان لە سەرجەم چالاكییەكانی كوردستانیانی دەرەوەی وڵات، دەرخست.

جەماوری كۆڵنەدەری كوردستان!

كە باسی قۆناغێكی نوێی تێكۆشان دەكەین بەلامانەوە گرنگە ئەو دەسكەوتەی لە 25ی ئەیلول لەلایەن كورد وتوركمان وعەرەب و كلدان ئاشوری سریان وئەرمەن وسەرجم پێكهاتە ئاینییەكان وەدەس هاتووە و بۆتە بۆنەیەكی نیشتمانی مەزن، بە دەستكەوتی سەرجەم حزب و لاینە سیاسییەكانی كوردستان بژمێردێن. دەستكەوتێك كاركردن بۆ پاراستنی لە ئەركی ئەنجامدانی قورسترە. هەر ئەمەشە وامان لێدەكات كە كاری جیدییانە بۆ یەكخستنی ماڵی كوردستانی لە سەرجەم بوارەكاندا بكرێ و لە پەرلەمانەوە تا حكومەت و كاركردن بۆ بنیاتنانی دامەزراوەكان و چارەسەری وەزعی بژیوی خەڵكی زەحمەتكێش و كەمدەرامەت كە بە ئیرادەی ئەوان ئەم سەركەوتنە بەدەس هات.

هاوكات لە گەڵ ئەمانەشدا بە پێویستی دەزانین زۆر بە هێمنی لە گەڵ كاردانەوەی حكومەتی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە و وڵاتانی جیهان مامەڵە بكەین، وجەخت لەوە بكەینەوە كە كوردستان سەنگەری پێشەوەی رووبەرووبونەوەی داعش و تیرۆرە بە هەموو شێوازەكانی، و بەردەوام دەست بۆ ئاشتی وبرایەتی نێوان سەرجەم گەلانی ناوچەكە درێژدەكەینەوە هەروەكو چۆن كردومانە، و بە كردەوە دوپاتی كەیەنەوە كە گەلی كوردستان رێز لە سەروەری وڵاتانی دراوسێ دەگرێت و بەردەوام كار بۆ چارەكردنی كێشەكان لە گەڵ دەوڵەتی عێراق لە سەر بنەمای ئاشتی و لەیەكتر تێگەیشتن دەكات و لەو باوەرەدایە قوڵایی رای گشتی عەرەب و رای گشتی سەرجەم گەلانی ناوچەكە قوڵاییەكی مێژووییە بۆ گەلی كوردستان. 

پەیامی ریفراندۆم پەیامی ئاشتی و كاری هاوبەش و پێكەوە ژیانی گەلانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستە بە جۆرێك سەرجەم گەلانی ناوچەكە و هێزە دیموكراتی و نیشتمانپەروەرەكانی لە سەنگەری ئاشتی و سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابوری بێت كە ئەمەش مایەی وەڵامدانەوەی سەرجەم ئەو مەترسیانەیە كە دوچاری گەلانی ناوچەكە دەبێتەوە.

سەركەوتوو بێ ئیرادەی گەلی كوردستان وسەرجەم گەڵانی ناوچەكە و جیهان.

مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان

26/ ئەیلولی 2017