ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەیادی راپەڕینە شکۆدارەکەی ئاداری ١٩٩١دا 

ملازم کارزانی پێشمه‌رگه‌و شه‌هیدی راپه‌ڕین... 

شەهیدی کوڕی شەهید..

جه‌لال ده‌باغ

ملازم دیدار بیا سڵێوە (کارزان) یه‌کێکه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کانی شۆڕشی نوێی گه‌لی کوردستان، ئه‌و شۆڕشه‌ی رۆڵه‌کانی ته‌واوی نه‌ته‌وه‌کانی کوردستان به‌شدارییان تێداکرد. ئه‌م رۆڵه‌ جوامێره‌ کوڕی شه‌هید( بیا سڵێوه)‌یه‌ که‌ رۆڵه‌یه‌کی تێکۆشەری گه‌لی کلدان ئاسوری سریان بووکە بەدەستی تاوانباران لە شەقڵاوە شەهیدکرا.

هاوڕێ کارزان قوتابی بوو له‌ به‌غدا ده‌یخوێند، له‌شاڵاوی تێرۆری سه‌دامییه‌ فاشیسته‌کاندا هه‌ڵات و بووه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کی کوردستانه‌که‌ی. 

رۆڵه‌یه‌کی گه‌لی کلدان ئاشوری سریانی بوو که لە زۆر شوێنداو به‌تایبه‌تی له‌ شاری

موسڵدا که‌وتبوونه‌به‌ر شه‌پۆلی تێرۆری پاشماوه‌کانی رێژیمی دیکتاتۆری شۆڤینی گۆڕکراو.

شه‌هید کارزان له‌رووی ئازایی و نه‌ترسییه‌وه‌ هه‌رزوو له‌ ریزه‌کانی پێشمه‌رگه‌دا پێشکه‌وت و بووه‌ به‌رپرسی سه‌ربازیی‌ به‌تالیۆنی 31ی ئاداری خۆشناوه‌تی.

هه‌ر له‌ به‌غداوه‌ ئه‌م لاوه‌ ئازایه‌م ده‌ناسی. کاتێکیش له‌ ساڵانی هه‌شتادا به‌ ئه‌رکێکی

پێشمه‌رگایه‌تی له‌ قامیشلۆ بووم، هێنده‌مزانی کارزانی ئازا گه‌یشته‌ لامان. حزب

ناردی بۆ خوێندن له‌ کولێژی سه‌ربازی له‌ کۆماری یه‌مه‌نی دیموکراتی ئەو کاتە. 

کاتێک سه‌رکه‌وتووانه‌ خوێندنی ته‌واوکرد و بووه‌ ملازم، گه‌یشته‌وه‌لامان تا ره‌وانه‌ی کوردستانی بکه‌ینه‌وه‌. به‌ڵام له‌به‌ر ئازایی و دلێری و هێمنی و پاراستنی نهێنی وبەهۆی پێویستیمانەوە، هه‌رله‌ قامیشلۆ هێشتمانه‌وه‌ بۆ به‌شداری له‌ ئه‌رکه‌کانی کاروباری ناردنی چه‌ک و هاوڕێیاندا بۆ کوردستان.

له‌ راستیدا له‌و ماوه‌یه‌دا که‌ لامان مایه‌وه‌ هه‌رچی ئه‌رکێکی پێبسپێردرایه‌ به‌چاکی

جێبه‌جێی ده‌کرد. چه‌ندان جار له‌ تاریکایی شه‌ودا، له‌گه‌ڵ هاوڕێ سه‌ردار دهۆکی، یان به‌ته‌نیاو یاخود له‌گه‌ڵ هاوڕێیانیدا، پۆستی حزب و هاوڕێیانی پێشمه‌رگه‌ی ده‌گه‌یانده‌ چیای شه‌نگارو هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌. له‌سه‌ر سنووری باکوورو باشووریش هه‌رده‌م به‌ خۆی و کڵاشینکۆفه‌که‌یه‌وه‌، شەوتابەیان، ئاماده‌ی ئه‌رکه‌کانی بوو.

ملازم کارزان لاوێکی چاونه‌ترس، هێمن و ره‌وشتبه‌رز، دڵسۆزو نیشتیمانپه‌روه‌رو نێونه‌ته‌وه‌یی راسته‌قینه‌بوو. ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌ قامیشلۆ ده‌ژیاو، یه‌کێک بوو له‌ تێکۆشه‌رانی پێشمه‌رگه‌، له‌لایه‌ن هه‌موو هاوڕێیان و ته‌نانه‌ت ئه‌و خه‌ڵکه‌شه‌وه‌ که‌ ده‌یانناسی که‌سێکی خۆشه‌ویستبوو. به‌رده‌وامیش حه‌زی به‌گه‌ڕانه‌وه‌بوو بۆ ناو کوردستان.

که‌ گه‌ڕاشه‌وه‌و ماوه‌یه‌کیتر پێشمه‌رگه‌بوو، دیسان گه‌یشته‌وه‌ ناو هه‌ولێر و به‌ نهێنی

کاری ده‌کرد تا له‌ رۆژانی پێش راپه‌ڕینه‌ شکۆداره‌که‌ی ئاداری 91 بەدیداری شادبووم و له‌ ریزی پێشمه‌رگه‌ی‌ ناوشاردا جێگه‌ی خۆی گرتبوو.

جێگری به‌رپرسی ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه‌ی حزب بوو که‌ هێرشیان برده سه‌ر دایه‌ره‌ی ئه‌منی

رێژیمی فاشی له‌ عه‌ینکاوه‌و گرتیان و، پاش ئه‌وه‌ی هاوڕێی به‌رپرسی مه‌فره‌زه‌که هاوڕێی ئازا فاروق حەنا‌ برینداربوو ئه‌م جێگه‌ی گرته‌وه‌.

له‌ گه‌رمه‌ی راپه‌ڕینه شکۆداره‌‌که‌ی ئاداری 91دا له‌گه‌ڵ هاوڕێ هۆگر و مه‌فره‌زه‌یه‌کی

پێشمه‌رگه‌کانی ناوخۆدا چوینه‌ سه‌ردانی پێشمه‌رگه‌کانی عه‌ینکاوه‌ که چووبونه‌ بینایه‌که‌ی یه‌کێتیی لاوان( إتحاد الشباب )، له‌به‌ر ده‌رگاکه‌دا گه‌یشتینه‌ هاوڕێیانی پێشمه‌رگه‌ که‌ به‌ جامه‌دانی وکلێته‌ ده‌موچاویان داپۆشی بوو. که‌هه‌ندێکیان لێمان نزیکبوونه‌وه‌و رۆژباشیانکرد، ده‌نگێکم ناسییه‌وه‌ که‌ ملازم کارزان بوو.

ملازم کارزان هاته‌ پێشه‌وه‌و سویچی ئۆتۆمبیلێکی مۆدێل تازه‌ی پێدام که‌ له‌لای شوسته‌که‌وه‌ راگیرابوو، گوتی: تکایه‌ ئه‌و دیارییه‌مان بۆ خۆت لێ قه‌بووڵ بکه‌!

ئه‌وه‌ ئۆتۆمبیلی ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌کانه‌و گرتوومانه‌.

منیش سویچه‌که‌م وه‌رگرت و سوپاسیم کردو، دامه‌ده‌ست هاوڕێ هوگری بەرپرسی هەولێرو، وگوتم: ئه‌و دیارییه‌ پێشکه‌شی نووسینگه‌ی ناوخۆیی(محلی) هەولێرە!. 

به‌به‌رده‌می باره‌گاکه‌دا، هه‌ر ئۆتۆمبیلی لۆریی گه‌وره‌بوو ده‌رۆیشتن و پڕبوون له‌ کورسی و مێزو مۆبێلیاو پێداویستیتر. منیش گوتم باشه‌ ئێوه‌ که‌ل و په‌لی باره‌گاکه‌شتان که‌ مه‌قه‌ڕی(إتحاد الشباب ) بووه‌ تاڵانکراوه‌و ئێسته‌ به‌تاڵه‌، ئه‌ی بۆچی رێگه‌ی ئه‌و تاڵانییه‌ به‌و خه‌ڵکه‌ ده‌ده‌ن و بۆ باره‌گاکه‌ی خۆتان ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و پێداویستیانه‌دا ناگرن؟

ئنجا له‌به‌ر ده‌می باره‌گاکه‌دا پرسگه‌یه‌کیان داناو لورییه‌کی گه‌وره‌ی پڕ له مۆبیلیاو که‌ل وپه‌لیان راگرت و هه‌مووشته‌کانیان بۆ ناو باره‌گاکه‌ داگرت، کاتێک ته‌ما‌شامان کرد له‌ژێره‌وه‌ هه‌مووی کڵاشینکۆف و چه‌کیترو لاسلکی راکاڵ بوو،ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌وانه‌شدا گرت. 

له‌ ناو باره‌گاکه‌شدا هاوڕێ کارزان ئێمه‌ی به‌ قه‌شه‌یه‌کی برا دیانه‌کان ناساند که‌ بۆ به‌ردانی که‌سێکی گیراو هاتبوو. ملازم کارزان زۆر رێزی لێگرت و داوایه‌که‌ی جێبه‌جێکرد.

هاوڕێ ملازم کارزان به‌چالاکی و دڵسۆزانه‌و ده‌ستپاکانه‌‌ به‌شداریی راپه‌ڕینه‌که‌ی کرد.

به‌داخه‌وه‌ دوای هه‌شت مانگ له‌سه‌رکه‌وتنی راپه‌ڕینه‌که‌ که‌سانێکی تاوانباری سەربە بەعسی روخاو، له‌رۆژی 22/12/1991دا ملازم کارزانیان تێرۆرکردو به‌مجۆره‌ کارزان بووه‌ شه‌هیدی کوڕی شه‌هید که‌ ئه‌مه‌ش مایه‌ی شانازی و‌ سه‌ربه‌رزییه‌ بۆ بنه‌ماڵه‌و گه‌له‌ سته‌مدیده‌که‌ی.

ئه‌گه‌رچی تۆڵه‌ی له‌ یه‌کێک له‌ تاوانباران کرایه‌‌وه‌. به‌ڵام دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه‌ کاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم فایلی تاوانبارانیان نه‌هێناوه‌ته‌ به‌رده‌ست تا دادگا به‌ یاسا سزای ره‌وایان بدات وتۆڵه‌ی خوێنی جه‌نگاوه‌رێکی راپه‌ڕینه‌که‌ی کوردستان له‌ تاوانباران بکاته‌وه‌.

هه‌زاران سڵاو له‌ یادی هاوڕێی شەهید ملازم کارزان بیا سڵێوه‌و هه‌موو شه‌هیدانی سه‌ربه‌رزی گه‌له‌که‌مان!

 

چالاکی حزبی