ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە راگەیاندنێکدا، مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان ، هاتنە ناوەوەی چەند کەرتێکی سوپای تورکیا بۆ ناو قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، بەهەر بیانوێک رەتدەکاتەوەو پرۆسەکەیان شەرمەزار دەکات.

ئەمەش دەقی راگەینراوەکەیە:

هاتنەناوەوەی سەربازی چەند کەرتێکی سوپای تورکیا و بڵاوە پێکردنی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، جێگای نێگەرانی قوڵیی گەلی کوردستانەو ئەم دەستێوەردانە بەهەر بیانوێکەوە بێت، حزبی شیوعی کوردستان رەتی دەکاتەوەو تەواوی پرۆسەکەش شەرمەزار دەکات، هەروەها مەکتەبی سیاسی داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانء عێراق دەکات، بەزووی رێوشوێنی دبلۆماسی ء سیاسی خۆیان بەکار بهێنن ، بۆئەوەی دەستبەجێ ئەم سوپایە خاکی کوردستان بەجێ بهێلێت.

دەستێوەردانی سوپای تورکیا و بڵاوەپێکردنی لەناو قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، هۆکارێکە بۆ ناسەقامگیری ناوچەکە، ئەمەش دابڕاو نییە لەو قۆناغە سیاسییە کە تەواوی عێراق پێدا تێپەڕ دەبێت، دەستێوەردان بۆتە بەشێکی بەڕیوەڕبردنی هاوکێشەی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی هەرێمایەتیء نێودەوڵەتی لەسەر حیسابی بەرژەوەندی هەموو پێکهاتەکانی عێراقء کوردستان، کەئێستا زۆر بەئاشکرایی، کارتی دەستێوەردان لەلایەن وڵاتانی هاوسێی عێراقء وڵاتانی زلهێزی نێودەوڵەتی ، لەباری سیاسیء ئابوری و سامانەکانی سەرزەویء ژێر زەوی ء سەربازی کەگرتنەوی ئاوی رووباری دجلە لەلایەن تورکیاء زێی بچووک لەلایەن ئێرانەوە نموونەیە تارادەی کاریگەری خستنەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت لەبەغدا، کەلەناووەی عێراقدا کاری لەسەر دەکرێتء ئەو هاتنە ناوەوەی و سوپای تورکیاش بەشێکە لەبەهەلزانینی ناسەقامگیری ناوچەکەو دیوێکی ئاشکرایی دەستێوەردانە لەکاروباری ناوخۆی گەلانی کوردستانء عێراق.

مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان، جارێکی دیکە، داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، کەبەرێگای ئاشتیء دبلۆماسیانە چارەسەری ئەم دەستێوەردانە بکەنء بنەمای جیرانەتی باش مسۆگەر بکەنء هەروەها داواش لەهەموو لایەنە سیاسیەکانی عێراق دەکات، لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیان، خۆیان بەدوور بگرن لەخۆبەهێزکردن بەدەستێوەردانی دەرەکی ، کەتەنها ناسەقامگیری بەرهەم دەهێنێتء کۆی پرۆسەی سیاسیش دەخاتە ناو تونێلێکی بێ کۆتایی و مەترسیدار.

مەکتەبی سیاسی

حزبی شیوعی کوردستان

7ـی حزەیرانی 2018

  • 1