ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت: پشتگیری لە هەنگاوەكانی روبەروبونەوەی ساختەكاری و پاراستنی ئیرادەی خەڵك دەكەین و ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، پێویستی هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بەجۆرێك سەرجەم عێراق بكرێ بە یەك بازنەی هەڵبژاردن و لابردنی شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراو لە دابەشكردنی كورسیەكانی پەرلەمان كە بۆتە هۆی بەفیرۆدانی دەیان كورسی پەرلەمانی.

دەقی راگەیەنراوەكە:

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12/5/2018 لەسایەی دەسەڵاتە شكستخواردووەكاندا و بەسەرپەرشتی كۆمیسیۆنێكی بەشبەشێنەی حزبی مەزهەبیدا بەڕێوەچوو. هەر لەسەرەتاوە و لەگەڵ دەركەوتنی دەرەنجامە بەراییەكاندا، پارتە سیاسییەكان و قەوارەكانی هەڵبژاردن ، گومانیان خستە سەر دەرەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنە، و ڕەتیان كردەوە. ئەم گومانە چەندین ڕێكخراوو ناوەندی نێودەوڵەتی و تەنانەت ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیشی گرتەوە. ئەم ساختەكارییە لە دەرەنجامی هەڵبژاردنەكان تەنیا زادەی پرۆسەی ئەم هەڵبژاردنە نییە، بەڵكو بۆ خواستی قۆرخ كردنی دەسەڵات لەلایەن پێكهاتە گەورەكان و دابەشكردنی كۆمسیۆن بەشێوەی بەشبەشێنە و هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن لەروانگەی بەرژەوەندی بەرتەسكی حزبایەتی، دەگەرێتەوە.

ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە تێكرای ڕێكارە یاسایەكان بۆ روبەروبونەوەی ساختەكاری و زەوتكردنی ئیرادەی خەڵك بەردەوامبێت بەجۆرێك كە ئازادی خەڵك و دەنگە رەسەنەكانیان بپارێزیت، و سەرجەم راستییەكان دەركەوێت و كۆتایی بە تەزویر و ساخاتەكاری بهێنرێت. بۆ ئەم مەبەستە بە ئەركی سەرجەم ئەو لاین و هێزانە دەزانین كە دوور لەوەی ئاكامی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی ئەواندایە یان بە پێچەوانەیە ، كە هەڵوێستەكان لە پێناوی رێزگرتن لە دەنگ وئیرادەی خەڵك یەكخەن، و كاری جیدی بۆ سزادانی هەر كەس و لایەنێك بكەن كە بە شێوازێك لە شێوازەكان لە ساختەكاری بەشداربووە.

دەمێنێتەوە ئاماژە بۆ خاڵێكی گرنگ بكەین ئەویش پێویستی هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بەجۆرێك سەرجەم عێراق بكرێ بە یەك بازنەی هەڵبژاردن و لابردنی شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراو لە دابەشكردنی كورسیەكانی پەرلەمان كە بۆتە هۆی بەفیرۆدانی دەیان كورسی پەرلەمانی لە خزمەتی پێكهاتە سیاسییە زەبەلاحەكان كە دەسەڵاتیان قۆرخ كردوە و بەسەر لاینە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان دابەشبوونە و كێشە گەورەكانی ئەم دەوڵەتە فەرامۆش دەكەن.

دوواهەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن و راگرتنی كۆمسیۆنی باڵا ئاماژەیەكی دیكە سەبارەت بە قەیرانی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا كە پێویستە سەرلەنوێ لاینە سیاسییەكان دوور لە دەستێوەردانی هەرێمایەتی و وڵاتە زلهێزەكان، بە عەقلیەتێكی دیكە و لەسەر رێبازیكی دیكە پێداچونەوە بۆ سەرجەم پرۆسەی سیاسی بكەن بە جۆرێك بەیەكەوەژیانی ئاشتیانە و ئازادی و دیموكراسی و ئیرادەی راستەقینەی خەڵك دابین بكات.

مەكتەبی سیاسی

حزبی شیوعی كوردستان

7ی حوزەیران 2018

 

چالاکی حزبی