ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاسۆ ده‌وڵه‌ت- سوید

له‌ 29 هه‌مین ساڵیادی تیرۆركردنی شه‌هیدان د. عه‌بدولره‌حمانی قاسملو و عه‌بدوڵا قادری ئازه‌ر و د. فازل ڕه‌سول، بۆ به‌رز ڕاگرتنی ئه‌و یاده‌، ڕۆژی شه‌ممه‌ 14 ی ته‌مموز 2018 له‌شاری ستۆكهۆڵم، كۆمیته‌ی سویدی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كۆڕیادێكیان به‌ڕێوه‌برد.

شاندێكی حزبی شیوعی كوردستان به‌ شدارییان له‌و یاده‌داكرد كه‌ پێكهاتبوون له‌ هاوڕێ ئه‌بو تارا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان له‌گه‌ڵ هاوڕێ ئه‌حمه‌د عه‌لی ده‌وڵه‌ت ئه‌ندامی ڕێكخراوی سویدی حزبی شیوعی كوردستان.

هاوڕێیانی حزبی شیوعی په‌یامێكیان ئاڕاسته‌ی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كرد كه‌ تیایدا ڕۆڵی شه‌هید عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملو به‌رز ده‌نرخاند و داواكارن كه‌ بكوژانی شه‌هید قاسملو و هاوڕێكانی بدرێنه‌ دادگا، هه‌روه‌ها له‌په‌یامه‌كه‌دا دووپاتی هاوخه‌باتی و پشتگیری كرایه‌وه‌‌ له‌ پێناو گه‌یشتنی گه‌لی كوردستان به‌ مافه‌ ڕه‌واكانی خۆی.

یاده‌كه‌ سیمینارێكی له‌خۆ گرتبوو بۆ هه‌ریه‌ك له‌ د. حوسه‌ینی خه‌لیقی و بابا عه‌لی میهرپه‌روه‌ر، كه‌تیایدا باسی ڕۆڵی مێژوویی شه‌هید قاسملو كراو ئاماژه‌ به‌ زیره‌كی و لێهاتووی ئه‌و سه‌ركرده‌ كرا كه‌ چۆن توانی خۆی پێكبهێنێت و ببێته‌ به‌رگریكار له‌ مافی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌ی له‌ڕێگای تێكۆشان چ به‌ نوسین یان به‌ خه‌باتی چه‌كداری، هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ كرا كه‌ هه‌ڵبژاردنی خه‌باتی چه‌كداری له‌لایه‌ن د. قاسملو وه‌وه‌ ته‌نها بۆ دروستكردنی فشار بووه‌ بۆ سه‌ر ڕژێمی ئێران بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی گفتوگۆی ئاشتیانه‌ بگرنه‌ به‌ر، هه‌روه‌ها باس له‌ ڕه‌خنه‌له‌خۆگرتن و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و شێوازی خۆشباوه‌ڕی و متمانه‌ كردن‌ به‌ دوژمن و دانوستان به‌ نهێنی و ڕۆڵ و كاریگه‌ری ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی نێوانگیرییان كردووه‌ له‌ دانووستانه‌كان دا كرا.

په‌رله‌مانتاری سوید له‌ لیستی لیبراله‌كان ( فرێدریك مالم) ووته‌یه‌كی پێشكه‌شكردوو تیایدا كێشه‌ی كۆڵبه‌ر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆمی باشور و له‌ده‌ستدانی كه‌ركوك له‌گه‌ڵ داگیركردنی عه‌فرین و ئه‌و كێشانه‌ی ڕووبه‌ڕووی هه‌ده‌په‌ له‌ باكور ده‌بنه‌وه‌ هه‌رهه‌مووی به‌یه‌ك كێشه‌ ناوبرد و ووتی به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوید و ووڵاتانی تر به‌ چوار كێشه‌ی جیاجیا ئه‌ژمارده‌كرێن، هه‌ربۆیه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌كڕیزی كورده‌كان و كاركردن پێكه‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانیان.

هاوڕێ ئه‌بو تارا كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ فه‌رمانده‌ی ڕۆژه‌سه‌خته‌كانی خه‌بات وه‌ له‌‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ مامۆستا مه‌لا محه‌مه‌دی جوانرۆ ناسراوه‌ و له‌ لێدوانێكی دا بۆ ئازادی تی ڤی، داوایكرد كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌ك بن پێویسته‌ باز بده‌ن به‌سه‌ر هه‌ر كه‌م وكوڕییه‌ك كه‌ هه‌بێت و ده‌بێ لێبوردنیان هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كتری بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كڕیزی ڕووبه‌ڕووی دوژمنه‌كان ببینه‌وه‌ و نابێت بهێڵین داگیركه‌ران سه‌د ساڵی تر حوكممان بكه‌ن، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ د. قاسملو ووتی: له‌ده‌ستدانی كه‌سێكی وا لێهاتوو به‌و شێوه‌یه‌ شكستییه‌كه‌ بۆمان كه‌ ده‌بێ وانه‌ی له‌وه‌ربگرین و نه‌هێڵن شكستی وامان به‌سه‌ر بێته‌وه‌.

له‌كۆریاده‌كه‌دا چه‌ندین به‌ڵگه‌ی دیكومینتاری و زۆرێك له‌ ووته‌و هه‌ڵوێسته‌كانی شه‌هید قاسملو نمایشكرا.

شه‌هید د. قاسملو له‌ ڕۆژی 13 ی ته‌مموزی ساڵی 1989 له‌ شاری ڤییه‌نا له‌ ووڵاتی نه‌مسا هاوڕێ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ عه‌بدوڵا قادری ئازه‌ر و فازل ڕه‌سوڵ له‌ كاتی دانسوتان به‌مه‌به‌ستی ئاشتی له‌گه‌ڵ ڕژێمی ئێران وه‌ له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ له‌ له‌لایه‌ن ئه‌و ڕژێمه‌وه‌ تیرۆركران.

چالاکی حزبی