ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان رایگەیاند: 

ئێوارەی 25ی تەمووزی 2018 ، بەبڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری و بەجێبەجێكردنی كۆمپانیای پەخشی كەرتی تایبەت، تەلەڤزیۆنی ئازادی ‌و چەند تەلەڤزیۆنێكی دیكە ناوەخۆ بەبیانووی جۆراوجۆر داخران، كەبیانووی داخستنی تەلەڤزیۆنی ئازادی نەبوونی مۆڵەتی فەرمییە، لەكاتێكدا ، خودی بەرپرسانی وەزارەتی رۆشنبیری بەباشی ئاگادارن كە راگەیاندنی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان و تەلەڤزیۆنی ئازادی‌و ئازادی سپۆرت و رادیۆی ئازادی، چەند جار و لەماوەی ساڵانی رابردوو داوای پێدانی مۆڵەتی فەرمی كردوە و هەر وەزارەتی رۆشنبیری بەنووسراوی فەرمی خۆی وەزارەتی ناوەخۆی ئاگاداركردۆتەوە كە لاریان نییە لەكردنەوەی ئەم كەناڵانە زیاتر لەجارێكیش جەختی لێكردۆتەوە، بەڵام هەموو داواكان بێ ئەنجام ماونەتەوەو تا كار گەیشتە ئەوەی بەبڕیارێكی فەوقی‌و ناهەقانە تیڤی ئازادی دابخەن، كەلایەنێكیشی مەترسی لەسەر بردنی فریكیۆنسی تەلەڤزیۆنی ئازادییە لەهەولێر و پێدانێتی بەكۆمپانیایەك بەبێ لەبەرچاوگرتنی دۆسیەتی فەرمی.

بۆ ئاگاداری هەموو لایەك، تەلەڤزیۆنی ئازادی لەساڵی 1994ـەرەوە پەخشی خۆی دەكات و لەخزمەتی ئەركی نیشتمانی‌و چینایەتی گەلی كوردستاندا، لەساڵی 2009 دوای رێكخستنەوەی كەناڵەكان‌و دانانی رێوشوێنی پێویست بۆ پێدانی مۆڵەت راگەیاندنی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان داوای مۆڵەتی سەرجەم كەناڵەكانی كردوە و وەزارەتی رۆشنبیری ‌و گواستنەوە و گەیاندن رەزامەندیان لەسەر پیشانداوەو پاشان ئاراستەی وەزارەتی ناو خۆ و دەزگای ئاسایش كراوە، بەپێی رێوشوێنەكان بەدواداچوونی بۆكراوە و بەڵام لەئەنجامدا هەر ئەمڕۆ بەسبەی پێكراوە، لەساڵی 2011 بەنووسراوی فەرمی جەختی لەسەر كراوە و لەساڵی 2013 جارێكی دیكە داوایەكی دیكە پێشكەش كراوە ئەویش هەروا بێ ئەنجام ماوەتەوەو دواتر لەساڵی 2016 و 2017 نووسراوی جەخت كردنەوەو بەدواداچوون پێشكەشی وەزارەتی رۆشنبیری كراوە، بەڵام هەموویان بێ ئەنجام ماوەتەوە، ئێمە لەراگەیاندنی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان لەهەڵوێستی لایەنە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەرایی نەكردنی مامەڵەی فەرمی پێدانی مۆڵەتی كەناڵەكانی راگەیاندنی حزبی شیوعی كوردستان تێناگەین كەئاخۆ ئەمە بەرتسككردنەوەی ئازادی میدیاییە یان هەڵوێست‌و سەركوتكردنی سیاسییە بەرامبەر بەراگەیاندنی حزبی شیوعی كوردستان، ئەمە لەكاتێكدا رێنمایی رێكخستنی فریكیۆنسی بەروونی دەستنیشانی ئەوەی كردوە كە ئەگەر لەماوەی 60 رۆژدا وەڵام بە هەر داواكارییەك نەدرایەوە، ئەوا بە مۆڵەت پێدراو ئەژمار دەكرێت، كەچی وەزارەتی رۆشنبری ئەم رێنماییەی خۆی جێبەجێ ناكات.

سەبارەت بەفریكیۆنسی و جێبەجێكردنی بڕیاری داخستن، تەلەڤزیۆنی ئازادی لەساڵی 1994ـەوە خاوەنی چەندین فریكیۆنسییە، لەنێویشدا، فریكیۆنسی 32 لەپارێزگای هەولێر، كەلەناكاوداو بێ ئاگاداركردنەوە، ئەم فریكیۆنسیە لەنێوان وەزارەتی رۆشنبیری‌و گواستنەوەو گەیاندندا دراوەتە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت، كە ئەمەش دیسان پێشیلكردنی مافی ئازادی كار و پیشەی رۆژنامەنووسییە و لەلایەكی دیكەشدا، ناشەفافیەتە لەكاركردن و بەبیانووی جۆراوجۆر بەكارهێنانی مافی گشتییە لەبەرژەوەندی كەرتی تایبەت بەتایبەتی لەبواری راگەیاندندا، ئەگەر لەچوارچێوەی یاساو رێنماییە كارپێكراوەكان بێت.

راگەیاندنی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان بەمافی خۆی دەزانێت هەر رێگایەكی فەرمی‌و یاسایی بۆ بەدەستهێنانەوەی مافی كاری میدیایی كەناڵەكانی خۆی و فریكیۆنسی بەناهەق لێزەوتكراوەكەی بگرێتە بەر‌و وەریبگرێتەوە.

مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی

حزبی شیوعی كوردستان 

26ـی تەمووزی 2018 

چالاکی حزبی