ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەك بڕیارە 30/9 ی ئەمساڵا خولێكی تر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، وە لە ماوەی رابردووشدا كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی لە كوردستان تیروپشكی بۆ ژمارەو قەوارە سیاسییەكانی بەشداربووی ئەم پرۆسە ئەنجامدا، وە لەنێویشیاندا حزبی شیوعی كوردستان بەشدارە لەم پرۆسەیە بە ژمارە (164) بەناوی (ئازادی)، ماڵپەڕی رێگای كوردستان بە باشی زانی دیدارێك لەگەڵا بەڕێز (هاژە شێخ سلێمان) ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی‌و بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی حزبی شیوعی كوردستان ئەنجام بدات:

هێرش مەغدید

-چۆن خۆتان ئامادەكردووە بۆ ئەو پرۆسەیە؟

+زۆر سوپاس بۆ ئەو دەرفەتە ئێمە بەتەواوی خۆمان ئامادە كردووە بۆ ئەو پرۆسەیە چ لەرووی فەنی وەكو تایبەتمەندی هەڵبژاردن وە رێكارە پێویستەكان لەگەڵ كۆمسیۆن چ لەرووی هەماهەنگی لەگەڵ رێكخستنەكانی حزب لە هەموو ناوچەكانی كوردستان بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ ئەو پرۆسەیە.

-ئایا رێكخستنەكانی حزبی شیوعی كوردستان بۆ ئەم پرۆسەیە ئامادەن؟

+دەربارەی ریكخستنەكانی حزب بەتاكید ئامادەن بۆ ئەو پرۆسەیە چونكە پرۆسەی هەڵبژاردن پرۆسەیەكی گرنگە لە ژیانی سیاسی هەر حزبێك ئەگەر بیەوێت لەمەیدانی سیاسی بەردەوام بێت، وە ئێمە وەكو حزبی شیوعی كوردستان باوەڕمان بە پرۆسەی دیموكراسی هەیە لە رێگای دەستاودەستكردنی دەسەڵات و هەڵبژاردن بەشێوەیەكی دیموكراسییانە وبە دروستی وپاكی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، بۆیە رێكخستنەكانی ئێمە ئامادەن بۆ چوونە ناو ئەم پرۆسەیە.

-چی بكرێت بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە بە دیموكراسییانە بەڕێوەبچێت؟

+بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی دیموكراسی بەرێوە بچێت، یەكەم: پێویستە حزبەكان بیر لەرێگای نا یاسایی نەكەنەوە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر، تا هەڵبژاردن بەشێوەیەكی پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت زیاتر خەڵك متمانەی بەحزبەكان دەبێت چونكە لەچەند ساڵی رابردوودا ئەو متمانەیە لاواز بووە بەهۆی ئەو هەموو ساختاكارییانەی كە لەهەڵبژاردنەكان دەكرێت وە زۆربەی خەڵك بڕیاری داوە كە بەشداری نەكات لە هەڵبژاردن بۆیە دەبێ‌ خۆیان بەدوور بگرن لە ساختەكاری لە هەڵبژاردن، دووەم: پێویستە كۆمسیۆن هەموو رێكارە یاساییەكان بگرێتەبەر وە هەر حزبێك سەرپێچی بكات سزای بدات‌و رایبگەیەنێت كە ئەو حزبە سەرپێچی كردووە یان دووری بخاتەوە لە پرۆسەكە. سێیەم: دەكەوێتە سەر وشیاری هاووڵاتی كەخۆی بە ئازادانە دەنگ بدات بەو كەسە یان ئەو حزبەوە كە باوەڕی پێی هەیە بەبێ ئەوەی لەلایەن لایەنێك زۆری لێبكرێت بۆ دەنگدان.

-ئایا پاڵێوراوتان لە سەرجەم شار‌و شارۆچكەكانی كوردستان هەیە؟

+بەڵێ‌ لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی كوردستان پاڵێوراومان هەیە وە ئێمە ریكخستنەكانمان سەرپشك كردووە بۆ دانانی خەڵكی بەتوانا لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی كوردستان لەناو لیستەكەمان.

-بۆچی تەنها 44 پاڵێوراوتان هەیە بۆ ئەم پرۆسەیە؟

+ئێمە داوامان لە رێكخستنەكان كردبوو كە ناوی پاڵێوراوەكانمان بۆ بنێرن بۆیە هەر رێكخستنێك ژمارەی پاڵێوراوی خۆی ناردووە بەپێی شوێنی جوگرافی خۆی وە پێم وایە ئەو ژمارەیە كافیە بۆ كێبڕكێكردن وە لەرووی مادییەوە ئێمە بەهۆی قەیرانی دارایی رەنگە نەتوانین لیستێكی 100كەسی ئامادە بكەین.

-دەنگۆی ئەوە هەیە هەڵمەتی هەڵبژاردن لە (15) رۆژ تێپەڕ نەكات، روانینی ئێوە چییە بۆ ئەو پێشنیارە؟

+ئێمەش لەگەڵ ئەو بڕوایەین كە هەڵمەتی هەڵبژاردن لە15رۆژ تێپەڕ نەكات چونكە ماوەكە زۆرە، وە خەڵك بێزار دەبێت دواتریش ئێستا وەكو جاران نییە بەربژێرەكان دەتوانن بەئاسانی لەرێگای سۆشیال میدیاوە بانگەشە بۆخۆیان بكەن.

- لەسەر ئاستی سیاسی‌و جەماوەری هەست ناكەی گەرم‌و گوڕییەك هەبێ‌ بۆ هەڵبژاردن، ئایا ئەوە دەلالەت لەوە ناكات كە هەڵبژاردن لە وادەی خۆی ئەنجام نادرێت؟

+ئەو قەیرانە سیاسی وئابوورییەی كە ماوەی چەند ساڵە لەهەرێمی كوردستان هەیە وایكردووە كە خەڵك بێ ئومێد بێت لەپرۆسەی سیاسی وەباوەڕی نەمێنێت بەهەڵبژاردن بەتایبەتی پرۆسەی سیاسی بەشێوەیەكی گشتی بۆیە خەڵك باوەڕی بەگۆڕانكاری نەماوە‌و پێیان وایە ئەگەر هەڵبژاردنیش بكرێت هەمان ئەو حزبانە دێنەوە دەسەڵات ‌و ناتوانن بار‌و گوزەرانی خەڵك باشتر بكەن، پێم وایە ئەوە هۆكارە جەوهەریەكەیە بۆ ساردو سڕی خەڵك بۆ هەڵبژاردن، رەنگە هەندێك لەحزبەكان پێیان باش نەبێت كە لەم زروفەدا هەڵبژاردن بكرێت بەڵام ئێمە لەگەڵا ئەوە نین كە هەڵبژاردن دوابخرێت چونكە خۆی خولی پەرلەمان تەواو بووە وەجارێك دواخراوە، هەموو ئامادەكارییەكیش بۆ ئەو پرۆسەیە كراوە.

-یەكلا نەبوونەوەی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی عێراق بە كوردستانیشەوە كاریگەری نابێت لەسەر ساردبوونەوەی بەشداری خەڵكی كوردستان لەو پرۆسەیە؟

+بە دڵنیایی یەكلانەبوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی عێراق كاریگەری دەبێت بەتایبەتی لەسەر ئەو لایەنانەی كەناڕازی بوون لە دەرەنجامەكان وەدەنگدەرەكانیان، چونكە هەست دەكرێت ئەمە جۆریكە لە گەمەكردنێكی سیاسی كە بە دڵنیایی لایەنەكان سارد دەكاتەوە.

 

 

 

چالاکی حزبی