ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا وەڵامی لێدوانەكانی قونسولگەری دەوڵەتی تورکیا دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، "ناسنامەی كەركوك بەووتەی بەرپرسی بیانی و دەستێوەردان نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی دەستنیشان ناكرێت".

 

دەقی بەیاننامەكەی حزبی شیوعی كوردستان:

ناسنامەی کەرکوک بە ووتەی بەرپرسەی بیانیی و دەستێوەردان نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی، دەستنیشان ناکرێت

قونسولگەری دەوڵەتی تورکیا لە مەراسیمی نوێژی جەژنی قوربان لە یەکیک لە مزگەوتەکانی شاری کەرکوک وتارێکی وروژێنەری ئاراستەی، نەک تەنها خەڵکی شاری کەرکوک، بەڵکو تەواوی کوردستان و سەرانسەری عێراق کردوە و، تیایدا دەڵێت، ئەم شوێنە جێگای بابوباپیرانمانە!

هەڵبەتە ئەم وتارە لە کاتێکدایە کە بارگرژی و ئاڵۆزی سیاسی لە پرۆسەی سیاسی عێراق لە ئارادایە، بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ململانێ سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی و دابەشبوونی لاینە سیاسییە عێراقییەکان سەبارەت بە درووستبوونی پێکهاتەی گەورە و دەستێوەردانی ئێران و ئەمریکا سەبارەت بەم بابەتە، جگە لە بارگرژییەکانی نێو کەرکوک و تێکچوونی بارودۆخی ئاسایشی ئەو شارە پاش شاڵاوی حەشدی شەعبی وهێزە عێراقییەکان و هەژموونی میلشیا تایفەگەرییان لەسەر وەزعی ئەمەنی ئەم شارە.

لێدوانی قونسولگەری تورکیا لەم هەلومەرجەدا دەستێوەردانێکی دیکەیە کە دەچێتە پاڵ دەستێوەردانەکانی دیکەی بیانی لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا، لە کاتێکدا کە سەرجەم پیکهاتەکانی کەرکوک پێویستیان بە گوتارێک هەیە کە پشتگیری لە بەیەکەوژیانی سەرجەم نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانی کەرکوک بکات.

هەموو ڕاستی و بەڵگەنامە مێژوویەکان ئاماژە بە کوردستانیبوونی کەرکوک دەکەن بە جەختکردن لەسەر ئەوەی کەرکوک شاری کورد و تورکمان و عەرەبی ڕەسەن و کلدان ئاشوری سریان و ئەرمەن، شاری سوونە و شیعە و کاکەیی و سابئەی مەندائی و سەرجەم خەڵکە ڕەسەنەکی بوونە، دوور لە گۆرانکاری دیموگرافی و سیاسەتی حوکمرانە شۆڤینستەکان کە بە دریژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق و، بەداخەوە تا ئێستاش حوکمرانانی عێراق خۆیان لە جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوری عێراق کە نزیکەی چواردە ساڵە بریاردراوە، دەدزنە و، ئەمرۆش وڵاتانی هەرێمایەتی بە کردەوە و رەفتار و ئاخافتنی جۆراجۆر دەست لە کاروباری ناوخۆیی دەوڵەتی عێراق وەردەدەن کە ئەمەش بە پێچەوانەی یاساو عورفی دیبوماسییە و ئاخافتنی قونسلگەری تورکیا شێوازیکە لەم دەستێوەردانە.

ئێمە داوا لە وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی عێراق و بەرپرسانی تایبەتی ئەم دۆسێیە لە هەرێمی کوردستان دەکەین کە ناڕەزایی خۆیان بە حکومەتی تورکیا ڕابگەیەنن چونکە ئەو گوتارە پێشێلکردنێکی ڕوونی رێکەوتننامەی پەیوەندییە دیبلوماتییکانی ساڵی 1961 ـــە کە ئەرکی نێردەرە دیبلۆماتکارەکان رێکدەخات و، دەستێوەردانە لە کاروباری ناوخۆیی دەوڵەتی عێراق و ململانییە ناوخۆییەکانی.

مەکتەبی سیاسی

حزبی شیوعی کوردستان

22/ئاب/ 2018

چالاکی حزبی