ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

له‌ڕۆژی جیهانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ ژنان له‌ووڵاتی سوید شانبه‌شانی زۆربه‌ی ووڵاتانی جیهان چه‌ندین چالاكی جۆراوجۆر به‌ڕێوه‌چوو به‌مه‌به‌ستی شه‌رمه‌زاركردنی ئه‌و توندوتیژییانه‌ی توشی ئافره‌تان ده‌بنه‌وه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا چ به‌هۆی بارودۆخی جه‌نگ یان ئابوری، یان كێشه‌ خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.

هه‌ربۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ شاری یڤلێ ڕێپێوان و پاشان گردبوونه‌وه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ژنانی ئازادیخوازه‌ ڕێكخرا و له‌وێدا ووتاری ڕێكخراوی حزبی شیوعی كوردستان له‌ سوید له‌لایه‌ن به‌رپرسی ڕێكخراوی حزب له‌ شاری یڤلێ هاوڕێ نه‌رمین نه‌جمه‌دین مامۆ ، به‌زمانی سویدی بۆ ئاماده‌بووان خوێندرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی به‌ كوردی:

ئاماده‌بووانی ئازیز،

من ئەندامی حزبی شیوعی کوردستانم ، حزبێکە ناسراوە بە خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی ،ئێمه‌ له‌ سوید ڕێکخراوێکی گەورەی حزبمان هەیە کە بۆ هەمان ئامانج تێدەکۆشین.

بۆ ئێمە پرسی ئافرەتان و یەکسانی نێوان ژن و پیاو پرسێکی گرنگە ، زۆر هۆکار هەن بۆ چەوسانەوە و توند و تیژی دژی ژنان کە تا ئێستاش بەردەوامە ، یەکێک لە هۆکارەکانی چەوسانەوی ژنان چەوسانەوەیانە لە ژێر ناوی ئیسلام ، لێرەدا من دەمەوێ نمونەیێکی زەق بخەمە ڕوو کە لە ناخەوە دەمهەژێنێ ، ئەویش ئەوەیە کە ڕەگەزی مێینە لە تەمەنێکی بچوک حەوت تا هەشت ساڵ بگرە بچوک تریش ناچارده‌كرێن كه‌ دەبێ سەریان بپۆشن ، وە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە سەرنجی پیاوان ڕانەکێشن..!

زۆر نمونەی ترسناکتریش هەیە ، ئێمە پێویستە ئەو کردارانە بە هەند وەرگرین و کار بکەین لە گەڵ ئەو پرسانە بۆ ئەوەی بەردەوام نەبن و زیانی زیاتر نەبەخشن ، هەندێ گۆڕانکاری کراون بەڵام ئێمە دەبێ بەردەوام بین لە خەبات بۆ ئەوەی کاری باشتر بکەین لە پێناو ئەو ئامانجە.

ئێمە وەکو حزبی شیوعی کوردستان باوەڕمان بە دەنگی ژن هەیە لە کۆمەڵگەیه‌کی دێموکراتی، و پێمان وایە لە هەر کۆمەڵگایه‌ك دەنگی ژن كپ بکرێ ئەوا ئه‌و کۆمەڵگایە کۆمەڵگایه‌کە دوورە لە عەدالەتی کومەڵایەتی و یەکسانی تێیدا بەرقەرار نیە.

من بیرمە کە زۆر منداڵ بووم دایکم و خوشکان و ئەو ژنانەی کە بوونە ڕێپیشاندەری ئێمە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە ژیانی من، خەبات و هەڵوێستی ئەوان بونە هۆکارێک بۆ بەشێک لە گۆڕانکاری، هەر ئەوە بوو وای کرد منیش تێبکۆشم لە پێناو ئەو پرسە و ڕێبازەکەی ئەوان بگرم.

ژنانی کوردستان ڕۆلێکی گرنگیان هەبووە لە خەباتی ڕەوای گەلی کوردستان، یەکێک لەوانە ئەوان قەبوڵیان نەکرد کە گەلی کوردستان لە لایه‌ن داعش بچەوسێتاوە ، خەباتیان کرد شان بە شانی پیاوان ، زۆر گرنگە ئێمە هاوکاری ئەو ژنانە بین کە خەبات دەکەن بۆ یه‌كسانی و ئازادی کوردستان.

بژی خەباتی ژنان و پیاوان بۆ ئازادی و یەکسانی.

چالاکی حزبی