ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای كوردستان

لەڕاگەیەندراوێكدا كە لە سەرەتای شوباتی 2019 بە زمانی عەرەبی بڵاوكراوەتەوە، حزبی شیوعی كوردستان پاڵپشتی گەلی فەنزوێلا دەكات لەو بارودۆخەی بەهۆی دەستێوەردانی ئەمریكا و هەندێك وڵاتی ئەوروپا و ئەمریكای لاتین دەیكەن لە كاروباری ئەو وڵاتەدا.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: "حزبی شیوعی كوردستان هاوپشتی گەلی فەنزوێلا دەكات لە پاراستنی بڕیاری نیشتمانی و ئیرادەی سەربەخۆییانە لەڕێگەی دامەزراوە شەرعییەكانییەوە. دوور لە دەستێوەردانی ئەمریكا و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا كە دەیانەوێت حكوومەتی فەنزوێلا بڕوخێنن لەڕێگەی پاڵپشتیكردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنە توندڕەوەكان كە دەیانەوێت لە ڕێگەی خۆپیشاندانی توندوتیژەوە حكوومەتەكەی نیكۆلاس مادۆر بڕوخێنن. یاخود لەڕێگەی كودەتای سەربازی و ڕێگەكانی دیكە دوور لە سندووقی هەڵبژاردن و دەنگدان. كە دەبێتە هۆی ئاڵوزبوونی دۆخی فەنزوێلا و دروستبوونی قەیرانی مرۆیی ناپێویست و توندوتیژی و نائارامی لەناوچەكەدا، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە هەندێك لە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكا باس لە "گورزی سەربازی" دەكەن دژ بە فەنزوێلا و كوبا و نیكاراگوا وەك بەشێك لەوەی بە "ترۆیكای ستەمكاری" ناوی دەبەن.

لە ڕاگەیەندراوەكەی حزبی شیوعی كوردستاندا تیشك خراوەتە سەربارودۆخی فەنزوێلا و تیایدا هاتووە: "لەوكاتەی كە پێویست دەكات پێداچوونەوەیەكی گشتگیر بە سیاسەتی ئابووری حكوومەتی فەنزوێلا بكرێت و ئابووری بەرخۆر تێپەڕێنێت كە بە بنچینەی قەیرانی ئابووری وڵاتەكە ئەژمار دەكرێت، ئەوە سیاسەتی سەپاندنی سزای ئابووری ئەمریكا وای لە حكوومەتی فەنزوێلا كردووە كە بێبەش بێت لەو كەرەستە و ئامرازانەی كە بتوانێت لەڕێگەیەوە لە چەقبەستوویی ئابووری ڕزگاری بێت و بۆتە هۆی دابەزینی زۆر لە بەرهەمهێنانی نەوت و قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری".

لەبەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەی حزبی شیوعی كوردستاندا هاتووە: "دۆخی سیاسی لە فەنزوێلا و ئەمریكای لاتین زۆر ئاڵۆزە. ماوەیەكی درێژە فەنزوێلا لەسەر بنچینەی ڕەگەزیی و كۆمەڵایەتی و ئابووری دابەش بوون. لەسایەی هەڵئاوسان و قەیرانی قووڵی ئابووری، ئەو وڵاتە هەر بە پارچەیی و دابەشبوونی سیاسی ماوەتەوە، لایەك لەلایەكان ناتوانێت بە ئاسانی ئەوی دیكە شكست پێ بهێنێت. بەتایبەتی ئەگەر قەبارەی سوپا و گرووپی چەكدارییەكان لەلایەك و لەولاشەوە باوەڕبوون بە سەروەری نیشتمانی بەرفراوان كە لە ئەمریكای لاتین هەیە لەبەرەنگاری دەستێوەردانی ئیدارەی ئەمریكای لەبەرچاو بگرین".

چارەكردنی بارودۆخی ئابووری فەنزوێلا لەڕێگەی چارەسەرییەكانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و ئەو ڕێگە چارانە نابێت كە پشت دەبەستێت بەئابووری بازاڕی لەدەستدەرچوو، بەڵكو لەڕێگەی پێداچوونەوەی ڕەخنەییانە بەو سیاسەتە ئابوورییانەی كە ئێستا لەو وڵاتە هەیە كە ئەوەش پێویست بەوەی سزای ئابووری لەسەر هەڵبگیرێت، ڕێز لەسەروەری نیشتمانی بگیرێت. بانگهێشتكردنی لایەنە ناكۆكەكان بۆ یەكلاكردنەوە لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە كە پێویستییەكە بۆ ئەو كۆمەڵگایانەی كە دابەشی سیاسی بوون و ناكۆكییەكانیان لەڕێگەی هەڵبژاردن و سندووقی دەنگدانەوە چارەناكرێن".

لەكۆتایی ڕاگەیەندراوەكەیدا، حزبی شیوعی كوردستان ڕای گەیاندووە: "پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پاڵپشتی دانوستانی حكوومەتی فەنزوێلا و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بكات. ئەوەش كارێكە وا دەكات دواجار ئەو وڵاتە لەو قەیرانە سیاسی و ئابوورییەی تێیكەوتووە ڕزگاری بێت".

 

چالاکی حزبی