ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێگای كوردستان

كۆبونەوی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان، رایدەگەینێت: لە كاتێكدا لە هەولێر لوتەكەی باڵای نێودەوڵەتی تەندرووستی دەبەسترێت، بواری تەندرووستی گەورەترین زیان و دواكەوتن بە خۆیەوە دەبینێت و هەنگاوەكانی بەتایبەتكردنی كەرتی تەندرووستی بە شێوەیكی بەرفراوان هەیە و لاوازی خزمەتگوزارییەكان لە نەخۆشخانە گشتییەكان و نەبوونی سیستمی بیمەی تەندرووستی بۆ هاووڵاتیان، گرفتێكی گەورەی بۆ خەڵكی زەحمەتكێش و كەمدەرامەتەكان درووست كردوە".

دەقی راگەیەنراوەكە:

 

بە وەستانی رێزلێنان بۆ گیانی شەهیدانی حزب و گەل، كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان لە 20ی نیسانی 2019دا كۆبونەوەی ئاسایی خۆی بەست. پەرەسەندنەكانی ڕەوشی سیاسی لە كوردستان و عێراق و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بابەتی سەرەكی باس و لێكدانەوەی كۆبونەوەكە بوو.

سەبارەت بە ڕەوشی سیاسی و هەلومەرجی ئابوری و كۆمەڵایەتی لە كوردستاندا، كۆبونەوەكە ئاماژەی بە مەسەلەی دواكەوتنی دامەزراندنی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، و هۆكارەكەی گەڕاندەوە بۆ بەردەوامبوونی ململانێی حزبی ئەو لایەنانەی كە كابینەی نوێ پێكدەهێنن لە بواری دابەشكردنی پلەوپۆستی دەسەڵاتە سەرەكییەكان و وەزارەت و بەرێوبەرە گشتییەكان لە سەر بنەمای بەشبەشێنەی حزبی و ڕازیكردنی یەكتر بە پلەوپۆست، كە ئەمەش لە سەر حسابی بەرنامە و ئاراستەی سیاسەتەكانە لە هەلومەرجێكی ئێجگار سەخت و دژوار و مەترسیداردا كە ناوچەكە بە گشتی پێدا تێدەپەرێت.

لە كاتێكیدا ئەم ململانێیە لە سەر پەلە و پۆستدا هەیە، حكومەتی ئێستای هەرێم بەردەوامە لە سەر هەنگاوەكانی بۆ بەتایبەتكردنی بەشێك لە بوارەكانی خزمەتگوزاری گشتی كە ئەمەش بەشێكە لە جێبەجێكردنی مەرجەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی. 

شایانی باسە كە لە كاتێكدا لە هەولێر لوتەكەی باڵای نێودەوڵەتی تەندرووستی دەبەسترێت، بواری تەندرووستی گەورەترین زیان و دواكەوتن بە خۆیەوە دەبینێت و هەنگاوەكانی بەتایبەتكردنی كەرتی تەندرووستی بە شێوەیكی بەرفراوان هەیە و لاوازی خزمەتگوزارییەكان لە نەخۆشخانە گشتییەكان و نەبوونی سیستمی بیمەی تەندرووستی بۆ هاووڵاتیان، گرفتێكی گەورەی بۆ خەڵكی زەحمەتكێش و كەمدەرامەتەكان درووست كردوە، و بەڕێژەیەكی كەم لە خزمەتگوزارییەكان سوودمەند بوون. تێكرای ئەم بابەتەش گرنگی بوونی یاسایەك بۆ بیمەی تەندرووستی دەكاتەوە، و حزبمان وەك خاڵێكی سەرەكی لە بەرنامەكانی خۆیدا كاری بۆ دەكات.

كۆبونەی كۆمیتەی ناوەندی حزب داوادەكات حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوەكانی بەتایبەتكردنی بوارەكانی ئابوری و خزمەتگوزاری كە بەپێی مەرجەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەكرێت، ڕابگیرێت، و ئەم هەنگاوانە سروشتی ئابوری بەرخۆر لە كوردستاندا فراوانتر دەكات و لە ئاكامیشدا خزمەتی بۆرژوای بیروكرات و مشەخۆر لە سایەی سەرمایەدارییەكی دواكەوتوو و وابەست، دەكات، و لە باتی ئەم سیاسەتە پێویستە پلانی نەخشەی ئابوری لە سەر بنەمای گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام دا بنرێت، و بایەخ بە بوژانەوەی سەرجەم كەرتەكانی ئابوری بەتایەتی لە بواری كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشت و گشتوگوزار، و بایەخدان بە پاراستنی ژینگە، بدرێت.

هەر لەم بوارەشدا گرنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان جگە لە بەدواچوون و داواكردنی مافی جوتیارانی كوردستان كە گەنم و دانەوێڵەیان بە حكومەتی فدراڵ داوە و تا ئێستا شایستە داراییەكانیان وەرنەگرتوە، پێویستە ئاسانكاری و نەخشەی بوژانەوەی بواری كشتوكاڵ بە پلەی یەكەم لە پلانی گەشەپێدان دابنێت، و هاوكات حزبمان سەرجەم شێوازەكانی تێكۆشانی مەدەنی بۆ داكۆكیكردن لە مافی جوتیاران دەگرێتە بەر.

هاوكات لە گەڵ ئەم بارودۆخەدا نارێكی لە دابەشكردنی موچە و نەبوونی ئاسۆ و پێنەدانی هیچ بەرنامەو بەڵێنێك سەبارەت بە گەڕاندنەوەی موچەی سێ مانگی نەدراو و سەرجەم موجە پاشكەوتەكان، و سەقامگیر نەبوونی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فدڕاڵ، جۆرە دڵەڕاوكێیەكی نێو جەماوری گەلەكەمان درووست كردووە، و ئەمەش كارتێكردنی خراپی لەسەر ئابوری و بازاری كوردستان كردووە.

لە هەمان كاتدا و بە پێی ئەو زانیارییانەی كە هەیە وەزعی كۆمەڵایەتی و ئاسایشی گشتی خەڵك بە بۆنەوەی زیادبوونی دیاردەكانی تاوان و ئۆتۆمبێل ڕفاندن و دزی و زیادبوونی بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكان و تاوانی هەمەجۆر، دڵەڕاوكێیەكی دیكەی لە بواری ئاسایشی گشتی خەڵك درووستكردوە، و هەر بۆیە كۆبونەوەی كۆمیتەی ناوەندی حزب هۆشداری سەبارەت بە مەترسی زیادبوونی ئەم دیاردانە بە حكومەت دەدات و داوا دەكات رێگا و نەخشەی گونجاو بگرێتە بەر بە مەبەستی چارەسەركردن، و ئەم دیاردە مەترسیانەی بواری ئاسایش و وەزعی كۆمەڵایتی لە بواری خراپ بوونی وەزعی ئابوری جوداناكرێتەوە.

كۆبونەوەی كۆمیتەی ناوەندی حزب دوپاتی كردوە كە لەسەر هەموو شێوازەكانی تێكۆشانی دیموكراتی مەدەنی بۆ داكۆكیكردن لە بەرژەوەندی جەماوەری گەلەكەمان لە ڕوانگەی هەڵوێستی وەك ئۆپۆزیسیۆنێكی چەپی دیموكرات بەردەوام دەبێت، و چەختی لەسەر پێویستی چاكسازی لە سەرجەم بوارەكاندا وەك ئامرازێك بۆ پتەوكردنی بەرەی نێوخۆیی، كردەوە.

كۆبونەوەی كۆمیتەی ناوەندی حزب ئاماژەی بە وەزعی ناهەمواری عێراق و نەبوونی خزمەتگوزاری و زیادبووونی دیاردەی بێكاری و هەژاری كە لە هەندی پارێزگای باشوردا گەیشتۆتە پەنجا لە سەد، كرد، و ئەمەش هاوكاتە لە گەڵ زیادبوون و بەرفراوانبوونی دیاردەكانی گەندەڵی، و دواكەوتنی پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی شەڕی داعش و شەڕی تایفەگەری و مانەوەی ناوچە كاولبووكانی موسل و وشوێنەكانی دیكە بێ ئاوەدانكردنەوەی پێویست، و بوونی دەستێوەردانی میلشیاكانی حزبە دەسەڵاتدارەكانی حكومەتی فدراڵ لە پرۆسە ئابورییەكاندا.

حزبمان داوادەكات حكومەتی فدڕال بە پێی نەخشەیەكی زانستی، پەلە لە ئاوەدانكردنەوی ئەو ناوچانە دوور لە دەستێوەردان و گەندەڵی ئەو لایەنانە بكات، و كار بۆ ئاسایكردنەوەی وەزعی سیاسی ئەو ناوچانە و جێبەجێكردنی ماددەی 140 بە گشتی و لەو شوێنانەی كە ئەو ماددە دەستورییە دەیانگرێتەوە، بكات، كە ئەمەش رێگا چارەیەكە بۆ گەڕِاندنەوەی ئەو ئاوارانە بۆ شوێنی خۆیان. 

هەر لەم بوارەشدا ئەركی سەرەكی حكومەتی فدراڵە كە ئاسانكاری بۆ گەڕاندنەوەی ئێزیدییەكان بۆ شوێنی ڕەسەنی خۆیان بكات، و ئەمەش پێویستی بە چەمكی عەدالەتی ڕاگواستنی (ئینتقالی)ی، و داننان بە جینوسایدكردنی كوردی ئێزیدی، و دامەزراندنی دادگایەكی نێودەوڵەتی بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دادگاكردنی تاوانبارانی جینوساید هەیە، جگە لە گرنگی دادگایكردنی سەرجەم تاوانبارانی جینۆساید.

لە بواری ئاڵۆزی بارودۆخی سیاسی لە عێراق و ناوچەكەدا كۆمیتەی ناوەندی حزب ئاماژەی بە مەترسییەكانی ململانێی ئەمەریكا و ئێران لە سەر ئاشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی كرد، و داوادەكات حكومەتی فدراڵ و حكومەتی كوردستان كار بۆ ئەوە بكەن كە كوردستان و تەواوی عێراق نەبێتە گۆڕەپانی ململانێی ئەم دوو هێزە، كە ململانییەكانیان دژ بە بەرژەوەندی گەلانی ناوچەكەیە، و ئەمەش پێویستی بە سیاسەتێكی سەربەخۆ دوور لە جەمسەگیری و دابەشبوون بە سەر لایەنەكانی ئەم ململانییە، هەیە، بەتایەتی بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای داننانی ئەمریكا بە گواستنەوەی پایتەختی ئیسرائیل بۆ قودس و ژماردنی جولان بە بەشێك لە خاكی دەوڵەتی ئیسرائیل، لە بارگرژییەكی دژواردایە. سەبارەت بەم بابەتەش حزبمان لەگەڵ نەهێشتنی چاوگەكانی بارگرژییە لە ناوچەكەدا لەسەر بنەمای بەردەوامبوونی پرۆسەی ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل بەپێی بریارەكانی نەتەوە یەكگرتووكان.

كۆبونەوی كۆمیتەی ناوەندی حزب پشتگیری تێكۆشانی گەلی كوردستان لە سەرجەم پارچەكاندا دەكات و جەختی كردەوە كە سەقامگیربوونی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستی بە چارەسەركردنێكی دیموكراسی و ئاشتیانەی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستانە لە باكور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا لە سەر بنەمای رێزگرتن لە ئیرادەی گەلی كوردستان كە بنەمای بەیەكەو ژیانی سەرجەم گەلانی ناوچەكەیە.

كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان 

20، نیسانی 2019 

چالاکی حزبی