ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بڕیار محەمەد- رێگای كوردستان- گەرمیان

پاش 31 ساڵ لەدۆزینەوەی روفاتی ئەنفانلكراوان و ئاشكرابوونی گۆڕی ئەنفالكراوانی كورد لە باشوری عێراق ، ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند بە كەتەرخەم دەزانی لە بەرامبەر ئەو تاوانە گەورەی رژێمی روخاوی بەعس ، بەپێویستیشی دەزانێ حكومەتی هەرێم و ناوەند پەلەبكەن لەدۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی تری ئەنفالكراوانی كورد.

ئەمڕۆ دوو شەممە 22ی نیسانی 2019، هاورێ جەوهەر شوكر ، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی كۆمیتەی محەلی گەرمیانی حزبی شیوعی كوردستان، بە (رێگای كوردستان) ی راگەیاند " تاوانی ئەنفال یاخود جینۆسایدی ئەنفال كوردی بە جیهان ناساند، بۆیە دەبوو حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پاش راپەڕینی بەهاری 1991 و حكومەتە پێكهێنراوەكانی عێراقیش دوای روخانی رژێمی بەعس و سەدام حوسێن لەهەموو روویەكەوە ئاوڕی جدیان لە كەیسی ئەنفال و دۆخی دەرونی و ئابوری و كۆمەڵایەتی كەس و كاری ئەنفالكراوان بدایەوەتەوە.

گووتیشی" ئێمە وەك حزبی شیوعی كوردستان ، پێمان وایە لەناساندنی كەیسی ئەنفال لە رووی نێوەدەوڵەتی و بەدیكۆمینتكردنی تاوانەكە و هێنانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان تا ئێستا دوای 31 ساڵ حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان كەمتەرخەمن.

هاورێ جەوهەر شەكر بە پێویستی زانی پەلەبكرێ لەهێنانەوەی رووفاتی ئەنفالكراوانی كورد كە لە ساڵرۆژی تاوانی ئەنفالی ئەمسلدا لە سەماوە دۆزرانەوە ،هاوكات كار بكرێ بۆ دۆزینەوەو هێنانەوە روفاتی تری ئەنفالكراوان لەگۆڕە بەكۆمەڵەكانی تر.

 

چالاکی حزبی