ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی لێدوانێكی پەرلەمانتارێكی حزبی شیوعی عێراق لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، هەیفا ئەمین ڕووبەڕووی پەلامار و هێرشی توندبۆوە. لە شاری ناسریە پەلاماری نووسینگەی پەرلەمانتاری ناوبراو و بارەگای حزبی شیوعی عێراق لەلایەن هێزە ئیسلامییە شیعییەكان درا. لەوبارەیەوە لە 7ی ئایاری 2019دا مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان بەیاننامەیەكی پاڵپشتی ڕاگەیاند كە تیایدا هاتووە؛ "جارێكی دیكە هەندێك لە حزبەكانی ئیسلامی سیاسی لە ڕێگای بەكارهێنانی شێوازی پۆپۆلیستی و وروژاندنی بێ بەها لەڕێگەی شێواندن و لێكدانەوەی ناڕاستی ئەندامەكانی كۆكردەوە بۆ پەلاماردانی بارەگاكان". هەروەها لە بەیاننامەكەی حزبی شیوعی كوردستاندا هاتووە؛ "ئێمە لە حزبی شیوعی كوردستان بەتوندی ئیدانەی ئەو شاڵاوەی پەلاماردانەی هەیفا ئەمین و پەلاماردانی بارەگاكانی حزبی شیوعی عێراق دەكەین لەڕێگەی وروژاندنی هەستی خەڵكی سادە و تاخمە حزبییەكان بۆ پەلاماردانی بارەگاكان. داواش لە حكوومەتی ئیتیحادی دەكەین و دەستگا بەرپرسەكان لەپاراستنی ئاسایش دەكەین كە بەئەركی خۆیان هەستن لەپاراستنی پەرلەمانتار هەیفا ئەمین و بارەگاكانی حزبی شیوعی عێراق لە شاری ناسریە. هەروەها داوا لە سەرجەم هێز و لایەنەكان دەكەین كە سەركۆنەی ئەو دەستدرێژییانە بكەن".

لە كۆتایی بەیاننامەكەشیدا حزبی شیوعی كوردستان ڕای گەیاندووە؛ "پێویستە لەسەر حكوومەتی عێراق و هێزە سیاسییەكان ئەوانەی دەیانەوێت كۆتایی بە دیاردەی دواكەوتوویی ئابووری و كۆمەڵایەتی بهێنن، دەستبەرداری سیاسەتی ڕابردوو بن و ڕێبازێكی سیاسی بگرنەبەر كە جەخت لە پەرەپێدانی بەردەوام بكات و دیاردەكانی هەژاری لەناو ببات و دەرفەتی كار بڕەخسێنێت لە چوارچێوەی بازنەی بەرهەمهێنانی تەندروست و، گرفتی نەخوێندەواری چارەبكات و ئازادی بۆ ئافرەتان و مافەكانی مرۆڤ دەستەبەر بكات".

 

 

 

چالاکی حزبی