ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 بەهۆی شكستە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی عێراق لە بەڕێوەبردنی وڵات و هێشتنەوەی گرفتە كەڵەكەبووەكان و ئەو گەندەڵیەی سەراپای وڵاتی گرتۆتەوە، بەتایبەتیش كە ژیانی هاوڵاتیانی عێراق لەوپەڕی خراپیدایەو خزمەتگوزاریە گشتیەكانیش بۆ هاوڵاتیان نین و كەوتوونە ژێردەستی قۆرخكاران، تادێ‌ بێكاری وڵات دەخاتە ئاستی خنكان و هەژاری پانتاییەكی ترسناكی لەم وڵاتە دەوڵەمەندەدا داگیر كردووە، هەروا ئەو ناوچانەی شەڕ وێرانی كردووە هەر بەكەلاوەیی ماوەتەوەو بەم هۆیەشەوە خەڵكی دەڕژێنە سەر شەقامەكان و دەسەڵاتیش بە تونترین شێوە وەڵامیان دەداتەوە كە ئەوەش دژی مافەكانی مرۆڤ و وڵاتێكی دیموكراتی و تەنانەت دژی دەستووری عێراقیشە .

خۆپیشاندانەكانی ئەم چەند رۆژەی رابردوو بووە هۆی شەهید بوونی دەیان هاوڵاتی و بریندار بوونی دەیانی دی، بۆیە ئێمە لە حزبی شیوعی كوردستان - عێراق پشگیری تەواوی خۆپیشاندانە هێمنانەكانی خەڵكی عێراق دەكەین و داوا لە دەسەڵاتی بەغدا دەكەین هەرچی زووە وەڵامی داواكاریەكانیان بداتەوەو چیدی بە توندی بەرپەرچی خەڵكی زەحمەتكێش و برسی بەڕێگەی نادیموكراتیانە نەدرێتەوە، هەروا حزبی شیوعی كوردستان هەموو بەرپرسیاریەتێك لە پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران دەخاتە ئەستۆی حكومەتی عێراق و دەسەڵاتە خۆجێیەكان.

حزبی شیوعی كوردستان-عێراق

3\10\2019

 

 

 

چالاکی حزبی