ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لەوەتەی دەستپێکردنی ناڕەزایەتی ئاشتییانە کە زیاتر لە دوو مانگ بەر لە ئێستا دەستی پێکرد، هێزەکانی دەسەڵات و حزبە باڵادەستەکانی ناو دەستگا ئەمنییەکان هەموو تواناکانیان کۆکردەوە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانی ئاشتییانە. یەکەمین کاری سەرکوتکەرانەشیان کوشتن بوو لە ڕێگەی بەکرێگیراونی قەناس بەدەستەکان و بەبێ شەرمانە دەسەڵاتداران بە لایەنی سێیەم ناویان بردن، نەشیانزانی بەوە لاوازی پووکانەوەی سیاسی خۆیان بەدەردەخەن. وێڕای سەرکۆنەی کۆمەڵگای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئەو حزبانە و میلیشیا تایفییەکان و دەسەڵات بەردەوام بوون لە ئەنجامدانی تاوانی دیکە و، چەندین چالاکی مەدەنییان بێ سەروشوێن کرد و بەشێکیشیان کوشت، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو تاوانێکی دیکەشیان ئەنجامدا کە تیایدا دەیان کەس لە ڕۆڵەکانی ناسریە و نەجەف و بەسرا تیایدا بوونە قوربانی، کە تیایدا هێزەکانیان توندڕەویی پەڕگیر و لە ڕادەبەدەریان دژ بە هاووڵاتییانی مەدەنی بێ چەک بەکارهێنا لە ڕێگەی بەکارهێنانی فیشەک و بۆمبی فرمێسکڕێژ بە شێوەی ئاسۆیی و تەنانەت تا ئێستاش بۆ یەک چرکەش ڕاڕانەبوون لە کوشتنی ئەو لاوانەی داوای ژیانێکی شایستە و ئارام دەکەن دوور لە ڕێبازی بەشبەشێنەی تایفی و ڕەخساندنی هەلی کارێک کە شیایستە بێت بە ئایندەی خۆیان و وڵاتەکەیان.

ئەو تاوانەی کە شەوی ڕابردوو میلیشیا تایفییەکان لە ناوچەی سنەک و گۆڕەپانی خەلانی ڕوویاندا بەشێکی دیکەیە لە تاوانە قێزەوەنەکانیان لە ڕژاندنی خوێنی زیاتری هاووڵاتییانی مەدەنی کە جگە لە ڕاگەیاندنی ئیفلاسی سیاسییانە هیچی دیکە نییە.

ئێمە لە حزبی شیوعی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی ئەو ڕێکارە سەرکوتکەرە قێزەوەنانە دەکەین کە حزب و میلیشیا تایفییەکان و دەسەڵاتی فەرمانڕەوا ئەنجامی دەدەن، ئیدانەی توندی ڕژاندنی خوێنی لاوانی گەلی عێراق دەکەین.

سەربەرزی و نەمری بۆ شەهیدان

سەرشۆڕی بۆ ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە

مەکتەبی سیاسی

حزبی شیوعی کوردستان

7ی کانوونی یەکەمی 2019

 

 

چالاکی حزبی