ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 بەياننامەى كۆمەڵەى ئافرەتانى كوردستان لە يادى 8ى ئازار ڕۆژى جيهانى ئافرەتان و 10ى ئازار يادى 68 ساڵەى دامەزراندنيدا

لە ڕۆژی 8ى ئازاردا وەك نەريتيێكى ساڵان لەسەرانسەرى جيهاندا ئەوەى درك بە چەوسانەوە و جياكارى نێوان مرۆڤەكان و ڕەگەزەكان بكات ئامادەیە بۆ نوێكردنەوەى نەخشە و پەيامى كاركردن و دەربڕينى ناڕەزايەتى بەڕووى هەر ناڕەوايەتیيەك كە ڕۆژانە بەرانبەر بەشێكى گەورەى كۆمەڵگاكان ئەنجام دەدرێت ئەويش (ئافرەتانن)، لە پێناو بەرگريكردن لە مافە ڕەواكانيان بەردەوام لە خەبات و تێكۆشاندان بۆ بەدەست هێنانيان .

لەم سەدەيەدا هەرچەندە گۆڕانكارييەكان بەخێرايى بەڕێوە دەچن لە ڕووى پێشكەوتنى تەكنەلۆجيا و زۆربوونى كەرەستە و ئامێرى كارپێكردنيان، لەبەرانبەردا پاشەكشەيەكى بەرچاو و ترسناك بەديدەكرێت لە ئاستى هۆشيارى و هزرى تاكى كۆمەڵگادا و ژيانى ڕۆژانەى تەنيوە بە ئاراستەيەك بۆتە هۆى زيادبوونى كێشەی كۆمەڵایەتى و دەروونييەكان لە لايەن گەنجان بە تايبەتى و ئاراستەبوونيان بە شێوازێك و دابڕانيان لە بەها زانستى و مرۆييەكان و دووركەوتنەوە و بێ بايەخى لە خۆبنيادناندا .

ئەمە جگە لەوەى جارێكى تر ئەم بارودۆخە كاریگەرييەكى نەرێنى دژوارى كردۆتە سەر لاوازبوون و بەڕێوەچوونى ڕەوشى ئافرەتان بەئاستيێك شەپۆلەكان بەرەو تێكەڵكردنى ياساكان و داب و نەريتە كۆمەڵايەتيیەكان بە ئامانجى لەباربردنى بزووتنەوەی ئافرەتان و كپكردنەوەى دەنگەكان و بەفيڕۆدانی تێكۆشانى چەند ساڵەى ئەم توێژە هەر جارە و بەبيانووى ڕووداوێكى دەستكرد و بەمەبەستى خولقاندنى گێژاو و لەبيربردنەوەى بابەتە سەرەكيیەكان لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا و جگە لە ناجێگيرى بارودۆخى سياسى و ئابوورى لە هەرێمەكەماندا و دەست تێوەردانى وڵاتانى دەوروبەر و دروستبوونى نەخۆشيیە مەترسيدارەكان چ لە ڕووى زانستى و چ لە ڕووى تەندروستى و چ لە ڕووى دواكەوتنى بەڕێوەچوونى پرۆسەى پەروەردە و خوێندن و دروستبوونى دڵەڕاوكێ لە بوونى نەخۆشييە مەترسيدارە كوشندەكان و نەبوونى چاودێرى ياسايى سەبارەت بە دەرمان و خۆراك و گرانى نرخ و ماوە بەسەرچوو، لەئاكامى بەتايبەتكردنى زۆرينەى كەرتى گشتى بۆ بەتايبەت و سزا نەدانى سەرپێچیكاران بەهۆى پێشێلكردن و پەیڕەونەكردنى ياساكان و پشت بەستن بە پۆست و حزب و پارەدارييەوە .

كۆمەڵەى ئافرەتان لە يادى 10ى مارسدا بۆ 68 ساڵەى دامەزراندنى پيرۆزبايى ئاراستەى گشت ئافرەتانى كوردستان و عێراق و جيهان دەكات، پشتگيرى و هەماهەنگى خۆى لە بزووتنەوەى ناڕەزايەتى ئافرەتانى عێراق بەگشتى و كوردستان بەتايبەتى دەكات و بە ئاسۆى هاتنەدى داخوازييە ڕەواكان لە ئاست بەرقەراربوونى ئارامى و چەسپاندنى ياسايەكى دادپەروەرانەى يەكسان بۆ پاراستنى مافەكانى ژنان و منداڵان، پەيامى بەردەوامى لە خەبات و تێکۆشان لە پێناو يەكسانى بۆ ئافرەت و بەخيتارى بۆ منداڵ و خێزان دووپات دەكەينەوە و هەميشە بێ بەرانبەر كارى جدى ئەنجام دەدەين بە ئاراستەى پتەوبوونى ڕۆڵ و پێگەى ئافرەتان بۆ گەيشتن و بەديهێنانى يەكسانى و دادپەروەرى كۆمەڵايەتى و بەشدارى كارا لەسەرجەم كايە و دامودەزگا فەرميى و سياسيیەكاندا بێ جياوازى .

لەم دوو يادەدا بەهەلى دەزانين جگە لە پەيامى بەردەوامى لە تێكۆشان و ئەنجامدانى كار و چالاكى هاوبەش و پاڵپشتى هەردەستە و گرووپێک و كۆمەڵێك لە پێناو خزمەتى دۆزى يەكسانى و بەرەو پێشچوونى ڕەوشى ئافرەتان، هەميشە لە مەيداندا بێ جياوازى بۆ ڕاگرتنى هاوسەنگى و بەرگريكردن لە دەستکەوتەكانى بەرهەمى هەوڵ و تێكۆشانى چەندين ساڵەى بزووتنەوەى ئافرەتان بۆ دووربوونى لە هەڵوەشاندنەوەيان و پەيڕەوكردنيان بەدەقى خۆى لە گشت بوارەكاندا كار دەكەين .

هەر بۆیەش بەپێويستى دەزانين بڵێين داخوازى ئێمەى ئافرەتان و خێزانەكان و گەنجان بۆ بەرگرتن لە كۆمەڵێ ڕووداو و كارەسات بە پلەیى يەکەم حكوومەت بەرپرسياريەتى دەکەوێتە ئەستۆ لەڕووى سنوردانان و سزادانى ئەنجامدەران و سەرپێچیكارانەوە لەمەڕ دروستبوونى چەندين دياردەى شێوێنەر و چەواشەكارانە.

ئەمانەش :

- پەیرەوكردنى ياساى قەدەغەكردنى بەكارهێنانى چەک و تەقەمەنى .

- سەروەرى ياسا پارێزراو بێ لە هەموو ڕوويەكەوە.

- سنوردانان بۆ هەر مينبەرێك لە ئاراستەكردنى كۆمەڵگا بە ڕووى كوى .

- چاودێرى و سنوردانان بۆ ڕۆڵی دەزگا ڕاگەياندنەكان بە ئاراستەى هۆشيار كردنەوە و ئارامكردنەوەى تاك بێت نەك شێواندن و چەواشەكردنيان .

- ڕێگرتن لە هەر دەزگا و حزب و لايەنێك ببێتە ڕێگر لە ئاست سزادانى تاوانباران و سەرپێچيكاران، سەرجەم هاووڵاتیيان بەيەك ئاست مامەڵە بكرێن .

- ئەنجامدانى خوێندنەوەيەكى وردتر و باشتر لە پرۆسەى پەروەردە و خوێندن .

- پەيڕەوكردنى چاودێرى لە كەرتى تەندروستى و دەرمان و خۆراكى ماوە بەسەرچوو لە پێناو پاراستنى گيان و تەندروستى هاووڵاتیيان .

- ڕێزگرتن لە توێژەكانى كۆمەڵگا و دووركەوتنەوە لە بازرگانى كردن پێيانەوە و نەقۆستنەوەى هەل و زەحمەتیيەكانى ژيان .

- بنبڕكردنى دووبەرەكى لە نێوان چين و توێژ و بەشەكانى كۆمەڵگا و سەرقاڵ نەكردنيان بە يەكترەوە بە بابەتى بێ بايەخ .

بەرز و پيرۆزبێ يادى (8 و 10) ئازار

شكۆدار و سەركەوتووبێت خەباتى بزووتنەوەى ئافرەتان

كۆمەڵەى ئافرەتانى كوردستان

ئازارى 2020

 

چالاکی حزبی