ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  
 

با دەزگاکانی ئاسایشی هەرێم لە ئەرکەکانی خۆی بەردەوام بێت نەک بەکارهێنانیان لە ململانیی حزبیدا

بەیاننامەی لێژنەی كاری ھاوبەشی حزبی زەحمەتكێشان و شیوعی و بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابووردوودا بە بۆنەی مەترسی ڤایرۆسی کورونا و ئامادەکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو دامودەزگاکانییەوە بەتایبەتی دەزگا هەمەجۆرەکانی ئاسایش جگە لە تەندروستی و پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆ بە گشتی، بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک ، ئاستی متمانە و هاوکاری خەڵک بۆ کارەکانی حکومەت سەبارەت بە بابەتی مامەڵەكردن لە گەڵ مەترسییەكانی كورونا، و تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە بەرزبۆوەو لەم ڕووانگەیەوە حکومەت و خەڵک هاوکاری یەکتر بوون. کەچی لە گەرمی ئامادەکاری و کارکردن بۆ سەرکەوتن لە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەستیارە کە دڵەڕاوکێ و مەترسی لە جیهاندا دروست کردوە، دەزگاکانی ئاسایش و زانیاری لە هەولێر و سلێمانی، کە تا ئێستا بە واقعی دوو زۆنی مامەڵە دەکەن و حکومەت توانای یەکخستن و بەناوەندنی کردنی نییە، دیسانەوە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بە عەقلیەتی حزبایەتییەوە کەوتنە هێرش کردن و ڕاگەیاندن بڵاوکردنەوە لەسەر یەکتر لە کاتێکدا دەکرا ئەو بابەتەی جێگای ناکۆکییە لە لایەن هەردوو لایەنی دەسەڵاتدار و لە چوراچێوەی باوەڕبوون بە کاری شەرعیەتی حکومەت چارەسەر بکرێت، نەک بە عقلیەتی هێرشی ڕاگەیاندن لە سەر یەکتر و لۆجیکی کار و کاردانەوە.

ئەم گرفتەی کە ئێستا ڕووی داوە، مەسەلەیەکی نوێ نییە، و بەردەوامبوونی عەقلیەتی دوو ئیدارەیی و نەبوونی دامەزراوی یەکگرتووە، و تەنانەت دەتوانین بلێن هەست نەکردنە بە بەرپرسیارێتی لە کاتێکدا لە لایەکەوە مەترسی ڤایرۆسی کورونا ژیانی ڕاوەستاندووە، و نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا هێندە دابەزیوە کە خەڵکی مەترسی لە سەر موچەی هەیە، و لەو لاشەوە کار بۆ دامەزراندنی حکومەتی نوێ عێراق هەیە کە ئەمەش پێویستی بە یەک هەڵوێستی سیاسی کوردستانی هەیە، نەک کێشە درووستکردن وشەڕی ڕاگەیاندن.

جەماوەری گەلی کوردستان چاوەڕوانی ئەوەیە کە گشت لایەنە سیاسییەکانی نێو حکومەت لە ئاست پەرەسەندنی بابەت و کێشە و گرفتەکانی ئەم ڕەوشە بن، و چاکسازی ڕاستەقینەی بە نەهێشتنی تێکرای دیاردەکانی دوو ئیدارەیی و بە یەکخستنی دەزگاکانی ئاسایش و پێشمەرگە وەدی دێت.

حزبی شیوعی کوردستان

حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان

21 ی ئاداری 2020

چالاکی حزبی