ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/5/20 لە بەردەم بارەگای كۆمیتەی پارێزگای هەولێری حزبی شیوعی كوردستان، گردبوونەوەیەك دژ بە وتارەكەی بەڕێز فەرهاد ئەتروشی پارێزگاری دهۆك ئەنجامدرا، هاورێ‌ ئەحمەد شێروانی سكرتێری كۆمیتەی پارێزگای هەولێر و ئەندامی مەكتەبی سیاسی گوتەیەكی پێشكەش كردوو ناڕەزایی شیوعییەكانی گەیاندە لایەنی بەرپرس و پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو گوتی: هاوڕێیان لەم لێدوانەی پارێزگار توڕەن و دەبێت داوای لێبووردن بكات، چونكە شیوعییەكان لە سەردەمە سەختەكاندا داكۆكیكاری نیشتمان بوون و لەم پێناوەشدا تێكۆشاون‌و قوربانی وخوێنێكی زۆریان بەخشیوە، بۆیە تەكفیركردنی هاوڕێیان جێگەی قبوڵ نییەو دەخوازین لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرێ‌.

شایانی باسە ئەم گوتەیەی پارێزگاری دهۆك بەڕێز فەرهاد ئەتروشی لەو كاتەوە هات، كە بەشێك لە مامۆستایانی پارێزگاری دهۆك بە مەبەستی داواكردنی مافی رەوای خۆیان كە مووچە بووە رژاونەتە سەرشەقام‌و داوایان لەلایەنی پەیوەندیداركردووە كە مووچەیان لە كاتی خۆی پێبدرێت، دوای ئەوەی لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی دهۆك بەشێوەیەكی توند‌وتیژی بەربڵاوەیان بە خۆنیشاندەران كرد، لە لێدوانێكیدا پارێزگاری دهۆك گلەیی لە بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان كرد كە وەك خۆی دەڵێ‌ لە پشتی ئەو خۆپیشاندانەی دهۆك بوونە لەنێویاندا ناوی حزبی شیوعی دەهێنێت‌و بەبێ‌ دین‌و كافر ناوی دەبات.

چالاکی حزبی