ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وتاری هاوبەشی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستان و بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان

لە دووەمین کۆنفرانسی کۆڕبەندی چەپی کوردستان لە 21ی نۆڤەمبەری 2020دا

 -ئەم وتارە لە سەرەتای کۆڕبەندی چەپی کوردستان، بەناوی هەر سێ حزبەوە، لەلایەن د. کاوە مەحموود سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان پێشکەش کرا.

 سڵاوی تیکۆشان لە پێناوی کوردستان و خەڵکی ڕەنجدەر و زەحمەتکێش لە گۆڕەپانی خەبات لە پێناوی عەدالەتی کۆمەڵایەتی.

جێگای شانازیمە کە لە لایەن هاوڕێیانم لە حزبی زەحمەتکیشانی کوردستان و بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان ئەرکی ئامادەکردنی ئەم بابەتەیان پێ ڕاسپاردم سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ڕەوشی کوردستانی باشور. هەڵبەتە ئەم بابەتە بریتییە لە خاڵە هاوبەشەکانی بۆچوونی هەر سێ حزب، و بێگومان هەر یەک لەم سێ حزبەش بۆچوون و هەڵسەنگاندنی تایبەتی خۆی هەیە سەبارەت بە کۆمەڵێک خاڵی دیکە کە هەڵبەتە ئامادەبووانی هەر سێ حزب لە دووەمین کۆڕبەندی چەپی کوردستان ئاماژەی پێ دەکەن، یان هەندی ئەم خاڵانەی باس کراوە زیاتر دەچنە نێو شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی.

بۆ ئەم مەبەستە ئاماژە بۆ ئەم خاڵە هاوبەشانە دەکەم:

1ـ بەردەوامبوونی سیاسەتی گۆڕانکاری دیمۆگرافی و تەعریب لە ناوچەکانی مادەی 140ی دەستور بەتایبەتی لە کەرکووک، و ئەمەش جگە لە کارکردن بۆ گۆڕینی شوناسی ناوەندی شاری کەرکووک، شاڵاوێکی شۆڤینی دژ بە جووتیارانی کورد لە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکووک دەکرێت، و خودی جووتیاران ڕێگای بەرەنگاربوونەوەیان هەڵبژاردووە.

2ـ بەردەوامبوونی قەیرانی مێژوویی دەوڵەتی عێراق و پەککەوتنی پرەنسیپەکانی تەوافق و هاوسەنگی و شەراکەت کە پرۆسەی سیاسی عێراقی لە سەر بنیات نرابوو، ئەمەش لە دووا بڕیاری قەرزوەرگرتن لە لایەن پەرلەمانی عێراق ڕەنگی دایەوە کە لە ڕێگای زۆرینەوە بڕیارێکیان سەپاند دژ بە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان.

3ـ بەردەوامبوونی دەستێوەردانی وڵاتە هەرێمایەتییەکانی و ناوەندەکانی دەوڵەتی قوڵ (الدولە العمیقە) لە عێراقدا بۆ تەنگهەڵچنین بە قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان لە نێو دەوڵەتی عێراقدا. ئەمەش لە داگیرکردنی بەشێک لە خاکی کوردستانی باشور لە لایەن تورکیا و بۆردمانکردنی ئێران و جیبەجێ نەکردنی مادەکانی دەستوری عێراق بەتایبەتی مادەی 140 ڕەنگی داوەتەوە.

4ـ نەبوونی سەقامگیری سیاسی ناوخۆیی لە وەزعی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە نێوان خودی حزبە حوکمڕانەکان کە تا ئێستا نەیانتوانیوە دیاردەکانی دوو ئیدارەیی وەلا بنێن و دامەزراوەی تۆکمە درووست بکەن و پرەنسیپەکانی حوکمڕانی باش پەیڕەو بکەن، و بە شێوەیەکی کردەی سیاسەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دابڕێژن. ئەو ڕەوشە هاوکاتە لەگەڵ بوونی عەقڵیەتی پۆپۆلیستی لە لایەن زۆربەی هێزە سیاسییەکانی لە لایەک و تەسککردنەوەی ئازادییەکان لە لایەن حکوومەتەوە لە لایەکی دیکەوە.

5ـ زیادبوون و قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ڕەفتاری حکوومەتی فیدراڵی، بەڵام بنەمای سەرەکی ئەو قەیرانە بۆ سیاسەتی ئابووری چەند ساڵە و بەردەوامی حکوومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە کە پەیڕەوی سیاسەتی بەتایبەتی کردنی سەرجەم چالاکی ئابووری لە کوردستاندا دەکات و ئێستاش گەیشتووەتە بواری ئاو و کارەبا و بەرفراوانبوونی لە بواری تەندرووستی و خوێندن و زیادکردنی باج و پول کە تێکڕای ئەم هەنگاوانە خزمەتی بۆرژوای مشەخۆر و بیرۆکرات دەکات، و بەشێک لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتییە.

6ـ زیادبوونی دیاردەی هەژاری و بێکاری لە ئاکامی سیاسەتی ئابووری پەیڕەوکراو و تێکڕای ئەم بابەتەش لە سەر وەزعی کۆمەڵایەتی بە نەرێنی کاری کردووە و دیاردەکانی تاوان و تێکچوونی شیرازەی خێزان زیادی کردوە، و دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان فراوانتر بووە.

7ـ خراپبوونی وەزعی تەندرووستی بە هۆی کۆرۆناوە و نەبوونی سیستەمێکی تەندرووستی پتەو و کاریگەر کە پشتگیر بێت بە هاوکاری حکوومەت بۆ ئەم کەرتە و کەرتە ئابوورییەکانی دیکە.

8ـ دواکەوتنی وەزعی زانکۆ و خوێندنگاکان بە هۆی کۆرۆناوە لە لایەک و دوواکەوتن و لاوازی سیستەم و سیاسەتی خوێندن لە لایەکی دیکەوە.

9ـ خراپبوونی ڕەوشی گوزەرانی لاوان و نەبوونی فرسەتی کارکردن بۆیان، کە ئەمەش وای کردووە دیاردەی بەجێهێشتنی وڵات بەرەو هەندەران زیاد بکات.

10ـ فراوانبوونی ناوەندی خەڵکی زەحمەتکێش و توێژە پەراوێزخراوەکان و لاوازبوونی پێگەی چینی مامناوەندی کە ئەمڕۆ زیاتر بەرەو ناوەندی هەژاری و چەوساوە و پەراوێزخراوەکان دەچن.

خاڵە هاوبەشەکانی هەر سێ حزب سەبارەت بە ڕەوشی سیاسی هەڵبەتە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە کارکردنی هاوبەشی هەر سێ حزب بۆ خستنەڕووی سیاسەتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەم ڕەوشەی کوردستان، کە هەڵبەتە لە تەوەری ئەرکەکانمان لەم کۆڕبەندە ئاماژەی پێ دەکرێ و لەم بوارەش ئەم خاڵە هاوبەشانە دەخەمە ڕوو:

1ـ بەهێزکردنی هێزی چەپی کوردستان لە ڕێگای بەرنامەیەکی هاوبەش و پوخت و هەماهەنگی لە کار و چالاکی جەماوەری بۆ داکۆکیکردن لە بەرژەوەندی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان.

2ـ داکۆکیکردن لە مەسەلەی نیشتمانی کوردستانی و پاراستنی قەوارەی هەرێم کە ئەرکێکی سەرەکی هێزی چەپی کوردستانە بە گرێدانی بە ئەرکە چینایەتییەکان.

3ـ تێکۆشان بۆ گۆڕینی سیاسەتی ئابووری لە هەرێمدا بەتایبەتی هەنگاوەکانی بەتایبەتیکردنی ڕەها کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان نییە، و بیر لە پشتگیری کەرتی تایبەتی بەرهەمهێن و دوور لە ئیتحکار بکرێت. پێویستە شەفافیەت لە بواری نەوت و گاز و پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی ئەم بوارە بکرێت، و هەنگاوەکانی قورتاربوون لە ئابووری بەرخۆر دیار بێت.

3ـ بەستنی کۆنگرەیەکی نیشتمانی کوردستانی لە باشور کە تێکڕای هێزە سیاسییەکان و کەسانی پسپۆڕ و چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنی تیادا بەشداربن بۆ دانانی نەخشەڕێگای دەربازبوون لە قەیرانی سەرانسەری لە هەرێمدا، کە لە تێکڕای خاڵەکانی خستنەڕووی ڕەوشی سیاسی ئاماژەمان پێکرد بە جۆرێک گۆڕانکاری چلۆنایەتی لە ڕەوشی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەنجام بدات.

4ـ پیادەکردنی سیاسەتێکی دەرەکی گونجاو لە سەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خەڵکی کوردستان، و بڕیاری سیاسی سەربەخۆ، دوور لە وابەستەیی و ئەمەش وا دەکات کە لەگەڵ ئاڵوزبوونی قەیرانەکان لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کار بۆ واڵاکردنی دەرفەتی نوێ بکەین کە لە خزمەتی بەرژەوەندی گەلی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی بێت.

 

چالاکی حزبی