ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  
 
یاداشتێکی هاوبەشی لێژنەی هەماهەنگی چەپی کوردستان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بەرێزان!
رۆژ لە دووای رۆژ ئەو گرفت و قەیرانە سەرانسەرییەی دووچاری خەڵکی زەحمەتکێش و کەمدەرامەت دەبێتەوە، لە زیادبووندایە. قەیرانەکان سەرجەم بوارەکانی حوکمرانی و ڕەوشی سیاسی ناوخۆیی گرتۆتەوە. چەندین ساڵە لاوازی دامەزراوەیی و بەردەوامبوونی دیاردەی دوو ئیدارەیی و بەفیرودانی سامانی نیشتمانی و نەبوونی کونترۆڵی پێویست لە دەروازە سنوورییەکان و زیادبوونی قاچاخچێتی تیایدا، و نەبوونی چاکسازی پێویست و شەفافیەت لە بەرێوەبردنی کارەکاندا بەتایبەتی لە بواری ئابوری فراوانتر دەبێت، و بواری کارەبا و خزمەتگوزارییەکان دەگرێتەوە، لە کاتێکدا دەیان هەزار کەس ئەم سیاسەتەیان ڕەتکردۆتەوە، جگە لە کێشەکانی سیستمی تەندروستی و زیادبوونی نەخۆشخانەی تایبەت و زیادکردنی باج و خەراج لە سەر خەڵکیدا.
ئەم دیاردانەی لە سەرەوە باسمان کردن، و چەندین بابەتی دیکە، هاوکاتە لە گەڵ نەبوونی موچە و پەککەوتنی چالاکی ئابوری و ناسەقامگیری سیاسی و نەبوونی سیاسەتێکی یەکگرتووی حکومەتی هەرێم بۆ مامەلەکردن لە گەڵ پێشهاتەکاندا.
ئێمە لە لێژنەی هەماهەنگی چەپی کوردستان کە لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستان و بزوتەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان پێک هاتووە، پێمان وایە ئیتلافی حوکمڕان و فەلسەفەی حوکمرانی پێشتری حکومەتی هەرێم بە پلەی سەرەکی بەرپرسن بەرامبەر بوون و بەردەوامبوونی ئەم قەیرانەی کە دووچاری هەرێمی کوردستان دەبێتەوە، و لەم ڕوانگەیەوە جەخت لە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکەینەوە:
1ـ بەرپرسیاری حکومەتی هەرێم بەرامبەر خەڵک لە دابینکردنی ژیانی پڕ کەرامەت و مسۆگەرکردنی موچە و دابینکردنی سەقامگیری سیاسی.
2ـ بوونی یەک هەڵوێستی یەکگرتووی کوردستانی لە بواری مامڵەکردن لە گەل بەغدا و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و سەرجەم ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە مادەی 140 و مافی پێشمەرگە و بابەتە دەستورییەکان هەیە. ئێمە بە هیچ شێوەیک نامانەوێت هەر وەفدێکی کوردستانی لە بەغدا لە پێگەیەکی لاواز بێت و تەنازولات بکات، لە هەمان کاتدا هەر وەفدێک لەو جۆرە لە ئاکامی سەقامگیری سیاسی ناوخۆیی کوردستانی و بە گوێگرتنی حکومەت لە داواکارییەکانی خەڵک بەهێز دەبێ و بەرامبەر حسابی بۆ دەکات.
3ـ پێداچونەوە بە سیاسەتی ئابوری و ڕاگرتنی هەنگاوەکانی بەتایبەتکردن لە کارەبا و خزمەتگوزارییەکان و هەموارکردنی یاسای وەبەرهێنان و کونترۆڵکردنی دەروازە سنووریەکان، و پێداچونەوە بە گرێبەستەکانی نەوت.
4ـ پاراستنی ئازادییە دیموکراسییەکان لە بواری ڕادەڕبڕین و مانگرتن و خۆپیشاندان، و ڕێگا نەدان بە هەڕەشەکردن و گرتنی هیچ هاووڵاتییەک بە هۆی ئەم مافانە کە سەرەکیین و ناکرێ بە بێپاکی و وەک بابەتێکی ئاسایش مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت.
5ـ ئەنجامدانی چاکسازی ڕاستەقینە لە بواری ئیدارە و حوکمڕانی و نەهێشتنی گەندەڵی و دیاردەکانی بە فیڕۆدانی سامانی نیشتمانی، بە جۆرێک پێناسەکردنی چاکسازی یەکسان نەبێت بە کەمکردنەوەی موچە، بەڵکو بە دەربازبوون لە ئابوری بەرخۆر و پەیداکردنی سەرچاوەی نوێ و بەرهەمدار بۆ داهاتی ئابوری نیشتمانی کوردستان.
بەریزان!
ئەم خاڵانەی باسمان کردن، و چەندین بابەتی دیکە کە پێشتر بۆ چاکردنی ڕەوشی سیاسی و ئابوری خستومانەتە ڕوو، پێویست بەوە دەکات ئیتلافی حوکمڕان گوێ لە داواکانی جەماوەر بگرێت، و بە بێ منەت و بێ بایەخییەوە مامەڵەی لە گەڵدا نەکات، و نەخشە و پلانی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکان دابنێت، و مەشروعیەتی ڕاستەقینەی هەر دەسەڵاتێک لە بەدەمهاتنەوە و بەرپرسیاری خۆی بەرامبەر ناوەندی فراوانی جەماوەرەوە مسۆگەر دەبێت پێش ئاکامەکانی سندوقی هەڵبژاردن.
لە کۆتایی دا ئێمه‌ وای دەبینین،کە ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێز بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان هەبێ؛ ئەوا کێشەکانی هەرێمی کوردستان، هەر لە هەرێم چارەسەر دەبێ.
لێژنەی هەماهەنگی چەپی کوردستان
ـ حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
ـ حزبی شیوعی کوردستان
ـ بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
8/12/2020
 

چالاکی حزبی