ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەخەم و نیگەرانییەکی زۆرەوە، مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستان پرسەی هەڤاڵی تێکۆشەر فرانسیس هانا یەڵدا (ئەبو شاخەوان) ڕادەگەیەنێت کە دوای زیاتر لەساڵێک ململانێ لەگەڵ نەخۆشیدا کۆچی دوایی کرد.

هاوڕێ ئەبو شاخەن لە بنەماڵەیەکی تێکۆشەر لەدایکبووە و لە سەرەتای گەنجی لە  پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە بەشداریی لەڕیزەکانی حزبی شیوعی عێراق کردووە. دوای کودەتا خوێناوییەکەی بەعسیییەکان لە شوباتی 1963دا، هاوڕێ ئەبو شاخەوان  پەیوەنی بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە کردووە و بەشداری خەباتی چەکداری و چالاکییە قارەمانانەکانی دژ بە هێزەکانی ڕژێمی عێراقی کردووە. لە ساڵی 1966دا ڕۆڵێکی بەرچاوی لە شەڕی قارەمانانەی «هەندرێن»دا گێڕا.

 لە دەیەی 1970دا هاوڕێ ئەبو شاخان بەشداری لە بنیاتنانەوەی ڕێکخستنەکانی حزبی شیوعی کرد، لەگەڵ خێزانەکەی گواستیانەوە بەغدا بۆ کارکردن لە چاپخانەی نهێنی «تەریق شەعب»، لەوێش ئەزموونی خۆی بە لەخۆبوردوویی و سنگفرەوانی پێشکەش کرد.

هاوڕێ ئەبو شاخەوان لە ساڵی 1979دا پاش کردە خوێناوییەکەی ڕژێم بۆ سەر حزبی شیوعی، بە ڕیزی خەباتی چەکدارییەوە پەیوەست بووەوە، یارمەتیی مەشقی چەندین هاوڕێی دا لە تەکنیکی هەواڵگریی سەربازییدا، ئەمە جگە لە ئەرکی حزبایەتی لە بواری ڕێکخستندا.

لەدوای ڕاپەڕینی ئازاری 1991، هاوڕێ ئەبو شاخەوان بەشداری لەبیناکردنی حزبی شیوعی کوردستان و ڕێکخستنەکانی کلدوئاشووری حزبدا کرد، جگە لەکارەکانیی وەک کادیرێکی سەرەکی لەسەرکردایەتی حزبدا، لەدوای هەڵبژاردنی لەکۆنگرەی سێیەمی حزبی شیوعی کوردستان وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی.

هاوڕێ ئەبوشاخەوان پڕاوپڕ بوو لە ڕەوشتی کۆمۆنیستی و خاکێتی و بەتەنگەوەبوونی هاوڕێیان و ڕێکخراوەکانی حزب و داکۆکیکردن لە پێداویستی و داواکارییە سەرەکییەکانی جەماوەر.

بە کۆچی دوایی هاوڕێ ئەبو شاخەوان، حزبمان و بزوتنەوەی شیوعیەت لە عێراقدا، کەسایەتییەکی تێکۆشەریی لە دەست دا، کە ژیانی خۆی لە پێناو دۆزی خەڵک و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و سۆسیالیزمدا تەرخان کرد.

مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان

10ی کانوونی دووەمی 2021

چالاکی حزبی