ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

14ی شوباتی 1949 رژێمی پاشایەتی عێراق هاوڕێی سەركردە یوسف سەلمان یوسف (فەهد)و ژمارەیەك لە هاوڕێی تری سەركردەی حزبی شیوعی عێراقی لە سێدارەدا، ئەورۆژە لە مێژووی خەبات و تێكۆشانی حزبی شیوعیمان و سەرجەم تێكۆشەرانی رێگای دیموكراسی و سۆسیالیزم بووە رۆژی شەهیدی شیوعی، رۆژی سەروەریو سەرفرازی و بەرخودان و فیداكاری.

هەربۆیەش ئەمڕۆ كە شیوعییەكانی عێراق و كوردستان بەوپەڕی ئیرادەو سەربەرزی یادی (14)ی شوباتێكی تر دەكەنەوە ئێمە وەكو مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان سڵاو دەنێرین بۆ هەموو ئەو قارەمان و فیداكارانەی لەپێناوی ئازادی و سۆسیالیزم و دادپەروەری و وەدیهێنانی مافە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی گەلەكەمان گیانی خۆیان بەخت كرد.

دیارە (14) شوبات ئەگەرچی یادو یادەوەری رۆژێكی حەزین و خەمناكە لە مێژووی ئێمەی شیوعییەكان، بەڵام لە هەمان كاتدا ئێمە ئەو مێژووە بە رۆژی تەحەدداكردنی مەرگو بەگژدا چوونەوەی رژێم و سەرجەم دوژمنانی گەل و نیشتمان دەزانین، چونكە لەو رۆژەدا هاوڕێ فەهدی دامەزرێنەری حزبو هاوڕێكانی لەپێناوی نیشتمانێكی ئازادو گەلێكی بەختیار مەرگی سەرفرازیو شەهیدبووون و ژیانی نەمریان هەڵبژاردو پەت و سێدارەیان خستە ژێر پیتی ئیرادەو قارەمانێتی خۆیان.

دیارە ئامانجی رژێمی كۆنەپەرستو دژەگەلی پاشایەتی لە ئەنجامدانی ئەو تاوانەو لە سێدارەدانی هاوڕێكانمان ئەوەبوو كە خەبات و تێكۆشانی حزبی شیوعیمان و سەرجەم هاوڕێیانی حزب سارد بكەنەوەو لەسەر راستە رێگای كاروانی تێكۆشان لایان بدەن، بەڵام دواتر شیوعییەكانی عێراق و كوردستان ئەو كۆست و تراژیدیەیان كردە هەوێن و وزەی بەردەوامیدان بە رێبازی فیكری هاوڕێ فەهدو سەرجەم هاوڕێ شەهیدەكانی حزب و ئەو كارەساتە وای لێكردن كە پەیگیرو سورتربن لەسەر رێگای خەبات و بەرخودان لەپێناوی نیشتمانێكی ئازادو گەلێكی بەختیار.

هەڵبەت ئەمڕۆش كە حەفتاو دوو ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەو كارەسات و تاوانە، شیوعییەكان لەسەرانسەری عێراقو كوردستان بەردەوامن لەسەر خەبات و تێكۆشانی خۆیان لەپێناوی نەهێشتنی زوڵم و ستەمی چینایەتی و وەدیهێنانی سەروەری نیشتمانی و چەسپاندنی دیموكراسییەت و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و یەكسانی و ئازادی و دەستەبەركردنی سەرجەم مافە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی گەلەكەمان بەردەوامن لەسەر رێگای خەبات و تێكۆشان بۆ وەدیهێنانی ئەو ماف و ئامانجانە شاناین وەبەر خەباتێكی سەختدا.

 ئازادیخوازانی گەلەكەمان

بنەماڵەی شەهیدانی حزب و گەل

هاوڕێیانی تێكۆشەر

ئێمە لە (14)ی شوبات رۆژی شەهیدی شیوعی سەر لە نوێ داوا لە پەرلەمانو حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین لە هەموو رووێكەوە زیاتر هاوكاری و پاڵپشتی كەسو كاری بنەماڵەی شەهیدانی حزب و گەلەكەمان بكەن و لە رێگای رێزگرتن لەو بنەماڵە تێكۆشەرانە یادو مێژووی قوربانیدان و شەهیدە سەر بەرزەكانمان زیاتر بەرپرسیارێتی خۆیان بسەلمێنن، هەروەها داوا دەكەین بەیەك چاو سەیری سەرجەم شەهیدانی گەلەكەمان بكرێت و هەموو ئەوانەی لەپێناوی ئازادی و رزگاری نیشتمانی و دیموكراسی و ئاشتی و مافەكانی مرۆڤ شەهید بوون بەبێ جیاوازی حزبی و سیاسی وەكو شەهیدی گەل و نیشتمان سەیر بكرێن و ئەو جیاوازییە زیاتر لەوە نەكرێتە بیانوو و پاساوی جیاوازی كردن لە نێوان شەهیدان كە بەداخەوە هەر لە دوای راپەڕینەوە بۆتە مۆركێكی خراپ و نادادپەروەری.

هەڵبەت ئێمە لە (14)ی شوبات ئەوەش دەڵێین، تەنها هاوكاری ماددیو مەعنەوی بنەماڵەی شەهیدان بەس نییە بۆ رێزگرتن لە مێژووو خەبات و گیان فیدایی شەهیدانمان، بەڵكو ئەوە ئەركێكی مێژوویی سەرشانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵكو گەورەترین وەفاداری و بەرز راگرتنی ناوو فیداكاری شەهیدان بەوە دەكرێت، كە بەرگری لە دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان بكرێت، خەبات بۆ بەهێزكردنی پایەكانی قەوارەی هەرێمی كوردستان و پاراستنی مافە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی گەلەكەمان بكرێتە ئەولەویاتی سیاسی هەموو لایەك.

هەروەها پێویستە لەسەر ئاستی ناوخۆیش كلتوری بەیەكەوە ژیانی دیموكراسیانەو مەدەنیانە بەهێز بكرێت، دژی جیاوازی چینایەتی و نادادپەروەری و ستەمی جۆراو جۆری كۆمەڵایەتی و مەدەنی بوەستێتەوە، یاساو عەدالەتی بەرقەرار بێت، كۆبوونەوە لە ژێر ئاڵای بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلو نیشتمان و كۆتایی هێنان بەدەست درێژی كردن بۆ سەر مافە مەدەنی و چینایەتی و كۆمەڵایەتییەكانی بێتە ئەولەویاتی حزب و لایەنە دەسترۆیشتووەكانی كوردستان و هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان و هەر لەو رێگایەش دەتوانین رێزو وەفاداری خۆمان بۆ شەهیدە سەربەرزەكان و بنەماڵە بەڕێزەكانیان بسەلمێنین.

نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی حزبی شیوعیمان و سەرجەم شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی..

 

 

مەكتەبی سیاسی

حزبی شیوعی كوردستان

14ی شوباتی 2021

چالاکی حزبی