ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێگای كوردستان

محێدین خدر حاجی لە ساڵی ١٩٠٧دا لە گوندی چنارەی لای چوارتا كە بە چنارەی كاك محێدین ناسراوە لەدایكبووە.

خدری حاجی محەمەدی باوكی لە شۆرشەكانی شێخ مەحموودی نەمردا بەشداری چاڵاكیەكانی كردووە، هەر بەو بۆنەوەیەشەوە گوندی چنارە بە بۆمبارانی فڕۆكەكانی ئینگلیز چەندینجار سوتێنراوە و كاولكراوە و كاك محێدینیش لەگەڵ خانەوادەكەی و خەڵكی گوند ئاوارەی كوردستانی ڕۆژهەڵات بوون.

شارەزایانی مێژووی ژیانی ئەم ڕۆڵە تێكۆشەرەی گەلی كوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە لە گوندی چنارە لای مەلا خوێندویەتی پاشان هاتۆتە سلێمانی لە قوتابخانەی (فەیسەلەیە)ی سەرەتایی لە پۆلی سێیەم وەرگیراوە و تا پۆلی شەشەمی سەرەتایی خوێندوە و پاشان بەهۆی كۆچی دوایی باوكییەوە لە ساڵی ١٩٣٦دا گەڕاوەتەوە بۆ گوندی چنارە بۆ سەرپەرشتیی كاروباری بنەماڵەكەی.

لە قوتابخانەی ناوبراودا هاوپۆلی تێكۆشەری نەمر شێخ لەتیفی شێخ مەحموودی حەفید بووە. ئیتر لەوكاتەوە بونەتە هاوڕێ و دۆستی نزیكی یەكتر.

كاتێكیش لە ساڵی ١٩٣٧دا كۆمەڵەی برایەتی بە سەرۆكایەتی شێخ لەتیف دامەزراوە كاك محێدین بەشداریی دیار و بەرچاوی هەبووە و بۆتە بەرپرسی ناوچەی شارباژێڕ و خەڵكێكی زۆری لە ڕیزەكانی كۆمەڵدا ڕێكخستووە.

خاڵە محێدین وەك بیروباوەڕ مرۆڤێكی پێشكەوتووخواز بوو، دۆستێكی نزیكی حزبی شیوعی عێراق بوو، لە لایەن زۆر لە هاوڕێیانەوە وەك ئەندامێكی حیزب تەماشای دەكرا چونكە لە هەموو ڕوویەكەوە بە پێی توانای یارمەتی حزبی دەداو لەو ڕێگەیەدا لە هیچ بەسەرهات و قوربانییەك سڵی نەدەكردەوە.

ساڵانێكی دوور و درێژ دۆستێكی بەوەفا و هاورێییەكی زیرەكی شێخ لەتیفی حەفید بوو. كە ئەو نەمرەش دۆستێكی دڵسۆزی حزبی شیوعی بووە. هەردووكیان لەب واری بزوتنەوەی ئاشتیخوازیدا رۆڵێكی گرنگیان هەبوو.

خاڵە مەحیدین بڕوای وابوو كە یەكێتی ریزەكانی گەل لە یەكێتی حزبە سیاسییەكانەوە سەرچاوە دەگرێت و ئەمە بەردی بنچینەی سەركەوتنە. هەروا زۆر لەدژی شەڕی ناوخۆبوو، هەردەم رۆڵی تەبایی و ئاشتیانەی خۆی بینیووە.

لە ساڵی 1962دا لەگەڵ شێخ لەتیفی شێخ مەحمود شێخ تەها قادر كەرەم، نزیكەی چل رۆژ لە بەغدا دەمێننەوە بۆ ئەوەی داوا لە عەبدولكەرم قاسم بكەن كە تێكۆشەران شێخ مارف بەرزنجی و شێخ حوسێن بەرزنجی و هاورێیكانیان ئازاد بكەن، بەڵام ئەو كۆششەیان سەركەوتوو نەبوو.

دەتوانین بێ دوودڵی جەخت لەسەر ئەوە بكەنەوە كە خاڵە مەحێدین لاینگیری دڵسۆزی شۆرش و راپەرینەكانی گەلی كوردستان بووە و، هەڵوێستەكانی لەگەڵ شۆرش و راپەرینەكانی گەلی كوردستان بووە و، هەڵوێستەكانی لەگەڵ شێخی نەمر یەكیان گرتۆتەوە و ئەم تێكۆشەرە دۆستێكی بەوەفای رابەران و كەسایەتییەكانی رزگاریخوازی گەلی كوردستان بووە، لەوانە پێشەوا قازی محەمەد، مستەفا بارزانی نەمر، مامۆستا هەمزە عەبدوڵڵا، سلێمان بەگی دەرگەڵە، مام جەلال، برایم ئەحمەد، هاورێ عەزیز محەمەد و هاورێ كەریم ئەحمەد و كاكەی فەلاح و مامۆستا كەمال مەحمود و سیاسەتمەدار و تێكۆشەرانیتر.

خاڵە محێدین لە رۆژی 21-1-1998 كۆچی دوایی كردووە و لەگردی سەیوان لە سلێمانی بەخان سپێدراوە و چۆتە ریزی نەمرانی گەلەكەمانەوە.

چالاکی حزبی