ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نیزام شەبیب

بەوتەی بەرپرسێكی سەندیگاكانی كرێكارانی كوردستان لەگەرمیان، لەماوەی یەكساڵی ڕابردوودا لەسنوری ئیدارەی گەرمیان تەنها پیشەوەرێك گیانی لەدەستداوە و بە هۆی كەمبونەوەی كاركردن دۆخی ژیانی كرێكاران زۆر خراپە . 

عومەر محەمەد سەرۆكی لقی گەرمیانی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان بە ڕێگای كوردستانی ڕاگەیاند:" لە ماوەی یەك ساڵدا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، یەك پیشەوەر لە كاتی كاركردندا لە سنوری شارۆچكەی كفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان گیانی لەدەستداوە و 4 كرێكاری تریش بەسوكی بریندار بوونە و دواتر لەنەخۆشخانە چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە و تەندروستیان باش وجێگیرە".

عومەر محەمەد وتیشی: هۆكاری ڕێژەی كەمی قوربانی كرێكاران لەكاتی كاركردندا دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی كار، بە هۆی ئەو قەیرانە داراییەوە، كە سەرجەم كایەكانی ژیانی گرتوەتەوە، كاریگەری لەسەر كرێكارانیش هەبووە و كاری كەم كردوەتەوە، بۆیە لەبەر كەمبوونەوەی كاریش ڕووداوەكان كەمتر بوەنەتەوە. 

هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، بە هۆی نەبوونی كارەوە، كرێكارانی سنوری ئیدارەی گەرمیان ژیان و گوزەرانیان لە دۆخێكی خراپدایە ، جگە لە نەبوونی كاریش، زۆری كرێكارانی عەرەبی سنورەكە و ئیش كردنیان بە بڕێكی پارەی كەمتر لە كرێكارە كوردەكان، بە شێوەیەكی خرابتر كاریگەری لەسەر كەمبونەوەی كار بۆ كرێكارە كوردەكان. 

سەرۆكی لقی گەرمیانی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، كەم بوونەوەی كاركردنی بۆ كرێكاران لە سنوری گەرمیان دەگەڕێتەوە بۆ داخستنی ئەو كارگە گەورانەی لە سنورەكە هەبوون، لە ئێستادا تەنها كۆمپانیای ئۆرانۆس كارگەی چیاو هەن بە بەردەوامی كاربكەن و كرێكارییان پێویست بێ . 

هەروەها عومەر محەمەد ئەوەشی وت: ئەوەی پێویستە بیڵێن ڕێگیریكردن لە هاتنی چیمەنتۆی فەل بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان بە بڕیارێكی حكومەتی هەرێم، ژمارەیەكی زۆری كرێكارانی بێ كار كردووە و ئەمەش زیانێكی ترە بۆ كرێكاران.

چەپ وكرێكاری