ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هۆشه‌نگ كه‌ریم .

لە ژێر دروشمی ( 9ی ئایار – 72 ساڵای سەركەوتنی مەزنی گەلان بەسەر فاشیزم ، ئیلهام بەخشی درێژەدان بە ململانێ لە دژی شێواندنی مێژوو لەلایەن یەكێتی ئەوروپا و سەرمایەداری ، لە پێناو رووخاندنی سیستەمی سەرمایەداری كەڵەگایی كە خولقێنەری قەیران و شەڕ و فاشیەتە ) دەستپێشخەری شیوعی ئەوروپی لە رۆژی 9 ی ئەم مانگەدا و لە 72 مین ساڵیادی رزگاركردنی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا و رووخاندنی نازیزم لەسەر دەستی سوپای سووری سۆڤیەتی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا ، بە بە به‌شداری نوێنەرانی دەیان حزبی شیوعی و چەپی جیهان ، مەراسیم و خۆپێشاندانی جیاجیا لە بەرلین سازكرا .
لەو ساڵ یادەدا هەریەك لە حزبی شیوعی شۆڕشگێڕی فەرەنسی و حزبی شیوعی یۆنانی و پارتی كرێكارانی ئێرلەندا و حزبی شیوعی ئیتاڵیا و حزبی شیوعی گەلانی ئیسپانیا و پارتی كرێكارانی سۆسیالیستی كرواتیا و پارتی كرێكارانی شیوعی بیلاروسیا و حزبی شیوعی نەرویجی و پارتی كرێكارانی هەنگاریا و حزبی كرێكارانی شیوعی روسیا و حزبە شیوعیەكانی ئەڵمانیا و سوید و توركیا و ئیتاڵیا و بە دەیان كەسایەتی چەپ و ماركسی تێیدا بەشداربوون .
لە سەرەتای مەراسیمدا چەپكە گوڵی رێز لەسەر گڵكۆی گۆڕی سەربازانی گیانفیدای سوپای سوور دانرا كە لە رزگاركردنی بەرلین گیانیان بەختكرد .
پاشان لە بەشی هونەری مارشی ئەنتەرناسیۆنال و چەندین سروود و گۆرانی شۆڕشگێڕی بە زمانە جیاجیاكان پێشكەش كران .
لە وتاری حزبە شیوعیەكاندا هاتبوو ، سیستەمی سەرمایەداری و میدیا زوڕناژەن و قەڵەمە چەواشەكارەكانیان هەرچی بكەن ناتوانن لە رۆڵی چینی كرێكارو سووپای سووری سۆڤیەت كەم بكەنەوە لەسەركەوتن و وردوخاشكردنی فاشیەت ، ناتوانن نكۆڵی بكەن لەوەی فاشیەت لە منداڵدانی سەرمایەداریدا لە دایك بووەو ئێستاش دەبێت خەبات بەردەوام بێت و بە گوڕتربكرێت لە پێناو رووخاندنی سەرمایەداری دایكی فاشیەت و راسیزم .
 

 

چەپ وكرێكاری