ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئامادەکردنی نادر عەبدول حمید و گۆران هەڵەبجەیی

بەرەی خۆشبژێوی لە کۆبنهاگن بە {فیقەنە} دەسەڵات بەئاگاداێنن "بەرەی خۆشبژێوی" یان (بەدانمارکی: Velfærdsalliance) ئەم بەرەیە لەسەرەتای ساڵی 2016 وە بە دەستپێشخەری 14 سەندیکای کرێکاری پێکهات . پاشان زوربەی سەندیکا کرێکاریەکانی تر و حزب و ڕێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکان ،هەروەها ڕێکخراوە ئینساندۆست و ئازادیخوازەکانی دانمارکیش پێوەی پەیوەست بوون. بەرەکە بزوتنەوەیەکی جەماوەری بەرفراوان و سەرتاسەریە لە دانمارکدا . ئەرک و ئامانەکانی خەباتکردنە بەدژی دەسەڵاتی حکومڕان کە لە ساڵی 2009 وە بە سیستەماتیک خزمەتگوزاریەکانی کەم کردوەتەوە و تا ئێستاش لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوامە . لەو ساڵەوە تا ئێستا نزیکەی [50000] مووچەخۆر کە زۆربەیان کرێکارن لە سەکتەرە خزمەتگوزریەکانی دەوڵەتدا دەرکراون و نێردراونەتەوە بۆ ماڵەوە ، بەتایبەت کەرتی تەندرووستی ، خوێندن ، کۆمۆنەکان و کەرتی خزمەتگوزاری پیرو پەککەوتە و چەند بوارێکی دیکە. هاوکات ئەم حکومەتەی ئێستا کە لە حیزبە بۆرژواكان و بە پاڵپشتی حیزبێکی ڕاستڕەوی دژ بە بێگانە پێکهاتووە. بەرنامەی داناوە بۆ کەم کردنەوەی بودجە لە خزمەتگوزاری شارەوانیەکان، تەندرووستی و خوێندن، وە فشاریان بۆ سەر کەم دەرامەتەکان بەهێز کردوە. لەلایەکی دیکەوە باجوخەراجی لەسەر کۆمپانیا سەرمایەدارەکان، ئەوانەی کە ساڵانە ملیارات کرۆنیان دەست دەکەوێت ،سوک کردوە. هەمان دەسەڵات هەستاوە بە تەرخانکردنی 29 ملیارد کڕۆن بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی و فڕۆکەی جەنگی.ئەمە لە کاتێکدا کە وڵات بەهیچ جۆرێک پێوستی بە تفاقی جەنگی نیەو ئەوەی هەیەتی لێشی زیادەیە. لە ساڵی 2016 دا ئەم بەرەیە لە 73 شار و شارۆچکەی دانمارکدا لە بەرواری جیاجیا و لە بۆنەی جیاجیادا خۆپێشاندانیان ڕێکخستوە، ئەمە جگە لەگێڕانی چەندین سمینار و پەنێل و دیالۆگ ..... دوێنێ 10ی ئەم مانگە، لە زۆرێک لە شاروشارۆچکەکانی دانمارکدا خۆپێشاندان سازکرا. لەوانە لە کۆپنهاگن، کە لە کەش و هەوایەکی زۆر ساردو باراناویدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە گۆڕەپانی بەردەم شارەوانی کۆبنهاگن گرد بوونەوە و بەدژی سیاسەتەکانی حکومەتی [لارس لوگە]ی سەرەک وەزیران لە حزبی لیبڕاڵی دانمارک و هاوپەیمانانی لە حزبی کۆنسێرڤەتیڤ و حزبی نەژادپەرستی دانمارک کە حزبێکی دژی پەنابەر و کۆچکردوانە، جۆرەها درووشمیان دەگووتەوە. ئەوەی شایانی ئاماژەیە درووشمی سەرەکی خۆپیشاندانەکە بریتی بوو لە [خۆشبژێوی بۆ دانمارکیەکان] . سومبوڵی هەموو خۆپیشاندانەکانیش هەر هەمان سومبوڵ یا لۆگۆی ئەم بەرەیە بوو کە بریتیە لە پێکدانی دوو مستەکۆڵە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ یەکگرتن و هاوخەباتی. هاوکات دروشمێکی دیکەش زۆر بڵاو بوو کە دەڵێ[ کات بۆ کواڵەتی]، بەرزکردنەوەی ئەم دروشمە پاش ئەوە دێت کە لە زۆر جێگەی خزمەتگوزاریدا بەهۆی کەمی کارمەندانەوە گوێ بە کوالەتی نادەن و زیاتر خەڵک ڕایدەکەن ،کەئەمەش بۆ دانمارکیەکان شتێکی نامۆیە و لەلای ئەوان گرنگیدان بە کواڵەتی لە جێگە خزمەتگوزاریەکاندا لە پێش هەموو شتێکەوەیە. زۆرێک لە خۆپیشاندەران، بە تایبەتی گەنجەکان یەکی [فیقەنەیەکیان] بەدەمەوە بوو لەگەڵ هەر هوتاف و وتارێکی جواندا دەکەوتنە فیکە لێدان .ئەمەش مەسجێک بوو بۆ دەسەڵات [ ئاگاداربە ،گەر خۆت چاک نەکەیت بە فیقەنە چاکت دەکەین].

 

چەپ وكرێكاری