ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێبوار سیوەیلی

1- هەم گەنجەكان و هەم چەپەكان دڵخۆشم دەكەن، بەڵام گەنجەچەپەكان دڵخۆشتر. ئەمەش لەبەر ئەوەی ڕەنگە هەتا ئێستاش ڕەهەندێكی گەنجانە و چەپیانە لە ناخی خۆمدا بەدیی دەكەم كە ڕێگەم پێدەدات بە شانازییەوە باس لە "گەنجبوون" و "چەپبوون" بكەم وەك پێویستییەك بۆ كوردبوون و مرۆڤبوون.

2- لە گەنجایەتی مانا ئەقڵیەكەیی و لە چەپایەتی مانا ڕەخنەییەكەیم مەبەستە، وەكئەوەی ئەقڵی گەنجانە نەتوانێت لە دەرەوەی ڕەخنە و نوێگەری ئەقڵیی، چارەنووسێكی دیكەی هەبێت.

3- مرۆڤ وەك تاكەكەس هەم دەتوانێت گەنجانە و هەم چەپیانە بیر بكاتەوە بەبێ ئەوەی لە ئاستی تەمەندا گەنج و لە ڕەوتی ئایدیۆلۆژیدا چەپ بێت.

4- هەردووكیان بۆ دامەزراندنەوەی كوردبوون لە دەرەوەی "كوردایەتی" و مرۆڤبوون لە دەرەوەی "سیستەم" پێویستن، چونكە هەموو كوردبوونێك لەئەنجامی ڕەخنە لە كوردایەتی، بەرەو دروستكردنی ویژدانێكی نوێی مرۆییمان دەبات كە لە دەرەوەی سیستەمە دڵخۆشكەرە گەشبینكەرە، گەوجكەرەكەیە.

5- بەم مانایە گەنجبوون وچەپبوون، ئەقڵ و ڕەخنە، دوو گەرانتین بۆ سەركەوتنی هەر هەنگاوێك بەرەو دروستكردنەوەی كەسایەتی مرۆڤانە و كوردیانەی شوناس. غیابی ئەم دوو ڕەهەندەش لە هەر پرۆسەیەكدا كە بیەوێت شوناسبەخش بێت ئامانجی پرۆسەكە دەخاتە مەترسییەوە.

6- پێبزانین یان نا، ئەمڕۆ لە نێوان بەرەی دەسەڵات و بەرەی ئۆپۆزیسیۆندا پانتاییەكی فراوانی گەنجایەتی و چەپایەتی هەیە، كە پێدەچێت ئەمانە لە هەردوو بەرەكەشدا هەبن. بە دەم قسە بە یەكتر دەڵێن، بەڵام بە ڕۆح هەمان ئامانجیان هەیە.

7- پشتگوێخستنی گەنجایەتی و چەپایەتی بەو مانایەی باسمكردن لە پرۆسەی سیاسیدا جێگەی پێكەنینێكی نێشدارانەیە، بەڵام پەراوێزخستنی چەپەگەنجەكان تراژیدیا.

12/6/2017