ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پێشڕەو محەمەد

11. ئەنگڵس

فرەدریش ئەنگڵس (1820-1895) لە ڤوپەرتالی ئەڵمانیا لەدایكبووە، گەورەترین كوڕی سەرمایەدارێكی چنین و ڕستن بوو. ئەنگڵس بۆ كاروباری بازرگانیی سەفەری بەرلینی كرد، بەڵام لە ساڵی 1841دا ئاشنای هێگڵییە لاوەكان بوو و لێیان نزیك كەوتەوە، گروپێك فەیلەسوفی باڵی چەپی هێگڵیی بوون كە ماركسیش یەكێك بوو لەوان لەو كاتەدا. ئەنگڵس لە ساڵی 1842دا دەبێتە كۆمۆنیست (سەربەخۆ و پێش ماركس) و دەچێتە مانچستەر بۆ كاركردن لە كارگەكەى باوكیدا. لە بریتانیادا سەرنجی بەلای چارتیزم (بزووتنەوەى چینی كرێكاری بریتانیا كە خەباتی بۆ ڕیفۆرم و باشتركردنی ژیانی كرێكارانی بریتانیا دەكرد) و خەباتەكانی چینی كرێكاری بریتانیادا چوو و لێیان نزیك كەوتەوە. هەر بۆیە لەو سەروبەندەدا لە ساڵی 1844 بەناوبانگترین كتێبی خۆى دەنووسێت بەناوی بارودۆخی چینی كرێكاری بریتانیا كە گرنگترین سەرچاوەى سۆسیالیستییە و كاریگەرییەكی زۆریشی لەسەر ماركس هەبووە. پاشان ماركس و ئەنگڵس كتێبی: خێزانی موقەدەس (1845) بەیەكەوە دەنووسن، كە بووە دەستپێكردنی هاوكاریی و پێكەوەبوونێكی تاهەتایی. پاشان ئەنگڵس و ماركس دەستدەكەن بەنووسینی ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانیی لە 1845 و دوای ساڵێك كارەكەیان بەناتەواوكراوی بەجێدەهێڵن، وەك ماركس باسی دەكات، كتێبەكە: "ڕەخنە بە تیغی مشك"ـە. ئەم كتێبە، واتا ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانیی، هێرشێكی توندە بۆسەر هێگڵییە لاوەكان (وەك ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانیی ناویان دەبرێت) و لەم كتێبەدا دەستدەكەن بە دانانی پرەنسیپە بنچینەییەكانی تێگەیشتنی ماتریالیستیی بۆ مێژوو.

ئەنگڵس یارمەتی ماركس دەدات بۆ نووسینی مانیفێستی پارتی كۆمۆنیست، كە كۆمەڵەى كۆمۆنیست ڕایاندەسپێرێت بۆ نووسینی ئەم مانیفێستە و لە ساڵی 1848دا بە ئیمزای ماركس و ئەنگڵس بڵاو دەبێتەوە. لەم تێكستەدا چەند بڕگەیەكی لەنووسینێكی پێشتری ئەنگڵس بەناوی پرەنسیپەكانی كۆمۆنیزم وەرگیراوە. ماركس و ئەنگڵس وەك دوو ڕۆژنامەوانی ڕادیكاڵیست دەستدەكەن بەچالاكیی ڕۆژنامەوانیی لەسەروبەندی شۆڕشەكانی 1848دا. 

لە ساڵی 1850، ئەنگڵس دووبارە دەچێتەوە ناو بنكە ئابوورییەكەى خێزانەكەیەوە لە مانچستەر، تا ساڵی 1870 لەوێ دەمێنێتەوە، دەستدەكات بە یارمەتیدانی دارایی ماركس و زانیاریی ڕۆژنامەوانیی بۆ نووسینەكانی. هەروەها خۆشی دەستدەكات بە پەرەپێدانی هێڵە فیكرییەكانی خۆی بەتایبەت لە زانستە سروشتییەكاندا و كتێبی دیالەكتیكی سروشت، دەرەنجامی ئەم هەوڵانەیە و لە ساڵی 1927دا بڵاوبووەوە. لە ساڵی 1848دا، دەتوانێت باروبنەى بگوازێتەوە بۆ لەندەن. لەبەر ئەوەى ماركس بەهۆى نەخۆشییەوە لەچالاكیی سیاسیی دووركەوتبووەوە، بۆیە ئەنگڵس وەك هەڵوێستی هاوبەشی هەردووكیان وەك خۆى باسی دەكات، ئەم بەرپرسیارێتییە دەگرێتە ئەستۆ. ساڵی 1878، كتێبی ئەنتی دورینگ دەنووسێت، و هەروەها سێ بەشی كتێبی سۆسیالیزمی خەیاڵی و زانستیی لە ساڵی 1880دا بڵاو دەكاتەوە. [ئەم كتێبە لەلایەن هاوڕێم بابان ئەنوەرەوە كراوە بەكوردیی و بەم زووانە بڵاو دەبێتەوە] ئەم كتێبە زۆر بەزوویی لەناو بزووتنەوە سۆسیالیستییەكاندا بڵاو دەبێتەوە و خۆشەویست دەبێت و وەك هەڵسەنگاندن و لێكدانەوەى گشتیی ماركسیزم لەقەڵەم دەدرێت و وەردەگیرێت، واتا وەك یەكەم داڕشتنی هێڵەكانی ماركسیزم. 

ئەنگڵس بەردەوام دەبێت لە دیاریكردن و پەرەپێدانی هێڵە فیكرییەكانی خۆى و لە ساڵی 1884 كتێبە بەناوبانگەكەى، بنەچەى خێزان، خاوەندارێتیی تایبەت و دەوڵەت، بڵاو دەكاتەوە. ساڵی 1888، كتێبی لودڤیگ فۆیەرباخ و كۆتایی فەلسەفەى كلاسیكی ئەڵمانیی بڵاو دەكاتەوە، و ئەنگڵس دەستدەكات بە ڕوونكردنەوەى فەلسەفەى سروشتیی و مێژووی خۆى. ئەگەرچی، دوای مردنی ماركس لە 1883، ئەنگڵس زۆرینەى هەرە زۆری كاتەكانی خۆى تەرخاندەكات بۆ پێداچوونەوە و سەرپەرشتیاریكردنی بەرهەمەكانی ماركس و تێبینییەكانی دوو بەرگی دوو و سێی سەرمایە [چونكە ئەم دوو بەرگە دوای مەرگی ماركس چاپكران]، و لە 1885 و 1894دا بڵاوبوونەوە. هەروەها ئەنگڵس دوایین ساتەكانی ژیانی خۆی تەرخاندەكات بۆ ڕاوێژكاریی پارتەكانی ناو ئەنتەرناسیۆنالی دوو [بگەڕێنەوە بۆ ئەنتەرناسیۆنالەكان] پێش ئەوەى لە ساڵی 1895 كۆتایی بەژیانی بێت. 

وێڕای ئەوەى ئەنگڵس بلیمەتێكی گەورەى ناو مێژووی ماركسیزم و هاوكار و یاریدەدەری هەرە سەرەكیی ماركس و هاوبەشی نووسینەكانی بووە، بەڵام هاوڕێیەكی ڕاستەقینە و گیانی بەگیانی ماركس بووە و زۆربەی لێكۆڵینەوە فەلسەفییەكان لەسەر چەمكی هاوڕێ، لە ماركس و ئەنگڵسەوە دەستپێدەكەن، دەگوترێت ئەنگڵس هەموو بلیمەتیی خۆى كردە قوربانی یارمەتیدانی ماركس تا كارەكانی تەواو بكات.

(بۆ زانیاریی زیاتر و خوێندنەوەى زیاتر بڕوانن: 1) ئەنگڵس، بنەچەى خێزان، خاوەندارێتیی تایبەت و دەوڵەت، وەرگێڕانی كەریمی مەلا ڕەشید، 2) ئەنگڵس: ڕۆڵی كاركردن لەگۆڕینی مەیمون بۆ مرۆڤ، وەرگێڕانی كەریمی مەلا ڕەشید، 3) جۆن ڕییز: ماركسیزمی ئەنگڵس، 4) ژیلبەر ئاشكار: فرەدریش ئەنگڵس، 5) ئێم. ستیگەر و فی. كارڤەرل: ئەنگڵس دوای ماركس).