ژمارەیەك لە چالاكوانی چەپ وسۆسیالیست بە مەبەستی بەرزراگرتنی یادی سەدساڵەی شۆرشی ئۆكتۆبەر لە راگەینراوێكدا كۆمیتەی فیستفاڵی شۆرشی ئۆكتۆبەریان راگەیاند . هیوا عمر ئەندامی كۆمیتەی فیستفاڵی شۆرشی ئۆكتۆبەر بەماڵپەری رێگای كوردستانی راگەیاندن : ئامانجمان لەم فیستفاڵە یادكردنەوەو بەرزراگرتنی یادی ئەو وەرچەرخانە مێژوویە ودەرس وئەزمونەكانیەتی بۆ بزوتنەوی چەپ وسۆسیالیستی . هیوا وتیشی : لەمیانەی فیستفاڵەكە جگە لە پێشكەشكردنی چەندین باس وتوێژینەوەی زانستی لە بارەی هۆكانی بەرپابونی شۆرشی ئۆكتۆبەر وهەرەسهێنانی وپرسی شۆرش وریفۆرم وبەرپرسیارێتی كۆمنیستەكان لەمرۆدا، چەندین فلمی دیكۆمێنتی لەبارەی شۆرشی ئۆكتۆبەر وپێشانگای كتێب وچالاكی جۆراوجۆر لە خۆدەگرێت . لەبارەی رۆڵی پارتە چەپ وسۆسیالیستەكان لە فیستفالەكە هیواعمر وتی : رۆڵی ئەو دوانزە پارت وناوەندی چەپ وكۆمەنیستی وسۆسیالیستیەی لەسەر ئاستی وهەرچوارپارچەی كوردستان وعێرا وەك لە راگەینراوەكە ناویان هاتوە سپانسۆریكردنی فیستفالەكە یە .
دەقی راگەینراوەكە .
ڕاگەیاندنی پێکهاتنی کۆمیتەی سەرپەرشتی فیستیڤاڵی یادی (١٠٠) ساڵەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر
لە ٧ی نۆڤەمبەری ئەم ساڵدا ١٠٠ ساڵ بەسەر شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەردا تێدەپەڕیت.
ئێمە وەک کۆمەڵێک چالاکوانی چەپو سۆسیالیست بانگەوازی سازدانی فیستیڤاڵێک دەکەین بەو بۆنەیەوە. ئامانجمان لەم فیستیڤاڵە بەرزڕاگرتنی یادی ئەو وەرچەرخانە مێژوویەو وەبیرهێنانەوەی دەرسو ئەزموونەکانیەتی.
شۆڕشی ئۆکتۆبەر کۆتایی هێنا بە جەنگی جیهانی یەکەم و ئیمپراتۆریەتی روسیای ڕووخاند و لەهەمان کاتیشدا هەوڵێک بوو لە هەلومەرجێکی زۆر نەخوازراودا بۆ وەدیهێنانی کۆمەڵگایەک کە چەوساندنەوەی ئینسانی لەلایەن ئینسانەوە تێدا نەمێنێو دەرگای کردەوە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی، کۆمەڵگایەکی دامەزراو لەسەر بنەمای رزگاری و ئازادی مرۆڤایەتی. دروشمی سەرەکی شۆڕش برێتی بوو لە (نان، ئاشتی، زەوی، هەموو دەسەڵاتێک بۆ شوراکان)، بەڵام پەیامەکەی زۆر فراوانترو جیهانداگرتر بوو. شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەرجەستەبوونی پەیوەندی نێوان تیئوریو پراکتیکی شۆڕشگێڕانەی کۆمۆنیستی بوو و هزری سۆشیالیستی دەوڵەمەندتر کرد.
بە روودانو بەرپابوونی شۆڕشی ڕوسیا چینی فەرمانڕەوا (چینی سەرمایەدار) لە سەرتاسەری جیهاندا تووشی هەژانو هیستریایەکی بێوێنە بوو. لەئاستی ناوخۆییشدا شۆرشی ڕوسیا پەیامی خۆی بۆ وەدیهێنانی ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووری لە کۆمەڵگادا بە ڕوونو ڕاشکاوانە ڕاگەیاند، دەستپێکی ئەم گۆڕانکارییانە لە سەرتاسەری جیهانیشدا ڕەنگی دایەوە. شۆڕشی ڕوسیا دیدی ئینسانی بۆ مافەکانی خۆی، تێگەیشتنی ئەوی لە چەمکەکانی ئازادیو یەکسانی، پەیوەندی نێوان چەوساوەو چەوسێنەر، تاک و کۆمەڵگا لە بناغەوە گۆڕی و زۆر هەنگاوی گرنگو گەلێک خواستی ڕەواو جەماوەریی لە پراکتیکدا جێبەجێکرد لەوانە: کارگهو کارخانهکان لهلایهن شوراکان کۆنترۆل کرانو بهرێوهدهبران، نەتەوە چهوساوهکان بهمافی دیاریکردنی چارهنووس گهیشتن، ئازادیو یهکسانی ههمهلایهنهی دابین کرد بۆ ژنان، بە یاسا سزای لەسێدەرانی هەڵوەشاندەوە، دهستبهجێ و یهک لایهنه شهڕی ئیمپریالیستی (جەنگی جیهانی یەکەم)ی ڕاگرت، له سیاسهتی دهرهوهی دەوڵەتی سۆڤیەتیدا ههموو سات و سهودایهکی پەنهانو تەواوی پەیماننامەکانی پێشووی ههڵوهشاندهوه. لینین گوتەنی شۆڕش "ڤیستیڤالی ژێردەستەکان و چەوساوەکان" بوو.
(١٠٠) ساڵ دوای ئەو شۆڕشە مەزنە، یادکردنەوە لێی تەنها بیرهێنانەوەی ڕووداوی پڕ حەماسەتو سەرکەوتنە گەورەکان نییە، بەڵکو تێڕوانینە بۆ ئێستاو ئایندەی خەبات لە پێناوی وەدیهێنانی دنیایەکی باشتردا. شۆڕشی ئۆکتۆبەر شوێنەواری خۆی لە ئاستی جیهانیدا جیهێشتووە و تائێستاش کاریگەرییە قووڵەکانی ماوە. هەربۆیە لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەرگیز هەڵسەنگاندنی ئەو شۆڕشە، سوود وەرگرتن لە ئەزموونەکانی، پیاهەڵدان بە سەرکەوتنەکانیداو ڕەخنەکردنی کەموکوڕیەکانی لەلایەن لایەنگرانیو هێرش بۆسەری لەلایەن نەیارانیەوە نەوەستاوە. لەو ڕێڕەوەشدا قوتابخانەی جۆراوجۆری فیکریو سیاسی، باڵە هەمەچەشنەکانی سۆشیالیزمو کۆمۆنیزم بە میتۆدی جیاوازەوە لێکدانەوەی جیایان کردووەو بە ئەنجامی جیاوازو زۆر جاریش ناکۆک بە یەک گەیشتوون.
ئێمە کە دەستەیەک لە هەڵسوڕاوانی چەپو سۆشیالیستین، وێڕای ئەوەی لە بەرزنرخاندن و بەهادانان بۆ شۆڕشی ڕوسیادا هاوبەشین، ئەوەمان ڕەچاو کردووە کە هەمەچەشنی لە تێڕوانینو هەڵسەنگاندنو تەنانەت ڕەخنەش لە لایەنە جیاوازەکانی ئەو شۆڕشە مەزنەو ئەنجامگیری جیاواز ڕێگەمان لێ ناگرێت کە سەکۆیەکی هاوبەش بۆ تێڕوانینە جیاکان ساز بدەینو لە فەزایەکی کراوەدا بۆ هەڵسانگاندنی ئەزموونەکە پێکەوە فیستیڤالیَکی شایستە بە یادی ئەو شۆڕشە مەزنە ساز بدەین.
ئێمە بەم ڕاگەیاندنە بانگەوازی سەرجەم سۆشیالیست و یەکسانیخوازان دەکەین کە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژەیە هاوکارمان بنو پشتیوانیو کۆمەک بە سەرخستنی چالاکیەکانمان بکەن. لەم فیستیڤالەدا مەبەستمانە سەبارەت بەم تەوەرانە باسی سیاسی و توێژینەوەی جۆراوجۆر پێشکەش بکرێت:
1- هەلومەرجی بابەتی وخودی بەرپابوونی شۆرشی ئۆكتۆبەر.
2- كاریگەریو لێكەوتە مێژووییەكانو دەرسو ئەزمونەكانی شۆڕشی ئۆكتۆبەر
3- هۆكارەكانی هەرەسهێنانی یەكێتی سۆڤیەتو بلۆكی رۆژهەڵات .
4- شۆڕشو ڕیفۆرمو بەرپرسیارێتی سۆسیالیستو كۆمنیستەكان لە كوردستان.
بانگەوازی هەموو کەسایەتی و توێژەرە سۆشیالیست و چەپەکان دەکەین بەشداری ئەم باسو تەوەرانە بنو هەمووان ئاگادار دەکەین کە تاکو ١٠ی ئەیلولی ٢٠١٧ کورتەی باسەکانی خۆیانمان بەدەست بگەیەنن. لەو کورتەیەدا بەشداربوو هێڵە سەرەکیەکان و ئەنجامگیری خۆی بە کورتی بنووسێت. دەرگای بەشداری لە فیستیڤالدا بۆ هەمووان ئاوەڵایەو هەر بەشداریەک نەک لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی سیاسی کۆمیتەکەمان، بەڵکو لەسەر بنەمای چۆنایەتیو ڕادەی خزمەتکردنی بە هێنانەدی ئامانجی فیستیڤاڵەکە بڕیار لەسەر جێکردنەوەی لە فیستیڤاڵەکەدا دەدرێت.
کۆمیتەی سەرپەرشتی فیستیڤاڵی (١٠٠) ساڵەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر
ئازاد ئارمان، هیوا عومەر، شەماڵ عەلی، ڕزگار عومەر
ئەم حزبو لایەنانە سپانسۆری ئەم فیستیڤاڵەکە دەکەن
حزبی شیوعی کوردستان
حزبی زەحمەتکێشان
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان
ناوەندی لێکۆڵینەوەی سۆشیالیستی
ڕەوەندی سۆشیالیستی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق
حزبی شیوعی عیراق
حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی چەپی عیراق
حزبی کۆمۆنیستی کریکاری ئێران- حکمەتی
ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە)
تەڤگەری ئازادی کوردستان
پارتی ئاشتی و سۆشیالیزم – باکوری کوردستان
8-8-2017