ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان كۆچی دوایی هاوڕێی خۆشەویست و داهێنەر وبیرمەندی گەورە و دۆستی دڵسۆزی گەلی كوردستانمان فالح عەبدول جەبار رادەگەێنیت،كە لە رێكەوتی 26 شوبات لە بەیروت بە جەڵتەی دڵ كۆچی دوایكرد .

رۆڵ و نوسین وبەرهەمەكانی دكتۆر فالح عەبدول جەبار وەك بیرمەندێكی ماركسی لە بواری زانستی كۆمەڵایەتی وسیاسی وئابوری كتێبخانەی سۆشیالیستی دەوڵەمەنتركرد، ئەمەش لە رێگای توێژینەوە قوڵەكانی كە پشت ئەستورە بە بەستنەوەی رەهەندی تیور بە واقیعەوە لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق ورۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی.

فالح عبد الجبار رۆڵ و توێژینەوە و بەشداریی گەورە ی هەبوو لە بواری دەستنیشانكردنی تایبەتمەندی مێژوویی ئەم ناوچەیە وباگراوندی پێشكەوتن ودیاردە كۆمەڵایەتییەكان لە چوارچێوەی چەمكەكانی ئەتنیك، نەتەوە ودەوڵەت، ئیسلامی سیاسی، جگە لە بەشدارییە قوڵەكانی دیكەی سەبارەت بە گریمانەكانی سۆشیالیستی كە بەشدارییەكی هیوابەخش بوو لە تەك بیرمەندە ماركسییە شۆرشگێرەكان لە سەردەمی كەوتنی ئەزمونی یەكێتی سۆفیەت و كەمپی سۆسیالیستی و خستنەرووی توێژینەوە وهەڵسەنگاندنی ئەوتۆ كە ئاماژە بەوە بكات سیستەمی سەرمایەداری كۆتایی مێژوو نیە، جگەلەوەش بە وەرگێرانی كتێبی سەرمایەی كارل ماركس كتێبخانەی ماركسی دەوڵەمەندتركرد .

هاوكات دكتۆر فالح بەشدارییەكی گەورەی هەبوو لە بواری رۆژنامەگەری لەسەرەتای حەفتاكان لە بەغدا و خەباتی پێشمەرگایەتی و لە ریزەكانی حزبی شیوعی لە چیاكانی كوردستان وەك تێكۆشەرێك دژ بە رژێمی دكتاتۆری . دواین جاریش لە دیداری سلێمانی كە لە سەرەتای مانگی ئەیلولی 2017 سەبارەت بە ریفراندۆم ئەنجامدرا، لە دیدگایەكی فیكریەوە هەڵوێستی مەبدەئی خۆی جارێكی دووپاتكردوە لە پشتگیری كردنی مافی بریاردانی چارەنوس گەلی كوردستان، ئەمەش لە میانەی خستنەرووی توێژینەوەیەك سەبارەت بە بنیادنانی نەتەوە ودەوڵەت بە شێوەیەكی زانستی، و لە گفتوگۆكانیش ئاماژەی بەوە دا كە ئاكامەكانی ئەم پرۆسەیە هەرچۆنێك بێت، ئەو وەك پێشمەرگەیەك لە ریزی پێشەوەی داكۆكیكردن لە كوردستان دەبێت.

نەمری بۆ تۆ هاورێی ئازیز، وسەروەری وشانازی بۆ دۆست وهاورێیان و خانەوادەكەت.

مەكتەبی سیاسی

حزبی شیوعی كوردستان

26ی شوباتی 2018

  • 1