ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەكۆبوونەوەی ئەمرۆ پەرلەمانی كوردستان، رەشنوسی پڕۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی موچە و دەرماڵە خرایە بەرنامەی كارەوە و یەكێك لە رێكخەرانی كەمپینی نیشتیمانی بۆ پاڵپشتی لەمافی خانەنشین و موچەخۆران رایدەگەیەنێت، كۆبوونەوەكەی ئەمرۆی پەرلەمان هەوڵێكی جدی نییە و خۆڵكردنە لە چاوی خەڵك.

ئەمرۆ چوارشەممە 21ی شوباتی 2018 پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەك وەزیر، گفتوگۆی لەسەر پڕۆژەیاسایی چاكسازی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە كرا.

لە كۆبوونەوەكەی پەرلەماندا، هەریەكە لە رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوری و وەزیری كشتوكاڵ بەوەكالەت و مەحمود حاجی ساڵح، وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان و كەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگە بە وەكالەت و ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بەشداربوون.

شەش لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستان ڕاپۆرتی كۆتاییان لەسەر ڕەشنوسی پڕۆژەیاسای چاكسازیی لە خانەنشین و موچە و دەرماڵە خوێندەوە، بەڵام بەشێك لە ناكۆكییەكانیان لەبارەی هەندێ ماددەی پڕۆژەكە بە چارەسەرنەكراوی مایەوە.

شەش لیژنەكە رێكەوتن لەسەر پڕۆژەیاساكە و چەند گۆڕانكارییەكیان تێدا ئەنجامداوە وەك پشتگیرییەك بۆ پڕۆژەیاساكەی حكومەت و سێ ماددەیان بۆ پڕۆژە ٢٠ خاڵییەكەی حكومەت زیادكرد، گرنگترین بەشی گۆڕانكارییەكان، ناچاركردنی حكومەتی هەرێمە بە پێدانەوەی موچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران و دروستكردنی حسابی بانكی بۆ هەر فەرمانبەرێك تایبەت بەو قەرزەی لەلای حكومەتە.

لەلایەكی دیكەوە هیوا عومەر ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان و یەكێك لە رێكخەرانی كەمپینی نیشتیمانی بۆ پاڵپشتی لەمافی خانەنشین و موچەخۆران بەرێگای كوردستان-ی راگەیاند، "ئێمە وەكو هێزە چەپەكانی كوردستان لەساڵی رابردووەوە كەمپینێكمان بۆ داكۆكیكردن لە مافی خانەنشینان و موچەخۆران راگەیاندووە كە تیایدا، زیاتر لە (50)هەزار ئیمزا كۆكرایەوە و بەیاداشتێك پێشكەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكانمان كرد، كەتیایدا لە یاداشتەكەدا داوامان كردبوو بەزووترین كات مووچەی خانەنشینان و موچەخۆران دابەشبكرێت و قەرەبووی مووچە نەدراوەكانیشیان بۆ بكرێتەوە، مسلەی دابینكردنی بیمە كۆمەڵایەتییەكان یەكێكی تر بوو لە داواكارییەكانمان لە كاتێكە حكومەتی هەرێم مووچەی یەكساڵی خانەنشینانە نەداوە " .

ئەو ئەندامەی رێكخەری كەمپینی نیشتیمانی بۆ پاڵپشتی لەمافی خانەنشین و موچەخۆران راشیگەیاند، "هەر لەیاداشتەكەدا داواشمانكردبوو كە شێوازی دابەشكردنی مووچە بەشێوەیەكی شارستانیانە بیت و چیتر موچەخۆران شكۆیان پێ شێل نەكرێت و بەسەرمای زستان و بەگەرمای هاوین نۆرە دەگرن و بێ رێزیان بەرامبەر دەكرێت، وەك بینیمان لەساڵی رابردوو ئافرەتێكی خانەنشین لە نۆرەی مووچە وەرگرتن گیانی لەدەستدا و چەندین بەساڵاچووی دیكەی خاننەشین برینداربوون".

ئەو وتیشی، "ئەو هەوڵەی ئێستا حكومەت و پەرلەمان، هەوڵێكی جدی نییە و خۆڵكردنە لە چاوی خەڵك، ئەگەرنا حكومەت دەیتوانی بێ گەرانەوە بۆ پەرلەمان لیستی خانەنشینان پاكبكاتەوە و مووچەكانیان بۆ بگەرێتەوە، ئێستا حكومەت بۆ خۆدەربازكردن لە بەرپرسیارتی و وەك ریكلامكردنی پێش وەختەی هەڵبژاردن، تۆپەكەی فرێداوەتە هۆڵی پەرلەمانی كوردستان، بەرچاوكردنی پێكهاتەی پەرلەمان لە حیزبە دەسەڵاتدراكانن، ناتوانن بڕیار لە بەرژەوەندی مووچەخۆران و خانەنیشانن بدەن، چونكە (پارتی و یەكێتی) هەزاران خەڵكی ناشایستەیان بۆ بەرژەوەندی حزبی دامەزراندووە و خانەنیشنیان كردوون . ئەو وتیشی : ئەوەی دەگوزەرێت دەرئەنجامی سیاسەتی نیولیبرالیزمی حكومەتە كە لە ماوەی رابردوو لە چوارچێوەی رەچەتەی بانكی نێودەوڵەتی وەك ئایدیای دەساڵی داهاتووی حكومەت لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندكراوە، كە جەوهەری پرۆژەكە نەهێشتنی رۆڵی حكومەتە لە خزمەتگوزارییەكۆمەڵایەتییەكان و لە لایەكی تر زیادكردنی باج و سیاسەتی فرۆشتنی كەرتی گشتییە بە كۆمپانیا حزبییەكان . بۆیە چاكسازی راستەقینە لە رەتكردنەوەی ئەو بەرنامەییەی حكومەت دەست پێ‌ دەكات ،كەبەداخەوە نا ئێستا ئەوە نەبۆتە داواكارییەكی جەماوەری بەرفراوان .

 

 

 

 

  • 1