ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  ڕێگای کوردستان

ئەمساڵ ؛ ڕۆژی ٥ ئایاری ٢٠١٨ دووسەد ساڵ بەسەر لەدایك بوونی کارل مارکس تێدەپەڕێ. بۆ زۆربەی ئەو بەشانە لە مرۆڤەکانی جیهان کە یادی ئەو دەکەنەوە وەکو پیرۆزکردن یادی ناکەنەوە. جیهان یادی مارکس دەکاتەوە وەکو ئەو سێتە لە بیروباوەڕو ڕەخنە کە لە دوای خۆی جێیهێشت. مارکس ڕەخنەگرێکی بنەڕەتی سیستەمی کاپیتالیزم بوو،ڕەخنەگریکی بنەڕەتی لە کۆی کۆمەڵگایەیکی چینایەتی کە ئەم سیستەمە بەرهەمی هێناوە.

دژە سیستەم بوونی مارکس ڕەخنەیەك نەبوو بواری سەوداو مساوەمەی تێدا هەبێت، بەڵکو ڕەخنەیەكە یەك ئۆپشنی لە پێشە؛ تەنیا ڕەت کردنەوەو لە پێویستی ڕوخاندنی ئەم جۆرە لە سیستەم. 

گەشەی فیکری مارکس بەر لەوەی بەروبومی فیکری ئەوانەی بەر لە خۆی بێت، بەروبومی سووربونێکی بێ ووچانە لە دۆزینەوەی کلیلی ئەو پرسیارە سەختانەی کە لە ڕوویی فەلسەفە، مێژوو، سیاسەت سەبارەت بە شیاوبوونی سەرمایەداری بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.

وەڵامەکانی مارکس؛ فەلسەفی بوون، سیاسی و حیزبی بوون، لە هەمووشی گرنگتر ئەنتەرناسیۆنالی بوو.دەرکی مارکس بە جیهانیبوونی سیستەمی سەرمایە، ئاشنایەتی قوڵی ئەو بەو میکانیزمەی سەرمایە بوعدی جیهانی وەردەگرێ، ئاشنایەتی قوڵی ئەو بەسەرخانی ئایدیۆلۆژی ڕەنگاو ڕەنگی فریودەری سیستەم هەمووی کاریگەری هەبوو بەسەر پێکهاتە بنەڕەتیەکانی بیردۆزەکانی.

مارکس تەمەنی ٣٠ ساڵ و فریدریك ئەنجڵز تەمەنی ٢٨ ساڵ بوو کە مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیستیان نووسی. لە یەكێك لەپەرەگرافەکانی ئەم نوسینە باسی " خێوی کۆمۆنیزم " دەکەن لە ئاسمانی سیاسی ئەوروپا. لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوو لە توێ ی چەندین هەورازو نشێوی مێژوو ئەم خێوە، ئەم شەبەحە گەیشتە دەسەلاتی سیاسی، یان لێ ی نزیك بووە ، یان سیستەمێکی مامناوەند لە ژێر فشاری ئەو دروست بوو یان بە زەبرو خوێن لە بەینیان برد، هەموو ئەم هەورازو نشێوە نەبووە ئەوەی ئەم خێوە دوورکەوێتەوە لە خەیاڵی سیاسی، بەڵکو ئەمجارە شەبەحی مارکسیشی هاتە سەر، کە لە قەیرانەکانی سیستەم پەیدا دەبێتەوەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەم شەبەحە دەبێتە کتێب، دەبێتە مۆتیڤی گەڕانەوەی باوەڕو ڕاست و دروستی باوەڕەکانی مارکسیزم.

هیچ بیر مەندێك،فەیلەسوفێك،ڕابەرێکی سیاسی لە مێژووی مرۆڤایەتی بەقەدەر مارکس دژایەتی نەکراوە.دژایەتی کردنی مارکس لەبەر ئەوەبوو کە ئەوهەمیشە هەڕەشە بووە بۆ سەر تێکشکاندنی ئەو تەلیسمە فیکری وئایدیۆلۆژیە لە خشتەبەرانەی کە سیستەم خۆی پێ پێچاوە. مارکس لە نووسینی مانیفێستەوە تا ئەمڕۆ نوێنەرایەتی شەڕێکی تەئجیل کراو دەکا کە ڕەنگە دەستپێکی لە ڕووی زەمەن جوگرافیا دیار نەبێ بەڵام لە ڕووی " چارەنوسی سیستەم " ئاکامەکەی دیارە! ئەو تاقە کەس بوو بێ ئەوەی ئەسکەندەر بێت جیهانی دوولەت کرد!

لە ساڵی ٢٠٠٨ وە ، دەستەواژەی گەڕانەوەی مارکس دەگەڕێتەوە بۆتە وێردی سەرزمانی نەك تەنیا چەپ ومارکسیەکان، بەڵکو سیاسەتمەدارو نوسەران و داکۆکیکارانی سیستەم نایشارنەوەو بە ترسەوە دەڵێن " دەگەڕێتەوە " ! چونکە ڕەخنەکەی لەسیستەم نەك ڕاست و دروستی سەلمێنراوە بەڵکو وەکو تاقە ڕەخنەی شێلگیر درێژە بە عومری خۆی دەدات و هەمیشە دەرفەتی دەوڵەمەند کردنی کراوەیە. بەڵام بۆچەپ و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ڕەسەن مارکس قەت نەڕۆیشتبوو تا بگەڕێتەوە، پلاتفۆرم و بەرنامەی مارکسیزم هیچ پەیوەندی بەوە نیە چەندە دوژمنە سەرسەختەکانی هێرشەکانیان چڕ یان بە پێچەوانە کەم دەکەن، بەڵکو پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە " گۆڕین " ی ژیانەوە هەیە کە کڕۆك و ئامانجی سەرەکی مارکسە، ژیانێك کە پێویستی بە لە بەین بردنی زنجیرەکانی سیستەم هەیە، بێ هودە نەبوو کە ئایکۆنی مارکس " سپارتاکۆس "ی ڕابەری شۆڕشی کۆیلەکان بوو.

کە ئەمڕۆ ئێمە وەکو ڕۆژنامەیەکی چەپ ئەم یادە دەکەینەوە؛ بۆ ئەوە نییە تەنیا وەکو یاد بەسەرمان تێپەڕێ، بەڵکو هاودەنگ بوونە لە گەڵ هەموو ئەو دەنگە فراوانەی دونیا کە ئەم یادە دەکات، هەروەها نیشان دانی شوناسێکە کە هیچ دوودڵیمان لەسەر نییە، ئێمەش بەشێکین لە شەبەحی مارکس و کۆمۆنیزم .

 

  • 1