ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

حەسەن ماوەڕانی 

 

مافی نەتەوایەتی، نیشتمانپەروەری، رزگاریخوازی نەتەوایەتی و ئەرکی چەپی کورد، بابەتی گرینگن کە بەداخەوە لە لایەن حیزبە چەپە کوردستانیەکانەوە، بایخیان پێنەدراوە. هەربۆیەش گەلێک چەپی ویشکەڕۆ و ئەنارشیست بوارێکیان بۆ ڕەخساوە و بە بیانووی دژایەتی لەگەڵ بیری ناسیۆنالیستی، لە گێژاوی خەیاڵیدا نوقم بن و هەرچی بەزاریان دادێ لە ئاست دژبیرەکانیان بینووسن و بەکردەوە مل بۆ داگیرکەرانی کوردستان دا بنێن وببنە پارێزەری سنوورەداڕێژراوەکانی دەسکردی کۆلۆنیالیستەکان. بەداخەوەش بەشێک لە ڕووناکبیرە گەنجەکانی زۆر باش و چالاک کەوتوونەتە داوی ئەو خەونە خەیالیانەیان و لە بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوایەتی دابڕاون و بە قسەی خۆیان دژی ناسیۆنالیزمی بەچاوتەنگن. 

بەر لە هەر شتێک دەبێ ئەوەی لەبەر چاو بگرین کە بیری چەپ لەسەر بنەمای تیئورییەکانی زانستی لەباری فەلسەفی، ئابۆری، کۆمەلایەتیەوە داڕێژراوە. زانست لە بناخەوە دژە بە ویشکەڕۆیی و وەستان. زانست پەرەگرە ورەوتی پەرەسەندنی هەیە. هیچ تیئۆرییەکی زانستی نییە کە پەرەی پێنەدرێ و بە نەگۆڕی بمێنێتەوە. هەر بۆیەش بناخەی بیری چەپی راستەقینە لەسەر دنیا بینیی زانستیانە داڕێژراوە. لەو دنیا بینییەدا، هەر پێکهاتەیەک و هەر ڕووداوێک بە شێوازی دیالێکتیکی کە شێوازی زانستیانەی لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەیە، لێک دەدرێتەوە و لە کات و ساتی تایبەت بە خۆیدا هەلدەسەنگێندرێ. 

نە مارکس و ئێنگلس مارکسیست بوون و نە لێنین، لێنیست بووە. گەر بە وردی و زانستی سەرنج بدەینە ئەو "ئیزم"انەی کە بەدوای ناوێکدا دێن، بە هاسانی بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو چەشنە "ئیزم" داتاشینانە هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ مرید و مریدایەتی و پێڕەوی ئایینی کە لەکۆنەوە بە هۆی بێ ئاگایی لەناو کۆمەڵانی مرۆڤ دا باو بووە و هەیە ، نییە. مارکس و ئێنگلس لەسەر بنەمای دەسکەوتە زانستیەکانی پێش خۆیان و بە پەرە پێدان بە شێوازی دیالکتیکی لێکۆلینەوەی زانستی و دۆزینەوەی کاراکتێری دینامیکیی گۆڕان و پەرەگرتن، چوارچێوەی دیالکتێکی فەلسەفی و مێژووییان داڕشت. بەمجۆرە هەنگاوێکیان نایەوە کە وەک پێشاهەنگی داسەپاندنی دنیابینی زانستی ناسران. ئەوان بە بەکاربردنی ئەم شێوازە توانیان شۆڕشێکی زانستی لە فەلسەفە، ئابوری و مێژووناسی و کۆمەڵناسیدا بەرپا کەن. 

لەم روویەوە دەکرێ بڵێین دەسپێکەری بەکار بردنی ئەم دنیابینیە لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریدا بوون. یەک لەو بوارانەش رەوتی پەرەگرتنی کۆمەڵایەتی جیهان بوو. ئەوان بە لێکۆڵینەوە لەسەر ڕەوتی پەیدایی و پێشکەوتنی کۆمەڵانی مرۆڤ، فۆرماسیۆنەکانی کۆمەڵایەتی ئابورییان شیکردەوە کە لە کۆمەڵگای مرۆڤدا بە گشتی زاڵ ببوون و هەرکام لەسەردەمێکدا ڕەواجیان هەبوو هەتا سەردەمی سەرمایەداری. لەسەر بناخەی تێکڕای لێکۆڵینەوەکانیان، پێش بینی داهاتن و زاڵبوونی فۆرماسیۆنێکی نوێیان کرد لەسەر بنچینەی داسەپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، واتە سیستێمی سۆسیالیستی. سیستمێک کە هەتا ئێستا بە کردەوە پێکنەهاتووە و هەر ڕاڤە لەسەر تایبەتمەندییەکانیان دەکرێ و ئەم باس و لێکۆڵینەوەش لە سەر بناخەی چۆنێتی دابینکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەر درێژەی هەیە. 

بە پێی لێکدانەوەی دیالکتیکی – مێژوویی هەر کام لەو فرماسیۆنانە تایبەتمەندی خۆیان هەبووە و لەسەردەمی خوێاندا بە پێی دەرەتان گەشەیان سەندووە و زاڵ بوون. تێداچوونی فرماسیۆنێک و هەنگاونانەوە بەرەو فرماسیۆنێکی نوێ، پێوەندی بە ناکارایی و وەستانی سیستێمی زاڵ بەسەر فۆرماسیۆنەکەدا هەبووە. 

کۆیلەداری بەسەر ژیانی رەوەیی و خێڵەکیدا سەرکەوت، دەرەبەگایەتی کۆتایی بە کۆیلەداری هێنا و سەرمایەداریش بزماری تابوتی دەرەبەگایەتیی داکوتا. ئەو ڕەوتەش لە سەرتاسەری جیهاندا بە یەکچەشن و لە یەک کاتدا پێک نەهات. تەنانەت لە زۆر شوێندا پاشماوەی ژیانی ڕەوەیی خێلایەتی و کۆیلەداری و دەرەبەگایەتی هێشتاش دەبینرێ. ئەوەش بە تایبەت لە ئاسیا بۆ زۆریک لە زانایان ببوو بە گرێپووچکەیەک کە تەنانەت مارکسیش کە لە گەڵ ئینگلس پێشرەوانی داڕشتنی بیری زانستی بوون، نەیان توانی لەوسەردەمدا بە دروستی رەوتی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی ئاسیا لێکدەنەوە و هەر بۆیەش ناویان نا شێوازی دیکتاتۆریی ئاسیایی. لەکاتێکدا ئێستا پاش پتر لە دوو سەدە پاش سەردەمی مارکس، زانستە کۆمەڵایەتیەکان ئەوەندەیان پەرەگرتووە کە ئەو گرێپووچکەیە بکرێتەوە و بە شێوازی دروست شی بکرێتەوە.

تیوریزەکردنی نەتەوە و خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوایەتی و ماف و پێناسەی نەتەوەییش، سەرەڕای هەبوون و لەگۆڕیدا بوونیان لەسەردەمەکانی هەرەکۆنی مێژووییەوە، بە هۆی ئەم دەسکەوتە زانستیانەی مارکس و ئینگڵس، پەرەی سەند و گەلێک زانای کۆمەڵناسی و سیاسەت و مێژوو، لەسەر ڕوونکردنەوە و شیکردنەوەی ئەو دەستەواژانە دەستیان بە کار کرد. لەسەرتاسەری نووسراوەکانی بەجێماوی ئەو پێشاهەنگ و وەستایانەی دنیابینی زانستیدا، پێداگری لەسەر بەفەرمی ناساندن و ڕەوایی مافی سەربەخۆیی نەتەوەکان لە حاشا نەهاتوویە. تەنانەت نووسراوەکانیان لەسەر مەسەلەی ئیرلەند و پۆڵۆنیا بە ڕاشکاوی بەرپەرچی هەموو بۆچوونە ئەنارشیستی و کۆسمۆپۆلیتیکیانەی بەشێک لە چەپی ئەو سەردەم دەداتەوە کە بە داخەوە پاش تێپەڕ بوونی دوو سەدە خەریکە لە ناو کورددا سەرهەڵدەداتەوە. لەسەر بنەمای بۆچوونی زانستی مارکس و ئێنگلس، لێنین مافی نەتەوەکان لە دیاریکردنی چارەنووسی خویاندا دەنووسێ. بەداخەوە حیزبەکەی خۆشی بەو نووسراوە بایخی تایبەت بە خۆی نادا و ئاڵوگۆڕەکانی ستالینی بەسەر دێنێ کە پاش نیو سەدە دەتەقێتەوە. 

بەو هۆیە و بۆ پەرپەڕچدانەوەی خۆتێخزاندنی ئەو چەشنە بۆچوونانە لە ناو ریزەکانی چەپی کورددا، کە لەزۆر مێدیای کوردیدا و لەلایەن بەشێک لە حیزبە چەپەکانی کورددا بانگەشەی بۆ دەکرێ، پێویستە دەستەواژەکانی نەتەوە، مافی نەتەوایەتی، بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوایەتی و ..هتد، بەتایبەت لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوایەتی کورددا، شی بکرێنەوە. ئەو کارە پێویستە هەتا سەرلێشێواویی وەک :

" ڤهور مدرنیته و بعدها فروپاشی امپراتوری عپمانی نه تنها كوردها بلكه سایر ملل منگقه را به تب استقلال‌گلبی دچار كرد و این ویروس باعپ دامن‌زدن به رقابتهایی میان ملل منگقه شد كه تا امروز هم خونبار و خشن ادامە حیات می‌دهد . (کاروان محمدی )"

ڕیگای پێنەدرێ. 

وەڕگێڕانەکەی بەکوردی:

" پەیدایی مۆدێرنیتە و پاشان فەوتانی ئیمپێراتوری عوسمانی، نەک تەنیا کورد، بەڵکوو نەتەوەکانی تری ناوچەی تووشی تای سەربەخۆییخوازی کرد و ئەو وایرۆسە (!!!) بوو بە هۆی رکەبەرەکایەتیەکان لە نێوان نەتەوەکانی ناوچە کە هەتا ئەورۆش بە شێوازی خویناوی و دڕندانە بەردەوامە" (کاروان محمدی)

گەر بە وردی سەرنجی ئەو بۆچوونە بدەین، دەکارێ ئەم چەند خاڵەی لێ دەسکەوێ:

مۆدیرنیتە کارتێکەری نەرینی هەبووە.

تێکشکانی ئیمپێراتوری عوسمانی کارتێکەری نەرێنی هەبووە.

ئەم دوو کارتێکەرییە نەرینیانە بوونە هۆی دوژمنایەتی و خوێنڕشتن لە نێوان نەتەوەکانی ناوچەدا.

سەربەخۆیخوازی وایروسە!!!

بەداخەوە ئەو چەشنە نووسینانە لەلایەن کەسانێکیش بڵاو دەکرێتەوە کە بەشێکی بەرچاوی ژیانیان بۆ گەیشتنی کۆمەڵگا بە مافەکانی رەوایان تەرخان کردووە. ئەوەش پێشاندەری ڕادەی نائاگاییان لە دنیا بینی زانستیە و چاونووقاندنیان لە رووی هەست و خۆشەویستیە بۆ ئەو لایەنانەی کە بە هۆی بەرژەوەندی سیاسی رۆژی حیزبایەتی، بانگەشە بۆ ئەو هەڵەکارییانە دەکەن. بەرپەرچدانەوەی ئەم چەشنە بانگەشانە ئەرکێکە کە چەپی کورد نابێ خۆی لێ لادا.

نەتەوە، Nation، (ملت) 

لە ساڵی ١٤٠٠ زایینیەوە، زاناکانی ئاڵمانی ئەو ووشەیان لە Natioی لاتینی وەرگرت و لە جیهاندا ئێستا بەفەرمی بۆ هەموو جیهان ناسراوە. ناسیۆ لە لاتایندا مانای لەدایکبوون دەدا و لە سەردەمی نووسەر دێرینەکانی وەک تاکیتۆس دا، بە مانای ڕەچەلک و نەسەب بەکار هاتووە. (١)

لەسەر واتای نەتەوە گەلێک لە زانایانی کۆمەڵناسی واتای تایبەت بە خۆیان گەڵاڵە کردوە. هەندێک بنەمای ئێتنیک و هاوزمانبوون و کولتوری هاوبەش و وڵاتی تایبەت بە خۆیانیان وەک تایبەتمەندیی سەرەکی داناوە کە لە نووسراوەکانی پێڕەوەانی دنیا بینی زانستیدا ئاماژەیان پێکراوە، وەک لێنین، جان استوارت میل. 

هەندێک وەک ستالین دەستیان لەو تایبەتمەندیانە وەرداوە و ئابوری هاوبەشیان لێ زیاد کردوە.(٢)

کەسانی وەک فریدریش لیست واتای تەواو ئابوریان بۆ نەتەوە دارژتوە و نەتەوەیان وەک کۆمەڵێکی ئابوری لە چوار چێوەی گەڕانی دراو و بازاردا لێکداوەتەوە.(٣)

لە پوختەی تێکرای لێکدانەوەکانڕا، نەتەوە، لە ئاستی جیهانیدا بە دوو چەشنی زانستی و سیاسی لێکدراوەتەوە. لەباری زانستیەوە، هەم پێڕەوانی چەپی ڕاستەقینە، هەم زانایانی کۆمەڵناسی لەسەر واتای زانستیی نەتەوە هاودەنگن. بە پێیئەم واتایە :

"نەتەوە" کۆمەڵێکی ئیتنیکیە لەسەر خاکی خۆیانن و خاوەنی زمان ومێژوو و کولتور و داب و نەریتی هاوبەشن. 

ئەو واتایە بە واتای قوتابخانەی فیکری ئالمان ناسراوە. سەرچاوەکەشی لێکۆڵەروان و زانایانی پێڕەوی بیری زانستی وەک مارکس، ئێنگلس، لێنین و جان استوارت بوون. 

لە پاش شۆڕشی فەرانسە، لێکدانەوەیەکی سیاسی لە واتای نەتەوە بە پێڕەوی لە یاسای بنەڕەتیی فەرانسە هاتە ئاڕاوە. بە پێی ئەم واتایە:

شاروەندەکانی وڵات بەبێ لەبەرچاو گرتنی ئێتنیکی، زمانی، مێژوویی و کولتوری نەتەوە پێک دێنن. 

ئەم واتایەش بە ناوی واتای دەوڵەتیی فەرانسەوی ناسراوە و یەکەم زانای فەرانسوی کە هەوڵی تیوریزەکردنیدا Renand Ernst زانای ئیدەئالیست بوو کە لە ساڵی ١٩٨٢دا لەوتاری خۆی لە زانکۆی سۆربۆن لە ژێر سەردێری نەتەوە چییە، گەڵاڵەی کرد. (٤)

دەستەواژەی دەوڵەت - نەتەوە (دەوڵەت نەتەوە لەگەڵ دەوڵەتی نیشتمانی یەک نەتەوە جیاوازیی زۆری هەیە) لەسەر بنەمای تاریفی فەرانسەوی نەتەوە هاتۆتە گۆڕ و دەوڵەتی فەرانسە یەکەم وێنەی دەوڵەت- نەتەوە بووە کە لە ئاستی جیهانی و لەسەر داخوازی نەتەوە جیاوازەکانی فەرانسەش پێکهاتووە. لە هەمان کاتدا دەوڵەت- نەتەوەکانی وەک ئێران، تورکیە ، عێراق، سوریە، پاکستان و سریلانکاو... بەبێ ڕەزامەندی نەتەوە جیاوازەکان بە هۆی پەیمانە کۆلۆنیالیستیەکانەوە بەسەر گەڵانی ئەو وڵاتانە داسەپێندراون . تەنانەت لە ئەفریقا زۆر دەوڵەت پەیدا بوون کە بە خەتکێشی ئەندازیارانە لە یەکتر جیاکراونەتەوە. (٥) ئەو وڵاتانە کە لە پێکەوە لکانی خاکی چەند نەتەوەی جیاواز پێکهاتوون، بە وڵاتانی موزاییکی بەناوبانگن. 

لە ئاستی جیهانیدا، زانایانی کۆمەڵناسی کە بە بنەماکانی دنیابینی زانستی پابەندن، تێکرا واتای قوتابخانەی ئاڵمانی بۆ نەتەوە دەناسن. دەوڵەتەکانی جیهانیش بەپێی چۆنێتی پێکهاتەکانیان و بەرژەوەندیی سیاسی خۆیان، دەڕواننە مەسەلەکە و تاریفی دەوڵەتیی فەرانسەوی بەڵای زۆربەی دەوڵەتەکانی موزاییکی و خاوەن فرە نەوتەوە، وە هەروەها ئەو دەوڵەتانەی کە لەسەر داگیرکردنی وڵاتەکانی دیکە پێکهاتوون و لە ماوەی پێنج سەدەی ڕابردوودا بوونە قەوارەیەکی تازە، پەسندە . زۆربەی ماسمێدیاکان سیاسەتی دەوڵەتەکانیان ڕەچاو دەکەن و لە نووسیندا دانیشتوانی ئەو وڵاتانە بە گشتی بە ئێرانی و تورک و عێراقی و ..هتد ناو دەبەن. 

لەباری مافی نەتەوەییەوە ،. لەبەیاننامەی جیهانی مافی مرۆڤدا، بە شیکردنەوەی مافەکانی مرۆڤ، بناخەی دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆد هەرنەتەوەیەک بە دەستی خۆی داڕێژراوە و لە بەیاننامەکانی جیاوازی ئەو ڕێکخراوەدا بە دەیان جار بۆ کێشەکانی سەربەخۆییخوازیی نەتەوە جیاوازەکان کەڵکی لێوەرگیراوە. لە ساڵی ١٩٩٤ ەوە بە بۆنەی مافی دانیشوانی ئیتنیکی هەر وڵاتێک، باسی دیاریکردنی مافی خەڵکانی خۆجێیی کە ژێر دەستەی دەسەڵاتی بیگانە بوون، لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکاندا دەسپێکراوە و بوو بە هۆی دەر بڕینی بڕیارنامەی ژمارە ٢٩٥/٦١ کە لە ١٣ی سیپتامبری ٢٠٠٧ دا پەسند کرا و بەبێ لامجۆیی بەفەرمی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان و هەم کەمەنەتەوەکان دەناسێ. (٦)

بە پێی بۆچوونی زانستی، نەتەوەی کورد نەتەوەیەکە کە بە هەزاران ساڵە لەسەر خاکی خۆی دەژی و سەرەڕای هێرشەکانی داگیرکەران و پێلانە ئیمپیریالیستیەکان، گەرچی بەشێکی بەرچاوی نیشتمانەکەی لەدەست داوە و فارس و تورک و عەرەبی تیدا نیشتەجێ کراوە، بەڵام چوار پارچەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باکور و باشوری پاراستوە. لە میزۆپۆتامیا و ئیلام و ماننا و ماددا یەکەم کۆڵەکەکانی شارستانێتی داکوتاوە. خاوەنی کولتور و داب و نەریتی تایبەت بە خۆیەتی و زمانی کوردیی بە بێدەسەڵاتی نەک هەر پاراستوە بەڵکوو پەرەشی پێداوە. ئەگەر ئەو ڕاستیە دژە بە زانست، ئەوا دەبێ بڵێین ئەوە زانستەکەیە کە پای شکاوە!

مافی نەتەوایەتی

مافی نەتەوایەتی بریتیە لە مافی دیاریکردنی سەربەستانەی شێوازی ژیانی نەتەوەیەک لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتیدا. ئەوەیکە نەتەوەیەک چۆن کار و باری سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی هەڵدەسوڕێنی، چۆن لە سامانی نیشتمانی خۆی کەڵک وەردەگرێ، بە چ شێوازێک وڵاتی خۆی ئیدارەدەکا، بەشەکانی سەرەکی مافی نەتەوایەتین. 

مافی نەتەوایەتی لەگەڵ پەیدایی پێناسەی نەتەوەیی و لەسەر بنچینەی مافەکانی کۆمەڵایەتی – ئیتنیکی پێشوو پەرەی پێدراوە و شیکراوەتەوە. هاوکات لەگەڵ سەقامگیر بوونی دنیابینی زانستی، لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو مافە دەس پێکراوە. و.ئیلیچ لێنین لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەکانی مارکس و ئێنگلس، مافی دیاریکردنی چارە نووسی خۆی بۆ نەتەوە نووسی. لێنین لە توێی نووسینەکانی خوێدا وەک مارکس جەخت دەکا لەسەر سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت بۆ هەر نەتەوەیەک وەک تاقە ڕێگای دابینکردنی مافی نەتەوایەتی. بەداخەوە لەپاش سەرکەوتنی شۆڕشی سۆسیالیستی ئۆکتۆبر، حیزبەکەی خۆشی بە دروستی ئەو تێزانەی لێنینی ڕەچاو نەکرد. لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندیی حیزبی و حکومەتی، دەگەڵ پێڕەوی رەها لە زانست یەکتری نەدەگرتەوە. بەتایبەت لە شوێنێکدا کە دەسەڵاتی تاقە حیزبی دامەزرا بوو کە خۆی لە بنەڕەتدا دژ بوو بە بیر و باوەڕی زانستیانە. 

ویلسۆن سەرۆک کۆماری ئەمریکا (١٩١٣ – ١٩٢١) لە ١٤ خاڵی بەیانیەکەی خۆیدا بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی و کۆتایی هێنان بە شەڕی جیهانی بە ڕاشکاوی پەنجەی بۆ دان نان بە سەربەخۆیی نەتەوەکانی ژێردەستی ئیمپیراتوری عوسمانی ڕا کێشا و لە دروستکردنی رێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، لەبەندی یەکەم لەسەر بنەمای بەیانیەی ویلسون بە ڕاشکاوی مافی دیاریکردنی چارەنووسی هەرنەتەوەیەک بەدەستی خۆی دانی پێدانرا.(٧)

لە پەیمانی سێڤردا (١٩٢٠) تەنانەت بە ڕاشکاوی مافی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد بەفەرمی ناسرا. بەڵام بە هۆی دەستڕۆیشتوویی بەریتانیا و فەرانسە، پاش دۆزینەوەی نەوت، هەر وەها نەبوونی ڕێکخراوەیەکی سیاسی بەهێز لە کوردستاندا، لە پەیمانی لۆزان ١٩٢٢، ئەم پەیمانە پێشێلکرا و کوردستان بە رەسمی بەسەر وڵاتە تازە پێکهاتوەکانی ئیران و تورکیە لەسەر پاشماوەکانی ئیمپێراتوریەکانی عوسمانلی و قەجەر و ئینگلیس و فەرانسە دابەشکرا و بەداخەوە هەمدیسان داسەپاندنی ئەو مافە بەهۆی مڵنەدان و درێژەدان بە چەوسانەوە و ڕاووڕووتکردنی نەتەوە بێدەستەڵاتەکان لەلایەن ئیمپیریالیستەکان و نۆکەرە چلکاوخۆرە دەستەڵاتدارەکانیان تووشی بەربەست و گێرە و کێشەیەکی زۆرهات. (٨)

ئەگەرچی لەبەر سێبەری پەرەگرتنی بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازانە لە سەدەی ڕابردوودا، زۆربەی نەتەوەکانی بندەست توانیان سەربەخۆیی خۆیان وەدەست بێنن، بەڵام کورد وەک مەزنترین نەتەوەی ژێردەست ماوەتەوە. سەرەرای خەباتی بێوچان، بە هۆگەلی جیاواز ئەم ئاواتەی نەتەوەی کورد نەهاتۆتە دی. یەکێک لەو هۆگەلانەش هەر بەرژەوەندی زلهێزەکانە و ناکارایی سیاسی کورد لە دان و ستانەکانی نێونەتەوەییدا. هەروەها ناکارایی بڕیاردانی دابڕی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووکان بە بۆنەی دەستێوەردانی زلهێزەکانەوە کە بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بکەین بە ڕەتکردنەوەی ڕیفڕاندۆمەکانی باشوری کوردستان و کاتالۆنیا. لە هەردوودا بە ڕاشکاوی دەوری ئینگلیس، فەرانسە، ئالمان. ئەمریکا و روسیە و چین دیار بوو. 

خەبات بۆ وەدەست هێنانی مافی نەتەوایەتی خەباتێکی ڕەوایە و هەر نەتەوەیەک مافی خۆیەتی کە بۆ دابینکردنی سەربەخۆیی خۆی بەو ئەرکە هەستێ.

بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نیشتمانی نەتەوایەتی

بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی نیشتمانی نەتەوایەتی بە و بزوتنەوانە دەگوترێ کە دانیشتیووەکانی وڵاتێک لە بەرامبەر داگیرکەر و یان داگیرکەراندا ڕێکیان دەخەن بە مەبەستی ڕزگارکردنی نیشتمان و گەلەکەیان. دیارە لە مێژووی کۆنی مرۆڤ دا هەزاران نموونەی ئەوتۆ هەیە. چ لە سەردەمی هێرشەکانی ئیمپیراتورەکانی ئاشور و ماد و پارس و چیندا و چ پاش هێرشەکانی عەرەب و مەغول و تورک، لەزۆر وڵاتدا سەریان هەڵداوە و گەر توانایان پێشکاوە، تاڵانکار و داگیرکەرەکانیان ڕاوناوە و بە بۆ ماوەیەک لەئاست تاڵان و کوشتاردا نەجاتیان بووە. پێ‌ش پەیدایی سیستێمی سەرمایەداری و پێکهاتنی هێزەکانی کۆڵۆنیالیست، ئەو چەشنە بەرەنگاربوونەوانەش فۆرم و ناوەرۆکی تایبەت بە خۆیان پەیدا کرد. دوای شەری جیهانیی دووهەم، ئەو بزوتنەوانە گرینگی تایبەتی پەیدا دەکەن و لە ماوەی دوو دەیەی دوای کۆتایی شەری جیهانی دووهەمدا سیستێمی کۆلۆنیالیستی کۆن هەلدەتەکێنن. دەیان وڵاتی تازە پێکدێنن و تەنانەت لە زۆر شوێن وەک چین، هیند، ویتنام و کورە، چۆک بە بەهێزترین دەوڵەتەکانی ئیمپیریالیستی ئەمریکا و فەرانسە و ئینگلیس و ژاپۆن دادەدەن. 

مەبەستی داگیرکەران لەسەرانسەری مێژوودا نەگۆڕاوە. لەسەردەمی کوێلەداریدا بۆ وەدەستهێنانی کوێلە و بێگاری پێکردنیان بوە و لەسەردەمی دەرەبەگایەتیدا بۆ وەدەست هێنانی زەوی و زار و دەست بەسەر بەرهەمەکانی کشت و کاڵی داگرتندا بووە و بە ئاشکراش لەسەردەمی سەرمایەداریدا، مەبەست تاڵانی سامانە سروشتیەکان و دەسترۆیشتنە بەسەر ناوچە ستراتێژیکیەکاندا. 

بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوایەتی بە مەبەستی رزگار کردنی نیشتمان، دابینکردنی هەڵبژاردنی شێوازی شیاو لەلایەن دانیشتوانی وڵاتی داگیرکراوەوە پێکدی. ئامانجەکانی ئەو بزوتنەوە پاراستنی بەرژکەوەندییەکانی نەتەوایەتیە و بڕینەوەی دەستی تاڵانکەران و کۆتایی هێنانە بە کوشت و کوشتاری دزێوانەی داگیرکەران کە هەوڵی فەوتاندنی نەتەوەی بندەست و بە دیل ڕاگرتنی دەدەن. 

هەتا ئێستا گەلێک نەتەوە بەو شێوازە فەوتێندراون و ئازیمیلە کراون .(تاوێندراونەتەوە) بۆ وێنە رومیەکان، لازەکان، چەرکەسەکان، سورپێستەکانی ئەمریکا وە هەروەها بەشێک لە کورد و ئەرمەنیەکان. بەعەربکردنی بەشێک لە باشوری کوردستان وەک موسل و تەکریت، تورک کردنی بەشێک لە باکوری کوردستان و فارس کردنی هەمەدان و ئیسفەهان و بەشێک لە لورستان و خوزستان وێنەی بەرچاوی هەموومانن. هەمەدان کە زەمانێک ناوەندی ئیمپیراتوری ماد بوو بۆتە فارس. لە شەش سەدەی ڕابردوودا زمانی تورکی ئازەری بەشێکی گەورەی لە نێشتمانی کورد کردۆتە نەتەوەیەکی جیاواز بە نێوی ئازەری. دەیان وڵات بوونە وڵاتی عەرەبی کە لە باری ئیتنیکەوە پێوەندیان بە عەرەب نەبووە و بەشێکیان وەک میسری قیبتی کە ئەورو عەرەبن خاوەن پێشینەی مەزنی کولتوریش بوون. بەڵام سەرەڕای هەموو تاوانکارییەکانی داگیرکەران، کورد لە سەر ئەو بەشانەی نیشتمانی خۆی کە ئەورۆ هەیە، هەتا ئێستاش خۆی پاراستوە. 

داگیرکەر، مافەسەرەتاییەکانی وڵاتی داگیرکراو پێشێلدەکا و بە پێی کولتوری خۆی دەجوڵێتەوە. لەمێژوودا داگیرکەرانی ئایینی و ئیمپیراتوری و کۆلۆنیاڵی پێناسەکراون و هەمووچەشنێکیان لە بارودۆخی ئێستای جیهانی پێشکەوتوودا، وەک تاوانکاری لەقەڵەم دەدرێن. دیارە ئەوەش بەو مانایە نییە کە جیهانی پێشکەوتووش لە بەرژەوەندییەکانی سەردەمی کۆڵۆنیاڵی پاکبووبێتەوە. تەنانەت فۆرمی بەرژەوەندیخوازی بەهۆی پێشکەوتنی پیشە و زانست و کۆمەڵگا گۆڕدراوە. لەسەردەمی ئێستادا، مسۆگەر کردنی بەرژەوەندی شێوازی نەرم و نیان و سیاسیانەی بەخۆوە گرتووە و لە زۆر شوێناندا بە بیانووی دابینکردنی مافی مرۆڤیش دەبێتە شێوازی چەکداری و شەڕهەڵایساندن. بەڵام هەمدیسان ناچێتەوە قالب و چوارچێوەی داگیرکەرییەکانی سەدەکانی پێشوو. 

هەر وەک لەسەرەوە باسکرا، بەداخەوە کوردستان ، وڵاتی هەرە گەوەرە و نەتەوەی هەرە مەزنە کە بە شێوازی داگیرکەرانەی سەردەمی کۆن و بە هەمان کرداری داپلۆسێنەرانە و دڕندانە لەژێر پۆستاڵی داگیرکەراندا ماوەتەوە. هەر بۆیەش بزوتنەوەی کورد لە هەموو پارچەکانیدا و وێڕای هەموو کەم و کۆڕییەکانی ، بزوتنەوەیەکی رزگاریخوازانەی نیشتمانی نەتەوایەتیە.

ئەرکی هێزی چەپ لە کوردستانی داگیرکراودا

هێزی چەپ بەو هێزە دەکوترێ کە باوەڕی بە یەکسانیی مرۆڤ و دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەیە. بۆ دابینکردنی ئەو مافە و ئەو دادپەروریە خەبات دەکا. چەکی ئەو هێزە دەبێ بیر و هزری زانستی بێ و دنیا بینیەکەی زانستیانە. دنیا بینی زانستی پەرەگرە و وەستاو نییە. هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ دەسکەوتەکانی زانستی و تێکنیکی گەشەدەستێنێ. بە تێپەڕینی کات ڕوانگەی نوێ لەم دنیا بینیەدا پێکدێ و لەناخی تییوریەکانەوە و بە لێکدانەوەی ئەزموونەکان قانونە زانستیەکان دەردەکەون و جێگیر دەبن. هەر بەم هۆیەش هێزی چەپ، نابێ وەستاو بێ و دەبێ خۆی لەگەڵ ڕەوتی دەسکەوتەکان هاوئاهەنگ بکا. ئەوەش لەبنەڕەتدا دژە بە دەروێشایەتی. لەو ڕوانگەوە چەپ نابێ خۆی لە چوارچێوەی تیوریەکاندا قەتیس کاتەوە، بەڵکو دەبێ قانونە زانستیەکانی ئەو تیوریانەی کە بە ئەزمون و کردەوە سەڵمێندراون بەکار بەرێ. بەردەوام بێ لە گۆڕانکاریی بەپێی بارودۆخی ڕاستەقینەی کۆمەڵگاکەی. 

چەپی کورد هەتا ئەو کاتەی خۆی بە تیوریە کانی نەسەلمێندراو ببەستێتەوە، ناتوانی دەروێشایەتی وەلا بنێ و داهێنەر بێ. یەکێک لەبەرهەمەکانی دەروێشایەتی "حیزب و ڕێکخراو پەرستی" ە! حیزب و ڕێکخراو لە ڕوانگەی زانستیەوە دەزگایەکن بۆ خزمەت بە مرۆڤ. ئەرکی ڕێکخراو، ڕیکخستنی بواری کاری گشتیە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجی دیاریکراودا. کاری گشتی بەبێ لەبەرچاوگرتنی مافی تاک لەناو کۆدا ناگونجێ. ئەوە پێوەندی نێوان کۆ و تاک بەهێزدەکا و تاکەکان بەمجۆرە پتر هەوڵ دەدەن کە بە مەبەستی گشتی خزمەت بکەن. 

هەلبژاردنی ئامانج و ستراتێژی دوور و نزیک بۆ چەپی ڕاستەقینە دەبێ بەپێی لێکدانەوەی زانستیانە لە کۆمەڵگا بێ. چەپی خەیالپەروەر ناتوانێ خۆی لەگەڵ ویست و توانای کۆمەڵگاکەی ڕێکبخا و تووشی هەڵە و هەڵەکاری دەبێ و لەئاکامدا، گەرچی بە دڵ دەیەوی خزمەت بە نیشتمانەکەی بکا، دەکەوێتیە بەر قین و ڕقی کۆمەلانی وڵاتەکەی خۆی. 

راستەقینەی نیشتمانی ئێمەی کوردیش ئەوەیە کە داگیرکراوە، دەچەوسێندرێتەوە، دادەپلۆسێندرێ و لە چوەارلاوە هەوڵی تاواندنەوەی دەدەن. کوردستان وڵاتی پیشەیی پێشکەوتوو و بەرهەمهێنەر نییە. سەرمایەداری بەستراوە بە داگیرکەران بەسەریدا زاڵە و لە هەمان کاتدا پاشماوەی خێڵایەتی و دەرەبەگایەتی و باب مەزنی لەوێدا بە زەقی خۆ دەنوێنی. هەروەها بە هۆی داگیرکراوی نیشتمان، هەستی بەرزی نەتەوایەتی کە لە نێو خۆماندا کوردایەتیی پێدەڵێن، بۆتە بوارێکی لەبار بۆ خەباتی رزگاریخوازانە. هەستی نەتەوایەتی بزوێنەری تێگڕای شۆڕشەکانی کورد بووە و هەیە. پەرەگرتنی ئەو هەستە بەرەو تێگەیشتوویی نەتەوایەتی، بەبێ کاری شێلگیرانە و لەخۆبوردوویی ڕیکخراوە سیاسیەکان ناگونجێ. لەم ڕێگایە سەختەشدا کۆسپ و تەگەرەیەکی زۆر لەبەردەم سەرجەمی تێکۆشەرانی نیشتمانپەروەرە. بۆ وێنە دابەشینی کوردستان و پارچە پارچە کرانی لەلایەن کۆلۆنیالیستەکان و چوار داگیرکەرە سەرکیەکانەوە، بواری ناوچەگەڕایی و پچرپچر بوونی هێزی لە بزاڤی کورددا ڕەخساندووە. لەکاتێکدا کوردەکان لەهەموو پارچەکان بەوشیاری لەئاست رووداوەکانی هەر پارچەیەک وەدەنگ دێن، گەلێک ڕێکخراوەی کوردستانی بەپێچەوانە کاردەکەن و خۆیان بە لایەنێکی داگیرکەر دەبەستنەوە و ناوی دەنێن پێڕەوی لە سیاسەتی "واقع". بە خۆشیەوە بە گشتی لەناو تێکۆشەرانی کورددا بەگشتی و چەپی کورددا بەتایبەتی، دەنگۆی دژایەتی بە خۆ بەستنەوە بەرزە. بەڵام بەداخەوە لە سیاسەتی ڕێکخراوەکانی کوردستاندا پێڕەوی لە ئەو بە ڕواڵەت "سیاسەتی واقیعە" باوە. پرسیار ئەوەیە کە گەرچی لایەنگرانی چەپ لەباری چەندیەوە کەم نین بۆ نەیانتوانیوە کارتێکەریان لە بەرزترکردنەوەی ئەو دەنگۆیەدا هەبێ؟ بەڕای من خۆبەستنەوەی زۆربەی ڕێکخراوە چەپەکانی کورد بە تیوریە خەیاڵیەکان ئەوانی لە کۆمەڵانی هەراوی خەڵک دوور کردۆتەوە. پێوەنووسانی وەک بنێشت بە دروشمی دابینکردنی سۆسیالیزم، کۆمەڵگای ئینێرناسیۆنالیست، پرۆلتاریای نەبوو لە کوردستان، دروست کردنی نەتەوەی دێمۆکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاتێکدا دێمۆکراسی لە خود ڕێکخراوەکەشدا نییە، حیزب پەرستی و شەهید پەرستی، بە گشتی ئەو خەیاڵە ڕازاوەانەن کە زۆرینەی تێکۆشەرە چەپەکانی لە تێگەیشتنی خەڵکی خۆیان دوور خستۆتەوە. ویستی ڕەوا و بەرچاوی نەتەوەی کورد و سەرجەمی دانیشتوانی کوردستان ئازادی و رزگاریە لە داگیرکەران و گەیشتنە بە مافی ڕەوای نیشتمانیی خۆیان. لەم ڕوانگەوە بە باوەڕی من چەپی کورد دەبێ ئاڵاهەلگری ئەو ویستە ڕەوایە بێ و بە کردەوە بە خەڵکی کوردستان نیشان بدا کە دابینکردنی ئەو مافە لە ڕێکخراو و گەیشتن بە ئارزوە خەیالیەکان و مان و نەمانی ناوی ڕێکخراو و خوێنی شەهیدەکان پیرۆزترە. تەنانەت تێگرای ئەو کەسانەی کە گیانیان بەختکردووە و شەهیدیش بوون ، تێگترای ئەو کەسانەی لە زیندانەکانی دوژمندا ئازار دراون و ئازار دەدرێن، بۆ ئەو مەبەستە هاتبوون و هاتوونە ڕێزی خەباتەوە. بەمجۆرە چەپ متمانەی گەل وەدەستدێنێتەوە و دەبێتەوە هێزی کارا و دەتوانێ بەرەو ئامانجی دابینکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە نیشتمانی رزگارکراودا هەنگاو بنێ. 

بە کورتی چەپی کورد پێویستی بە بەخۆداهاتنەوەی هەم لە لانی بیرکردنەوە و هەم لە ئاستی ڕێکخراوەیی داهەیە. هەر رێکخراوەیەک میژووی خۆی هەیە و ناوی لە مێژوودا دەمێنێتەوە. بەڵام ڕاگرتنی ناو بە بەهای ڕاڕایی و نەمانی یەکێتی لەناو چەپدا، هەم ئەو مێژوویە ناشیرین دەکا و هەم ڕێکخراوەکان بەرەو فەوتان دەبا. با بە هەلگرتنی دروشمی رزگاریی کوردستان وەک دروشمی سەرەکی و پێکهێنانی هێزێکی ڕاستەقینەی چەپ لەڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ببینە سەرمەشق بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان!

سەرچاوە و پەراوێزەکان:

1- وتاری "واتای نەتەوە و پەیدایی و گەشەسەندنی لە سەدەی هەژدە هەتا سەدەی بیستی زایینی، نووسینی دۆرۆتە ێ‌. وایدگێر. ووەرگێرانی بە فارسی ناسری ئێرانپور.

2- مەسەلەکانی لێنینیزم، نووسراوەی ستالین

3- Friedrich List سیستێمی نەتەوەیی لە ئابوری سیاسیدا، ١٩٥٦

4- Ernst Renman وتاری نەتەوە چییە؟ ١٩٨٢ ، پاریس. 

5- وێنەی هەرە بەرچاو دابەشینی کوردستانە لە دوو قۆناخی جیاوازدا، یەکەم پەیمانی دوو ئیمپراتۆری سەفەوی و عوسمانلی لە سەدەی شازدەدا، دووهەم پەیمانی کۆڵۆنیالیستیی لۆزان لە سەدەی بیستەمدا. وێنەیکی دیکە دابەشینی کۆنگۆیە بە ولاتانی کۆنگۆ و ئانگۆلا. ئەوبەشەی لەژێردەستی پورتەغال دا بوو، ناوی ئانگۆلای لێنرا و بەشی بندەستی فەرانسە بوو بە کۆنگۆ.

6- شەرچاوە ویکۆپێدیا بە زمانی ئاڵمانی،

7- بەیانییەی ١٤ خالەی ویلسۆن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەو کاتدا،

8- لە ساڵی ١٩٢٣دا پەیمانی لۆزان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی تورکیە و یۆنان لە شاری لۆزان بەسترا. ئە پەیمانە پەیمانی سێڤری کە دانی بەسەربەخۆیی کوردستان نابوو، هەڵوەشاندەوە.

 

 

 

 

 

چەپ وكرێكاری