ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سزای زیندانی پانزده‌ ‌ساڵ بۆ هه‌ریه‌ك له‌و سه‌ربازه‌ خانه‌نشینه‌ شیللی یانه‌ سه‌پێنرا ، پاش ئه‌وه‌ی تاوانباركران به‌ كوشتنی گۆرانیبێژ ی میللی و تێكۆشه‌ری گه‌لی شیلی ڤیكتۆر جارا، كه‌ له‌ مانگی سێپته‌مبه‌ری 1973 گوللله‌باران كراو به‌لایه‌نی كه‌م 44 گوللله‌ نرا به‌ جه‌سته‌یه‌وه‌.

ڤیكتۆر جارا یه‌كێك بوو له‌داكۆكیكاره‌ سه‌رسه‌خته‌كانی سه‌رۆك ئه‌لیندی، كوشتنه‌كه‌ی بووه‌ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ دڕنده‌یی و تیرۆری ئه‌و ڕژێمه‌ سه‌ربازییه‌ی دیكتاتۆر پینوشێ له‌ ووڵاتی شیلی له‌نێوان 1973 هه‌تا 1990 كه‌ له‌لایه‌ن به‌ریتانیا و ده‌زگای سیخوری ئه‌مریكا سی ئای ئه‌ی پاڵپشتی ده‌كرا.

11 ی ئه‌یلولی 1973 جه‌نه‌رال ئاگوستو پینوشێ هێرشی كرده‌ سه‌ر كۆشكی كۆماری و له‌ ئه‌نجامدا بووه‌ هۆی خۆكوشتنی سه‌رۆك سلفادۆر ئه‌لیندی ، پاش چه‌ند كاتژمێرێك گۆرانیبێژ جارا ده‌ستگیركرا ، كه‌ یه‌كێك بوو له‌ ئه‌ندامانی حزبی شیوعی شیلی و سه‌رقاڵی وانه‌ ووتنه‌وه‌ بوو له‌ زانكۆی ته‌كنیكی حكومی.

چارا برایه‌ گۆڕه‌پانی تۆپی پێی شیلی كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ناوی ئه‌وه‌ ناونراوه‌، له‌وێدا به‌هه‌زاران هاووڵاتی شیلی ده‌ستبه‌سه‌ركرابوون، جارا ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆر درا ، به‌تایبه‌تی سه‌ری و ده‌سته‌كانی، پاشان درایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گوله‌ و دواتر ته‌رمه‌كه‌ی فڕێدرایه‌ یه‌كێك له‌ شه‌قامه‌ خۆڵه‌كانی سانتیاگۆ له‌ نزیك گۆڕستانی شار و دواتر برا بۆ توێكاریكردنی جه‌سته‌كه‌ی.

جارا یه‌كێك بوو له‌و هاووڵاتییه‌ شیلی یانه‌ی كه‌ له‌سه‌رده‌می دیكتاتۆر پینۆشێ كوژران، كه‌ ‌ زیاتر له‌ 3000 كه‌س بوون و هه‌ڵگری بیروڕای چه‌پ بوون.‌

پاش 45 ساڵ له‌و ڕووداوه‌، له‌ ٤ ی ته‌موزی 2018 بكوژانی جارا كه‌ چه‌ند سه‌ربازێكی خانه‌نشینكراو بوون، دادگاییكران به‌ تاوانی كوشتنی جارا و 15 ساڵ زیندانییان بۆ بڕدرایه‌وه‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌.

دادوه‌ر میگل فاسكیز بڕیاری دا كه‌ خانه‌واده‌ی جارا قه‌ره‌بووبكرێنه‌وه له‌ پاره‌ی خه‌زێنه‌ی ووڵاتی شیلی .

جگه‌ له‌و هه‌شت كه‌سه‌ تاوانباره‌ كه‌ ئێستا سزادراون، به‌رده‌وام ووڵاتی شیلی له‌ هه‌وڵی ده‌ستگیركردنی گومانلێكراوێكی تر دایه‌و به‌تاوانباری نۆهه‌م داده‌نرێت و كۆچی كردووه‌ بۆ فلۆریدا، كه‌ ناوی پێدرۆ بارینتۆس و هه‌وڵ ده‌درێت بدرێته‌ دادگا.

 

  • 1