ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كێشەی مێژوو، دەسەڵات، بیۆ دەسەڵات، سوبژێكتیڤیتێ، جەستە، كۆمەڵگەی كۆنترۆڵ، كۆمەڵگەی دیسپلین، بەرەنگاری، گفتوگۆی نێوان فوكۆ و ئاڵتوسێر

ئه‌بوبه‌كر جاف – به‌شی یه‌كه‌م

 

” لە ئاستێکی قوڵی مەعریفەی ڕۆژئاوادا، مارکسیزم هیچ دابڕانێکی واقیعی بەرهەم نەهێناوە[…….] مارکسیزم لە ناو فکرو بیرکردنەوەی سەدەی نۆزدەدا وەک ماسییەک وایە لە ئاودا، واتە لە هەرشۆێنێکی دیکە بێت جگە لە ئاوی سەدەی نۆزدە، ناتوانێت بژی و دەخنکێت.”

LES MOTS ET LES CHOSES, p. 274

(چیتر کەس لە بارەی مارکسەوە قسەم بۆ نەکات، نامەوێت چیتر قسەکردن لە بارەی ئەم بەڕێزەوە ببیستم، ڕووی دەمتان بکەنە ئەوانەی کە کارو پیشەیان ئەمەیە. ئەوانەی کرێیان بۆ ئەم باس و خواسە وەرگرتووە وشتیك وەردەگرن.ئەوانەی فەرمانبەری ئەم کارەن. من، من بە تەواوی لە گەڵ مارکسدا کۆتاییم پێهێنا) Cité par Claude Mauriac, Et comme lespérance est violente, t. III : Le temps immobile, Paris, Grasset, 1977, p. 581

میشیل فوكو

هاوڕێ لەگه‌ڵ ئەو قۆناغەنبه‌ییەی بۆ میشێل فوکۆ و فکری فوکۆ دەکرێت: ئارکیۆلۆژیا، ژینیالۆژیا، ئتیک، دەتوانین ئەوە بڵێین کە فوکۆیەکی دەرکیر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە گەڵ مارکسدا، زیاتر لە ئارکیۆلۆژیاکەیدا، بە جۆرێک لە جۆرەکان بەر مارکسی فوکۆ دەکەوین مارکسێکی ئەکادیمی و زانستخواز لەناو گوتاردا. مارکسێک لە ناو ئیپیستمی مۆدێرنەدا وەک دامەزرێنەرو خوڵقێنەرێکی گوتاریی. لە ناو گوتاردا کە چ سەروکارێکی بە پانتاییە نا- ناگوتارییەکانەوە نییە.

‌لەو بابەتەی میشێل فوکۆ لە مێزگردێکدا سەبارەت بە نیتچە بەشدار بوو، بە بابەتێک سەبارەت بە (مارکس، نیتچەو فرۆید) هاته‌ پێشه‌وه‌، وه‌ك پێشچاوخستنیان وەک برین لە جەستەی مۆدێرنەدا. وەک ڕاڤەکارو تەفسیرکارانی هێرمونێتیک.

بۆ فوکۆ، مارکس کەسێکە لە کاپیتالدا کاری پەردەهەڵماڵین بووە لە جیهانبینی و پێرسپێکتیڤی ئاسایی بۆرژوازی سەبارەت دراو و بەها. بۆ فوکۆ؛ ئێمە ئەوە لای مارکس نابینین کە هەستابێت بە ڕاڤەو تەفسیری پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان لە ڕێگەی مێژووەوە، بەڵکو (پەیوەندیەکی ڕاڤە – دووە ) کە پێشتر وەک تەفسیرێک هەبووە. کۆنفرانس و مێزکردەکە وەک پرۆژەیەکی گەورە و ئاڵۆز وەرگیرا، بە شێوەیەک دواتر لە کەتێبی (وشەکان و شتەکان) دا بە فراوانتر کاری لەسەر کرا. ئەم کارە وەک پرۆژەیەکی پتەو وجێکەی بێنەو بەردە و کێشمەکێش کەوتەوە.

وەستانێکی قووڵ لە سەر بە هەند وەگرتنە ئێپیستمییەکان کە وەک شیمانەو ئیمکانی بیرو بیرکردنەوەی ڕۆژئاوا وەریران لە ڕێنیسانسەوە بۆ ئەمڕۆ. ئێمە لێرەدا لە بەرانبەر بە زەمەنییکردن و بە دەکردنی مێژووەکه‌یداین لە ناو چرکەساتە ئێپیستیمییەکان بە سوود وەرگرتن لە (گاستۆن باشلار) و چەمکی دابڕان. لێره‌وه‌ پێشچاوخستنی ئیشکالێکی گەورەی مێژوو بەو شێوەی؛ مێژوو مەحکوم نییە بە لۆژیکێکی ناوەکی و هەناویی خۆی، مێژوو مەحکوم نییە لە بەئامانج گەیاندنی پەیامێک. مێژوو لە ژێر باری حەتمییەتێکدا نییە، مێژوو شانی نەداوەتە بەر ناچاریی و جەبرێک، کە تاکە کاری مانێفستکردنی ئەقڵ و ڕۆح بێت، بارگاوی بێت بە ئەنتاگۆنیزمێکی نێوان دوو چینی دیاریكراو! بەڵکو لە ڕووداوگەلێک پێکدێت کە زۆربەی جاران لێکتردابڕاون، لێکتر جودان بەشێوازێکی هیتیرۆژینی، ناسازو دوور لەیەک. ڕووداوگەلێک کە بەرهەم و لێکەوتەی ڕێکەت و بەیەکداچوونی ڕێکەوتیی هێزەکانە.

بەمشێوەیە ئێمە تەنیا دەتوانین لە ناو ئیپیستمییەکاندا بیر بکەینەوە، لە ڕێگەی پێشەکییەکانییەوە، (میشێل فوکۆ) سەر لە نوێ ئیپستمییەکانی؛ ڕێنێسانس، سەردەم و چەرخی کلاسیک و سەردەمی مۆدێرنی درووستکرده‌وه‌. لە سۆنگەی گیروگرفت و پرۆبلیماتیکی ژیان، زمان و کارەوە لە ناو پراكتیکییە گوتارییەکاندا و لە زارەی ئابووری کلاسیکەوە (ئادەم سمیت)، بۆ ئابووری مۆدێرن لای (ڕیکاردۆ)،وە وەرگرتن و تاوه‌كو پیشاندانی مارکس وەک بەردەوامیدەر بە ڕیکاردۆ. هه‌ر بۆیه‌ کاتیگۆری کار لای ڕیکاردۆ ڕێخۆشکەر بوو بۆ فوکۆ تا ئەو پنتە بدۆزێتەوە کە مارکسی بە (ڕیکاردۆ) وە دەبەستەوەو وەک درێژەپێدەری ڕیکاردۆ مابووەوە، ئەمەش لە ناو هەمان کێشمەکێش و کیروگرفتی ئابووریدا.

میشێل فوکۆ پێویستی بەوە نەبوو کە لە چاپتەرێک، یا خود لە ناو چەند چاپتەرێکی تایبەت و تایبەتکراودا لە مارکس بکۆڵێتەوە. بەڵکو ڕاستەوخۆ لە ناو هەمان گرنگیدان بە ڕیکاردۆو ئابووری مۆدێرن، لەناو کەوانەدا باسی لە مارکس دەکرد. ڕیکاردۆ ئەو دەرکەتن و هەڵتۆقینە بوو کە لە ڕێگەیەوە ئێمە دەوای پەڕینەوەی شیکردنەوەو هۆشیاری دەوڵەمەندیی ببینن، وەک سوڕانەوەو خولخواردن، لە هەناوی ئێپیستمی کلاسیک بۆ شیکردنەوەو شیکارکردنی بەرهەمهێنانی مۆدێرن؛ تێبینی یه‌كه‌م؛ کاتیگۆری کار وەک بەردی بناغەی ئابووری لە ناو ئێپیستیمی مۆدێرندا، واتە سەردەمێک کە بەرهەمهێنان دەکەوێتە پێش خولانەوەوە. لێرەدا دوو شت بۆ ئێمە کرنکە : پێش هەر شتێک (مێژوویبوون )و (مێژووێتی)بە دیارخستنی بەها لە ڕێگەی چەندێتی کارو گەڕاندنەوەی بۆ فۆرمەکانی بەرهەمهێنان. ئەمەش ڕێخوشکەرە بۆ بەرهەمهێنانی چەمک و تێەی بەرهەمهێنان وەک ” زنجیرەیەکی مەزن و کەورەی لۆێنراو بە یەکەوەو پێکەوە کرێدراو هۆمۆجین.لێرەوە بۆ یەکەم جار مێژوو ئابووری دەبڕێت.

تێبینی دووەم ؛بۆ ڕیکردۆ، نوقسانیی بونیادییە. مرۆڤ لە خۆیدا بوونێکە لە نوقسانیدا، بوونێکی نوقسانە. ئەم دۆخە هەمیشەییە ئەو شتەیە كه‌ ئابووری دێنێتە کایەوە. لێرەوە تەواوی ئێپیستمی مۆدێرن وەردەچەرخێتە سەر ئەنترۆپۆلۆژییەک کە دەگەڕێتەوە سەر گوتارێک سەبارەت بە کۆتابەندیی و پایان و بە پایانگەیشەنی مرۆڤ. کارو نوقسانی و نا تەواویی ئەو تێگەو چەمکە بە یەکداچوو و تەواوکارەی مێژوو و ئەنترۆپۆلۆژیه‌یه‌، کە ئەو ئاسۆ ئێپیستمییە ڕێکدەخەن کە مارکس وەریگرتۆتەوە. تەنانەت چەمکی ململانێ و کێشمەکێشیش ڕیکاردۆ باسی کردووە. ئەکەر چی مێژوو بۆ ڕیکاردۆ تێپەڕاندنی ئەنترۆپۆلۆژی لەخۆدەگرێت تا دەگاتە پنتێکی هاوسەنگ کەشکستی تایبەتی خۆیەتی.

بەڵام بۆ مارکس ڕووتاندنوەو ئەو نامۆبوونەی کە بەرهەمی دێنێت ڕێگە خۆشکەرە بۆ شۆڕش و شێوازی شۆڕشگێڕانە. وە بۆ مارکس بە پێچەوانەوە، مێژوو ڕۆڵێکی نێگەتیڤ دەبینێت، چیتر ئەو بە ئاکاهێنەرەوە ئەرێنی و پۆزەتیڤە نییە کە لە ڕێگەیەوە مرۆڤەکان ئازادی و ئازادبوونی خۆیان ببینن. پرۆلیتاریا لە ناو فاکتی شوێنگەیی خۆیاندا لە ناو بەرهەمهێناندا، دەتوانێت لەوە تێبگات کە ئەم نەزمە بەرهەم و بەرهەمهێنراوێکی مێژوویی و ئایندەیەی مێژووییە. هەر ئەوانن وەک ئاگایی و وشیارییەکی گەردوونیی هەقیقەتی مرۆڤ بینا بکەن.

لە کۆتاییدا، فوکۆ دەگاتە ئەو ئەنجامگیرییەی ” لە ئاستێکی قوڵی مەعریفەی ڕۆژئاوادا، مارکسیزم هیچ دابڕانێکی واقیعی بەرهەمنەهێناوە[…….] مارکسیزم لە ناو فکرو بیرکردنەوەی سەدەی نۆزدەدا وەک ماسییەک وایە لە ئاودا، واتە لە هەرشۆێنێکی دیکە بێت جگە لە ئاوی سەدەی نۆزدە، ناتوانێت بژی و دەخنکێت.

دەبێت ئاماژە بەوە بکەی کە ئەو مارکسەی فوکۆ لێرەو لەوێدا دەچێتەوە سەری، مارکسێکی تیۆریسیانە. گرنکیدان بە مارکسێکی زانا، نەک مارکسێی شۆڕشگێر کە سەروکاری لە کەڵ هوشیارییەکی مێژوویی و سیاسیدا هەیە. سەروکاری فوکۆ لە گەڵ ئەو دەرئەنجامە تیۆرییەی پێیگەیشتووە لە ناو زانستە مرۆییەکانداو لە ناو ئێپستیمی مۆدێرنەدا. دەرکەوتنی مارکسیزم لە ناو میرات و ئیدیۆلۆژیای مارکسیستیدا، دوورو نزیک بابەت و ئۆبژەی فوکۆ نەبووە، بەڵکو، مارکسیزم سوژەیەی جێهێڵراوە بۆ ” کۆمۆنیستۆلۆژی” کە لە ڕێگەی دەسەڵاتی حزبییەوە یاساو ڕێسای بەکارخستنی مارکس داڕێژراوە.

لەو شوێنەی ئێمە سەرقاڵی مارکسین وەک جەستەیەکی تیۆری، دەبێت لە بەکارهێنانە فەرمی و ئیدۆلۆژییەکان ڕزگاری بکەین و لە ناو (سندوقی ئامرازکاندا)، لەو شوێنەی بە کەڵک هات و شتێك بگەیەنێت لە ناو پێکهاتنە تیۆرییەکاندا. لێرەدا دەتوانین پێداگیر بین لەو قسەیەی فەیلەسوفی فەڕەنسی پییەر ماشێری کە دەڵێت :” فوکۆ و مارکس بە یەک دەگەن و چاویان بە یەکتردا دەتەقێت، ئەمەش واتای ئەوەی کە هەردووکیان بە ڕێزەوە لە شوێنی جیاوازەوە دێن و، بە ڕێزیشەوە زۆ دوو جێگای جیاواز دەڕۆن”ْ.

 

(چیتر کەس لە بارەی مارکسەوە قسەم بۆ نەکات، نامەوێت چیتر قسەکردن لە بارەی ئەم بەڕێزەوە ببیستم، ڕووی دەمتان بکەنە ئەوانەی کە کارو پیشەیان ئەمەیە. ئەوانەی کرێیان بۆ ئەم باس و خواسە وەرگرتووە وشتیك وەردەگرن.ئەوانەی فەرمانبەری ئەم کارەن. من، من بە تەواوی لە گەڵ مارکسدا کۆتاییم پێهێنا…1)

مارکس لە ناو پراتیکی گوتارییدا

لە گفتوگۆیەکی میشیێل فوکۆ لە گەڵ ڕایمۆن بیلۆ، فوکۆ، دەیەوێت شتێکی تر بڵێت سەبارەت بەمارکس، بەڵام لێرەشتدا پێداگیرە لەوەی کە ماركس هیچ دابڕانێکی مەعریفی لە گەڵ ڕیکاردۆدا دروست نەکردووە. بە ڕوویەکی تردا، ئێمە دەتوانین ئەوە بخەینە ڕوو کە مارکس لە ناو وشیاریی مێژوویی و سیاسییدا مرۆییدا، دابڕانێکی ڕادیکاڵی بەرهەمهێنا. فوکۆ لە (ئارکیۆلۆژیای مەعریفە) دا، دژ بە تایپی مێژوویەکه‌ کە سیمایەکی هیومانیستی هەیە، دژو نەیارە. بەڵام لێرەدا بە شێوازێکی کەمتر دەرکەوتن و مانێفێستبوونێکی ڕاستەو خۆو زەق.

لێرەدا فوکۆ زیاتر گەشەکردووتر بوو بە سەر ئاسۆیکی ستراکتورالیستدا. لێرەدا کە هەندێک کەس لەو بڕوایەدان شێوازێک لە پۆست ستراکتورالیزم دەردەکەوێت. بەڵام فوکۆ دژیی و نەیاربوونی خۆی ناشارێتەوە بەرانبەر مێژوویەکی تۆتال و سەراپاگیرو گشتگیر؛ هەموو تایپێکی مێژووی گڵوباڵ و گشتگیرو سەراپاگیر کە کارەی یەکڕەنگیکردنی مۆڵتیسیپیتێ بێت.، بۆ فوکۆ مایەی ڕەتکردنەوەیە. مێژوویەک کە هەمیشە دەگەڕێتەوە زۆ جەوهەرێکی یەکانەیی و ژیان تۆتالیزە دەکات و تەواوی مانێفستبوونەکانی دەگەڕێنێتەوە بۆ تاکە فاکتەرو پاڵنەرێک، ئەم مێژووە مایەی ڕەتکردنەوەیە، وە مارکسیش لە ناو ئەم نەریتە دایە.

لێرەدا جۆرێک لە وەرچەرخان و ڕاستکردنەوەی ئیپیستمییەکان دێتە ئاڕاوە وەک دیاریکەری سەردەمێکی تایبەت. لێرەوە، چیتر مارکس لە شوێنی خۆیدا نامێنێت وەک ئیدامەدان و زەردەوامیبوونی ڕیکاردۆ، بەڵام لە بیرمان نەچێت مارکس لێرەدا و، لە ناو سەرلەنوێ فۆرمیولەبوونەوەیەک دەردەکەوێت لە ناو پراكتیکە گوتارییەکاندا، ئەو فۆرمیولە گوتارییانەی کە لە ناو شیکارو شیکردنەوە سیاسی و مێژووییەکاندا

لویس ئالتوسیر

ڕێکخستنێکی دیکە سەر ڕێگا دەخەن. به‌مجۆره‌ مارکس دەچێتەوە ناو گوتارو پراكتیکە گوتارییەکانەوە لە هەناوی هەرێم و زەمینەیەکی ئارکیۆلۆژی کە هاوڕایە لە گەڵ بەڵگە نەویست و سەلمێنراوەکانی پراتیکی گوتاری ـ مەعریفە ـ زانست.

وەڵامی فوکۆ دوو جۆر لە پێگە دیاری دەکات لە ناوەوەی ڕوخساری گوتاریی و ڕووخسارە گوتارییەکان. پێکهاتنە زانستێەکان و پێکهاتنە گوتارییەکان. لێرەدا مارکس لە جۆرێکی ترە، جۆرێکی جیاواز کە شوێنێکی دیکە داگیر دەکات. لێرەدا ماڕکس دامەزرێنەری سۆسیالیزمی زانستی و نییە لە بەرانبەر سۆسیالیزمی یۆتۆپیدا؛ وە مارکس ڤێرژنە ئاڵتوسێرییەکەی نییە کە دامەزرێنەری زانستێکی نوێ بێت، ماتریالیزمی مێژوویی و، دامەزرێنەری دابڕانێکی ئیپستیمۆلۆژی کە نەمان بووبێت ! چونکە فەلسەفە بۆ ئالتوسێر هەمیشە دەکەوێتە پشتەوەی زانست و لە دواوەی زانستەوە ڕێدەکات.

لێرەدا مارکسی ئالتوسێری لە ناو کاتێدراڵی مەعریفەی زانستیی دایە. ئەو مارکسەی ئێمە لە ناو نوسینەکانی فوکۆدا دەیخوێنینەوە وەک دامەزرێنەرێکی گوتاریی کارێکتەریزە کراوە، یاخود وەک

پێکهێنەرێکی گوتاریی بە شێوەیەک کێشەو گیروگرفتەکە بکەوێنە نێوان مارکس و زانستەوە. ئەوەی بۆ فوکۆ گرنگە، ئەوەی بۆ فوکۆ مایەی لەسەر وەستان و گرنگی پێدانە، شوێنگە سەرو ـ گوتارییەکانە. جێگەی باس و خواس و وە بیرهێنانەوەیە، کە خوێندنەوەیەکی نوێی مارکس لێرە بە دوواوە سەر ڕێگا خرا، دۆزینەوەی تێکستێک کە بۆ زۆر کەس جیاواز بوو؛ دەستنوسەکانی ساڵی ۱۸٤٤بوو ئه‌م خوێندنەوە نوێیە گەڕانەوە نەبوو بۆ پلەی سفر تا تەفسیرردن لە بەرانبەر مارکسی جەوهەریدا بوەستێت، بەڵکو لە ناو سەروکارو سەرقاڵبوونێکی تردا.

ئەم تەفسیرە نوێیە لە کەڵ دەستنووسەکاندا دەرکەوت بەشێوەیەک، کاریگەرییەکی پتەو و بەرچاوی هەبوو لە سەر مارکسیزم، بیرکردنەوەکانی سۆسیال ـ دیموکراتەکان، بوونگەرایی، نیوـ تۆمیستییەکان. ئەمە لە کۆتایی ساڵانی په‌نجاكاندا و سەرەتای شەستەکاندا دەرکەوت، لە ناو ڤێرژنێکی هیومانیستی ـ مارکسیستی گارودی، ئەریک فرۆم، هێربێرت مارکیوزە، بە شێوەیەک کەوتەوە کە تەواوی کاتیگۆرییە فۆندەمۆنتاڵەکانی مارکس لە دەستنوسەکانیدایە. لێرەوە ئاڵتوسێر دێت و دەستدەکات تەفسیرکردنێکی مارکس لە ناو ڕەخنە هیومانیستی ـ سوزژێکتیڤیستییە مارکسیستەکەیدا….

 

چەپ وكرێكاری