ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پێشێلکارییەکانی دژ بە کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان

تایبەت بە هەفتەنامەی رێگای كوردستان

ڕۆژی 29ی تشرینی دووەمی 2018 لە شاری هەولێر، ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی بەهاوكاری ڕێكخراوی فریاگوزاری میللەتی نەرویجی ڕاپۆرتی ڕەوشی ژیانی كرێكارانی بیانییان ڕاگەیاند. لەو ڕاپۆرتەدا كۆمەڵێك زانیاری و ژمارە و ڕاسپاردەی گرنگ خراونەتە ڕوو كە لێرەدا بەشێكیان دەخەینە ڕوو.

بەشی چوارەم و كۆتایی

 ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٢٦ ڕێککەوتننامەی ژمارە (٢١)ی دەرکرد کە تایبەتە بە پشکنینی شوێنی کاری کرێکارانی بیانی. عێراق لە ساڵی ١٩٦٢ مسادەقەی کردووە و هەر بۆیەش دەبینیت ئێستا لیژنەکانی پشکنین هەن و سەردانی شوێنەکانی کار دەکەن. 

یەکێک لەو بابەتانەی کە ڕێگەخۆشکەرە بۆ پێشێلکاری بەرانبەر بە کرێکاری بیانی بریتییە لە کەموکوڕی لە پرۆسەی بەدواداچوون. زۆرینەی بەشداربووان ئاماژەیان بەوەداوە کە کەموکوڕی بەرچاو لەم بوارە بوونی هەیە. هەرچەندە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لیژنەی تایبەتمەندی هەیە بۆ پشکنین و بەدواداچوون لە شوێنی کار، بەڵام ئەوەی دەرکەوت ئەوەیە کە ئەم لیژنانە بەهۆکاری جیاواز لاوازن و ناتوانن چاودێری تەواوی ئەو شوێنانە بکەن کە کرێکاری بیانی کاری تێدا دەکات.

سەبارەت بە بوونی لیژنەکان و پرۆسەی پشکنین و چاودێریکردنی شوێنی کار، بەرپرسانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و نوێنەری سەندیکاکانی کرێکارن لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی باس لەوە دەکەن کە ئەوان بە پێی توانای خۆیان کار و چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن. سەرۆکی لقی سلیمانی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان لەم بارەیەوە دەڵێت:

"ئێمە وەک سەندیکا لە چەندین لیژنەدا بوونمان هەیە کە بەردەوام بەدواداچوون بۆ ڕەوشی ژیان و بارودۆخی کرێکاران دەکەین... ئێمە لیژنەی تایبەتمان هەبووە لەسەر ئاستی باڵا بۆ بەدواداچوون لە بارودۆخی کرێکاری بیانی. ئەم لیژنەیە دەسەڵاتی تەواوی هەبووە کە سەردانی هەزاران شوێن بکەن لە کارگە و شوێنی گەورە و بچووک...دەیان و سەدان کەیسمان بردۆتە دادگای کار کە بەرهەمی کار و ماندووبوونی ئێمەیە. مافمان بۆ کرێکار و خاوەنکاریش گێڕاوەتەوە..."

یەکێک لەو هۆکارانەی کە دەدرێتە پاڵ لاوازی ئەم لیژنانە بریتییە لە کەمی لیژنەکان لە ڕووی ژمارەوە. ئەندامێکی سەندیکای کرێکاران لە پارێزگای هەولێر کە خۆیان ئەندامێتیان لە لیژنەکانی پشکنین و بەدواداچوون هەیە باس لەم خاڵە دەکات و دەڵێت:

"لیژنەکان هێندە کەمن کە ناتوانن بگەنە هەموو شوێنێک. قەزا و ناحیە و شوێنە دوورە دەستەکان بێبەشن لەوەی لیژنەکانی پشکنین بیانگەنێ...."

سەبارەت بە دەسەڵاتی ئەم لیژنانە، هەندێک لە بەشداربووان باس لە لاوازی دەسەڵاتی ئەم لیژنانە دەکەن و ڕەخنەی ئەوە دەگرن کە لیژنەکانی پشکنین و بەدواداچوون دەسەڵاتیان لاوازە و ناتوانن بچنە ئەو شوێنانەی کە کۆمپانیای گەورەن و بەجۆرێک لەجۆرەکان دەسەڵاتیان بەرزترە. بۆ نموونە "شاڵاو کەریم" چالاکی بواری کرێکاران لە شاری هەولێر دەڵێت:

"زۆرجار ئەو لیژنانە ناتوانن بچنە هەموو شوێنەکان، چونکە هەندێک لە کۆمپانیاکان دەسەڵاتی بەرزتریان هەیە و ئامادە نین ملکەچی ئەم ڕێکارانە بن..."

لە ڕاپۆرتی ژمارە (١)ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ ی وەزارەتی ناوخۆ، تایبەت بە بازرگانی کردن بە مرۆڤ، لەو بەشەی کە باس لە ئاستەنگەکانی بەردەم لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ دەکات لە هەرێمی کوردستان، ئاماژە بە لاوازی ڕۆڵی لیژنەکانی وەزارەتی کار دەکات و بە کەمتەرخەم و بێتوانا ناویان دەبات، بە تایبەتی لەو ڕووەوەی کە ناتوانن بە پێی پێویست بەدواداچوون بکەن تا بزانن کرێکارانی بیانی چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. هەروەک لە ڕاپۆرتەکەدا نووسراوە؛ "لاوازی بەدواداچوونی لیژنە تایبەتمەندەکانی وەزارەتی کار بەهۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی میلاکی پێویست و توانای بەردەست بۆ بەدواداچوون."ل٢

هەر سەبارەت بە لاوازی و کەم توانایی لیژنەکانی پشکنین و بەدواداچوون، عومەر سەعید چالاکی بواری کرێکاران باسی نزمی ئاستی هۆشیاری لیژنەکانی بەدواداچوونی کرد و گوتی:

"سەرباری ئەوەی کە لیژنەکانی پشکنین هەن بۆ سەردانیکردنی شوێنی کاری کرێکارانی بیانی، بەڵام ئایا ئەو کەسەی کە لە لیژنەکەیە و نوێنەرایەتی کرێکار دەکات، یان ئەوەی نوێنەری یەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەکات، ئەو هۆشیارییەی هەیە کە بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ کرێکار یان خاوەنکار دەکات...ئێمە وەک چالاکان و ڕێکخراوەکان کاتێک ڕەخنە لە سەندیکا و حکوومەت دەگرین لەسەر ئەوەیە کە چالاک نین و وەک پیویست کارناکەن. سەندیکا دەبوو دەیان خولی ڕاهێنان بکاتەوە چونکە پێویستی بە کادری سەندیکایی هەیە."

ئەو لەسەر ڕۆڵی سەندیکای کرێکاران زیاتر قسە دەکات کە دەتوانێت چ ڕۆڵێک ببینێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کرێکاران و خاوەنکار. ئەو تەنانەت ئاماژە بەو میکانیزمەش دەکات کە سەندیکا دەتوانێت بەکاری بێنێت بۆ بینینی ئەو ڕۆڵەی کە لێی چاوەڕوان دەکرێت: 

"...سەندیکا پێویستی بەوەیە کە شەوانە چەندین بەرنامەی لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن هەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کرێکاران و خاوەنکاران. ئەمە بۆ ئەوەی بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ یەک بکەن و تەجاوزی مافەکانی یەکتر نەکەن."

هەرچەندە ڕەخنەکان ئاڕاستەی خودی سەندیکاکانی کرێکاران کراون بەوەی کە کەمتەرخەم و بێ توانان، بەڵام بەرپرسانی سەندیکاش پێیان وایە کە زۆرجار یاسا و ڕێنماییەکان بەربەستن لەوەی سەندیکا بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشکنین و بەدواداچوون بۆ ژیانی کرێکارانی بیانی بکات. سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکاکانی کوردستان لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە گفتوگۆیەکی بەگرووپ لە شاری سلێمانی لەم بارەیەوە گوتی:

"وەرن ئێوە سبەی پێکەوە دەڕۆین لەسەر مەسروفاتی سەندیکا دەتانبەم بۆ گەورەترین کارگە لەم سنوری سلێمانییە، ٣٠٠ کرێکاری هەیە، کە ١٥٠یان هندیین و ١٥٠کەی تر عەرەب. لە ١٪ کوردە، ئەویش لەبەرئەوەی ئەمانە لە کاروبارە ئیدارییەکاندا ئیش دەکەن. وەرن ئێوە بە نوینەرایەتی من بچن مافی ئەم کرێکارانە بگێڕنەوە بزانن دەتوانن بۆ؟ چونکە هەندێکجار ڕێنمایی و یاساکان ڕێگەی نەداوە من سەربەخۆ بچمە ژوورەوە..."

چالاکێکی بواری کرێکاران ڕەخنەی لە سەندیکا گرت بەوەی کە پاڵپشتی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانیان هەیە بەڵام ناتوانن ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، ئەو نموونەی ڕێککەوتننامەی ژمارە (٨٧)ی ساڵی (١٩٤٧)ی هێنایەوە کە تایبەتە بە ئازادی کاری سەندیکایی و دەڵێت:

"ئەم ڕێککەوتننامەیە ڕێککەوتننامەیەکی گرنگ بوو، عێراق مسادەقەی نەکردبوو تا ساڵی (٢٠١٥). سەندیکا دەبێت کار لەسەر ئەم ڕێکەوتننامەیە بکات، بەتایبەتی ماددەی (٣)ی ڕێککەوتننامەکە کە دەڵێت دەسەڵات بە هیچ شێوەیەک بۆی نییە دەست وەربداتە ناو کاروباری سەندیکا..."

سەرباری پشکنین و بەدواداچوون بۆ کرێکارانی بیانی لە پرۆژەکان و کۆمپانیاکان، کرێکارانی بیانی خزمەتکار لە ماڵەکان، زۆرجار بەدواداچوونیان بۆ ناکرێت و میکانیزم و ڕێکاری پێویست نەگیراوەتە بەر بۆ گەیشتن بەم جۆرە کرێکارانە بۆ ئەوەی بزانرێت تا چەند مافەکانیان پارێزراوە. "نەسرین ئەکرەم" یەکێکە لەو خاوەن ماڵانەی کە چەند ساڵیکە خزمەتکاری ناوماڵی هەیە. ئەو لە شوێنی کارکردنی لە فەرمانگەیەکی حکومی باسی ئەزموونی خۆی بۆ توێژەر کرد و نموونەی ئەوەی هێنایەوە کە چۆن کرێکارانی بیانی لەناو ماڵەکان فەرامۆشکراون و بەدواداچوونیان بۆ ناکریت:

"من کرێکارێکی خزمەتگوزارم هێنایە ماڵەکەم لە ڕێگای ئەو کۆمپانیایانەی کە دەستی کاری بیانی دەهێننە هەرێم. ئەگەرچی بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ ئەو ئافرەتە لە ماڵەکەم بوو، بەڵام کەس نەهات ڕۆژێک بپرسێت بزانێت بارودۆخی ئەو کرێکارە چۆنە و من چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەم."

نەسرین پێی وایە کە ژیانی کرێکاری خزمەتکار لە ناو ماڵان پەیوەستە بە کەسایەتی خودی خاوەن ماڵ و بەتەنگەوە چوونی ئەو بۆ ژیانی کرێکارەکە، بەجۆرێک ئەگەر خاوەن ماڵ کەسێکی باش نەبێت، ئەوا بارودۆخی ژیانی کرێکاری بیانی لەناو ماڵان تووشی زۆر کێشە دەبێتەوە، هەروەک باسی لە بەرپرسیاریەتی کۆمپانیاکان کرد و ڕەخنەی ئەوە دەگرێت کە کۆمپانیاکانی هێنانی دەستی کاری بیانی بۆ ناو ماڵان لە واقیعدا ئەو ئەرکەیان لە ئەستۆ نەگرتووە. ئەو دەڵیت:

"... زۆرجار دەکەوێتە سەر خاوەن ماڵ ئەگەر کەسێکی باش نەبێت کۆمەڵێک کێشە بۆ کرێکارەکە دروست دەبێت، بەتایبەتی بەسەرچوونی ڤیزا و ماوەی مانەوەی. هەربۆیەش من خۆم پێش ئەوەی ماوەی بەسەرچوونی پاسپۆرتەکەی بێت ناردمەوە وڵاتەکەی خۆی. ئەمە کارێکە دەبوو کۆمپانیاکان ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرن، بەڵام وەک دەبینرێت ئەمان ئەوە ناکەن. ئەمەی من تەنیا کەیسێکە لە هەزارەها کەیسی تر کە نازانرێت ئاخۆ ڕەوشی ژیانی ئەم کرێکارانە لە ماڵان چۆنە..."

سەبارەت بە چۆنیەتی بەدواداچوون بۆ ژیانی کرێکانی بیانی کە وەک خزمەتکار لە ماڵان کاردەکەن، بەڕێوەبەری کار لە پارێزگای هەولێر باسی ئەو میکانیزمانەی کرد کە ئەوان بەکاری دێنن بۆ ئەو مەبەستە، ئەو دەڵێت:

"زیاتر لە ڕێگای پەیوەندیکردنی تەلەفۆن. لیژنەیەکمان هەیە، بەڵام بۆخۆت دەزانیت لەو زروفە سەردانیکردنی ماڵان نییە. بەڵام هەر سێ مانگ جارێک دەبێت هەموو کۆمپانیایەک ئاگاداری کرێکارەکانی ناوماڵی خۆی بێت...کۆمپانیا هەیە ئێستا هەزار کەسی لەسەرکار داناوە. بەڵام ئێمە هەر مەعلوماتێکمان هەبێت هی هەر کۆمپانیایەک بێت، کۆمپانیا ئاگای لەکەسەکە نەبێت، نەفسی ئیجرائاتی قانوونی لەگەڵ دەکرێت، لەوانەیە بلاک لیست بکرێت. ئێمە مەعلوماتمان دەدرێتێ. زۆر خەدامە هەیە ئێرە پێدەزانێت. کرێکار کە دێت بۆ وەرگرتنی ئیقامە، من بە تەنیا دەیبینم. خودی خۆم بە تەنیا دەیبینم و مقابەلەی دەکەم. یەکەم قسە دەڵێم هەر ئیشکالێکت هەبوو، ئەوە دائیرەیە دێی سەردان دەکەیت..."

ئەم باسی سنوردارکردنی بەکارهێنانی تەلەفۆنیشی کرد لەلایەن کرێکاری بیانییەوە کە بەپێی ڕێنماییەکان ئەو بابەتە دیاریکراوە کە چۆن بێت. ئەم بەڕێوەبەرە دەڵێت:

"مشکلە ئەوەیە بە پێی ڕێنماییەکان کرێکاری ناوماڵ بۆی نییە مۆبایلی لابێت، مانگی دووجار تا چوار جار دەتوانێت تەلەفۆن بکات...سەدان کرێکار هەبووە هەڵهاتووە لە ماڵان و هاتووەتە ئێرە. هەموو ئیجرائات لەگەڵ خاوەن ماڵ کراوە و لەگەڵ کۆمپانیاش کراوە. ئێمە لە ٩٠٪ ئیجرائاتمان لەگەڵ کۆمپانیایە چونکە بە پێی ڕێنمایی دەبێت کۆمپانیا ئاگاداری کرێکار بێت. ڕەنگە ئێستا دە هەزار کرێکاری بیانی لە کوردستان هەبێت، من ناتوانم سەیتەرە لەسەر دە هەزار کەس بکەم."

سەبارەت بەو میکانیزمانەی کە کۆمپانیاکان بەکاری دێنن بۆ بەدواداچوونی ڕەوشی ژیانی کرێکارانی بیانی لە ناو ماڵەکان، بەشداربووانی توێژینەوەکە، ئەوانەی کە وەک نوێنەری کۆمپانیاکان قسەیان بۆ توێژەر کرد، گوتیان بەزۆری لەڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنی ئێمە ئاگامان لێیانە، کە ئەگەر شتێک ڕووبدات خۆیان پەیوەندی دەکەن و ژمارە تەلەفۆنی کۆمپانیایان لایە و هەر لە سەرەتاوە پێیاندراوە. ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە زۆرجار تا کێشەیەک ڕوونەدات، کۆمپانیاکان و لایەنە بەرپرسەکان بە پێی پێویست بەدواداچوون ناکەن. نازدار کە وەک فەرمانبەر لە کۆمپانیایەکی هێنانی دەستی کاری بیانی لە شاری هەولێر کاردەکات باسی یەکێک لەو کەیسانەی کرد کە لای ئەوان ڕوویداوە و ئەوان هەستیان پێکردووە:

"...عائلەیەک هەبوو چ خادمەمان دەنارد، دەهاتەوە، دەمان گوت لۆ؟ دەیگوت نانم نادەنێ. یەکەمجار هەر بڕوامان نەکرد،... خادمەکەمان نەدەناردەوە ئەو ماڵە، بەڵکو خادمەی ترمان دەنارد. ئێ چوار خادمە هاتنەوە، نەفسی قسەیان گوت. دەمانگوت چی دەکەن، هەر چواریان دەیانگوت کلیلی دەدەن، سەلاجەکە کلیل دەدەن نایەڵن نانی بخۆین. ئێمەش چدیکە تەعامولی خۆمان لەگەڵ ئەو عائلە قەتع کرد..."

کرێکارێکی پیاوی نیپاڵی کە لە هەولێر دادەنیشێت لە ڕێگای تەلەفۆنەوە لە بەرواری ٧/٧/٢٠١٨ کاتژمێر ١:٠٠ی پاش نیوەڕۆ پەیوەندی دەکات بە سەنتەری خزمەتگوزاری یاسایی لە ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی. ئەم کرێکارە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لە کۆمپانیایەکی بیانی بە ناوی (B.C) کار دەکات. ئەو کرێکارە گلەیی ئەوەی هەبووە کە کرێی دوو مانگی دواکەوتووە و پێی نەدراوە. هەروەک کرێکارەکە بە پارێزەری سەنتەرەکەی ڕاگەیاندووە هەندێک جار بۆ زیاتر لە ١٢ کاتژمێر کۆمپانیاکە کاری پێ دەکات. بۆیە داوای هاوکاری دەکات. بۆ ئەم مەبەستە، پارێزەری سەنتەرەکە ڕای دەگەیەنێت کە ئەوان سەردانی کۆمپانیای ناوبراویان کردووەو جەخت لەوە کراوەتەوە کە کاتەکانی کارکردنی کرێکاران دەبێت لەچوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا بێت و کرێی کاریش دەبێت لە کاتی خۆیدا بدرێت، ئەگەرنا ئەوانە بەسەرپێچی یاسایی هەژمار دەکرێن و کۆمپانیاکە ڕووبەڕووی دادگا دەکەنەوە. 

جگە لەو لایەنانەی کە لەسەرەوە باسکران، ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی کۆمەڵی مەدەنی شێواز و میکانیزمی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوونی کەیسی پێشێلکارییەکان کە دژ بە کرێکارانی بیانی ئەنجام دەدرێت لە پڕۆژەکان و ناوماڵان. گرنگترین میکانیزمێک کە ڕێکخراوەکان بەکاری دەهێنن بریتییە لە بەکارهێنانی بڵاوکراوە لە شوێنە گشتی و تایبەتییەکان کە زانیاری پێویستیان تێدایە سەبارەت بە چۆنیەتی گەیشتن بە سەرچاوەکانی هاوکاری و فریاکەوتن. ئەمە سەرباری ئەوەی کە ئەم ڕێکخراوانە بەردەوام لەڕێگای کەناڵە میدیاییەکان و سۆشیاڵ میدیاوە هەوڵی گەیشتن بە کرێکارانی بیانی دەدەن نەک تەنیا بۆ بەهاناوە چوونیان لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەرجۆرە پێشێلکارییەک، بەڵکو بۆ هوشیارکردنەوەشیان سەبارەت بە مافەکانیان پێش ڕوودانی هەر حاڵەتێک. لە هەمان کاتدا، ڕێکخراوەکان لەڕێگای ئەو چالاکییانەی ئەنجامی دەدەن لەشێوەی کۆڕ و سیمینار و گفتوگۆی کراوە، لەزۆرباردا هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی دەدەن لەگەڵ کرێکاران بەمەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی ژیان و گوزەرانیان.

پەیوەست بە پرۆسەی بەدواداچوون بۆ ژیانی کرێکارانی بیانی، مافێکی گرنگی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق تا ئێستا پێشێل کراوە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەوەوە هەیە کرێکارانی بیانی بەجۆرێک لە چۆرەکان دابڕاون لەو لایەنانەی کە ئەرکی چاودێریکردن و بەدواداچوونیان لە ئەستۆیە. ئەمە خاڵیک بوو کە زۆرینەی بەشداربووان لە چالاکان و سەندیکاکان ئاماژەیان پێدا. بێ بەشکردنی مافی دروستکردنی سەندیکای کرێکاران لە لایەن خودی کرێکارانی بیانی خۆیانەوە وایکردووە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان زۆرجار دابڕاوبن لە کرێکارانی بیانی. ئەمەش ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر پیشێلکردنی مافەکانیان. ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان ئەم مافەیان بۆ کرێکاران زامنکردووە بەوەی کە مرۆڤ لە هەرشوێنێکی دنیا بژێت، مافی دەروستکردنی کۆمەڵە و گرووپ و بەشداری چالاکی مەدەنی هەیە. ئەم مافە بە ئاشکرا لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ باسکراوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

چەپ وكرێكاری