ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

جان سیلاس (جاک) ڕید ڕۆژنامەنووس و شاعیر و هەڵسوڕاوی سۆشیالیستی ئەمریکیی لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٨٨٧ لە پۆرتلاند ئۆریگن لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند لەدایک بووە. جان یان جاک لەگەڵ هێری برایدا دەنێردرێنە قوتابخانەی تایبەتی. جان بەشی دەرچوون لە تاقیکردنەوەکان نمرە دێنێ، بەڵام کەس داوای کارکردنی لێ ناکات. کاتیکیش خوێندن بۆی وشک و وەڕسکەر دەبێ، دەنێردرێتە قوتابخانەی مۆریس تاون لە نیوجێرسی. جان ڕید لەخوێندن زۆر زیرەک نەبووە، بۆیە ساڵی ١٩٠٦ دەچێتە کۆلێجی هارڤەرد و لەوێ گەلێ چالاکی ئەنجام دەدات لەوانە چالاکبوون لەدەستەی نووسەرانی مانگانەی هارڤەرد و لامپوون. ساڵانی کۆتایی زانکۆ دەست بە شیعرنووسین دەکات. جان بەشداری کۆبوونەوەکانی یانەی سۆشیالیستەکان دەکات کە تایبەت بە قوتابییانی سۆشیالیست بوو. ساڵی ١٩١٠ کۆلێج تەواو دەکات و ئینجا دەست بە گەشتکردن دەکات و دەچێت بۆ هەریەک لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئیسپانیا. ئەم گەشتکردنانەشی لەو ئامۆژگارییەی مامۆستاکەی چاڕڵس تاون سێند کوپلاندەوە هەڵهێنجا بوو کە پێی گوتبوو؛ (ئەگەر دەتەوێ دەربارەی ژیان بنووسیت، دەبێ ژیان ببینیت). سەرەتا جان ڕید بەهۆی هاوڕێیەکی لنکۆن ستێفنس توانی لە شاری نیویۆرک لە گۆڤاری ئەمریکا دامەزرێت. شاری نیویۆرک بۆ جان ڕید دەبێتە شوێنی ئیلهام و تەقینەوەی وزەی بێبڕانەوەی. جاک لەگەڵ ژمارەیەک گۆڤار ئیش دەکات لەوانە زی ساتردەی ئیڤنینگ پۆست و کولیەرس و زی فۆرم و زی سێنچری. یەکەمجار ساڵی ١٩١٣ زیندانی دەکرێت. جان لایەنگری خۆی بۆ بزووتنەوە نەقابییەکان و کرێکارانی پیشەسازی جیهانی دەردەبڕێ. نووسینەکانی جان نیشانەی توانایی و لێهاتوویی ئەو ڕۆژنامەنووسەیان دەردەخست. لایەنگری جان ڕید بۆ بزووتنەوەی کرێکاریی بووە بەشێک لە ژیانی. لەکوێ مانگرتنی کرێکاریی هەبووبێ، جان ڕید هەوڵی داوە لەنزیکەوە وردکارییەکانی بگوازێتەوە. هەر بۆیەش بە بڕیاری بیڵ هەیوود سەرۆکی کرێکارانی پیشەسازی جیهانی لەبەرژەوەندی کرێکارانی مانگرتوو لە مادیسۆن سکوێر گاردن کە گۆڕەپانێکە لەشاری نیویۆرک دادەنرێت کە ئەوکات یەکێک لە مانگرتنە کرێکارییەکانی تیا بەڕێوە دەچوو.

لە پایزی ساڵی ١٩١٣ لەلایەن گۆڤاری (میترۆپۆلیتان مەگەزین) دەنێردرێت بۆ مەکسیک بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرت سەبارەت بە شۆڕشی مەکسیکی. جان بۆ ماوەی چوار مانگ بەشداری چەندین کردە یان ئۆپەراسیۆنی سەربازیی مەترسیداری سوپای پانچۆ ڤیلای شۆڕشگێڕی سۆشیالیستی مەکسیک کرد. هەروەها جان چەندین وتاری نووسی و لە بڵاوکراوەی پەیامنێری جەنگ دا بڵاوی کردەوە. دواتریش دوای ئەوەی مەکسیک جێدەهێڵێ، جان ڕید دواتر وتارەکانی سەبارەت بە شۆڕشی مەکسیک لە کتێبێکدا بڵاو دەکاتەوە.

لە ٣٠ی نیسانی ساڵی ١٩١٤ جان ڕید دەگاتە کۆلۆڕادۆ، بەتایبەتیش دەچێتە شوێنی (لادلۆ مەساکر) و زیاتر لە هەفتەیەک لەو ڕووداوە دەکۆڵێتەوە و دەبێتە قسەکەری ١٢٠٠ کرێکاری کانی خەڵووز. لەوێدا جان ڕید وتاری (جەنگەکەی کۆلۆڕادۆ)ی نووسی و لەو وتارەدا بەقووڵی دەگاتە باوەڕی ململانێی چینایەتی. لە ١٤ی مانگی ئابی ساڵی ١٩١٤دا دوای ڕاگەیاندنی جەنگی ئەڵمانیا دژی فەرەنسا، بە کەشتی سەفەری ئەوروپا دەکات و دەچێتە ئیتاڵیا. لەوێ لەگەڵ خانمێک بەناوی (مەیپڵ دۆج) بەیەکتر ئاشنا دەبن و ئینجا پێکەوە دەڕۆن بۆ فەرەنسا. لەوێدا جان بەجوانی بۆی دەردەکەوێت کە جەنگ پێشبڕکێ و مونافەسەی ئیمپریالیستەکانە و تەنیا قازانجی بۆرژوازی تێدایە و بە زیانی خەڵک کۆتایی دێت. دواتر جان ڕید و مەیپڵ دۆج بەرەو لەندەن دەڕۆن. ئینجا دەچنە بەرلین و لەوێدا جان ڕید چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کارڵ لیبکنخت ساز دەکات کە یەکێک بوو لەو سۆشیالیستانەی ئەڵمانیا کە بە پەنجەی دەست دەژمێردران کە دەنگیان دژ بە شەڕ دابوو. جان ڕید بەقووڵی تووشی نائومێدی بوو لە ئەنجامی داڕمانی هاوپشتی کرێکاریی ئەنتەرناسیونالیزمی دووەم.

جان دەگەڕێتەوە بۆ نیویۆرک و دەست دەکات بە نووسین دەربارەی جەنگ. ساڵی ١٩١٥ بە هاوەڵی هونەرمەندی کەنەدیی بۆردمان ڕۆبنسن جارێکی تر دەڕواتەوە ئەروپا. دەڕواتە سێربیا و بولگاریا و ڕۆمانیا و دواتریش ڕووسیا. بەرهەمی ئەم گەشتەش کتێبێک بوو لە ساڵی ١٩١٦ بە ناوی (جەنگ لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات). جارێکی تر جان ڕید دەگەڕێتەوە نیویۆرک و سەردانی دایکی دەکات لە پۆرتلاند. لەوێ دەکەوێتە داوی خۆشەویستی خانمێک بەناوی لویس براینت. ساڵی ١٩١٦ جۆرچ ئۆرنێڵ دەناسێت و ئینجا هەر سێکیان خانوویەک بەیەکەوە بەکرێ دەگرن.

لە مانگی ئابی ساڵی ١٩١٧ لەگەڵ لویس بە کەشتی لە نیویۆرکەوە دەچنە ئەوروپا و دواتریش وەکو نوێنەرانی حیزبی سوشیالیست بەشداری کۆنگرەی ستۆکۆڵم دەکەن. ئینجا بەرەو فینلەند و لەوێشەوە بۆ ڕووسیا. ئەوان لە سەرەتاوە تا کۆتایی شۆڕش ئامادەییان بووە. کاتێکیش بەلشەفییەکان بە ڕابەری لینین حکوومەتی کاتی کیرنسکی ڕادەماڵن، لەو بڕوایەدا بوونە کە ئەمە یەکەمین لێدانە لە شۆڕشی سۆشیالیستی جیهانیی. جان ڕید بە پەرۆشەوە پشتیوانی شۆڕشی سۆشیالیستی ڕووسیای کرد. ڕید بە لیۆن ترۆتسکی ئاشنا دەبێت و ساڵی ١٩١٨ بە لینین ئاشنا دەبێت. جان و لویس تەواوی ئەزموون و شاهێدحاڵیان دەکەنە کتێب. سەرەتا لویس براینت کتێبەکەی بەناوی (شەش مانگی سوور لە ڕووسیا) و دواتریش ڕید کتێبە بەناوبانگەکەی (ئەو دە ڕۆژەی هەموو جیهانی هەژاند) لە ساڵی ١٩١٩ بڵاو دەکاتەوە. ڕید لە ٢٨ی نیسانی ساڵی ١٩١٨ دەگەڕێتەوە نیویۆرک لەڕێگەی فینلەندەوە بەبیانووی ئەوەی ڤیزەی نییە دەیگرن و دەستبەسەری دەکەن. پاشان لەلایەن پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمریکاوە دەستبەسەر دەکرێت و دوایی ئازاد دەکرێ.

دوای گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا جان ڕید بە جدی دەکەوێتە بەرگریکردن لە بەلشەفیکەکان و دژ بە خۆتێهەڵقورتانی ئەمریکا بوون لەو وڵاتە. لە ئەمریکا لەسەر وتارێک کە بڵاوی کردبۆوە دادگایی دەکرێت و بە کەفالەتی ٢٠٠٠ دۆلار ئازاد دەکرێت. ئیتر چەند جارێک لەسەر باوەڕی خۆی دادگایی و سزای مادیی و دەستبەسەر دەکرێ. دوای تێپەڕاندنی ئەم کێشانە بەشێوەیەکی بەربڵاو دەست دەکات بە تەبلیغاتی بەلشەفیکانە و ئینجا دەبێتە سەرنووسەری هەفتەنامەی زی نیویۆرک کۆمۆنیست کە لەلایەن بزووتنەوەی چەپی نیویۆرکەوە بڵاو دەکرایەوە. لە ٣٠ی ئابی ١٩١٩ جان ڕید و چەندین کەسایەتی ڕادیکاڵی تر لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا لە شیکاگۆ دەبنە دوو بەش و حزبی کاری کۆمۆنیستی ئەمریکیی و حزبی کۆمۆنیستی ئەمریکیی دادەمەزرێنن. جان ڕید لە نووسراوەکانیدا گومانی لە دیموکراتی ڕۆژئاوایی هەیە و بەجدی بەرگری لە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دەکات. جان ڕید لایەنگری حزبی کاری کۆمۆنیستی ئەمریکیی دەکات و بەرپرسیارێتی سەرنووسەری بڵاوکراوەی ( دەنگی کار) لە ئەستۆ دەگرێ.

زستانی ساڵی ١٩١٩ – ١٩٢٠ جان ڕید لەڕێگەی ئەوروپاوە دەچێتەوە مۆسکۆ و حکوومەتی بەلشەفی هەوڵ هەردوو حزبی کۆمۆنیست و کاری کۆمۆنیستی ئەمریکیی دەکاتە یەک حزب و ئینجا داوا لە ڕید دەکرێ بگەڕێتەوە ئەمریکا، بەڵام لە ڕێگای گەڕانەوە دووچاری گرتن و ئازار و ئەشکەنجەی زۆر دەبێتەوە و دواجار بەناچاری دەگەڕێتەوە مۆسکۆ. لە ٢٥ی ئەیلوولی هەمان ساڵ نەخۆش دەکەوێت. سەرەتا وا دەزانرێت ئەنفلۆنزایەتی و پاشان دوای پێنج ڕۆژ لە نەخۆشخانە ئینجا دەزانرێ کە گرانەتای گرتووە. ئەو ماوەیەش کە نەخۆش بوو لویس نەیهێشت تەنیا بێت و بەردەوام لەپاڵییەوە بوو. جان دۆخی تەندروستی خراپتر دەبێ و بەهۆی ئابلۆقەی هاوپەیمانانەوە دەرمانی پێویست لەبەردەستدا نابێت. سەرەتا عەقڵی دووچاری کێشە دەبێت و  پاشان لای ڕاستی جەستەی لەکار دەکەوێ و ئینجا لە زمان دەکەوێ. تا ئەو ساتەی دوا هەناسە دەدا دەستی لەدەستی خۆشەویستەکەی دابوو و دواجار جان ڕید لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٢٠ بۆ یەکجاری چاو لێک دەنێ و پاشان تەرمی ئەم پاڵەوانە سۆشیالیستە لە گۆڕستانی دیواری کرملین بەخاک دەسپێردرێت.

جان ڕید لەماوەی ژیانیدا  کتێبی چاپ و بڵاو کردۆتەوە. دوای ماڵئاوایشی لەژیان، شەش کتێب دەربارەی ئەو ڕۆژنامەنووسە شۆڕشگێڕە سۆشیالیستە لەنێوان ساڵانی ١٩٢٧ تا ١٩٩٨ نووسراون و بڵاو کراونەتەوە.

 

ئەو سەرچاوانەی کە بۆ ئامادەکردنی ئەم ژیاننامەیە سوودم لێ بینیون :

https://en.wikipedia.org/wiki/John_Reed_(journalist)

https://alphahistory.com/russianrevolution/historian-john-reed/

 

 

 

چەپ وكرێكاری