ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 ئامادەکردنی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

 

ڕیچارد ڕایت شاعیر و ڕۆماننووسی ڕەشپێستی کۆمۆنیست، لە ٤ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٠٨ لەشاری ناشیز لە ویلایەتی میسیسیپی لە ئەمریکا لەدایک بووە. ڕیچارد کە لەڕێگەی نووسین و بەرهەمە ئەدەبییەکانەوە، بەتایبەتی لەڕێگەی ڕۆمانەکانییەوە، باس لە ژیانی ئەمریکییە ڕەشپێستەکان دەکات لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم. ڕیچارد لەکارە ئەدەبییەکانیدا ئینسانی ڕەشپێستی وەکو قوربانی هەژاری و دەستی سیاسەت وێنا دەکرد. ئەو لە ڕۆمانی (کوڕە زنجییەکە) کە زیاتر وێناکردنی ژیانی خۆیەتی لە تەمەنی چوار ساڵییەوە بۆ بیست و هەشت ساڵی، دەتوانرێ وەکو ژیانی هەر منداڵێکی ڕەشپێست ببینرێت. دایک و باویکی دوای جەنگی ئەهلی ئەمریکیی بە ئازادی لەدایک بوونە. بەڵام باپیری و داپیرەی کۆیلە بوونە و لە جەنگی ئەهلی ئەمریکا ئازاد بوون. ڕیچارد لە تەمەنی پانزە ساڵی یەکەمین کورتەچیرۆکی خۆی بڵاو کردۆتەوە. ڕێچارد قۆناغی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە قوتابخانەی تایبەت بە قوتابییانی زنجیی دەخوێنێ. ساڵی ١٩٢٣ بۆ خوێندن دەچێتە دواناوەندی سمیس ڕۆبەرتسن. ڕێچارد بۆ ئاهەنگی دەرچوون وتاری خۆی دەنووسێ و بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکەش داوای لێ دەکەن کە وتاری نووسراوی قوتابخانە بخوێنێتەوە. ڕیچارد ڕازی نابێت و قوتابخانەش داوا لە مامی ڕێچارد دەکەن قسەی لەگەڵ بکا و ئەویش هەر دەستبەرداری وتارەکەی خۆی نابێت و دواجار هەر بە مکوڕی خۆی وتاری خۆی دەخوێنێتەوە کە بۆچوونەکانی خۆی تیا بەرجەستە کردووە.

ڕێچارد ڕایت لەماوەی ژیانیدا دوو جار هاوسەرگیری دەکات، یەکەمجار لە ساڵی ١٩٣٩ لەگەڵ دیما ڕۆز مەیمان و دووەمجار لە ٢ی ئازاری ساڵی ١٩٤١ لەگەڵ ئێڵن پۆپلەر دەبنە هاوسەر. ساڵی ١٩٢٧ لەگەڵ خێزانەکەیان دەچنە شیکاگۆ و لەپاڵ کارکردنەوە دەست دەکات بە خوێندنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکانی نووسەرانی تر و لەشێوازی نووسینیان ورد دەبۆوە. دوای لە دەستدانی کارەکەی لەئەنجامی قەیرانی ئابووری، ڕیچارد پەیوەست دەبێت بە (یانەی جان ڕید کە بەناوی جان ڕیدی ڕۆژنامەنووس و سۆشیالیستەوە ناونرا بوو) کە یانەی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی ئەمریکا بوو، ئامانجی لێک نزیککردنەوەی نووسەران و ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی مارکسیست بوو لەیەکتر. یانەکە لەلایەن حزبی کۆمۆنیستی ئەمریکییەوە پشتیوانی لێدەکرا. ڕیچارد پەیوەندی لەتەک ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران دانا. لە ساڵی ١٩٣٣ دەبێتە ئەندامی حزبی کۆمۆنیستی ئەمریکا. ڕێچارد وەکو شاعیرێکی شۆڕشگێڕ ژمارەیەکی شیعری پرۆلیتاریی نووسی. ساڵی ١٩٣٥ یەکەمی ڕۆمانی خۆی نووسی و بڵاو کردەوە و هەر لەو ساڵە جگە لە کۆمەڵێک بەرهەمی ئەدەبی تر کە بڵاویان دەکاتەوە، دەست دەکات بە کارکردن لەگەڵ (کۆنگرەی نەتەوەیی ڕەشپێستەکان). ڕیچارد بەوپێیەی لەڕیزەکانی حزبی کۆمۆنیست هەڵدەسوڕا و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ چەندین ئەندامی سپی پێستی حزبەوە دانابوو و دواییش هەر لەلایەن ئەو چەند ئەندامەوە پێشنیاری نیشتەجێبوونی لەشاری نیویۆرک بۆ کرا و خانووی بۆ بەکرێ گیرا، وەک دژەکردارێکیش لەلایەن هەندێ جڤاتی ڕەشپێستەوە بە ڕۆشنبیری بورژوازی ناوزەد کرا.

ڕێچارد ڕایت ئەم دۆخەی هەروا بە سانایی بۆ نەچووە سەر. ئەو پێداگیری دەکرد لەسەر ئەوەی کە نووسەرە کۆمۆنیستە گەنجەکان دەبێ بواری زیاتریان بدرێتێ تا  قاڵ ببنەوە و خەریکی تاوتوێکردنی مەعریفەی خۆیان بن و خۆیشی کاری لەگەڵ ناسیۆنالیست و کۆمۆنیستە ڕەشپێستەکان دەکرد. لەئاکامی ئەم پێداگرییەی ڕێچارد کە بووە هۆی دوورکەوتنەوەی ژمارەیەکی زۆری ئەندامان لە حزب، ئەمەش بەدەوری خۆی بووە هۆی ئەوەی کە پەیوەندی لەگەڵ حزبی کۆمۆنسیتدا ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات و چەندین جار هەڕەشەی لێکرا و تا گەیشت بەوەی پەلامار بدرێت و لێیشی بدرێت. کاتێکیش لە ڕێپێوانی ئایاری ساڵی ١٩٣٦ ویستی بەشداری بکات هەر لەلایەن هاوڕێ کۆنەکانی خۆیەوە بە چەقۆ پەلامار دەدرێ.

ڕێچارد لە ساڵی ١٩٣٧ دەچێتە شاری نیویۆرک و لە ڕێنمایی پڕۆژەی نووسەرانی فیدڕاڵ کاردەکات و ساڵی ١٩٣٨ پانۆراما بڵاو دەکاتەوە. کتێبێکی لەسەر گەڕەکی هارلم نووسی و دواتریش هەر لە گەڕەکی هارلم دەبێتە سەرنووسەری ڕۆژنامەی کۆمۆنیستی دەیلی وۆرکەر. لە هاوین و پایزی ئەو ساڵە لەو ڕۆژنامەیە زیاتر لە دوو سەد وتاری نووسی و لە هەمان کاتدا لە دەرکردنی گۆڤاری ئەدەبی نیو چەڵانچ ڕۆڵی بەرچاو دەبینێ. هەروەها لە سەرەتای ساڵی ١٩٣٨ خەڵاتی گۆڤاری ستۆری کە بڕەکەی پێنجسەد دۆلار بوو بردەوە. ئەم بردنەوەیە بووە هۆی ئەوەی کە چیرۆکەکانی لە چوار بەرگدا چاپ و بڵاو بکاتەوە و بەمەش سەرنجی تەواوی ئەمریکای بەلای خۆیدا ڕاکێشا. پاشان لەڕێگەی نووسەر و ڕەخنەگری مارکسیستی گرانڤیل هیکسەوە ئاشنا دەبێت بە قاوەخانەی چەپەکانی بۆستن. لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٣٨ ڕێژەی فرۆشتنی کتێبەکانی بەرز دەبێتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەو بڕە پارەیەی کە دەستی کەوت توانی بگەڕێتەوە گەڕەکی هارلم و دەست بکات بە نووسینی ڕۆمانی کوڕی ڕەسەن کە دواتر لە ساڵی ١٩٤٠ دا بڵاو بۆوە. ڕیچارد ڕایت لەڕێگەی بەدەستهێنانی مینحەی گوگنهامەوە توانی ڕۆمانی کوڕی ڕەسەن تەواو بکات. لەو ماوەیەش لەگەڵ هەردوو هاوڕێی کۆمۆنیستی هێربێرت و جەین نیوتن خانوویەک بەیەکەوە دەگرن و لە نیویۆرک دەژین.

یەکێک لەو ڕەخنانەی کە ڕووبەڕووی ڕیچارد ڕایت دەکرایەوە ئەوە بوو کە توندوتیژی لە بەرهەمەکانیدا بوونی هەبووە. ساڵی ١٩٤٠ دەچێتە شیکاگۆ و لەوێش لەگەڵ هەریەک لە لینگستون هیوز و ئانا بۆنتێمبس و کڵاودی مەککەی سەردانی پێشانگای کلتووری ڕەشپێستە ئەمریکییەکان دەکات. دواتر بە هاوڕێیەتی پاوڵ گرین گەشتی باکووری کارەلاینا دەکات. ئینجا دەچێتە هەرێمی کیوبێک لە کەنەدا. ساڵی ١٩٤٦ دەچێتە فەرەنسا و لەوێ لەگەڵ جان پۆڵ سارتەر و ئەلبێرت کامۆ دەبێت بە هاوڕێ. پاشان لە ساڵی ١٩٤٧ بە ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقادا دەگەڕێت و سەرباری ئەمەش دەبێت بە هاوڕێی هەر یەک لە نووسەران چێستەر هیمز و جەیمس باڵدوین. ساڵی ١٩٤٧ دەبێتە هاووڵاتی فەرەنسی. ئینجا لە ئەنسۆلۆژی ئەنتی – کۆمۆنیست بەرهەمی بڵاو دەکرێتەوە. داوای لێ دەکرێ ببێتە ئەندامی کۆنگرەی ئازادی کلتوور، بەڵام ڕیچارد ڕەتی دەکاتەوە پەیوەست بێت پێیانەوە، چونکە پێی وابوو ئەو ڕێکخراوە پەیوەندی بە سی ئای ئەی ئەمریکییەوە هەیە. لەساڵی ١٩٤٣وە دەکەوێتە ژێر چاودێری ئێف بی ئای ئەمریکییەوە. ساڵی ١٩٥٥ دەچێتە ئەندەنوسیا و بەشداری کۆنگرەی باندۆنگ دەکات. ڕیچارد لەو ماوەیە تا بڵێی پڕ بەرهەم دەبێت و چەندی کۆڕ و سیمینار دەکات و گەلێ بەرهەمی بۆ شانۆ ئامادە دەکرێ و ڕۆمانەکانی بە زمانی جیاجیا چاپ و بڵاو دەبنەوە.

ڕێچارد ساڵی ١٩٥٧ کە دەچێتە ئەفریقا، دووچاری نەخۆشی ئەمۆبیا دەبێتەوە. هەرچەند چارەسەریش وەردەگرێت، بەڵام بۆ سێ ساڵی پاشتر باری تەندروستی تێک دەچێت و لە تەمەنی پەنجا و دوو ساڵیدا بە جەڵتەی دڵ لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ١٩٦٠ لە پاریس ئەم نووسەرە کۆمۆنیستە، ئەم ئینسانە گەورەیە دڵی لە لێدان دەکەوێت و ماڵئاوایی لە خەبات و حزبی کۆمۆنیست و نووسین و ئەدەب دەکات و لە گۆڕستانی بیرلاشیز دەنێژرێت. هەر ئەو کات جولیای کچی ڕای دەگەێنێت کە باوکی تیرۆر کراوە.

لەساڵانی کۆتایی ژیانیشیدا ڕێچارد، چوار هەزار هایکۆ دەنووسێت و ٨١٧ دانەیان لە کتێبێکدا بڵاو دەکاتەوە کە زۆربەیان باس لە تەنیایی و مەرگ و هێزەکانی سروشت دەکەن. نووسینەکانی تری ڕیچارد ڕایت کە لە گەشتەکانیدا نووسیوین، گۆڤاری زانکۆی میسیسیپی لە ساڵی ٢٠٠١دا بڵاوی کردەوە. دوای مردنیشی کتێبێکی تەواونەکراوی لەپاش بەجێما بەناوی (یاسای باوک) دواتر جولیای کچی لە ساڵی ٢٠٠٨ دا بڵاوی کردەوە.

ڕێچارد ڕایت لەماوەی ژیانیدا سێجار خەڵات کراوە و ڕێزی لێگیراوە و پاش مردنیشی سێجاری تر خەڵات کراوە و ڕێزی لێنراوە. لەدوای خۆی ژمارەیەک بەرهەمی ئەدەبی بەجێهێشتووە کە بریتیین لە کۆبەرهەم و درامایەک و دە ڕۆمان و نۆ کتێبی لێکۆڵینەوە و ڕەخنە و شەش کتێبی نووسین و وتار و یەک کتێبی شیعر.

ئەدەبی ئەمریکیی تا ماوە دەبێ شانازی بە بەرهەمەکانی ڕێچار ڕایت بکات کە توانی تروسکەی جوانی ئینسانیی ببەخشێتە تاریکستانی ئەدەبی ئەمریکیی و شانبەشانی نووسەرانی ئەفریقا – ئەمریکا توانیان کلتووری ئەدەبی ئینسانیی لە ئەمریکا ببەنە قۆناغێکی بەرزتر و نوێترەوە.

 

سەرچاوەکان :

https://en.wikipedia.org/wiki/Richard_Wright_(author)

https://www.britannica.com/biography/Richard-Wright-American-writer

 

 

 

 

 

چەپ وكرێكاری