ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئامادەکردنی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

ڕەیمەند یەکێک لە کەسایەتییە خاوەن کاریگەرییەکانی ناو بزووتنەوەی چەپی نوێ و کلتووری بەریتانییە. نووسینەکانی لەسەر سیاسەت و کلتوور و ماسمیدیا و ئەدەب، ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە وەک ڕەخنەی مارکسیستی لەسەر ئەدەب و هونەر. هەندێ لە کتێبەکانی بە تیراژی چەند سەد هەزاریی لەناو بەریتانیا فرۆشراون و، هەندێکشیان وەرگێڕدراون بۆ سەر زمانەکانی تر. کارەکانی بوونەتە بناغەی لێکۆڵینەوە کلتورییەکان و میتۆدی ماتریاڵیستی کلتوریی.

ڕەیمەند لە خێزانێکی کرێکاریی هێڵی شەمەندەفەر لە ٣١ ی ئابی ١٩٢١ لە ئەبەرگاڤینی لە وەیڵز لەدایک بووە. دەچێتە قوتابخانەی گرامەری هێنری پاشای هەشتەم. ڕەیمۆند تەمەنی لاوێتی لەژێر سێبەری گەشەی ناسیزم و ترس لە جەنگ بەسەر دەبات. تەمەنی چواردە ساڵان دەبێ کە جەنگی ئەهلی ئیسپانیا دێتە ڕوودان و لەڕێگەی ئەندامێتی لە یانەی کتێبی چەپ دەیزانی چی ڕوو دەدات. ساڵی ١٩٣٧ لەگەڵ کۆمەڵێ لاوی بەریتانی بەشداری کۆنفرانسی لاوانی جنێڤ دەکات. لەگەڕانەوەیاندا گروپەکەیان لا دەداتە پاریس و ڕەیمەند دەچێتە پێشانگای نێودەوڵەتی و بەشی یەکێتی سۆڤییەت و لەوێ دانەیەک لە کتێبی مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیستی دەکڕێ و بۆ یەکەمجار کارل مارکس دەخوێنێتەوە. ڕەیمەند دەچێتە زانکۆی ترینیتی - کامبریج و لەوێ پەیوەست دەبێ بە حیزبی کۆمۆنیستی بەریتانیای مەزن. لە زانکۆ شانبەشانی ئەریک هۆبسباوم ئەرکی نووسینی نامیلکەی جەنگی زستانەی حیزبی کۆمۆنیستی پێ سپێردرا. لە سەروبەندی جەنگی جیهانیی دووەم، ڕەیمۆند لە خوێندن دائەبڕدرێ و لە زستانی ١٩٤٠ دا دەکرێتە سەرباز لە سوپای بەریتانیا، بەڵام تا مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤١ هەر لە زانکۆ دەمێنێتەوە تا تاقیکردنەوەکانی بدات. پەیوەستبوون بە سوپاوە لەو ڕۆژگارە کە تازە ئەڵمانیا یەکێتی سۆڤییەتی داگیر کردبوو، دژ بە هێڵێ گشتی سیاسەتی حیزبی کۆمۆنیستی بوو.لەبەر ئەوە لە حیزب دەردەکرێ بێ ئەوەی وازی لە حیزب هێنابێ. ساڵی ١٩٤٦ بڕوانامەی ماستەر لە زانکۆی کامبریج وەردەگرێ و پاشان وەکو وانەبێژ لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بۆ چەند ساڵێک وانە دەڵێتەوە. ولیەمز گەرچی لەڕووی بیرکردنەوەوە مارکسیی بوو، بەڵام لەڕیی ئەدەبییەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەری ت. س. ئیلیەت. رەیمەند لەسەر جومگە و پانتاییەکی فراوانی دونیای کلتوور ئیشی کردووە و ئەرگیومێنتی خۆی سازداوە. ماوەیەکیش لە ڕۆژنامەی مانچستەر گاردیان وەک لێکۆڵەرەوە کاری کردووە. لەلایەن چەپی نوێشەوە نووسینەکانی پێشوازییەکی باشی لێکرا. لە ساڵی ١٩٦١ دەگەڕێتەوە زانکۆی کامبریج و دەست دەکات بە وانە وتنەوە. لە نێوان ساڵەکانی ١٩٦٧ تا ١٩٧٤ .....بووە و ئینجا لە ساڵی ١٩٧٤ ەوە بوو بە پرۆفیسۆری دراما. و هەروەها لە زانکۆی ستانفۆردیش پرۆفیسۆری کردووە. ڕەیمۆند وەکو سۆشیالیستێکی مولتەزیم بایەخێکی زۆری بە پەیوەندی نێوان زمان و ئەدەب و کۆمەڵگە داوە و ژمارەیەک کتێب و وتاری دەربارەیان نووسیوە. مانای وشە و تێرمەکان لای ڕەیمەند جێی بایەخ بووە. ڕەیمەند ئیشی لەسەر مانا کردووە و ساڵی ١٩٨٣ نزیکەی ٢١ وشەی تازەی داتاشی. ساڵی ١٩٨٣ لە زانکۆی کامبریج خانەنشین بوو. دوا ڕۆمانی لە ساڵی ١٩٨٨ بەر لەمردنی تەواو کرد و جۆی هاوسەری بڵاوی کردەوە. ساڵی ١٩٨٩ کۆمەڵەی ڕەیمەند ولیەمز دامەزرا کە بۆ یارمەتیدان و پەرەپێدانی ئەو پڕۆژە فیکریی و سیاسییانەی کە پەیوەندییان بە ئیشەکانی ولیەمزەوە هەیە.ڕەیمەند ولیەمز حەوت ڕۆمان و شەش کۆچیرۆک و سێ شانۆنامە و سی وحەوت کتێبی لێکۆڵینەوە و ڕەخنەیی چاپ و بڵاو کردۆتەوە. ساڵی ٢٠٠٧ کچەکەی ولیەمز مێرین سەرجەم دەستنووس و نووسینەکانی باوکی بەخشییە زانکۆی سوانسی. شایانی وتنە کچەکەی ولیەمزیش شاعیر و نووسەرە.

سەرچاوەکان :

https://en.wikipedia.org/wiki/Raymond_Williams

https://www.newworldencyclopedia.org/entry/Raymond_Williams

 

 

 

چەپ وكرێكاری